پیاوێک لە حەمامی جووەکان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-06-23-18:31:00 - کۆدی بابەت: 9136
پیاوێک لە حەمامی جووەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پیاوێک لە حەمامی جووەکان (بە ئینگلیزی: A man in a Jewish bath) ڕۆمانێکی کوردییە و یەکەمین بەرهەمی ڕۆماننووس، ئاڵا هۆشیارە؛ ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن پەخشخانەی «ناوەندی هەرمان بۆ وەرگێڕان» بڵاو کراوەتەوە.

چیرۆک

دلێر، کوڕەکوردێکی مەریوانیی دانیشتووی سلێمانی کە ماوەیەکیش لە شاخ پێشمەرگە بووە، بڕیار دەدات ڕوو لە ئەورووپا بکات، لە وڵاتی نەرویج دەگیرسێتەوە و لەوێ لە کاتێکدا بێ پارەیە و زمانی ئەوان نازانێت و ئینگلیزییەکەیشی زۆر باش نییە، دەست بە ژیانێکی سەخت و دژوار دەکات؛ بە هەڵکەوت و لە ڕێگەی هاوڕێیەکییەوە، بەناوی چەتۆ لەگەڵ حەمامێکی ژێرزەمینیی هەرزانی تایبەت بە پیاوان ئاشنا دەبێت کە جگە لە خۆشووشتن تێیدا، بۆ مەبەستی سێکسکردنیش بەکار دەهێندرێت؛ دلێر چەندین جار ڕێی لەو حەمامە دەکەوێت؛ لە درێژەدا دلێر بە تاوانی کوشتنی هاوڕێکەی لە هەمان وڵات بۆ ماوەیەکی کاتی، دەکەوێتە بەندیخانە و لەوێش تووشی کەسایەتیی تر دەبێت؛ دواتر دلێر دەگەڕێتەوە کوردستان، شاری سلێمانی، کەچی هەر لە فڕۆکەخانە لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە دەستبەسەر دەکرێت و بۆ ماوەیەک زیندانی و ئەشکەنجە دەکرێت، تاوەکوو لە ئاکامدا ئاشکرا دەبێت کێن و چ ئامانجێک دەپێکن؛ ڕۆمانەکە خۆژیاننامەیە و ڕاناوی کەسی یەکەمی تاک نووسیویەتی و لە کۆتاییدا دەردەکەوێت کە ئەم بەسەرهاتەنە لە ڕێگەی دەستنووسەکانی دلێرەوە کە دوای کوژرانی کەوتوونەتە دەست ژنەکەی، گێڕدراونەتەوە.

کەسایەتییەکان

  • دلێر
  • عەلی
  • شەهلا
  • دایکم
  • باوکم
  • چەتۆ مامەند
  • شابەندەر
  • چەکۆ
  • شەهێن
  • خاڵم
  • هەنیمە
  • کوڕێکی سریلانکایی
  • ئیریک
  • قاسم
  • کاک ئەحمەد
  • دادە کاڵێ
  • دارا
  • ئەبوو مەسعەب
  • ڕۆزا
  • ئەلیاس

بەشەکان

  1. ماڵی عەلی
  2. ئاوڕنەدانەوە
  3. حەمامی قووندەرەکان
  4. زیندان
  5. شەوێک لە چلچەمە
  6. لە بەردەم دادوەر
  7. یەکەم شەوی حەمام
  8. ئاو تامی خوێنی دەدا
  9. بەرەو زیندانی کونگس ڤیەن
  10. سنوورداش
  11. ناسینی کوڕێکی سریلانکی
  12. یەکەم ڕۆژی زیندانی نەرویج
  13. ژووری هارد کۆر
  14. زیندانیی ژمارە سیازدە، سەد و پەنجا و سێ
  15. منداڵانی ژێر زەمین
  16. شەڕکەری تامیل
  17. حەوشەی زیندان
  18. دەزگای بەرگریی سوور
  19. ئازادی
  20. نیگەرانیی ڕۆزا

تایبەتمەندی

پیاوێک لە حەمامی جووەکان ڕۆمانێکی کلاسیک نییە، بە شێوەیەک کە کەسایەتییەکان خولقێنەری چیرۆکەکە بن، بەڵکوو ئەوە چیرۆکەکانن کە کەسایەتییەکان دروست دەکەن، کە ئەمە ستایلێکی نوێیە لە نووسینی ڕۆمانی کوردیدا؛ لە لایەکی ترەوە بەهۆی ئەوەی کە شێوازە ئەدەبییەکەی ڕیالیزمە و توانیویەتی بۆشایی مرۆڤی ماتریالیستی پڕ بکاتەوە، بە ڕۆمانێکی مۆدێرنی کوردی پێناسە دەکرێت. 

خاڵی بەهێزی ڕۆمانەکە زمانە سادە و ساکارەکەیەتی هەرچەندە ناوەرۆکێکی پتەوی لە پشتە خۆی شاردووەتەوە کە تاوەکوو شارەزای بوارەکانی کۆمەڵناسی و دەروونناسی نەبیت ناتوانیت لێی تێ بگەیت، بۆ نموونە بە شاراوەیی باسی کۆنیشانی ستۆکهۆڵمی تێدا کراوە؛ ئەویش بەوەی کە خاوەنی حەمامەکە جوولەکەیە و هێشتا لەژێر کاریگەریی هیتلەردایە و وێنەی هیتلەر لە سەر مێزەکەی داندراوە.

ڕۆمانەکە پوخت نووسراوە و لە درێژدادڕی دوورە کە ئەمەیش لەلایەن هەندێک خوێنەر و ڕەخنەگرەوە وەکوو خاڵێکی لاواز ئاماژەی پێ کراوە. ئەزموونەکانی نووسەر وەکوو دەرهێنەرێک لەسەر چۆنییەتی گێڕانەوە کاریگەر بووە، بە جۆرێک کە لە کاتی خوێندنەوەدا هەست بەوە دەکەیت خەریکی چاولێکردنی فیلمێکی سینەماییت. 

نووسەر خۆی پێی وایە ڕۆمانەکەی تەواو ناسیۆنالیستانەیە، بەڵام ناوچەیی نییە و تەنیا کورد ناگرێتەوە، بەڵکوو ئاماژەیەکە بە تەواوی ئەو نەتەوانەی لە سەرتاسەری جیهان نەهامەتییان بەسەر هاتووە و حەساوە نەبوون و نین؛ بە واتەیەکی تر حەمام خۆی وڵاتی نەتەوە بندەستەکانە کە کۆمەڵێک مرۆڤی تێکشکاوی کورد و تامیلی و عەرەب لەخۆیدا کۆ کردووەتەوە (وەکی لە ڕووبەرگی کتێبەکەیشدا پیشان دراوە) و جوویش وەک نەتەوەیەک کە زیاترین چەرمەسەری بینیوە، خاوەنی حەمامەکەیە. 

ڕووداو و کەسایەتییەکان لەم ڕۆمانەدا بە شێوەیەک لەگەڵ یەکدا لە پەیوەندیدان جا یان هاوشێوە و ئاواڵی یەکن یان دژ و بەرامبەر بە یەک بۆ نموونە کەسایەتیی ژنێکی پیر لە کوردستان و نەرویج جیاوزییەکی زەقیان لەگەڵ یەک هەیە، یان ئەوەی کە دلێر لە کوردستان بە ناوەکەیەوە بانگ دەکرێت بەڵام لە دونیایەکی سەرمایەداریی وەکوو نەرویج، بە ژمارە گاز دەکرێت.


سەرچاوەکان

245 بینین