کرمە لیقەکان

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-07-03-13:58:00 - کۆدی بابەت: 9260
کرمە لیقەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کرمە لیقە (بە ئینگلیزی: Slug)، گیانەوەرێکی کۆمەڵەی بێ بڕبڕەکانە، نشینگەکەی زۆرینەی وڵاتەکان لە کیشوەرە جیاوازەکان دەگرێتەوە، جێگەی ژیانکردنیشی دەکەوێتە باخچە و دارستانەکان لەگەڵ سەر قەد و درەختەکان، جگە لە ئەمانەش لە ژێر بەرد و ناوچە شێدارەکانیشدا دەژین، هەروەها کرمە لیقە لە هەردوو وشکانی و دەریاشدا جۆری جیاوازی هەیە، وشەی کرمە لیقە بەکارهێنانێکی فراوانی هەیە، بەو واتایەی کە ژمارەیەکی زۆری بوونەوەر لەخۆدەگرێت بنەمای ناونانیان ئەوە نییە کە لە هەمان باوانەوە دروستبوون، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە خاڵ و تایبەتمەندی هاوبەشیان هەیە، بۆ نموونە هەموویان گیانەوەری نەرمۆکەن کە بەرگی ڕەق و ئێسکیان نییە، هەروەها کرمە لیقەکان ژەهراوی نین بەڵام هەندێکیان هەڵگری مشەخۆرن کە دەبنە هۆی زیانگەیاندن بە مرۆڤ و ئاژەڵە ماڵییەکان، لەبەر ئەمەش دەستلێدانی کرمە لیقەکان کارێکی دروست نییە چونکە ئەو ماددە لینجەی کە بەجەستەیەوەیەتی دەنووسێت بە دەستی مرۆڤەوە و لە ڕێگەیەوە مشەخۆرەکە دەگوازرێتەوە، بۆیە پێویستە دوای بەرکەوتن بە کرمە لیقەکان ڕاستەوخۆ دەستەکان بشۆردرێت یان هەر بەشێکی تری جەستە کە لینجی کرمەکەی پێوەبێت، جووڵەکردنی ئەم بوونەوەرانە هێواشە و لە کاتژمێرێکدا دەتوانێت تەنها نزیکەی ٣٠٠ مەتر ببڕێت.

شێوەی دەرەوەی

شێوەی جەستەی لاکێشەییە لە ناوەڕاستیدا قەڵەوە و لە کۆتاییەکانیدا تەنکترە بە پێستێکی ساف داپۆشراوە کە دەکرێت چەند ڕەنگێکی هەبێت وەک قاوەیی، ڕەش، ڕەساسی، سوور، پرتەقاڵی یاخود سەوز، هەروەها هەندێکیان خاڵ و نیشانەیان لەسەر ڕووی پێستیان هەیە، جووڵەکردنی بریتییە لە خزان و خلیسکان کە بە دەوری یەک پێیدایە و بەرهەمهێنانی ماددەی لینج و مڵ لەلایەن جەستەیەوە هاوکاری جووڵەکەیەتی، ئەو ماددە لینجە لە دوای جووڵەی کرمەلیقەکە دەمێنێتەوە وەک پاشماوە و دەردەکەوێت، چاوەکانیشی دوو دانەن کە دەکەوێتە سەر بەشی پێشەوەی جەستەی، بەگشتی قەبارەی بچووکە و درێژی جەستەشی بە گوێرەی جۆرەکان دەگۆڕێت و لە نێوان ١-١٢ سانتیمەتردایە، هەروەها کرمە لیقەکان ددانیان هەیە و ئەگەر گاز لە جەستەی مرۆڤ بگرن دەبنە هۆی ڕووشاندنی، جیاوازییان لەگەڵ هێلکە شەیتانۆکەکان ئەوەیە کە کرمە لیقەکان بەرگی ڕەق و پارێزەریان نییە و شێوەی جەستەیان ڕێک و لاکێشەییە، لە کاتێکدا هێلکە شەیتانۆکەکان لوولپێچین و سەدەفێکی ڕەق کە دەکرێت چەندین شێوەی هەبێت پارێزگاری لە جەستەیان دەکات، بەڵام هەردوو جۆرەکە چاویان لە هەمان جێگەدا جێگیر بووە، بۆ جووڵەکردنیش ماددەی لینج و مڵ بەرهەمدەهێنن و بە هەمان شێوازی سکەخشێ جووڵە دەکەن.

خۆراک

کرمە لیقەکان بوونەوەری هەموو شتخۆرن واتە دەتوانن لە هەمان کاتدا ڕووەکخۆر و گۆشتخۆریشبن، زۆرینەی جۆرەکانی گیاخۆرە و ژەمە خۆراکییە سەرەکییەکانی ئەم بوونەوەرە بریتییە لە کرم و هێلکە شەیتانۆکە لەگەڵ لاک و خۆراکی مردوو، هەندێکیشیان دەتوانن کەڕووەکان بکەن بە خۆراکیان بەڵام لە زۆرینەی جارەکاندا خواردنی ڕووەکەکانیان بۆ گونجاوترە و پەسەند و دڵخوازیانە، بەڵام بۆ بەدەستهێنانی خۆراک ئەگەر پێویست بکات ئەوا بەسەر بەرزایی درەخت و تەلار و ماڵەکاندا سەردەکەون بەتایبەتیش ئەگەر خۆراکەکە ڕووەکبێت، جگە لە ئەمانەش هەندێک لە جۆرەکانی گەندەخۆرن واتە تەنها پاشماوە و پاشەڕۆی ڕووەک و گیانەوەرەکان دەخۆن، لە هەمان کاتدا کرمەلیقە خۆشی دەبێت بە نێچیر بۆ خشۆک و باڵندەکان لەگەڵ مێرووەکان، یاخود مرۆڤەکان بۆ لەناوبردنیان خوێ دەپرژێنن بەسەریاندا، خوێیەکە دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی جەستەیان، چونکە کرمەلیقەکان هەوڵدەدەن زۆرترین ماددەی لینج بەرهەم بهێنن بۆ لابردنی خوێیەکە بەڵام لە ئەنجامدا وشک دەبنەوە و لەناودەچن، هەرچەندە باشتر وایە کە ئەم ڕێگەیە ئەنجام نەدرێت چونکە دوای مردنی کرمە لیقەکە بۆنێکی دەبێت کە کرمەلیقەی تر ڕادەکێشێت بۆ جێگەکەی، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی زۆربوونیان لە جێگەکەدا نەک کەمبوونەوە، یاخود جۆری جیاوازی تر لە مێرووەکان دێنە ناوچەکە بۆ خواردنی کرمە لیقەکە و بەکارهێنانی وەک ژەمی خۆراکییان.  

یەکگرتن و زۆربوون

ئەم کرمەش هاوشێوەی زۆرینەی کرمەکان نێرەمووکە، واتە هەردوو ئەندامەکانی زاوزێی نێرینە و مێینە لە جەستەی هەمان تاکدا دەبێت، کرمە لیقەکان لە تەمەنی یەک ساڵیدا دەگەنە قۆناغی پێگەیشتن و توانای زۆربوونیان دەبێت، شێوازی زۆربوونیان بە دانانی هێلکە دەبێت، پاش یەکگرتن هێلکەکان دەپیتێنرێن و دادەنرێن، پاشان هەتا کاتی هەڵهاتنیان بێچووەکان ٣-٦ مانگیان پێویستە، ژمارەی بێچووەکانیش لە هەر ساڵێکدا دەگاتە نزیکەی ٥٠٠ دانە، هەروەها ناوەندە ڕێژەی تەمەنی ئەم جۆرە بوونەوەرە دەگاتە نزیکەی دوو ساڵ.

جۆرە سەرەکییەکان

ژمارەیەکی زۆر جۆری جیاواز لە کرمە لیقەکان هەیە کە دەکرێت بە سەدان و هەزاران بن، بەڵام لەبەر ئەوەی هەموو جۆرەکان ئەندامی هەمان باوان نین، ئەوا جۆرەکان لە ناو کۆمەڵەی گەورەدا پۆلێنکراون، هەر کۆمەڵەیەک جۆری جیاواز لە خۆ دەگرێت کە ڕادەی لێكچوونیان زیاترە لە جۆری کۆمەڵەکانی تر، نموونەی هەندێک لە باوترین جۆرەکانیش بریتین لە ئەمانە:

  • کرمە لیقەی باخچە
  • کرمە لیقەی مۆز
  • کرمە لیقەی ڕەش
  • کرمە لیقەی مێینەی شێر
  • کرمە لیقەی کیلی


سەرچاوەکان



720 بینین