خانوو

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-07-05-18:09:00 - کۆدی بابەت: 9289
خانوو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خانوو (بە ئینگلیزی: house، بە عەرەبی: بیت)، پێکهاتەیەکی نیشتەجێبوونی تاک یەکەیە. لەوانەیە لە کوخێکی سەرەتاییەوە بۆ پێکهاتەیەکی ئاڵۆزی دار، قوڕکاری، کۆنکرێت یان ماددەیەکی تر بگۆڕێت، کە بە سیستمەکانی لوولەکێش، کارەبا، گەرمکردنەوە، هەواگۆڕکێ و تەندروستی جێگیرکراوە. خانووەکان کۆمەڵێک سیستمی جیاوازی بنمیچ بەکاردەهێنن بۆئەوەی باران نەچێتە ناو شوێنی نیشتەجێبوونەوە. هەروەها دەکرێت خانووەکان دەرگا یان قوفڵیان هەبێت بۆئەوەی شوێنی نیشتەجێبوونەکە و دانیشتووان و شتەکانی ناو خانووەکە لە دزەکان یان دەست درێژیکەرانی تر بپارێزن.

زۆربەی خانووە مۆدێرنە ئاساییەکان لە کولتوورەکانی ڕۆژئاوادا یەک یان زیاتر لە یەک ژووری نووستن، گەرماو، چێشتخانە یان شوێنی چێشت لێنان و ژووری میوان لەخۆدەگرن. لەوانەیە خانوویەک ژووری نانخواردنی جیاوازی هەبێت، یان شوێنی نانخواردنەکە لەگەڵ ژوورێکی تردا یەکبخرێت. هەندێک خانووی گەورە لە ئەمریکای باکوور ژوورێکی یاریکردنیان هەیە. لە کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییە نەریتییەکاندا، ڕەنگە ئاژەڵە ماڵییەکانی وەکوو مریشک یان ئاژەڵە گەورەترەکانی وەکوو مانگا و گا لە بەشێکی هەمان خانوودا لەگەڵ مرۆڤەکاندا بژین.

هەندێک لە خانووەکان تەنها شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ یەک خێزان یان گروپێکی قەبارە هاوشێوە هەیە، لەوانەیە خانووە گەورەکان چەندین شوێنی نیشتەجێبوونی خێزان لە هەمان پێکهاتەدا لەخۆ بگرن. هەروەها لەوانەیە خانوویەک لاخانووی لەگەڵدا بێت، وەکوو گەراج بۆ ئۆتۆمبێل یان ژوورێکی بچووک بۆ ئامێر و ئامرازەکانی باخداری. دەکرێت خانوویەک حەوشەی پشتەوە یان حەوشەی پێشەوە یان هەردووکی هەبێت، کە دانیشتووانی خانووەکە دەتوانن پشووی تێدا بدەن یان نانی لێ بخۆن.

لەڕووی وشەزانییەوە

وشەی ئینگلیزی (house) ڕاستەوخۆ لە وشەی (hus)ـی ئینگلیزی کۆنەوە دێت کە بە واتای (نشینگە، پەناگە، ماڵ، و خانوو) دێت. هەروەها لە زمانی عەرەبیدا وشەی (البیت) (Beit) بە مانای (house)ـی ئینگلیزی دێت و واتە خانوو، لە کاتێکیدا وشەی (Beit) بە زمانی مالتی ئاماژەیە بە بنمیچی خانوو.

لەڕووی مێژووییەوە

شتانێکی کەم دەربارەی مێژووی خانوو زانراوە، بەڵام دەکرێت مێژووەکەی بگەڕێتەوە بۆ سادەترین شێوەی پەناگەکان. (تل مدهور) لە عێراق نموونەی خانوویەکی باش پارێزراوی ناوازەیە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی پێنجەمی پێش زایین و تا ئێستا شتەکانی ناوی پارێزراوە. تیۆرییەکانی تەلارسازێکی ڕۆمانی بە ناوی (ڤیترۆڤیۆس) بانگەشەی یەکەم فۆڕمی تەلارسازییان کردووە وەکوو چوارچێوەیەک لە لقە دارەکان کە بە قوڕ پێکەوەنراوە و بە کوخی سەرەتاییش ناسراوە. پاشان (فیلیپ تابۆر) باس لە بەشداریکردنی خانووە هۆڵەندییەکانی سەدەی ١٧ دەکات وەکوو بناغەی خانووەکانی ئەمڕۆ.

لەڕووی پێکهێنان یان دروستکردنەوە

زۆربەی خانووەکان بەهۆی شێوازی دەرەوەیانەوە هەست بە جیاوازیان دەکرێت، کە دەشێت لەگەڵ کەسایەتی خاوەنەکانیاندا بگونجێن یان نوێنەرایەتی ستایلێک یان بینایەکی نەریتی بکەن. بەڵام دروستکردنی خانوو، یان دروستکردنی ناوەوەی بیناکە، سنووردارە بە چەند تەکنیکێکی بیناسازی کە کەرەستە و پرۆسەی جیاواز بەکاردەهێنێت بۆ دابینکردنی بنچینەی هەر جۆرە خانووەیەک. ئەوانیش بریتین لە:

  1. چوارچێوەی دار
  2. پانێڵی دار
  3. خانووی لەوەوپێش‌ دروستکراو
  4. کۆنکریت
  5. پۆڵا و برغوو

لە زۆربەی ناوچەکانی جیهاندا، خانووەکان لە ماددە لەزبڵدەرهێنراوەکان دروست دەکرێن. لە گەڕەکەکانی مانیلا کەرەستەی دروستکردنی خانووە کەپرییەکان زۆرجار لە پاشماوەی سەر زبڵدانەکانەوە سەرچاوە دەگرن. هەروەها لە داکاری پایتەختی وڵاتی سینیگال، خانووەکان لە ماددە دووبارە گێڕدراوەکانەوە دروست دەکرێن کە تێکەڵەیەکن لە پاشماوە و لم، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم تێکەڵەیە بۆ پاراستنی خانووەکە لە لافاو بەکاردەهێنرێت.


سەرچاوەکان



563 بینین