هێلکە شەیتانۆکە

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-07-03-14:23:00 - کۆدی بابەت: 9261
هێلکە شەیتانۆکە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هێلکە شەیتانۆکە یاخود کرمی لوولپێچ (بە ئینگلیزی: Snail)، گیانەوەرێکی کۆمەڵەی بێ بڕبڕەکانە، نزیکەی ١٠٠٠ جۆری جیاوازی هەیە بەهۆیەوە بە یەکێک لە ئەو گیانەوەرانە دادەنرێت کە زۆرترین جۆر و شێوازی هەیە، نشینگەکەی دەکەوێتە هەموو کیشوەرەکانەوە جگە لە بەستەڵەکی باشوور، شوێنی ژیانکردنیشی ئەو ناوچە و ڕووبەرانە دەگرێتەوە کە سەوزایی زۆری تێدایە، هێلکە شیتانۆکە پەیوەندی و پەیوەستی بە کرمە لیقە و کرمەلیقە ئاوییەکانەوە هەیە، بەڵام هەبوونی بەرگێکی پارێزەر لەسەر جەستەی هێلکە شەیتانۆکەکان لە کرمەلیقەکان جیادەکرێنەوە،

لە زستاندا دەچنە سوڕی متبوونەوە و بە پشت بەستن بە چەورییە کۆکراوەکانیان بەردەوام دەبن لە ژیانکردن، لە سەرەتادا چاڵێک هەڵدەکۆڵن و دەچنە ناوییەوە پاشان تەواوی جەستەیان دەگەڕێننەوە بۆ ناو بەرگە پارێزەرەکە، دەروازەی بەرگەکەش دادەخەن بۆ پاراستنی زیاتریان لە گیانەوەرە ڕاوکەرەکان، ئەم شێوازی خەوتنە تایبەتە بە سوڕی متبوون و لە ڕۆژی ئاساییدا بەو شێوە ناخەون، هێلکە شەیتانۆکە ئاوییەکان توانای پێوەنووسانێکی سروشتیی بەهێزیان هەیە، کاتێک بە بەردەکانەوە دەنووسێن تەنانەت شەپۆلی ئاویش ناتوانێت بیانجووڵێنێت، ئەمە بوو بە هاندانێک بۆ زاناکان بۆ ئەوەی چەسپێک دروستبکەن کە ببێتە هۆی چارەسەکردنی کەموکورتییەکانی دڵ، هەروەها لە هەندێک لە وڵاتەکاندا هێلکە شەیتانۆکە وەک گیانەوەری ماڵی ڕاگیردەکرێت و گرنگی پێدەدەرێت، هەرچەندە تەمەنی کەمترە و لە ئاستی تەمەنی نموونەیی گیانەوەرە ماڵییەکاندا نییە، بەڵام هەندێک کەس خواستی ماڵیکردنی دەکەن.

شێوەی دەرەوەی

یەکێک لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی هەبوونی بەرگێکی پارێزەرە لەسەرەوەی جەستەیدا، کە زۆرینەی جەستەی پێکدەهێنێت و لە چوار چینی سەرەکی پێکهاتووە، چینی ناوەوە کە ڕووبەڕووی ئەندامەکانی ناوەوە بووەتەوە، چینی دەرەوە کە لە ماددەی ئەندامی و کاربۆناتی کالسیۆم پێکهاتووە، چینی ناوەڕاستیش لە ماددەی ئەندامی پێکهاتووە کۆتا چین ڕووکەشی بەرگەکەیەتی کە ڕەنگەکەی پێبەخشیوە، شێوەی بەرگەکە دەگۆڕێت و دەکرێت وەک قوچەک، گوێچگە، تەشی یاخود شێوازی تاک و جیاوازتری هەبێت، ئەستووری بەرگەکەی بە گوێرەی ناوچەی مانەوەی دەگۆڕێت بۆ نموونە لە ناوچە وشکەکاندا بەرگەکەیان ئەستوورە کە دەبێتە هۆی پاراستنی ڕێژەی شێی جەستەی، بەڵام لە ناوچە فێنکەکاندا بەرگەکەی تەنکترە، لە ژێر بەرگەکەیدا پێیە ماسولکەییەکەی و جەستە نەرمە درێژکۆلەکەی هەیە، ڕەنگی پێستەکەشی دەکرێت زەرد و ڕەنگە کاڵەکان بێت، بەرگە پارێزەرەکە زۆرینەی ئەندامە ناوەکییەکانی تێدایە و بە نەبوونی بەرگەکەی هێلکە شەیتانۆکەکە ناتوانێت لە ژیاندا بمێنێتەوە، هەروەها قەبارەی بە گوێرەی جۆرەکان دەگۆڕێت بۆ نموونە کێشی زۆرینەیان لە نێوان ٠.٠١-١٨ کیلۆگرامە، درێژییەکەشی لە نێوان ٠.٥-٨٠ سانتیمەتر دەبێت، ئەم بوونەوەرە گوێچکەی نییە و چاوەکانیشی جۆری سەرەتایین کە دەکەونە سەر یان خوارەوەی دوو پێیە سەرەکییەکەی، بۆ پەیوەندیکردن بە ژینگەوە هەستی بەرکەوتن بەکاردەهێنێت، هەستی بەرکەوتنی پەرەسەندووە و دەتوانێت لە ڕێگەی ناسینەوەی لەرەلەرەکانەوە لە گۆڕانەکان ئاگاداربێتەوە، ئەو جۆرانەی کە ئاوین پەڕەکەیان هەیە کە بۆ هەناسەدا لە ژێر ئاودا بەکاردێت، جۆرەکانی تریش هەردوو پەڕەکە و سییەکانیان هەیە، بەڵام هێلکە شەیتانۆکەی سێو کە جۆرێکی ئاوییە بۆری تایبەتی هەناسەدانی هەیە کە بۆرییەکەی دەگاتە سەر ڕووی ئاو و بەهۆیەوە هەناسە دەدات.

خۆراک

هێلکە شەیتانۆکە گیانەوەرێکە کە بە گوێرەی جۆرەکەی خۆراکی دەگۆڕێت، لە نێوان گۆشتخۆر و ڕووەکخۆریشدا جۆری هەیە و تەنانەت دەکرێت هەندێکیان وەک مشەخۆر بژین، ئەو جۆرانەی ئاوین ژەمە خۆراکییەکانیان گۆشتە دەتوانن ماسی و کرم و تەنانەت هێلکە شەیتانۆکەی تریش بخۆن، هەروەها بۆ بەدەستهێنانی کالسیۆمی پێویست بۆ بەرگەکەیان سوود لە بەردەکان و پیسییەکان وەردەگرن، ئەوانەشی کە لە وشکانیدا دەژین گیاخۆرن و ژەمە خۆراکی سەرەکیشیان بریتییە لە گەڵا و گوڵ لەگەڵ لاستیکی ڕووەکەکان، لەناویشیاندا گەڵاکان خۆراکی پەسەند و دڵخوازییەتی، خواردنی ژەمەکانیشیان لە ڕێگەی دەمییانەوە دەبێت کە چەند ڕیزێک ددانی بچووک و زمانێکی زبری تێدایە، بەڵام هێلکە شەیتانۆکە خۆشی دەبێت بە نێچیر بۆ گیانەوەری قەبارە گەورەتر لە خۆی وەک، بۆق، باڵندە لەگەڵ قرتێنەرەکان، جگە لە ئەمانەش لە لایەن مرۆڤەکانەوە ڕاودەکرێت و لە ناوچەی جیاوازدا دەخورێت، بۆ نموونە لە فەڕەنسا خەڵکی خواستیان هەیە بۆ خواردنی و ناوی تایبەتیان بۆ داناوە، بۆ پارێزگاریکردن لە خۆیان زۆرینەی جۆرەکان توانایەکی دیاریکراویان نییە، بەڵام یەکێک لە جۆرەکان کە پێی دەوترێت قوچەکی ئاویی دەتوانێت ژەهر دەربدات، ئەندامە بچووکەکانی ژەهرەکەیان زیانی کەمە و تەنها ئازارێکی وەک پێوەدانی هەنگی دەبێت، بەڵام ئەوانەی قەبارەیان گەورەترە ژەهرەکەیان دەتوانێت مرۆڤێک بکوژێت، خۆشبەختانە ئەم جۆرانەش لە ناوچەی مرۆڤەکاندا ناژین و کارلێکی زۆریان لەگەڵ مرۆڤەکاندا نییە.

زۆربوون

زۆرینەی جۆرەکانی هێلکە شەیتانۆکە نێرەمووکن و هەردوو ئەندامی زاوزێی نێرینە و مێینەیان هەیە، پاش یەکگرتن هێلکە دەکەن و لە چاڵێکدا لە ژێر زەوی دەیشارنەوە، بە گوێرەی پلەی گەرمی خاکەکە و دوای چەندین هەفتە بێچووەکان لە هێلکە هەڵدێن، لە سەرەتادا بێچووەکان بەڕادەیەک خۆراکیان پێویستە کە دەکرێت تەنانەت هێلکە هەڵنەهاتووەکان بخۆن، دواتر لە ماوەی گەشەسەندیاندا بە قۆناغێکدا تێدەپەڕن پێی دەوترێت بادان یاخود خولانەوە، لەم قۆناغەدا شێوەی جەستەی بە جۆرێکە کە دەرچەی کۆمی نزیک سەری دەبیت و تەواوی جەستەی شێوەیەکی بازنەیی وەردەگرێت، ناوەندە رێژەی ژمارەی ئەو بێچووانەی کە لە هەرجارێکدا دروستدەبن دەگاتە نزیکەی ٢٠٠ دانە، هەروەها هەندێک جۆر لە ئەم گیانەوەرە دەتوانن بۆ ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵ بژین، بەڵام زۆرینەی جۆرەکان تەمەنیان کورتە و تەنها چەند ساڵێک دەژین.

جۆرە سەرەکییەکان

ژمارەیەکی زۆر جۆری جیاواز لە هێلکە شەیتانۆکەکان هەیە، بۆ ئاسانکاری ناسینەوەیان لە سێ کۆمەڵەی سەرەکیدا پۆلێنکراون کە بریتین لە ئەمانە:

  • هێلکە شەیتانۆکەی وشکانی: بەناوبانگترین جۆرەکان لە ئەم کۆمەڵەدان، ئەم جۆرانە دەکرێت لەگەڵ مرۆڤەکاندا کارلێکیان هەبێت و ببینرێن.
  • هێلکە شەیتانۆکەی ئاویی: جۆری ئاوە سازگارەکان لە ڕووبار و دەریاچە و جۆگەلەکاندا دەژین، هەروەها ئەم کۆمەڵە ژمارەیەکی زۆر جۆری جیاوازی تێدایە و لە نموونەی بەناوبانگترینیشیان، هێلکە شەیتانۆکەی سێو و هێلکە شیتانۆکەی نیریتە.
  • هێلکە شەیتانۆکەی دەریا: زۆر بە کەمی و بە دەگمەن دەبینرێن چونکە جێگەکەیان دەکەوێتە قوڵایی دەریاکانەوە.


سەرچاوەکان

48 بینین