ئایینی مەسیحی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-07-03-15:07:00 - کۆدی بابەت: 9262
ئایینی مەسیحی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مەسیحییەت یان نەسڕانییەت (بە ئینگلیزی: Christianity، بە عەرەبی: المَسِيْحيَّة) ئایینێکی ئیبراهیمی و یەکتاپەرستییە، کە ناوەندی فێرکارییەکانی لەسەر کتێبی پیرۆز و حەزرەتی عیسایە، کە لە باوەڕدا جێبەجێکەری چاوەڕوانکراوی پێشبینییەکان و کوڕە جەستەدارەکەی خوایە؛ کە لە پەیمانی نوێدا لوتکەی فێرکارییە ڕۆحی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکانی خستۆتەڕوو و بە پەرجووەکانی پشتگیری لە قسەکانی کردووە. مەسیح ڕابەر و پێغەمبەری ئایینی مەسیحییە بە بڕوای ئەوان، مەسیح بە مردنی لەسەر خاچ و بە زیندووبوونەوەی بووەتە ڕزگارکەری جیهان، هەروەها تاکە ناوبژیوانی نێوان خوا و مرۆڤەکان بووە؛ زۆربەی مەسیحییەکان چاوەڕێی هاتنی دووەمی دەکەن، کە بە زیندووبوونەوەی مردووەکان کۆتایی دێت، تێیدا خوا پاداشتی چاکەکاران و کەسانی باش بە شانشینییەکی هەتاهەتایی بەختەوەر دەداتەوە.

ئایینی مەسیحی گەورەترین ئایینە و زۆرترین شوێنکەوتووی هەیە لە جیهاندا، ژمارەی شوێنکەوتووانی ٢.٤ ملیار کەسە، واتە نزیکەی یەک لەسەر سێی مرۆڤایەتی، مەسیحییەت ئایینی زۆرینەی دانیشتووانە لە ١٢٦ وڵات لە کۆی ١٩٧ وڵاتی جیهان؛ شوێنکەوتووانی ئایینەکە بە مەسیحی ناسراون. ڕەگی وشەی “مەسیحی” لە وشەی مەسیحەوە هاتووە، کە بە واتای “ئەو کەسەی بە مەسحکردن پیرۆز کراوە”؛ هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن عه‌ره‌بی زمانه‌کانه‌وه‌ به‌ (نەسڕانی) ناسراوه‌، که‌ له‌ وشه‌ی ناسڕەوه‌ هاتووە و شارۆچکه‌ی مه‌سیح بووه‌.

ئایینی مەسیحی لە ڕەگ و ڕیشە و ژینگەی جوولەکە فەڵەستینیەکانەوە سەریهەڵدا و لە ماوەی کەمتر لە سەدەیەک دوای مەسیح، کۆمەڵگەی مەسیحی لە ناوچە جیاوازەکان لە جیهانی کۆنەوە تا هیندستان لە ڕۆژهەڵات بەهۆی میسیۆنەرەوە بڵاوبوویەوە، هەروەها لە ماوەی دوو سەدەی دواتر و سەرەڕای دژایەتی ڕۆمەکان، ئایینی مەسیحی بوو بە ئایینی ئیمپراتۆریەت. بڵاوبوونەوەی و دواتر بەدەستهێنانی کولتووری یۆنانی نەک تەنها بەشداری کرد لە جیابوونەوەی لە ئایینی جوولەکە، بەڵکوو یارمەتیدا لە گەشەکردنی سیمای شارستانییەتی خۆی. 

پۆلێنەکان

ئایینی مەسیحی لە چوار پۆلێنی سەرەکیدا جیا دەکرێتەوە:

بە کوردی بە ئینگلیزی بە عەرەبی
کاسۆلیک Catholic Church یان Roman Catholic Church الکاثوليکية
کڵێسای ئۆرتۆدۆکسی ڕۆژهەڵاتی Oriental Orthodox Churches الأرثوذکسية المشرقية
ئۆرتۆدۆکسی ڕۆژهەڵات یان ئۆرتۆدۆکس Eastern Orthodox Church یان Orthodox Church الأرثوذکسية الشرقية
پرۆتستانت Protestantism  البروتستانتية 

مەسیحییەت جگە لە ڕێبازەکان، میراتێکی کولتووری و ئایینی بەرفراوانی هەیە کە پێی دەوترێت ڕێوڕەسم یان نوێژی شێوی خواوەندی، بەو پێیەی بەناوبانگترین و کۆنترین پۆلێنکردن لەم ڕووەوە بریتین لە مەسیحییەتی ڕۆژهەڵات و مەسیحییەتی ڕۆژاوا. کولتوری مەسیحی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر شارستانیەتی مۆدێرن و مێژووی مرۆڤایەتی لە ئاستە جیاوازەکاندا بەجێهێشتووە.

مێژوو

مێژووی مەسیحییەت، کە بە واتای لێکۆڵینەوە لە مێژووی مەسیحییەت و کڵێساکانی دێت لە عیسا و دوازدە نێردراوەکەیەوە تا ئێستا. مەسیحییەت ئایینێکی یەکتاپەرستە کە لەسەر فێرکاری و ژیانی عیسا دامەزراوە. بە پێی ئینجیلەکان عیسا لە بەیتولمەقدیس لە سەردەمی هیرۆدی مەزن لەدایک بووە و ناتوانرێت بە وردی ڕۆژی لەدایکبوونی دیاری بکرێت، بەڵام زۆربەی لێکۆڵەران لە نێوان ٤ بۆ ٨ پێش زایین دادەنێن. مەتا و لووقا لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەو لە هۆزی یەهوداوە هاتووە کە هۆزی سەرەکی دوازدە کوڕەکەی ئیسرائیلە. هەروەها لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەم لەدایکبوونە بە شێوەیەکی دەرئاسا بەبێ دەستێوەردانی پیاوێک ڕوویداوە و ئەم ڕووداوە لە کڵێساکەدا بە "لەدایکبوون لە پاکیزەیەک" ناسراوە. هەرچەندە لە بەیتولمەقدیس لەدایکبووە، بەڵام زۆربەی ژیانی لە ناسڕیە بەسەر بردووە. عیسا وەک دامەزرێنەر و یەکەمین بڵاوکەرەوەی ئایینی مەسیحی دادەنرێت لەلایەن خواوە.

سەبارەت بە کڵێسا، بە واتا تیۆلۆژی و مەسیحییەکەی، ئەو دامەزراوەیە کە عیسا دایمەزراندووە بۆ ئەوەی دوای خۆی بەردەوام بێت لە ئەرکی بڵاوکردنەوەی کولتووری ڕزگاری لەنێو مرۆڤەکاندا بەپێی بیروباوەڕی مەسیحی. ئایینی مەسیحی لە سەدەی یەکەمی زایینیدا وەک گرووپێکی بچووکی جوولەکە دەستی پێکرد و لە چەند سەدەی داهاتوودا بە خێرایی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیمپراتۆریەتی ڕۆم و باکووری ئەفریقای ڕۆمانیدا بڵاوبووەوە، لەنێویاندا کڵێسای قرتاج. ئەمە سەرەڕای ئەو دژایەتییانەی کە ئیمپراتۆرەکانی ڕۆما لە دژی پەیڕەوانی ئەم ئایینە پەیڕەویان دەکرد، بەڵام لە سەدەی چوارەمەوە بووە ئایینی ئیمپراتۆریەتەکە و کولتووری یۆنانی و ڕۆمانی بەدەست هێنا.

ئەرمینیا یەکەم وڵات بوو کە ئایینی مەسیحی وەک ئایینی فەرمی دانا لە ساڵی ٣٠١، دواتر جۆرجیا لە ساڵی ٣١٩، ئەسیوپیا لە ساڵی ٣٢٥ و ئیمپراتۆریەتی ڕۆم لە ساڵی ٣٨٠.

لە سەدەکانی ناوەڕاست، ئایینی مەسیحی بەردەوام بوو لە بڵاوبوونەوە و گەیشتە باکووری ئەورووپا و ڕووسیا. دوای کرانەوەی زیاتری جیهان بە ڕووی یەکتردا، ئایینەکە بە شێوەیەکی گشتی بڵاوبوویەوە و بووە یەکەمین ئایینی جیهان. لە مێژووی دوورودرێژیدا، ململانێ و ناکۆکییە ئایینی و سیاسییەکان توانیان جەستەی ئایینی مەسیحی لە نێوان سێ ڕێبازی سەرەکیدا دابەش بکەن، ئەوانیش ئۆرتۆدۆکسی (بە لقە ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژهەڵاتەکانییەوە)، کاسۆلیک و پرۆتستانتیزم.

بیروباوەڕ

مەسیحییەت باوەڕی بە یەک خوایی هەیە، وەک ئەوەی لە چەند شوێنێکی کتێبی پیرۆزدا هاتووە، لەوانە: «اسْمَعْ يَا إِسْرَائِيلُ. الرَّبُّ إِلَهُنَا رَبٌّ وَاحِدٌ. فَأَحِبُّ الرَّبَّ إِلَهَکَ مِنْ کُلِّ قَلْبِکَ وَمِنْ کُلِّ نَفْسِکَ وَمِنْ کُلِّ فِکْرِکَ وَمِنْ کُلِّ قُدْرَتِکَ. هَذِهِ هِيَ الْوَصِيَّةُ الأُولَى» <مر ١٢:٣٠>.

واتە «ئەی ئیسرائیل گوێ بگرە. یەزدانی پەروەردگارمان یەک پەروەردگارە. یەزدانی پەروەردگارت بە هەموو دڵ و هەموو گیان و هەموو مێشک هەموو توانات خۆش بوێت. ئەمە یەکەم فەرمانە”.

مەسیحییەکان پێیان وایە خوا لە هەمان کاتدا و یەکە و سێیە، لە ڕووی ماددە و سروشت و ویست و دەسەڵات و کردارەوە یەکە و لە ڕووی خۆئاشکردن و کارەکانییەوە سێیە. ئەم سێینە پێی دەوترێت (سیانێتی پیرۆز یان Trinity) کە بریتیین لە (خوای باوک (اللهکوڕەکەی کە حەزرەتی عیسایە لەگەڵ ڕۆحی پیرۆز)، بەڵام ئەم بیروباوەڕە بەسەر هەموو مەسیحییەکاندا ناچەسپێت. ئەم سیانە لە کەسایەتیدا جیاوازن، بەڵام پێکەوە یەکن و لە یەکێتییدا پێکەوەن و هەریەکەشیان وەکوو یەک یەکسانن و هاوجەوهەرن.

سیفاتەکانی خوداوەند لە ئایینی مەسیحیدا هەمەچەشنن، گرنگترینیان بریتین لە هەمیشەییبوون و نەمری، جێگیربوون بەسەر گۆڕانکاری لە جەوهەردا، هەموو توانا و دەسەڵات، یەکپارچەیی بە تێپەڕبوونی کات و شوێن، کامڵبوونی خۆشەویستی و میهرەبانی، هەروەها سەرچاوەی چاکە و دادپەروەری، وەک چۆن ئەو "کۆنتڕۆڵکەری هەمووانە" و دروستکەری بابەتە بینراو و نەبینراوەکانە.

بۆ نموونە فریشتەکان کە نایانبینین، واتە ئەو بوونەوەرانەی کە خودا بۆ خزمەتکردنی دروستی کردووە، یان بۆ گەیاندنی پەیامەکانی بە مرۆڤایەتی لە هەندێک حاڵەتدا، شەفاعەتیان هەیە بۆ باوەڕدارانی زەوی، سەرۆکەکەیان میخائیلە، هەروەها گابرێل؛ هەندێکیان سەرپێچی خودایان کردووە و بوونەتە ڕۆحی خراپ کە شەیتان سەرۆکایەتییان دەکات، کە کاردەکات بۆ گومڕاکردنی مرۆڤایەتی [ئەفسیان ٦: ١١] و لەوانەیە دەست بەسەر مرۆڤێکدا بگرن و لە ڕێگەی جادووەوە دەربکرێن.

پەرستشەکان

مەسیحییەت ئایینێکی لیتۆرگییە، واتە کۆمەڵێک ڕێوڕەسمی لەگەڵدایە کە زۆرجار لە کڵێسادا ڕوودەدات کە ناوەندی ژیانی ئایینییە و پێیان دەوترێت کڵێسای گەورە، کە شوێنی نیشتەجێبوونی قەشەیە؛ پێناسە پێشنیارکراوەکان بۆ ئەم ڕێوڕەسمانە، کە لەسەر بنەمای حەوت نهێنی پیرۆزن جیاوازن.

ئەم ڕێوڕەسمانە لە دەرکەوتنیاندا بەپێی شوێن و کولتوور و ناوچە جیاوازن، بەو پێیەی زۆرێک لەم ڕێوڕەسمانە لە کولتوورەکانی ئەو ناوچانە وەرگیراون کە تێیدا بڵاوبوونەتەوە؛ هەروەها لە ڕێبازی جیاوازدا جیاوازن، بەڵام بەگشتی لە کرۆکدا یەکن، واتە ئامانجیان یەک شتە. ڕێوڕەسمی لاتینی یەکێکە لە ڕێوڕەسمە بەربڵاوەکانی جیهان، ڕێوڕەسمێکی تری گرنگ ڕێوڕەسمی سریانییە کە لە بەرامبەردا دابەشکراوە بەسەر سریانی ڕۆژهەڵات (چونکە لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات بڵاوبووەتەوە)، سریانی ڕۆژاوا (چونکە لە ڕۆژاوای ڕووباری فورات بڵاوبووەتەوە)، لەگەڵ قیبتی و بێزەنتی. 

لیتۆرگی خوایی بەناوبانگترین و گرنگترین ڕێوڕەسمی مەسیحییە، ڕۆژانە لە کڵێسای کاسۆلیک و هەفتانە یان دوو هەفتە جارێک لە هەموو کڵێساکان بەڕێوەدەچێت. جگە لە لیتۆرگیی خوایی، ئەو ڕێوڕەسمانەی کە پەیوەندییان بە قۆناغەکانی ژیانی مرۆڤەوە هەیە زۆرن، وەک مەعمودیەت کە نهێنی چوونە ناو ئایینی مەسیحییەتە. لەگەڵ ڕێوڕەسمەکانی هاوسەرگیری و بەخاکسپاردن و هەینی باش.

مەسیحییەکان یەکشەممە بە پیرۆز دەزانن، چونکە ئەو ڕۆژەیە کە عیسا بە پێی بیروباوەڕەکانیان لە مردن هەستاوەتەوە، جگە لەو نوێژە گشتیانەی کە لە کڵێسادا ڕوودەدەن، نوێژی تایبەت هەیە کە تاک ڕاستەوخۆ لە نێوان خۆی و خوادا دایدەمەزرێنێت، زۆرجاریش کڵێساکە پێشنیار دەکات کە ئەم نوێژانە پەیوەندییان بە ڕووداوەکانی ڕۆژەوە هەبێت، وەک پێش خواردن و دوای خواردن. 

سەرەڕای جیاوازییان، هەموو ڕێوڕەسمەکانی مەسیحی خوێندنەوەیەکی هەڵبژێردراو لە کتێبی پیرۆز بەپێی ڕۆژەکان یان بۆنە و ڕێوڕەسمەکان دەخوێننەوە، جگە لە وتنی سروودی ئایینی کە هاوتایە لەگەڵ ڕێوڕەسمەکە یان بابەتێکی ئینجیل دەگونجێت، لەگەڵ بانگهێشتکردنی ڕۆحی پیرۆز. 

ئایینی مەسیحی بە پێچەوانەی ژمارەیەکی زۆر لە ئایینەکانی تر، یاسایەکی دیاریکراوی تێدا نییە کە قەدەغەکردن یان ڕێگەپێدانی تێدابێت یان هەندێک دابونەریتی تێدا بسەپێنێت، بەڵکوو داوای ژیانێکی دادپەروەرانەی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی دەکات و بەم شێوەیە هەموو شتێک قەدەغە دەکات کە دژایەتی ئەوانە دەکات، وەک کوشتن (لەباربردنیش)، دزیکردن، ئیرەیی، زینا و کۆمەڵێک شتی تر.

دیمۆگرافیا و بڵاوبوونەوە

کتێبی (CIA World Factbook) کە لە ساڵی ٢٠١٢ بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئایینی مەسیحی بەربڵاوترین ئایینە لە جیهاندا، کە ٢,٢ ملیار کەس شوێنکەوتوویەتی، واتە ٣٣.٣٩%ی مرۆڤایەتی. بەپێی ئامارە جیاوازەکان ژمارەی مەسیحییەکان لە ساڵی ٢٠٥٠دا ٣ ملیار کەس تێدەپەڕێنێت و ئایینی مەسیحی تا ئەو ساڵە بە فراوانترین ئایین دەمێنێتەوە. کڵێسای کاسۆلیکی لە پێشەنگی ڕێبازەکانی مەسیحیدایە لە بڵاوبوونەوەدا، نزیکەی ١.١٣ ملیار کەس شوێنکەوتوویەتی، لەدوای ئەو ڕێبازی پرۆتستانت دێت کە نزیکەی ٤٥٨ ملیۆن کەس شوێنکەوتوویەتی.

مەسیحییەت ئایینێکی گشتگیرە، چونکە مەسیحییەکان لە هەموو کیشوەر و وڵاتەکاندا بڵاوبوونەتەوە و هیچ وڵاتێک لە جیهاندا نییە کە مەسیحییەکانی تێدا نەبێت؛ ئایینی مەسیحی لە ئەمریکای باکوور (٧٧.٤%) و لە کاریبی (٨٧.٣٢%) و ئەمریکای ناوەڕاست و باشوور (٩٣%) و ئەفریقای ناوەڕاست و باشووری ئەفریقا (٦٢.٧%) و ئەورووپا (٧٦.٢) و ئۆقیانووسیا (٧٣.٣%) ئایینی باڵادەستە؛ لە کاتێکدا فلیپین قورسایی سەرەکی ئایینی مەسیحییە لە ئاسیا، ئاسیا تاکە کیشوەرە کە مەسیحییەکان زۆرینەی دانیشتووانەکەی پێک ناهێنن، ناوچەیەکی فراوانی وەک فلیپین و ڕووسیا و قەوقاز زۆرینەی ڕێژەی مەسیحیی ئاسیایان هەیە.  

هەرچەندە مەسیحییەکان یەک لەسەر سێی دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن، بەڵام زۆرینەی دانیشتوانی ١٢٠ وڵات و ٣٨ قەوارەی خۆبەڕێوبەری پێکدەهێنن، کە دوو لەسەر سێی وڵات و قەوارەکانی جیهانن. 

کاریگەریی کولتووری 

کاریگەریی کولتووری مەسیحییەت زۆر گەورە و فرەچەشنە، جگە لەوەی هەموو بوارەکانی شارستانیەت دەگرێتەوە؛ لە لیستی ١٠٠ کاریگەرترین کەسەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، ٦٥ کەسایەتی لە بواری جیاوازدا مەسیحین. بە درێژایی سەدەکان هەم ڕۆحانییەکان و هەم مەسیحی عەلمانی بە هەمان شێوە بەشدارییەکی بەرچاویان لە گەشەکردنی شارستانیەتی مرۆڤایەتیدا کردووە.

سەرەڕای ئەوەی زۆرێک لە زانستەکانی سەردەم لەلایەن زانایانی موسوڵمانەوە دۆزراونەتەوە، بەڵام سەدان مەسیحی دیار هەن کە لە ڕێگەی بەرەوپێشبردن و گەشەپێدانی زانستەکانەوە بەشدارییان لە شارستانیەتی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەی ڕۆژاوادا کردووە و ئەو زانستانەیان زیاتر پەرەپێداوە. بەتایبەت لە بوارەکانی (زانست، تەکنەلۆجیا، زانستی پزیشکی، مۆسیقا، ئەدەب، شانۆیی، فەلسەفە، بیناکاری، ئابووری و سیاسەت).

لە کتێبی یادی ١٠٠ ساڵەی خەڵاتی نۆبڵدا هاتووە کە نزیکەی (٦٥.٤%) لە براوەی خەڵاتی نۆبڵ لە نێوان ساڵانی ١٩٠١-٢٠٠٠ مەسیحی بوون.


سەرچاوەکان

267 بینین