ڕقلێبوونەوە

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد زیلان ئازاد - به‌روار: 2022-07-01-23:19:00 - کۆدی بابەت: 9248
ڕقلێبوونەوە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕقلێبوونەوە (بە ئینگلیزی: Hatred) بریتییە لە یەکێک لە هەستەکان و هەستێکی جێگیرە لە مرۆڤدا بەرانبەر بە کەسێک، شتێک یان گرووپێک، هەستی ڕقلێبوونەوە جیاوازە لە هەستە کورت خایەنەکانی تری وەک توڕەیی و قێزلێکردنەوە و بێزاری چونکە هەستی ڕقلێبوونەوە زیاتر دەبێتە هۆی پەرەسەندنی هەست و بیرکردنەوە نەرێنییەکان هەمبەر بە کەس و شتەکانی دەوروبەر، دەتوانێت کاریگەری بکاتە سەر پەیوەندییە پیشەیی و کەسییەکان.

هەستی ڕقلێبوونەوە ماددە کیمیاییە دەردراوەکانی مێشک دەگۆڕێت، بۆ نموونە ئەو بەشەی مێشک دەوروژێنێت کە بەرپرسیارە لە پلاندانان و جێبەجێکردن، ئەم بەشە دەبێتە هۆی دروستبوونی شەڕانگێزی لەکاتی هەستکردن بە ڕق و کینە بۆ بەرگریکردن یان هێرش کردن.


هەروەها ئەم هەستە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی هەر دوو هۆڕمۆنی (ئەدریناڵین و کۆرتیزۆڵ)، ئەم دوو هۆڕمۆنە (ئەدریناڵین و کۆرتیزۆڵ) دەتوانن ببنە هۆی زیادبوونی کێش، کەمخەوی، خەمۆکی، نیگەرانی و نەخۆشییە درێژخایەنەکان. ڕق و کینە هانی مێشک دەدات بۆ هەوڵدان بۆ پێشبینی کردنی ئەوەی کە کەسی بەرانبەر لەوانەیە چی بکات وەک میکانیزمێکی بەرگریکردن، ئەمەش دەبێتە هۆی نیگەرانی، بێ ئارامی، ئالوودەبوون بە بیرکردنەوە کە هەموویان کاریگەری دەکەنە سەر تەندروستی گشتی مێشک.

بۆچی خەڵکی ڕقیان لا دروستدەبێت؟

ڕق بەشێکە لە مەودای هەستەکانی مرۆڤ، هەندێک لە توێژەرەوەکان ئەوەیان سەلماندووە کە هەموو کەس توانای ئەوەی هەیە کە ڕقی لا دروست ببێت، چونکە ڕق بەشێکە لە هەستە جێگیرەکانی مرۆڤ، ئەوەی کە بە ڕوونی دەردەکەوێت ئەوەیە کە ڕق و کینە ئارەزوو دەکەن وەک هەستێکی فێربوو دەربکەون و لە کاتی نەبوونی هەستی بەزەییدا گەشەدەکەن. 

هەستکردن بە ڕق و کینە یان حەزلێنەبوونی سۆزداری بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری زۆرەوە پەیدادەبێت، خەڵک لەوانەیە دەست بکەن بە ڕقلێبوون لە کەسێکی تر یان گروپێک کاتێک کە ئەوان:

  1. هەست بە ئیرەیی دەکەن یان ویستی هەبوونی ئەو شتانەی کە کەسی تر هەیەتی، چونکە لەوانەیە ئەوە بە نادادپەروەری بزانن کە کەسێک ئەو شتەی هەیە بەڵام ئەمان نیانە.
  2. زۆرجار ئەم هەستە بەهۆی دایک و باوکەوەیە، کۆمەڵگە یان گروپە کۆمەڵایەتییەکانی ترەوە لەلای تاک پەرەدەسەنێت.
  3. بە کەم زانینی بەرانبەر و باوەڕبوون بەوەی کە ئەو کەسە شایەنی ئەوەیە بە کەم سەیربکرێت.
  4. یەکێکی تر لە هۆکارەکان بریتییە لە سوکایەتیپێکردن لەلایەن کەسی ترەوە یان خراپ مامەڵەکردن لەگەڵیان.
  5. خەڵکی هەست بە ڕق و کینە دەکەن کاتێک هەستدەکەن کە بێدەسەڵاتن.
  6. ئازاردان و توندوتیژی کەسانی تر وا دەکات کە ڕقت لەو کەسانە بێت کە ئازاریان داویت یان توندوتیژیان بەرانبەر کردوویت.
  7. لە هەندێک بارودۆخدا خەڵکی ڕقیان لەو کەسانەیە کە ڕابەرایەتیان دەکەن و وا هەست دەکەن کە ئەم کەسانە ئازاریان پێ دەگەیەنن لە کاتێکدا کە کەسە دیاریکراوەکە بە هیچ شێوەیەک مەبەستی ئازاردان و توندوتیژیکردن بەوان نییە.

بۆ نموونە، خوێندکار دەکرێت ڕقی لەو مامۆستایە بێت کە لە تاقیکردنەوەکەیدا کەوتووە، لە کاتێکدا مامۆستاکە هیچ تاوانێکی نییە و تەنها ئەرکی خۆی ئەنجام دەدات، هەر بۆیە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی خوێندکارەکە مامۆستاکە وەک بەربەستێک لەبەردەم سەرکەوتنەکانیدا ببینێت و ئەمەش بۆ ڕقلێبوونەوە دەگۆڕێت و تەنانەت لە هەندێک بارودۆخ ئازاردانی مامۆستاکە لەلایەن قوتابییەکەوە پەرەدەسەنێت.

ڕێگاکانی دەربازبوون لە هەستی ڕقلێبوونەوە

هەمیشە مرۆڤ چەند هەستێکی نەرێنیی بێ بایەخی بە درێژایی کات لا دروست دەبێت و چڕ دەبێتەوە، کە کاریگەری دەکاتە سەر مێشک و جەستە، ئەم زانیاریانەی خوارەوە دەتوانن یارمەتی دەربازبوون لەو ڕق و کینەیە بدەن:

  1. دانپێدانان بەوەی کە تۆ هەست بە ڕق و کینە دەکەیت، چونکە دانپێدانانی ئەمە دەتوانێت یارمەتیدەربێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم هەستە و دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەکە.
  2. تێگەشتن لە سەرچاوەی ڕقەکە یارمەتیدەر دەبێت چونکە زۆرینەی جار ڕق لە ئەنجانی نادادپەروەریی، هەستکردن بە نائارامی یان بێمتمانەییەوە دروست دەبێت.
  3. بەراوردنەکردنی خۆت بە کەسانی تر.
  4. کاتێک هەست بە ڕق و توڕەیی دەکەیت باشتر وایە کە پشوویەکی کورت وەربگریت بۆ نموونە بڕۆ بۆ پیاسەکردن یان یاریکردن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵییەکەت یان ئەنجامدانی ئەو کار و چالاکییەی کە ئاسوودەت دەکات.


سەرچاوەکان



862 بینین