منداڵی ناوەنجیی خێزان

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-06-29-23:03:00 - کۆدی بابەت: 9228
منداڵی ناوەنجیی خێزان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بوون بە منداڵی ناوەنجیی خێزان ڕەنگە قورس بێت چونکە ئەو منداڵە شیرینەکەی خێزانەکە نییە و ناتوانێت بە ئاسانی ڕووبەڕووی زۆر شت ببێتەوە، بەڵام بەگشتی منداڵی ناوەنجی خراپ نییە چونکە تایبەتمەندی وای هەیە کە منداڵانی تری خێزانەکە بە دەگمەن هەیانە، بەزۆری منداڵی ناوەنجی بەهێزترین منداڵە لە خێزانەکەدا، داهێنەرە، سەرنجڕاکێشە، بە باشی ڕووبەڕووی کێشەکان دەبێتەوە و توانای ئەوەی هەیە هاوبەشی بە شتەکانی بکات، تایبەتمەندییە باوەکانی منداڵی ناوەنجی بریتین لە سەربەخۆیی، توانای دانوستانی بەهێز کە یارمەتی منداڵەکە دەدات مەترسی زیاتر هەڵبگرێت و زیاتر کار بکات، ئەمەش دەبێتە هۆی سەرکەوتنی زیاتر لە ژیانیدا.

کەسایەتی منداڵی ناوەنجی

  • کەسایەتی منداڵی ناوەنجی بە شێوەیەکی سەرەکی لەژێر کاریگەریی منداڵەکانی تری خێزانەکەدایە، منداڵی ناوەنجی سێبەری دەسەڵاتخوازی منداڵە گەورەکە و نازداری منداڵە بچووکەکەی لەسەرە، کە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی منداڵێکی ئارام و بێدەنگ بێت.
  • لە خێزاندا منداڵی گەورە بەزۆری بەهۆی بەرپرسیارێتی زیاتر کە لەسەرییەتی، منداڵی بچووک لەبەرئەوەی بچووکترە زیاتر گرنگیان پێ دەدرێت لەلایەن دایک و باوکەوە، بەڵام منداڵی ناوەنجی کەمتر بەرکەوتەی سەرنجی دایک و باوک دەبێت بە بەراورد بە منداڵی گەورە و بچووک، ئەمەش کاریگەری لەسەر کەسایەتی ئەم منداڵە دەبێت.
  • منداڵی ناوەنجیی خێزان زۆرجار کێبڕکێ لەگەڵ منداڵە گەورە و بچوکەکان دەکات بۆ گرنگیدانی دایک و باوک، چونکە ترسی هەیە لەلایەن دایک و باوکیەوە پشتگوێ بخرێت.
  • منداڵی ناوەنجی بەگشتی هەست دەکات کە منداڵی دڵخوازی خێزانەکەی نییە، دایک و باوک زیاتر سەر بە منداڵی گەورە یان بچووکی خێزانەکەن.
  • منداڵی ناوەنجی لە کێبڕکێدایە لەگەڵ منداڵی بچووک و گەورەی خێزان، بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن، بۆئەوەی لەلایەن دایک و باوکەوە پاڵپشتی بکرێت، بۆیە وزەی خۆیان بۆ سەرکەوتنی زیاتر لە ژیاندا بەکار دەهێنن و بە مرۆڤی سەرکەوتوو و کارامە دادەنرێن.
  • منداڵی ناوەنجی كه‌متر ‌مەیلی بۆ خێزان هەیە، چونكه‌ هه‌ست ده‌كات‌ دایك و باوك كه‌متر گرنگی پێده‌ده‌ن، بۆیه‌ هه‌وڵ ده‌دات سه‌ربه‌خۆ بێت و خۆی له‌ وابه‌ستەبوون به‌ خێزان به‌دوور بگرێت، به‌ڵام دەبێت‌ بزانین كه‌ ئاستی دڵسۆزیی بۆ خێزان زۆرە.
  • منداڵانی ناوەنجی بەهۆی ئەو کاردانەوانەی کە دایک و باوک بۆ منداڵی یەکەم نیشانی دەدەن، بۆیە بەگشتی بە بەراورد بە منداڵی یەکەم ڕەفتار و ویستی جیاوازتری هەیە، بۆ نموونە ئەگەر منداڵی یەکەم کارێک بکات، منداڵی دووەم بەتەواوی بەدوای شتێکدا دەگەڕێت لە کارەکەی ئەو جیاوازتر بێت.
  • زیاتر داهێنەرە لە كارەكانیدا، هەستی سەربەخۆیی بەهێزتره و داهێنانی زیاتری هەیە.
  • منداڵی ناوەنجی له‌ خێزانه‌كه‌دا هه‌ست به‌ نه‌خوازراوی‌ ده‌كات، چونكه‌ دایك و باوك كه‌متر بایەخی پێده‌ده‌ن و متمانە به‌خۆبوونی كه‌م ده‌بێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بووندا تووشی نه‌بوونی بڕوا به‌خۆبوون ده‌بێت.
  • منداڵێک کە کۆنیشانەی منداڵی ناوەنجی هەیە، ڕەنگە دژە کۆمەڵایەتی و گۆشەگیر بێت، تا ئەو ڕادەیەی کە حەزی لە بەسەربردنی کات لەگەڵ کەسانی تر نەبێت و تەنیایی پێ باشتر بێت.

چۆنیەتی مامەڵەکردنی دایک و باوک لەگەڵ منداڵی ناوەنجی

  1. منداڵەکەتان دڵنیا بکەنەوە کە خۆشتان دەوێت: منداڵی ناوەجی هەندێک جار ڕەفتارێکی خراپ دەکات بۆئەوەی لەنێوان خوشک و براکانی تریدا ببینرێت، کاتی سزادان و ئامۆژگاریکردنی بیری بخەنەوە کە سزاکەی هیچ پەیوەندییەکی بە خوشک و براکانییەوە نییە، واتای ئەوە نییە کە ئەوتان خۆش ناوێت، هۆکاری سزاکەی ڕوون بکەنەوە بۆئەوەی هیچ لێک تێنەگەیشتنێک ڕوو نەدات، منداڵەکە پێویستە هەست بکات کە دەبینرێت، گرنگ و خۆشەویستە.
  2. ستایشی دەستکەوتەکانی بکەن: منداڵی ناوەنجی پێویستی بە گرنگیپێدانێکی زۆر هەیە، هەروەها ستایشی دەستکەوتەکانی بکەن هەرچەند بچووکیش بێت، بۆئەوەی ناچار نەبێت کارێکی خراپ بکات تاکوو سەرنجتان ڕابکێشێت، شکۆی منداڵەکە بەرز ڕابگرن.
  3. لەکاتی پێویستدا نێوەندگیری بکەن: منداڵی ناوەنجی ڕۆڵی نێوەندگیر دەبینێت لە ناکۆکی نێوان خوشک و براکانیدا و ئاشتیان دەکاتەوە، بە شێوەیەکی عەقڵانی گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکات بۆئەوەی بگەنە چارەسەرێکی گونجاو، بێگومان ئەوە بزانن کاتێک شەڕ و ناکۆکییەکان زیاد دەبن، کاری ئێوەیە ئاشتی دروست بکەن.
  4. دانانی یاسای جێگیر: یاسا و سنووری ڕەفتاری خێزان بە زمانێکی سادە و ڕوون بۆ هەموو منداڵەکان ڕوون بکەنەوە، دڵنیابن کە بەجوانی لە یاساکان و سزای شکاندنیان تێگەیشتوون، هەندێک جار منداڵەکان بە ویستی خۆیان یاساکان دەشکێنن بۆئەوەی هێزتان تاقی بکەنەوە، هەمیشە بە یەک شێوە مامەڵە لەگەڵ تاوانبارەکان بکەن تاکوو بزانن هیچ کامیان لە ئەوی تریان باڵاتر نییە.
  5. هەندێک کاتی تایبەت لەگەڵیدا بەسەر بەرن: پەیوەندییەکی بەهێزتان لەگەڵ منداڵەکەتان هەبێت، لە ڕۆژەکەدا کاتێک دیاری بکەن بەتەنیا لەگەڵیدا بەسەری ببەن، پرسیاری لێ بکەن دەربارەی ئەوەی ئەو ڕۆژە چی ڕوویداوە ئەو هەستانەی کە ئەزموونی کردوون چی بوون، کات بەسەربردن لەگەڵ منداڵی ناوەنجی وا دەکات وەکوو خوشک و براکانی هەست بە گرنگیپێدان بکات و هەست بە تەنیایی و نەبینراوی ناکات.
  6. دەستخۆشی لە سەرکەوتنەکانی بکەن: ڕۆڵی هاندان لە پەروەردەکردنی منداڵدا بە کەم مەزانن دوای ئەوەی دایک و باوک ئاهەنگ دەگێڕن بۆ هەموو گەشەکردن و سەرکەوتنەکانی منداڵی یەکەم، دواتر پەرۆش نین بۆ دووبارەکردنەوەی ئەم هەنگاوانە لەگەڵ منداڵەکانی تریان، بەڵام بۆ بەهێزکردنی متمانە بەخۆبوونی منداڵ، پێویستە ئاهەنگ بگێڕن بۆ سەرکەوتنە گەورە و بچووکەکانی، بۆئەوەی منداڵەکە بزانێت کە شانازی پێوە دەکەن.
  7. ڕێز لە جیاوازییەکانی منداڵەکانتان بگرن: ئەگەر منداڵی یەکەمتان لە قوتابخانە مەدالیای شەترەنجی بەدەست هێنابێت، بە دڵنیاییەوە دەتانەوێت منداڵی دووەمیشتان شوێن پێی ئەو هەڵبگرێت و ئەم بەهرەیە پەرە پێ بدات، بەڵام باشترین ڕێگا ئەوەیە هانی بدەن بۆ دۆزینەوەی ڕێگای دڵخوازی خۆی لە بواری پەروەردە، وەرزش و هونەردا.
  8. ڤیدیۆ و وێنەی منداڵەکەتان بگرن: گرنگترین شت ئەوەیە کە لە ئەلبوومی وێنەی خێزانیدا بەشی پێویست وێنەی منداڵی ناوەنجی هەبێت، مەهێڵن ئەلبوومەکەتان پڕ بێت لە وێنەی منداڵی یەکەم و ژمارەی وێنەکانی منداڵی ناوەنجیش کەمتر بێت لە ژمارەی پەنجەکان، با هەمیشە چەند وێنەیەکی تاکەکەسی بەبێ خوشک یان برا گەورە و بچووکەکانی هەبێت.


سەرچاوەکان

210 بینین