پەردە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-06-25-20:34:00 - کۆدی بابەت: 9162
پەردە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پەردە (بە عەرەبی: الستارة، بە ئینگلیزی: curtain) بریتییە لە پارچە قوماشێکی داپۆشەر کە لەسەر پەنجەرەی نێو تەلار و باڵەخانە و ماڵەکان بەکاردەهێنرێت. چەندان جۆر و دیزاین و قەبارەی جیاواز و هەمەجۆری هەیە، پێداویستییەکی سەرەکی دیزاینی ناوەوەی ماڵەکانە و گرنگییەکی زۆری پێ دەدرێت. بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە ڕووناکی، داپۆشینی بەشی ناوەوەی ماڵ و شوێنەکان لەسەر پەنجەرەی ناوەوەی تەلارەکان هەڵدەواسرێت. هەندێک جۆری پەردەی سەردەمییانە بوونی هەیە کە ڕێگری لە تێپەڕبوونی ڕووناکی و خۆڵ و تۆز دەکات، تەنانەت دژی ژاوەژاو و دەنگی بەرزە، هەندێک جۆری تر ئەلیکترۆنییە و لە ڕێگەی ئامێری تایبەتییەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت.

مێژووی بەکارهێنانی پەردە

مێژووی بەکارهێنانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتە گەرمەکان، بە مەبەستی فێنک بوونەوە پارچە قوماشێکیان بە ئاو تەڕ کردووە و لەسەر پەنجەرەکان هەڵواسراوان تاکوو لە تیشکی خۆر و گەرما پارێزگارییان لێبکات.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان مێژووی داهێنانی پەردە جیاوازە، هەندێک دەڵێن کە مێژووی دروستکردنی پەردە لە نێو کولتوورە عەرەبییەکانەوە سەریهەڵداوە چونکە ئەوان کەسانێکی پارێزکارن و ڕێگەیان نەداوە لە پەنجەرەکانەوە ماڵ و شوێنە تایبەتییەکانیان دیار بێت. هەندێکیش مێژووی بەکارهێنان و بڵاوبوونەوەکەی دەگێڕنەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست.
لە سەرەتای ساڵانی 3000 پێش زایینەوە تاکوو سەدەی سێیەمی پێش زایین، میسڕییە کۆنەکان بە داهێنەری پەردە دادەنرێن. یۆنانییە کۆنەکانیش بۆ دابەشکردن و دیاریکردنی سنووری نێو ژووری تەلارەکانیان پەردەیان بەکارهێناوە.
لە سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست لە ئەورووپا پەردە لەلایەن خانەدان و دەوڵەمەندەکانەوە بەکارهێنراوە و ئەوان بە دیزاین و نەخش و نیگاری جۆراوجۆر پەردەکانیان ڕازاندووەتەوە. هاوکات لە سەردەمە کۆنەکاندا قوماشی پەردە لە پێستی ئاژەڵ دروست دەکرا، پاشان لە قوماشی کەتان، ئاوریشم، پەموو و خوری دروستدەکران و پەرەی پێدرا.
لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدەیەم یەکەم کارگەی دروستکردنی پەردە لەلایەن دیزاینەری ئەمریکی "جۆن وێبستەر" لە ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا دامەزرا. لە سەدەی نۆزدەوە چەندان داهێنان لە جۆر و شێوازی پەردە کراوە، کارگە و دیزاینەری تایبەتی بۆ دانراو. لە دوای بڵاوبوونەوەی تەکنەلۆجیا و بەرەوپێشچوونی جیهان و بەکارهێنانی چەندان ئامێر بۆ دروستکردنی پەردە، زیاتر پەرە بە بەرهەمهێنانی دراوە و لە ئێستادا بە قەبارە و شێوازی جیاواز بوونی هەیە.


سەرچاوەکان



474 بینین