نەورەس

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-06-26-20:43:00 - کۆدی بابەت: 9183
نەورەس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نەورەس (بە ئینگلیزی: Gull)، باڵندەیەکی تا ڕادەیەک قەبارە بچووکە، نزیکەی ٤٣ جۆری جیاوازی هەیە، بەڵام جیاکردنەوەیان کەمێک قورسە چونکە زۆرینەیان قەبارەیان لە یەکترییەوە نزیکە و ڕەنگییان سپییە، بۆیە ئەو کەسانەی شارەزای بوارەکەن بۆ جیاکردنەوەی جۆرەکان ئەوا بە گوێرەی ڕەنگی دەنوک و ڕەنگی قاچەکانیان بڕیار دەدەن، نشینگەی نەورەسەکان زۆرینەی ناوچە جیاوازەکانی جیهان دەگرێتەوە، شوێنی ژیانکردنیشی زۆرینەی جارەکان دەکەوێتە درێژایی کەنارەکانەوە، یاخود هەندێک لە جۆرەکان لە نزیک شارەکانیش دەتوانن دەژین، واتە بە جۆرێک کە تەنها سەرچاوەی خۆراک و جێگەی مانەوەی پێویستی هەبێت توانای ژیانکردنیشی دەبێت، نەورەسەکان پێکەوە و لە کۆمەڵەی گەورەدا دەژین خولی یەک لە دوای یەک ئەنجام دەدەن بە دەوری ناوچەکەیاندا و خۆراک پەیدا دەکەن، بەڵام لە وەرزی زۆربووندا هەر جووتێک لە ناوچەیەکی دیاریکراودا و دوور لە کۆمەڵەکەیان دەمێننەوە.  

شێوەی دەرەوەی

باڵەکانی نەورەس فراوانن و دەنووکیشی ئەستوور و چەماوەیە، پێیەکانی بە تەواوەتی دەرکەوتون و هاوشێوەی پێی مراوییەکانە، بەشەکانی تری جەستەی بە پەڕ داپۆشراوە، ڕەنگەکەشی بە زۆری سپییە و تەنها لەکاتی گۆڕانی وەرزەکان یاخود گەشەسەندندا دەکرێت هەست بە هەندێک گۆڕانکاری بکرێت لە ڕەنگیدا، درێژی جەستەی بە گوێرەی جۆرەکان دەگۆڕێت بەڵام بە گشتی لە نێوان ٢٨-٨١ سانتیمەتر دەبن، هەروەها قەبارەی نێرینەکان گەورەترە بە بەراورد بە مێینەکان.  

خۆراک

نەورەسەکان باڵندەی بەهێزی هەموو شت خۆرن، واتە لە هەمان کاتدا گۆشت و ڕووەکەکانیش دەخۆن، تەنانەت ئەو خواردنانەش کە مرۆڤەکان ئامادەی دەکەن وەک پەتاتەی سوورکراو، نەورەسەکان دەتوانن بیکەن بە ژەمی خۆراکیان، بەشێکی سەرەکی لە خۆراکییان گۆشتە و بە دیاریکراویش گۆشتی ماسییە، کە نەورەسەکان خۆیان ماسییەکان ڕاودەکەن لە ناوچەی ئاوە تەنکەکاندا چونکە ناتوانن لە قوڵایدا مەلە بکەن، نموونەی ماسییەکانیش وەک ساردین و سەلمۆن، جگە لە ماسییەکانیش هەریەک لە هەڵواسراوەکان، توێکڵدارەکان، قرژاڵ، بێچووی سەگە ئاوییەکان، چەرەسات، میوە، پاقلەمەنییەکان و تەنانەت شیردەرە ئاوییە گەورەکانی وەک دۆلفین و نەهەنگەکان، شێوازی خواردنیان بۆ ئەو گیانەوەرە گەورانە لە سەرو توانای پێشبینی کردنی زۆرینەی مرۆڤەکانەوەیە، بەڵام نەورەسەکان جگە لە ئەوەی جەستەی مردووی گیانەوەرە شیردەرە ئاوییەکان دەخۆن، ئەوا لە کاتەکانی تریشدا کاتێک دۆلفین و نەهەنگەکان دێنە سەر ڕووی ئاو و دەردەکەون کۆمەڵەی نەورەسەکان بە خێرایی لێیان نزیک دەبنەوە و بە سوود وەرگرتن لە دەنووکیان پارچەی پێست و گۆشتی گیانەوەرەکان لێ دەکەنەوە و دەیخۆن.

یەکگرتن و زۆربوون

لە تەمەنی چوار ساڵیدا نەورەسە نێرینەکان گەشتوونەتە قۆناغی پێگەیشتنی تەواو بە دوای هاوبەشێکدا دەگەڕێن بۆ خۆیان، هەروەها بۆ بەدەستهێنانی سەرنجی مێینەکان چەندین ڕێگەی جیاواز تاقیدەکەنەوە لەوانەش هێنانی خۆراک و پێدانی بە مێینەکەی، نێرینەکان نائارام دەبن بەڵام پاش هەڵبژاردنیان لەلایەن مێینەکانەوە هێمن دەبنەوە، لە هەندێک لە جارەکانیشدا دەکرێت جیاببنەوە و پێویست بکات هاوبەشی نوێ هەڵبژێرن، جووتەکان جێگەیەکی تایبەت بە خۆیان هەڵدەبژێن بۆ دروستکردنی هێلانە و هەردووکیان بەشدارن لە پاراستنیدا، بە دەرکردنی دەنگی بەرز و بێزارکەر کاتێک سنووریان دەبەزێنرێت، لە هەر ساڵیکدا یەک جار توانای زۆربوونیان هەیە، کە زۆرینەی جارەکان دوای یەکگرتن مێینەکە چوار هێلکە دەکات و هەردوو دایک و باوکەکە بە نۆرە بۆ ماوەی مانگێک لەسەر هێلکەکان دەنیشن، پاش هەڵهاتنیان بێچووەکان بۆ ماوەی سێ مانگ پەروەردە دەکرێن و ئامادە دەکرێن بۆ ژیانکردنی سەربەخۆ، لە مانگی یەکەمی ئەو ماوەیەشدا بە هیچ جۆرێک بێچووەکان تەنها ناکرێن، واتە ئەگەر پێویست بکات خۆراک بهێنن و ڕاوی بکەن ئەوا تەنها یەکێک لە دایک و باوکەکە هێڵانەکە جێدەهێڵێت، تاکەکەی تریان دەمێنێتەوە بۆ چاودێریکردن، ناوەندە ڕێژەی تەمەن دەگۆڕێت بەڵام هەندێک لە جۆرەکان دەکرێت بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵ بژین.

جۆرە سەرەکییەکان

  • نەورەسی پەڕ ڕەساسی کاڵ
  • نەورەسی دەنووک چەماوە
  • نەوەرسی کلک ماسی
  • نەورەسی کلک پوازک
  • نەورەسی بەفر
  • نەورەسی ریسا


سەرچاوەکان



964 بینین