پووما

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-07-05-22:38:00 - کۆدی بابەت: 9295
پووما

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پووما (بە ئینگلیزی: Puma)، گیانەوەرێکی کۆمەڵەی مەمکدارەکانە کە بە شێری دارستانیش ناسراوە، حەوت جۆر لقی هەیە کە هەموویان هەمان تایبەتمەندی سەرەکییان هەیە بەڵام کەمێک لە ڕەنگ و قەبارەدا جیاوازن، یەکێک لە سەرەکیترین ئەو هۆکارانەی کە پووماکان بە ئەندامی پشیلە کێوییە گەورەکان پۆلێن نەکراون ئەوەیە کە توانای نەڕاندنیان نییە، لە کاتێکدا پشیلە کێوییە گەورەکان دەنەڕێنن و جۆرە بچووکەکان ناتوانن، نشینگەکەی دەکەوێتە هەردوو کیشوەری ئەمریکای باکوور و ئەمریکای باشوورەوە، شوێنی ژیانکردنیشی لەناو دارستان و ناوچە شاخاوییەکاندایە، شێوازی ژیانکردنی هەر تاکێک بەتەنهایە واتە پێکەوە کۆمەڵە دروستناکەن، تەنها لە وەرزی زۆربووندا نەبێت یاخود کە دایک و بێچووەکان پێکەوەن، ئەم گیانەوەرە مەترسییەکی زۆر گەورەی لەناوچوونی لەسەر نییە و نزیکەی ٥٠٠٠٠ تاکی ماوە لە سروشتدا، تەنها لەدەستدانی نشینگەکەی هۆکارێکی سەرەکییە بۆ کەمبوونەوەی، بەڵام لەبەر ئەوەی کە پووماکان دەتوانن لە چەندین مەودای جیاوازدا بژین هەر لە دارستانەوە هەتا بیابانەکان، بۆیە بە ڕای زۆرینە پووماکان بۆ هەمیشە لە سروشتدا دەمێننەوە و بەتەواوەتی لەناوناچن.  

شێوەی دەرەوەی

دیارترین تایبەتمەندی ئەم گیانەوەرە هەبوونی فەروویەکی ڕەق و ئەستووری ڕەنگدارە، دەکرێت سوور، زەرد، قاوەیی یاخود ڕەساسی بێت، جیاواز لە زۆرینەی پشیلە کێوییەکانی تر فەرووی پووما نیشانە و خاڵی لەسەر نییە، بۆیە بە ناوێکی زانستی ناونراوە کە بەواتای پشیلەیەکی یەک ڕەنگ دێت، هەروەها لەبەر ئەوەی زۆرینەی کاتەکانی لە شاخدا بەسەر دەبات ئەوا فەرووەکەی بەجۆرێکە کە بە گەرمی دەیهێڵێتەوە لە کاتی کەشە سارد و بەستووەکاندا، پەلەکانی دواوەی درێژترن بە بەراورد بە ئەوانەی پێشەوەی و چنگەکانیشی بە بەراورد بە قەبارە گشتییەکەی زۆر گەورەترن، پەلە درێژ و ماسولکەییەکەی تەنها هۆکارێک نییە بۆ ڕاوکردن بەئاسانی، بەڵکو توانایەکی گەورەی بازدانی پێدەدات کە دەگاتە بەرزی زیاتر لە شەش مەتر، جەستەی پووما قەبارەیەکی گەورەی هەیە کێشی لە نێوان ٦٧-١٠٥ کیلۆگرام دەبێت و بەرزییەکەشی لە نێوان ١،١-٢ مەتر دەبێت، هەستی بینینی پەرەسەندووە و دەتوانێت جگە لە نزیکی خۆی بۆ مەودایەکی دوورتریش شتەکان ببینێت، هەستی بیستنیشی بەڕادەیەک پەرەسەندووە کە کاتی ڕاوکردن پشتی پێدەبەستێت و گوێی لە نێچیرەکەی دەبێت تەنانەت ئەگەر توانا بینینیشی نەبێت، جیاوازی سەرەکی پووما لەگەڵ جاگوار ئەوەیە کە فەرووەکەی یەک ڕەنگە و نیشانەی نییە، لە کاتێکدا جاگوارەکان خاڵیان هەیە و جگە لە ئەمەش ڕەوشت و نشینگەیان جیاوازە. 

خۆراک

ئەم گیانەوەرە گۆشتخۆرە و ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵی قەبارە و جۆر جیاواز ڕاودەکات وەک ئاسک، مەڕ، ڕاکۆن، مشک، جرج، ماسی، باڵندە، کەروێشک و بزنەکانیش دەکات بە ژەمی خۆراکی، چالاکییەکانیشی لە بەرەبەیاندا ئەنجام دەدات واتە جۆرێکی ڕۆژەکییە، لە کاتژمێرێکدا دەتوانێت زیاتر لە ٤٨ کیلۆمەتر ببڕێت، هەر کاتێک دۆخەکەی گونجاو نەبێت و خۆراکی نەبێت ئەوا خۆی دەگونجێنێت، بۆ نموونە لە وەرزی زستاندا کاتێک بەفر لە شاخ و چیاکان دەبارێت و دەستکەوتنی ژەمە خۆراکییەکانی قورس دەبێت، ئەوا پووماکان لە چیاکانەوە کۆچدەکەن بۆ نزیک گوندەکان بۆ دەستکەوتنی نێچیرەکانیان، هەروەها لەبەر ئەوەی لە زۆرینەی نشینگەکاندا پووما خۆی گیانەوەری باڵا و بەدەسەڵاتە زۆر بە دەگمەن دەبێتە نێچیر و ڕاودەکرێت، بەڵام کاتێک نەخۆشییەکی هەبێت یاخود تووشی برین بووبێت، ئەوکاتە لەلایەن ورچ و گورگانەوە یاخود پوومای ترەوە ڕاودەکرێت، گەورەترین ڕاوچی کە هەیبێت لە دۆخە ئاساییەکاندا مرۆڤە، کە بۆ مەبەستی فەروو زۆرینەیان دەیانگرن یاخود ئەو ئاژەڵدارانەی کە دەیانکوژن بەهۆی ئەوەی پووماکان ئاژەڵە ماڵییەکانیان دەخۆن و زیانیان پێدەگەیەنن.

یەکگرتن و زۆربوون

تاکەکانی پووما لە نێوان تەمەنی ٢-٣ ساڵیدا دەگەنە قۆناغی پێگەیشتن و توانای زۆربوونیان دەبێت، لەکاتی بانگکردنی هاوبەشێک بۆ یەکگرتن دەنگی تایبەت دەردەکەن بەڵام بۆ دەرکردنی پوومایەکی تر لە ناوچەکەیاندا دەنگی شەڕانگێزانەیان دەبێت، دوای یەکگرتنی نێرینە و مێینەیەک نێرینەکە بەردەوام دەبێت لە یەکگرتن لەگەڵ مێینەکانی تر بە درێژایی وەرزەکە، ماوەی سکپڕی مێینەکان نزیکی سێ مانگ دەخایەنێت، پاشان لە هەرجارێکدا نزیکەی ٤ بێچوو یان زیاتریان دەبێت، دوای لەدایکبوونیان هاوشێوەی زۆرینەی بێچووە پشیلە کێوییەکان نابینان، هەتا دوو هەفتەی تەمەنیان تێدەپەڕێت تەمەنیان بە لاوازی دەمێننەوە دواتر چاوەکانیان دەکرێتەوە، جیاواز لە پووما پێگەیشتووەکان بێچووەکان نیشانە و خاڵیان هەیە لەسەر فەرووەکەیان کە هاوکارییانە لە خۆحەشاردان دژی ڕاوچییە برسییەکان، کاتێک تەمەنیان دەبێت بە دوو مانگ لە شیر دەبڕدرێنەوە و دەتوانن خۆراک بخۆن، واتە لەگەڵ دایکیاندا دەچنە ڕاوکردن و هەتاکوو تەمەنیان دەبێت بە ساڵێک لەگەڵ دایکیاندا دەمێننەوە، دواتر هەر بێچوویەک جێگە و سنووری خۆی جیادەکاتەوە و پشت بەخۆی دەبەستێت، پووماکان بە گشتی دەتوانن نزیکەی ١٠-١٥ ساڵ تەمەن بکەن بەڵام ئەوانەی کە دیلکراون زیاتر دەژین و دەکرێت بگەنە ٢٥ ساڵی.   


سەرچاوەکان



422 بینین