خالید عەزیزی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-06-23-18:16:00 - کۆدی بابەت: 9135
خالید عەزیزی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خالید عەزیزی (بە ئینگلیزی: Khalid Azizi، بە فارسی: خالد عزیزی) کەسایەتیی سیاسیی کورد و سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانە. ناوبراو دوای لەتبوونی حیزبی دێموکرات لە ساڵی ٢٠٠٦دا وەک کەسایەتییەک دەرکەوت و پاشان لە یەکەم کۆنگرەی حدک وەک سکرتێری گشتیی ئەو حیزبە هەڵبژێردرا کە بە ژمارە کۆنگرەی چواردەهەم بوو و لەو ساتە بەدواوە لە کۆنگرەکانی ١٤، ١٥، ١٦ و ١٧ وەک سکرتێر بەردەوام بووە، ماوەیەکی کاتی دوای کۆنگرەی ١٦ بەناوی پاراستنی پڕۆسەی دێموکراسی، وازی لە پۆستی سکرتێری هێنا و مستەفا مەولوودی لە جێگەی ئەو وەکوو سکرتێر دەستنیشان کرا، بەڵام دوای ماوەیەک و لە کۆنگرەی ١٧ی ئەم حیزبە خۆی بۆ سکرتێری پاڵاوتەوە. پێش ساڵی ٢٠٠٦ ناوبراو وەک بەرپرسی پەیوەندییە نێونەتەوەیییەکانی حیزبی دێموکرات لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چەند وڵاتێکی ئەورووپی چالاکی دەکرد.

شوێنی لەدایکبوون

خالید عەزیزی کوڕی ڕەحمان لە ساڵی ١٩٦٠ی زایینی لە گوندی ئاڵیاوێ نێوان شارەکانی شنۆ و نەغەدە لەدایکبووە.

ئاستی خوێندن

خالید عەزیزی خوێندنی ماستەری لە بەشی زانستە سیاسییەکان لە دەرەوەی وڵات تەواو کردووە.

ژیانی سیاسی

خالید عەزیزی لە سەرەتای لاوێتی و لە دەستپێکی شۆڕشی ١٩٧٩ی گەلانی ئێران تێکەڵ بە ڕیزی تێکۆشەرانی کورد بووە. عەزیزی تێکۆشانی حیزبیی خۆی لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران دەست پێکرد بەڵام لە سەرەتای دەستپێکردنی باسەکانی ناو کۆمەڵە لە پێناو پێکهێنانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران دا، وازی لە کۆمەڵە هێنا و چووە ناو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و چەندین پۆستی جۆراوجۆری لەناو حیزبی دێموکراتدا بەڕێوەبردووە. پێش ساڵی ٢٠٠٦ بەرپرسی پەیوەندییە نێونەتەوەیییەکانی حیزبی دێموکرات بووە. دوای تەواو بوونی دەورەی سکرتێریی عەبدوڵڵا حەسەنزادە و دەستپێکی کێشە ناوخۆیییەکانی حیزبی دێموکرات لە دوای کۆنگرەی ١٣ کە بووە هۆی لەتبوونی ئەو حیزبە لە ساڵی ٢٠٠٦ دا، لە کۆنگرەی ١٤ی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا توانی دەنگی متمانەی زۆرینەی کۆنگرە بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و سەرەتا تا ٢ ساڵ وەک ڕاوێژکاری دەفتەری سیاسی و دواتر وەک سکرتێری گشتیی دەستنیشان کرا. لە کۆنگرەکانی ١٥ و ١٦ ئەو حیزبەش توانی هەمان دەنگی متمانەی زۆرینەی کۆنگرە بەدەست بهێنێت و لە هەمان پۆستدا بمێنێتەوە. ناوبراو لە نێوان ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و چاودێرانی سیاسی بە کەسێکی نوێخواز ناسراوە. چەند مانگ دوای کۆنگرەی ١٦ی حدک وازی لە پۆستی سکرتێری هێنا و لە ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ مستەفا مەولوودی لەلایەن کۆمیتەی ناوەندی بە سکرتێری حدک دیاری کرا. لە کۆنگرەی ١٧ی حیزبی دێموکرات لە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ دووبارە خالید عەزیزی وەکوو سکرتێری ئەو حیزبە هەڵبژێردرایەوە.


سەرچاوەکان



230 بینین