کەسایەتیی بەهێز

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-07-01-23:25:00 - کۆدی بابەت: 9250
کەسایەتیی بەهێز

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کەسایەتیی بەهێز یان زاڵ (بە ئینگلیزی: Strong personality) ئەو کەسانەی ئەم جۆرە کەسایەتییەیان هەیە کەسانی دڵنیا و سوورن، قسەی خەڵک کاریان تێناکات و نیگەرانیان ناکات، مرۆڤدۆست و بیرمەند و دادپەروەرن، کەسانی بەرپرسیارن و بیرۆکەکانیان بەبەها و واتادارن، ئەم جۆرە کەسانە بەرامبەر بێڕێزی بێدەنگ نابن و ڕەتیدەکەنەوە، لە کاتێکدا کە دەزانن کەسانی تر بەکاریاندەهێنن و خراپ مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن ناڕەزایی دەردەبڕن، خۆیان لەسەروو کەسانی تر دەبینن. 

نیشانەکانی کەسایەتیی بەهێز 

ئەم نیشانانە لە کەسایەتییە بەهێزەکاندا بوونیان هەیە:
1. ئەم جۆرە کەسانە مەبەستەکانیان بەپوختی و بە ڕاستەوخۆیی دەردەبڕن، بیروڕاکانیان بەهێزە، درێژە بە وتنی زانیارییە ناپێویستەکان نادەن و خۆی لێ بەدوور دەگرێت.
2. بڕوابەخۆبوون لە کەسە بەهێزەکان وادەکات زۆر بەتوانا بن لە سەرپەرشتیکردن و بەڕێوبردنی کارەکاندا، هەبوونی متمانەیەکی زۆر بە خودی خۆیان سەرکەوتوویان دەکات، هەر بەربەست و ئاستەنگێک بێتە پێشیان بەرەنگاری دەبنەوە.
3. بڕیاردەری خێران، ئەم جۆرە کەسانە دەزانن کە چییان دەوێت و متمانەیان بە هەڵبژاردەکانیان هەیە.
4. بەدوای ڕێگای کورتخایەن و خێرا دەگەڕێن بۆ ئەوەی بگات بە ئامانجەکانی، گرنگی بە بابەتە لاوەکییەکان نادەن بەڵکوو تیشک دەخەنە سەر بابەتە سەرەکییەکان.
5. لە پێناو ئاڕاستەکردنی پڕۆژەکان و گەیشتن بە ئامانجەکانیان لە سەرپەرشتیکردن و فەرمانکردن بە کەسانی تر چێژ وەردەگرن.
6. لەکاتی دروستبوونی هەر کێشەیەک لەبری لێکۆڵینەوە و زانینی هۆکاری کێشەکە بەخێرایی هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەن.
7. بەبەردەوامی هاندەری باشن بەرامبەر خۆیان، توانا و ئارەزووی بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان دەرئەنجامی هاندان و هەوڵەکانیانە، بەتووندی تیشک دەخەنە سەر ئامانجەکانیان بۆ ئەوەی بەدەستی بهێنن.
8. ئەم جۆرە کەسانە ناترسن لە سەرکەشیکردن و شکستهێنان، متمانەیان بە تواناکانیان هەیە، هەڵەکان دووبارە ناکەنەوە کە پێشتر ئەنجامیان داوە.
9. بەرزەخوازی بۆ سەرکەوتن نیشانەیەکی تری کەسە بەهێزەکانە، هاندەر و یارمەتیدەری کەسانی ترن بۆ بەدەستهێنانی خەونەکانیان.
10. ڕێگە نادەن هەستەکانییان بەسەریاندا زاڵ ببن، کەسانی ژیرن و مێشکیان بەکار دەهێنن لەبری هەستەکانیان.
11. کەسایەتییەکی سەختیان هەیە، هەست و بیروڕای کەسانی تر کاریان تێناکات.
12. بێ ئارامی لە کارەکانیان، بەگشتی خاوەنی کەسایەتییە بەهێزەکان لەسەر بارودۆخەکان بێ ئارامن، بەرگەی گفتوگۆ لاوەکییەکان ناگرن چونکە وابیر دەکەنەوە بێمانا بن، ئەم جۆرە کەسانە بەهۆی دڵنیایی زۆرەوە کارەکانیان بەبێ خۆڕاگری ئەنجام دەدەن.

باشییەکانی هەبوونی کەسایەتییەکی زاڵ

 • توانای سەرپەرشتیکردن و بەڕێوەبردن 
 • بەرزەخوازی
 • چالاکی
 • کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی
 • سەرکەشی

خراپییەکانی هەبوونی کەسایەتیی زاڵ

 • بەکەم سەیرکردنی کەسانی تر
 • میزاجی
 • کەللەڕەقی 
 • خۆزاڵکردن
 • ڕق هەڵگرتن لەوانی تر 

چۆن کەسایەتییەکی بەهێزت هەبێت بەبێ سەرکوتکردنی ئەوانی تر؟

• خۆڕاگری: پێویستە کارەکان بە لەسەرخۆیی ئەنجام بدرێت، خۆلادان لە زاڵبوون و پەلەکردن لە هاوپیشەکانت، پێویستە هاوکاری بەردەوام و گفتوگۆ بکرێت لە هەنگاوەکاندا.
• گوێگرتن و سەرنجدانی هاوکارەکان نیشانەی ڕێزگرتنە لێیان، هەروەها لە کاتێکدا گفتوگۆ دەکەن پێیان نەبڕدرێت.
• ڕێزگرتن لە بیروڕاکانی ئەوانی تر و بریندارنەکردنیان دەری دەخەن کەسایەتی بەهێزە بەبێ ئەوەی کەسانی تر بشکێنرێتەوە.
• کەسایەتییە بەهێزەکان بەدەگمەن سوپاسی ئەوانی تر دەکەن، پێویستە سوپاسی هاوکار و هاوڕێکان بکرێت بۆ ئەوەی بزانن یارمەتییەکانیان بەرز دەنرخێنرێت.
• بێفیزی و سادەیی لەکاتی سەرکەوتن بەسەر ئەوانی تردا، چوونکە ئەمە وادەکات هەستەکانی کەسانی تر بریندار ببن.


سەرچاوەکان



1675 بینین