وۆندەرومەن

له‌لایه‌ن: - لاوێن سامان لاوێن سامان - به‌روار: 2022-06-24-21:49:00 - کۆدی بابەت: 9153
وۆندەرومەن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ووۆندەرومەن (بە ئینگلیزی: wonder Woman)، ناوی ڕاستی شازادە دایانایە. کەسایەتییەکی پاڵەوانی خەیاڵییە، لە کتێبە کۆمیکە ئەمریکییەکاندا دەردەکەوێت کە لەلایەن کۆمپانیای کۆمیکی دیسی بڵاودەکرێتەوە.
دایکی ناوی هیپۆلیتایە کە شاژنی ئەمازۆنییەکانە. باوکیشی ناوی زوسە کە بەهێزترین خواوەندی ئۆڵمپسە.
شازادە دایانا بە ویستی خۆی نیشتمانی خۆی کە تێمسکێرایە بەجێدەهێڵێت و پاڵپشتی پەیامی ئاشتیانەی ئەمازۆنییەکان دەکات. لە جیهانی مرۆڤەکاندا لە پێناو دادپەروەری و یەکسانی دەجەنگێت. وۆندەرومەن ئەندامی دامەزرێنەری کۆمەڵەی دادپەروەرییە (Justice League).

لەدایکبوون و ژیانی منداڵی

دایانا سێ هەزار ساڵ پێش زایین، لە دوورگەی بەهەشت لەدایکبووە. ئەفسانەکان دەڵێن دایکی دایانا خواستێکی زۆری هەبووە بۆ منداڵبوون، لەبەر ئەم هۆکارە پەیکەرێکی قوڕ لە شێوەی کچێکدا دروست دەکات و لەلایەن خواوەندەکانی یۆنانەوە وەک کەسێکی ئەمازۆنی ژیان و هێزی سەرووسروشتی پێدەدرێت.
بەڵام لەڕاستیدا شاژن هیپۆلیتا لەگەڵ زوس لە پەیوەندی خۆشەویستیدا بووە، لەبەر ئیرەیی بردنی هاوسەرەکەی زوس بە ناوی هێرا، دووگیانبوونی شاژن هیپۆلیتایان بە شاردراوەیی هێشتووەتەوە. بەبێ ئەوەی دایانا ئاگاداربێت، دایکی دایانا کوڕێکی دەبێت بە ناوی جەیسن کە دووانەی دایانایە. منداڵی سێیەمی ئەمازۆنییەکان لە ئێوارەیەکی زریاناویدا بە ناوی گرەیڵ لەدایک دەبێت، بە هەمان شێوە منداڵی سێیەمیش هاوشێوەی دایانا و جەیسن نیمچە پیرۆزە، بەڵام لە باوکێکی جیاواز و کەمتر شکۆدارە، بە ناوی دارکساید و دایکیشی بەناوی میرینا. گرەیڵ لەلایەن دایکییەوە لە دوورگەکە دوور دەخرێتەوە، دواتر گەورە دەبێت و دەبێتە دوژمنێکی مەترسیدار بۆ دایانا و هەموو ئەمازۆنییەکان. لەگەڵ گەورەبوونیدا، دایانا بەهۆی ئەوەی هیچ منداڵێکی تر لە دوورگەکەدا نەبوو و هەموو ئەو شتانە دووبارە بوون بۆی کە ڕوویاندەدا، هەستی بە بێتاقەتی دەکرد. کەنگەرێک دەکات بە هاوڕێی خۆی ناوی دەنێت جەمپا، هەروەها پەیوەندییەکی تایبەتی هەبوو لەگەڵ نوبیادا، کە لە ڕۆژی لەدایکبوونی دایانادا لە بیری ڕۆحەکانەوە دەرچوو، وەک دوو خوشکی دووانە دادەنرێن سەرەڕای جیاوازی زۆری تەمەنیان.

کەسایەتی وۆندەرومەن

وۆندەرومەن خاوەن کەسایەتییەکی خەمخۆر، سەرسەخت، کینە لە دڵ و گەڕۆکە، ئارەزوویەکی زۆریشی بۆ پێشبڕکێ هەیە. وۆندەرومەن هەر بە جەنگاوەری لەدایکبووە، هەوڵدەدات خۆی لە کێشە و ململانێ بەدوور بگرێت، بەڵام ئەگەر فشاری زۆری بخرێتە سەر دەست بە شەڕکردن دەکات. کەسێکی چاونەترسە و بەردەوام سەرنجی لەسەر ئامانجەکەیەتی، لای ئەو ئاساییە بۆ مەبەستێکی باش یاسا بشکێنێت. هەرگیز لە کارەکانی خۆی نادزێتەوە و بەردەوام ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

هاوڕێ و دوژمنەکانی

هاوڕێکانی

 • هیپۆلیتا
 • سوپەرمان
 • باتمان
 • ستیڤ تریڤێڕ
 • دۆنا تڕۆی
 • ئارتەمیس
 • ۆندەرگێڵ

دوژمنەکانی

 • ئێریس
 • سیلڤێر سوان
 • ئەپۆلۆ
 • ئێریس
 • چیتا
 • سێرسی

تواناکانی

• نەمری
• توانای هەستپێکردنی زۆر بەهێزە
• خاوەن توانایەکی جەستەیی سەرووسروشتە
• توانای هەڵگرتنی چەکووشەکەی سۆری هەیە (میۆڵنێر)
• توانای جڵەوکردنی مێشکی هەیە
• توانای چاککردنەوە و ساڕێژکردنی برینی هەیە
• توانای فڕینی هەیە

خاڵی لاوازی

• ئەو پەتەی کە پێیەتی (لاسووی ڕاستی)، یەکێکە لە خاڵە لاوازەکانی وۆندەرومەن، پەتەکە لە هەرکەسێکەوە بئاڵێنێت دەریدەخات کە کەسەکە ڕاستی دەڵێت یان نا، لەبەر ئەم هۆکارە ناتوانێت دەستبەرداری ببێت.

• لەبەرئەوەی نیمچە مرۆڤە، بەهەمان شێوەی پاڵەوانەکانی تر ئەگەری ژەهراویبوونی هەیە.

چاوەکانی زۆر بەهێزن، دەتوانێت خۆی لەو گوللانە لابدات کە بە ئاڕاستەی دێن، بەم هۆکارە دوژمنەکانی گاز بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەکی کاتی کوێری بکەن.

• گوللەی بچووک دەتوانێت پێستی وۆندەرومەن ببڕێت.

فیلم و زنجیرە سینەماییەکان

کەسایەتی وۆندەرومەن تەنها لە بواری کۆمیکدا نەماوەتەوە، بەڵکوو کراوە بە فیلم و زنجیرەی سینەمایی و چەندین ئەکتەری جیاواز جیاواز ڕۆڵەکەیان وەرگرتووە، دیارترینیان بریتین لە:

 1. گاڵ گەدۆت
 2. لیندا کارتێر 
 3. کاسی لی کڕۆسبی
 4. ئەیدرییان پالیکی

• دیارترین فیلم و زنجیرەکان بریتین لە

 1.  فیلمی Wonder woman (2019)
 2. فیلمی The Lego Movie (2014)
 3. فیلمی Batman v Superman: Dawn of Justice (2016)
 4. فیلمی Wonder woman (2017)
 5. فیلمی Justice League (2017)
 6. فیلمی The lego batman movie (2017)
 7. فیلمی The lego movie 2: The second part (2019)
 8. فیلمی Wonder woman: Bloodlines (2019)
 9. فیلمی Wonder woman 1984(2020)
 10. فیلمی Zack snyder’s Justice League (2021)
 11. زنجیرەی Wonder Woman (1974)
 12. زنجیرەی Wonder Woman (1975-1979)
 13. زنجیرەی SuperFriends (1973-1986)
 14. زنجیرەی Justice League (2001-2004)
 15. زنجیرەی Justice League Unlimited (2004-2006)
 16. زنجیرەی Justice League Action (2016-2018)
 17. زنجیرەی DC Super Hero Girls (2019)


سەرچاوەکان



313 بینین