بوخارا

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-06-25-21:31:00 - کۆدی بابەت: 9167
بوخارا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بوخارا (بە ئینگلیزی: Bukhara، بە عەرەبی: بخارى، بە فارسی: بخارا)، لە ڕووی دانیشتوانەوە پێنجەم گەورەترین شاری ئۆزپاکستانە و بە یەکێک لە شارە مێژووییەکانی دەوڵەتەکە ناسراوە. دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری سەمەرقەندەوە. خاوەنی ١٤٠ مۆنۆمێنتە و بە یەکێک لە شارەکانی زمانی تاجیکی لە ئۆزپاکستاندا ناسراوە.

وڵات ئۆزپاکستان
قایمقام جەمۆل نۆسیرۆڤ
ڕووبەر ١٤٣،٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە
ژمارەی دانیشتوان ٢٨٠،١٨٧

مێژوو

مێژووی بوخارا دەگەڕێتەوە بۆ چەند هەزار ساڵێک لەمەوپێش. بوخارا پایتەختی هەر یەکێک لە ئیمپراتۆرییەتی سامانی و ئەخمینییەکان بووە و ئیمامی بوخاری تێیدا لەدایکبووە. ٩٠٣ ساڵ پێش زایین بوخارا وەکوو پایتەختی خۆراسان دەستنیشانکراوە. لە ١٢٢٠ جەنگیز خان بوخارای داگیرکردووە. لە سەدەی ١١ بوخارا چووەتە ژێر دەسەڵاتی تورکەکانەوە و لە میانەی دەسەڵاتیاندا لە بوخارا چەندین کۆشک، باخچە و مزگەوتیان دروستکردووە. بوخارا دەکەوێتە ڕۆژئاوای سەمەرقەندەوە و لە پێشوودا شوێنێکی گرنگی فێربوونی ئایینی ئیسلام بووە. جگە لەوەی بوخارا شوێنێکی گرنگی کولتووریی، پەروەردەیی و بازرگانی بووە شوێنێکی گرنگی ئایینی بووە و چەندین مزگەوت و خوێندنگەی تێدا دروسکراوە. لە ساڵی ١٩٢٠ شارەکە لەلایەن دەسەڵاتی ڕووسییەوە داگیر کراوە. بەپێی ئەوەی دوو وڵاتی تاجیکستان و ئۆزپاکستان سنورێکی دیاریکراویان نییە، پاش ئازادبوونی ئۆزپاکستان و شەڕی ناوخۆی تاجیکستان کێشەیەک لەسەر ئەوەی بوخارا بەشێکە لە تاجیسکتان دروستبووە.

جوگرافیا

بوخارا بە ٢٢٥ کیلۆمەتر دەکەوێتە ڕۆژئاوای سەمەرقەند و لەسەر ڕووباری زێراڤشانە. زستانی بە گشتی سارد و وشکە، هاوینیشی گەرم و وشکە، بە ناوچەی کەشوهەوای بیابانی ناسراوە. لە سەرەتای نیشتەجێبووندا، مرۆڤەکان هەوڵیان داوە شارەکان لەسەر ڕووبار بنیادبنێن بەڵام بەپێی کات و دوای زۆر بەکارهێنانی ئاو بۆ پێویستی ڕۆژانە و کشتوکاڵ ڕووبارەکان وشکیان کرد. لە کاتی دەسەڵاتی یەکێتی سۆڤیەت بەهۆی کشتوکاڵ کردنی زیاد لە پێویست، دوو لە گرنگترین ڕووبارەکان کە ئۆزپاکستان پشتیان پێ دەبەست بۆ کشتوکاڵ وشکیان کرد.

دانیشتوان

لە ساڵی ٢٠١٩ ژمارەی دانیشتوانی شارەکە بە ٢٧٩،٢٠٠ خەمڵێندراوە. بە یەکێک لە شارەکانی زمانی تاجیکی لە ئۆزپاکستاندا دادەنرێت. سەرەڕای ئەوەی زۆربەی جولەکەکان لە نێوان ساڵانی ١٩٢٥-٢٠٠٠ شارەکەیان جێهێشت بەڵام تاوەکو ئێستا بە ماڵی بەشێک لە جولەکە بوخارییەکان دادەنرێت. بەپێی ئامارە فەرمییەکان بنەچەکان بەم شێوەیە دابەش دەبن (٪٨٢ ئوزبێکی، ٪٦ ڕووسی، ٪٤ تاجیکی، ٪۲ تاتاری، ٪۱ تورکمان، ٪۱ کۆری، ٪۱ ئۆکرانی و ٪۲ بنەچەکانی تر). سەرەڕای ئەوەی زۆربەی دانیشتوانەکەی لە بنەچەدا خۆیان بە ئوزبێکی لە قەڵەم دەدەن دەوترێت کە لە ڕاستیدا تاجیکین، بەڵام بەهۆی حەزکردنی خۆیان یاخود زۆرلێکردنی حکوومەتەوە خۆیان بە ئوزبێکی دەناسێنن.

شوێنە گرنگەکانی شارەکە

  • کۆمەڵە خانووەکان: کۆمەڵە خانووەکانی پای کەلان، کۆمەڵە خانووەکانی لەبی حەوز، کۆمەڵە خانووەکانی بەهادیین 
  • مزگەوتەکان: مزگەوتی کەلان،مزگەوتی حەوزی بۆلۆ، مزگەوتی مەگۆکی ئەتۆری، مزگەوتی میر سەید عەلی حەمدانی
  • مەدرەسەکان: مەدرەسەی میری عەرەب  
  • گۆڕ و مەزارگەکان: گۆڕی پێغەمبەر ئەیوب، گۆڕی ئیسماعیل سامانی
  • منارەکان: منارەی کەلان، منارەی چار (چۆر)


سەرچاوەکان



255 بینین