لی مین هۆ

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-06-26-23:30:00 - کۆدی بابەت: 9188
لی مین هۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لی مین هۆ (بە ئینگلیزی: Lee Min-ho، بە کۆری: 이민호، بە عەرەبی: لي مين هو) کوڕە مۆدێل، گۆرانیبێژ، بەرپرسی ڕیکلام و بازاڕکردنی سەردەمیانە، بازرگان و یەکێکە لە ڕۆڵگێڕە ناودار و دیارەکانی کۆریای باشوور، لە ٢٢ـی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨٧ لە سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور لەدایکبووە. سەرەتای بەناوبانگبوونی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٩، لەو ساڵەدا بە ڕۆڵگێڕانی ڕۆڵی "گۆ جۆن پیۆ" لە درامای (Boys Over Flowers) ناوبانگێکی جیهانی پەیداکرد، هەروەها خەڵاتی باشترین ڕۆڵگێڕی نوێی لە ٤٥ـەمین خەڵاتی هونەری بەیکسانگ پێبەخشرا.

زانیاری گشتی

ناوی بە ئینگلیزی Lee Min-ho
لەدایکبوون ٢٢ـی حوزایرانی ساڵی ١٩٨٧ لە سیئۆل، کۆریای باشوور
خوێندن بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە کۆلێجی هونەر و دیزاین، بڕوانامەی ماستەر لە هونەری فیلم لە زانکۆی کۆنکوک، کۆریای باشوور
پیشە ڕۆڵگێڕ، کوڕە مۆدێل، گۆرانیبێژ، بەرپرسی ڕیکلام و بازاڕکردنی سەردەمیانە و بازرگان
ساڵی دەرکەوتن ٢٠٠٢
ئایین بوودی
بریکار MYM Entertainment
باڵا ١٨٧ سانتیمەتر
واژۆ Lee Min-ho's signature.png

ژیان و خوێندن

لی مین هۆ لە هیوکسۆک دۆنگ لە دۆنگجاک گو لە سیئۆل لەدایکبووە، لە خێزانێکی بوودی گەورەکراوە، بچوکترین منداڵی خێزانەکەیەتی، لی لەسەرەتادا هیوای دەخواست ببێتە یاریزانی تۆپی پێی پیشەگەر بەڵام بەهۆی برینداربوونەوە کۆتایی بە خەونەکەی هات. لە ساڵی یەکەمی ئامادەیی لە قوتابخانەی دانگۆک ئارەزووەکانی بۆ نواندن و مۆدێل گۆڕی و چەند وێنەیەکی بۆ گۆڤارەکان گرت. لی لە ساڵی ٢٠٠٦ لە زانکۆی کۆنکوک ناوی تۆماردەکات، لە کۆلێژی هونەر و دیزاین دەست بە خوێندن دەکات و بڕوانامەی بەکالۆریۆس وەردەگرێت، پاشان لە بواری هونەری فیلم درێژە بە خوێندن دەدات و بڕوانامەی ماستەر وەردەگرێت. لی مین هۆ دوو جار بە سەختی بریندار بووە و لە مردن گەڕاوەتەوە، یەکەم ڕووداو لە ساڵی ٢٠٠٦ لە تەمەنی ١٩ ساڵاندا ڕوویدا، کە لەگەڵ سێ هاوڕێی لە گەشتدا بوون و توشی ڕووداوی هاتوچۆبوون و دوو هاوڕێی دەست بەجێ گیانیان لەدەست دا، لی مین هۆ و هاوڕێیەکی ڕۆڵگێڕی بە سەختی برینداربوون، لی بۆ ماوەی چەند مانگێک لە بێهۆشیدا بوو، ڕووداوی دووەم لە کاتی ڕۆڵگێڕانی لە درامای (City Hunter)دا ڕوویدا و بە سەختی ڕزگاری بوو.

ژیانی پیشەیی

لی مین هۆ لە سەرەتای دەرکەوتنیدا چەند ڕۆڵێکی لاوەکی بینیوە و بەشداری پڕۆگرامەکانی کردووە، یەکەم ڕۆڵی سەرەکی لە درامای (Secret Campus) کە لە ساڵی ٢٠٠٦ بڵاوکرایەوە. هاوکات لە هەمان ساڵدا تووشی ڕووداوی هاتوچۆ دەبێت و بۆ ماوەی ساڵێک لە نواندن دوور دەکەوێتەوە.

لە ساڵی ٢٠٠٧ بەشداری لە درامایەک دەکات، بەڵام بەهۆی کەمی بینەرەوە کەم کرایەوە بۆ هەشت ئەڵقە. لە ساڵی ٢٠٠٨ لە چەندین پڕۆگرامدا دەرکەوت و لە دوو فیلمدا ڕۆڵیگێڕا.

بەرەوپێشچوونی لی لە ساڵی ٢٠٠٩ دەرکەوت بە ڕۆڵی گۆ جۆن پیۆ لە درامای (Boys Over Flowers)دا، دراماکە بە سەرانسەری کۆریای باشوور و جیهاندا بڵاوبوویەوە و بووە هۆی سەرنجی بینەران. لە ساڵی ٢٠١٠ لە درامای (Personal Taste)دا ڕۆڵیگێڕا. پاشان لە ساڵی ٢٠١١ لە درامای (City Hunter)دا ڕۆڵیگێڕا و دراماکە سەرکەوتوو بوو.

لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١١ بەشداری لە پڕۆگرامێکی بەناوبانگی چینیدا کرد. لە ساڵی ٢٠١٢ لە درامایەکی مێژوویی پزیشکیدا بە ناوی (Faith) ڕۆڵیگێڕا. لە ساڵی ٢٠١٣ گۆرانی (هەموو شتێکم)ـی بڵاوکردەوە.

لی گەڕانەوەی خۆی بە درامایەکی نوێوە ڕاگەیاند بە ناوی (The Inheritors) و لە ساڵی ٢٠١٣ بڵاوبوویەوە و ناوبانگێکی زۆری دەرکرد. لە ساڵی ٢٠١٤ لی مین هۆ بووە یەکێک لە ناودارەکانی کۆریای باشوور. گۆرانییەکی لەگەڵ گۆرانیبێژی ڕەسەن هارلیم یوو وتەوە کە خاوەنی گۆرانی سەرەکی درامای (Boys Over Flowers) بوو. هەروەها بانگهێشت کرا بۆ سێیەمین کۆنفڕانسی لیژنەی سەرۆکایەتی کۆریای باشوور، لی ستایشی سەروەزیرانی وەرگرت و لە پێنجەمین خەڵاتی ڕۆشنبیری و هونەری باوی کۆریا خەڵات کرا.

لی مین هۆ لە ساڵی ٢٠١٤ دووەم گۆرانی ئەلبوومەکەی بڵاوکردەوە، هاوکات بە هەوادارانی ڕاگەیاندووە ئەو گۆرانیانە بۆ هەوادارانی تۆمارکراون هیچ ئارەزووی بەردەوامی پیشەی گۆرانی وتی نییە، بڵاوبوونەوەی ئەلبوومەکەی هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکردنی گەشتی چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ هەوادارانی کە چەند شارێکی ئاسیای گرتەوە. پاشان لە فیلمی (Gangnam Blues) لە ساڵی ٢٠١٥ ڕۆڵی سەرەکی وەرگرت. لە ساڵی ٢٠١٦ لە فیلمی (Bounty Hunters) ڕۆڵی گێڕا، هەمان ساڵ درامای (Legend of the Blue Sea) بڵاوبویەوە کە درامایەکی ڕۆمانسی خەیاڵی سەرکەوتوو بوو.

ساڵی ٢٠١٩ لە پاش گەڕانەوەی لە خزمەتی سەربازی لە درامای (The King: Eternal Monarch) ڕۆڵی گێڕا و لە ساڵی ٢٠٢٠ بڵاوکرایەوە. لە ساڵی ٢٠٢٠ دەستی کرد بە ڕۆڵگێڕانی لە درامای (Pachinko) و لە ٢٥ـی ئاداری ساڵی ٢٠٢٢ بۆ یەکەم جار نمایشکرا.

خەڵاتەکان

لی مین هۆ براوەی ٤١ خەڵات و پاڵێوراوی ٧٩ خەڵات بووە گرنگترینیان:

  • براوەی خەڵاتی ئێس بی ئێس (SBS) لە درامای (Legend of the Blue Sea) بۆ باشترین دووانە و باشترین ڕۆڵگێڕان، براوەی خەڵاتێکی تر بۆ باشترین ١٠ ئەستێرە، بۆ باشترین ڕۆڵگێڕان لە درامای (Faith)، باشترین دووانە و باشترین ڕۆڵگێڕی نوێ لە درامای (Boys Over Flowers)، باشترین ڕۆڵگێڕان و ڕێکپۆشترین و بەناوبانگترین ئەستێرە لە درامای (The Inheritors)، باشترین ڕۆڵگێڕان لە درامای (City Hunter) و براوەی چەندان خەڵاتی (SBS)ـی تریش.
  • براوەی خەڵاتی ئەژدیهای شین (Blue Dragon) بۆ بەناوبانگترین ئەستێرە.
  • براوەی خەڵاتی هونەری بەیکسانگ (Baeksang Arts) بۆ باشترین ڕۆڵگێڕی نوێ لە درامای (Boys Over Flowers)، بەناوبانگترین ئەستێرە لە فیلمی (Gangnam Blues) و خەڵاتێکی تر.
  • براوەی خەڵاتی زەنگی گەورە (Grand Bell) بۆ باشترین ئەکتەری نوێ.
  • براوەی خەڵاتی مۆدەی چین (China Fashion) بۆ بەناوبانگترین ڕۆڵگێڕی ئاسیا.
  • براوەی خەڵاتی ڤیستیڤاڵی درامای کۆریا (Korea Drama Festival) بۆ باشترین ڕۆڵگێڕ لە درامای (Faith) و (City Hunter).
  • براوەی خەڵاتی درامافیڤەر (DramaFever) بۆ باشترین ڕۆڵگێڕ و باشترین دووانە لە درامای (Faith).
  • براوەی خەڵاتی ئێم تی ئێن (MTN) بۆ باشترین ڕۆڵگێڕان لە درامای (Personal Taste).
  • براوەی خەڵاتی نوێکردنەوەی کۆری (Korean Updates) بۆ باشترین دووانە و باشترین ڕۆڵگێڕان لە درامای (The Inheritors)، ڕۆڵگێڕی ساڵ، باشترین ڕۆڵگێڕان لە درامای (Faith).
  • براوەی خەڵاتی ئێم بی ئێس (MBS) بۆ باشترین ڕۆڵگێڕ لە درامای (Personal Taste).
  • براوەی خەڵاتی بایدۆ فێیدیان (Baidu Feidian) بۆ باشترین ڕۆڵگێڕی ئاسیا.
  • براوەی خەڵاتی سۆهو میدیا (Sohu Media) بۆ باشترین ڕۆڵگێڕی نێودەوڵەتی.

کارەکانی

لی مین هۆ لە چەندین فیلم و دراما و پڕۆگرامدا دەرکەوتووە هەروەها خاوەنی چوار گۆرانی تاک و دوو ئەلبومە، بەشێک لە  دیارترین بەرهەمەکانی:

دراماکان

Secret Campus (2006)

Boys Over Flowers (2009)

Personal Taste (2010)

City Hunter (2011)

Faith (2012)

The Inheritors (2013)

The King: Eternal Monarch (2020)

Pachinko (2022)

Legend of the Blue Sea (2016)

Personal Taste (2010)

Faith (2012)

فیلمەکان

Our School's E.T. (2008)

Public Enemy Returns (2008)

Gangnam Blues (2015)

Bounty Hunters (2016)


سەرچاوەکان



1235 بینین