ڕێکنەکەوتنی منداڵانی خێزان لەگەڵ یەکتری

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-07-06-17:43:00 - کۆدی بابەت: 9305
ڕێکنەکەوتنی منداڵانی خێزان لەگەڵ یەکتری

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕێکنەکەوتن یان ناتەبایی منداڵان لەگەڵ یەکتر بەزۆری لە منداڵییەوە دەست پێدەکات، ئەگەر بە شێوەیەکی دروست ڕێگری لێنەکرێت لەوانەیە بەردەوام بێت، لەم نێوەندەدا ڕۆڵی دایک و باوک وەکوو بەرپرسیار لە پەروەردەکردنی منداڵەکان زۆر گرنگە، لەم بابەتەدا باس لە هۆکاری ناتەبایی و شێوازەکانی ڕێگریکردن لێی دەکەین.

هۆکارەکانی ڕێکنەکەوتنی منداڵان لەگەڵ یەکتر

1- گرنگی نەدان بە پێداویستییە سەرەتاییەکانی منداڵەکان
لەو منداڵانەدا کە پێداویستییەکانیان دابین ناکرێت، بەهۆی زیادبوونی توڕەیی، هەستکردن بە فشاری بەدینەهاتنی پێویستییەکانیان، شەڕکردن ئاساییە، چونکە ئەوان توانا و لێبوردەیی کەسێکی پێگەیشتوویان نییە، لەبنەڕەتدا نازانن لە دۆخێکی ئاوادا کێشەکە لە کوێوە سەریهەڵداوە، بۆنموونە کاتێک منداڵەکان برسییان بێت یان خەویان بێت، توڕەتر دەبن و بەرگەگرتنیان کەم دەبێتەوە، بۆیە لەناکاو گیانی هاوکاری و یاریکردن لەگەڵ یەکتر لەدەست دەدەن، لەم کاتانەدا هەستەکانیان بە توڕەیی دەردەبڕن، بە دابینکردنی ئەم پێداویستیانە، بەدڵنیاییەوە تێبینی ئەوە دەکەیت کە ڕەفتارەکانیان بە تەواوی گۆڕاوە، بۆیە دەکرێت بناغەی هەندێک ناکۆکی، پێداویستییە سەرەتاییەکانی منداڵ بێت.

2- بەراوردکردن
یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی پەروەردەکردنی منداڵ ئەوەیە کە بەتەواوی دوور بکەونەوە لە بەراوردکردنیان لەگەڵ یەکتر بەدڵنیاییەوە دەکرێت بڵێین بەراوردکردنی منداڵەکان لەگەڵ یەکتر، ڕەگی ئیرەیی و دوژمنایەتی نێوانیانە، کاتێک منداڵەکەتان بەراورد دەکەن لەگەڵ منداڵەکەی تر، لەڕاستیدا تواناکانی پشتگوێ دەخەن و منداڵەکە بچووک دەکەنەوە، هەستیاری منداڵەکە زیاد دەبێت، وا دەکەن هەست بکات کە ئێوە لێی ڕازی نین و خۆشتان ناوێت لەوانەیە وابزانن بە ئەنجامدانی ئەم کارە، لە کارەکانی پەشیمان دەبێتەوە، بەڵام کاردانەوەکەتان ئەنجامی پێچەوانەی هەیە، پاڵ بە منداڵەکەوە دەنێت بۆ ئەوەی کاری مەترسیدارتر و خراپتر بکات، بۆیە بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکان و کۆتایی هێنان بە ململانێ، لەبری تۆمەتبارکردن و بەراوردکردن، کۆتایی بە شەڕەکە بهێنن بە قسەکردن لەگەڵ هەموو منداڵەکان، کێشە و شەڕی نێوانیان وەکوو کێشەیەکی بەکۆمەڵ سەیر بکەن و بە هەمان شێوەش چارەسەری بکەن.

3- بڕیاردان
کاتێک کێشەیەک لە نێوان منداڵەکانتان دروست دەبێت، هەوڵبدەن لە نێوانیاندا ڕۆڵی دادوەر نەبینن، هەموو منداڵێک لە ناکۆکییەکدا. دەیەوێت ڕای ئەرێنی دایک و باوکی وەربگرێت و بە قازانجی کۆتایی پێ بێت، بەشداریکردنتان وەکوو دادوەر لە دادگاییکردنی منداڵەکان دەبێتە هۆکارێکی نوێی ناتەبایی، هەوڵبدەن بێلایەن بن و داوایان لێبکەن بەقسەکردن  کێشەکەیان چارەسەر بکەن.

4- سەرنجڕاکێشان
یەکێکی تر لە هۆکارەکانی ڕێکنەکەوتنی منداڵەکان، هەوڵی ئەوانە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی دایک و باوکیان، کاتێک زیاتر لە منداڵێک هەبێت، دایک و باوک بە شێوەیەکی سروشتی زیاتر سەرقاڵ دەبن، چاوەڕێی ئەوەن منداڵەکان کاتێکی خۆش لەگەڵ یەکتر بەسەر ببەن، بەڵام ڕەنگە دڵنیابوونتان لەوەی ئەوان تەنیا نین و یاری لەگەڵ یەکتر دەکەن، وا لە منداڵەکان بکات بیانەوێت سەرنجتان ڕابکێشن، شەڕەکەش ئەوەیە کە پێتان بڵێن گرنگیدان و سەرنجیان دەوێت.
دەتوانن کاتیان بۆ دابنێن و نەهێڵن بۆشاییەکە ئەوەندە زۆر بێت، پێویستیان بە شەڕێکی ساختە بێت بۆ ئەوەی کاتتان لەگەڵ بەسەر ببەن.

5- هەستی خاوەندارێتی
ڕەنگە ئەم بابەتە زیاتر پەیوەندی بە تەمەنی منداڵەوە هەبێت، بەتایبەت لە تەمەنێکی بچووکدا منداڵان بەباشی لەگەڵ چەمکی یاریکردنی بەکۆمەڵ و هاوبەشیکردنی کەلوپەلەکان ناگونجێن، بۆیە تایبەتمەندێتی و هەستی خاوەندارێتی لە منداڵاندا دەتوانێت یەکێک بێت لە هۆکارەکانی شەڕکردن، بۆ ڕێگریکردن لە حاڵەتێکی ئاوا.
دایکان و باوکان دەبێت منداڵەکان بەڕێوەببەن و فێری ئاڵوگۆڕکردنی شتەکانیان بکەن، فێری چەمکی هاوکاری، قەرزکردنی یاری یان هاوبەشکردنیان بکەن، هەرچەندە لەگەڵ هەموو ئەمانەدا دەکرێت هەر ڕووبدات.

6- بەرپرسیارێتی جیاواز
کاتێک دایک و باوک بەرپرسیارێتی جیاواز بە منداڵەکانیان دەدەن، لەوانەیە بەپێی جیاوازی توانا و لێهاتوویی منداڵەکانەوە ئەو کارە بکەن، بەڵام مەرج نییە منداڵەکان لەوە تێبگەن، ئەوەی ئەوان هەستی پێدەکەن ئەوەیە کە لەلایەن دایک و باوکیانەوە پشتگوێ خراون، ئەمەش وایان لێدەکات ناکۆک بن و بیانەوێت جۆرێک ناڕەزایەتی خۆیان دەرببڕن، بۆ نەهێشتنی ئەم ناکۆکییە، لە دابەشکردنی بەرپرسیارێتییەکان نەرمتر بن، یان ئەگەر دەکرێت داوایان لێ بکەن بەیەکەوە ئەرکێک بەش بکەن.

7- ناکۆکی خێزانی
ئەگەر سەنتەری خێزان گەرم نەبێت و ناکۆکی لەنێوان هاوسەرەکان هەبێت، بەدڵنیاییەوە ئەم بابەتە لە پەیوەندی نێوان منداڵەکانیشدا بڵاودەبێتەوە، چونکە منداڵەکان لە ژینگەیەکی ئاوادا هەست بە سەلامەتی و ئارامی ناکەن، هەستەکانیان بەشێوەی توڕەیی و ناتەبایی لەگەڵ یەکتر دەردەبڕن.

8- هۆکاری بۆماوەیی
هەندێک لە منداڵەکان بەشێوەی بۆماوەیی ناگونجێن، ئەم سازش نەکردنە لە سروشتی خۆیاندایە، کە وایان لێدەکات نەتوانن لەگەڵ هیچ بارودۆخێکدا بگونجێن، ئەم منداڵانە خەمی هەموو شتێکیان هەیە، ناتەبایی لەگەڵ ئەندامانی تری خێزان و خوشک و براکانیان دروست دەکەن.

چۆنیەتی مامەڵەکردنی دروست لەگەڵ ڕێکنەکەوتنی منداڵەکان

1- ئارامی
بۆ ئارامکردنەوەی منداڵەکان پێویستە زۆر پتەو بیت و باسەکە بەکورتی تەواو بکەیت، بە ئارامییەوە ئاگاداریان بکەرەوە لە کێشەی ڕەفتارەکانیان، دوور بکەوەرەوە لە جیاوازیکردن و بەدوای تاوانباردا مەگەڕێ، تەنها بە منداڵە تێکدەرەکە بڵێن کە کارەکانی ئەو بووەتە هۆی تێکدانی ئارامییان، دەبێت بەرگەی ئەوە بگرێت کە لە دەرئەنجامی ڕەفتارەکەیەوە بەسەری دێت، بێگومان سزایەک لەبەرچاو بگرن کە کورتخایەن بێت، پراکتیکی بێت و لەگەڵ تەمەنی خۆیدا بگونجێت.

2- ڕاهێنانی خۆڕێکخستن
منداڵەکانتان فێر بکەن هەستەکانیان بناسن، بزانن بۆ ناڕەحەتن، هۆکاری توڕەبوونیان چییە، دوای ناسینیان بەشێوەیەکی دروست فێری کارامەیی دەربڕینی هەستەکانیان بکەن، مافی توڕەبوونیان هەیە، بەڵام مافی ئەوەیان نییە ئەو توڕەییە بەشێوەیەکی هەڵە دەرببڕن.
ڕێگاکانی دەرکردنی وزەی نەرێنی و کۆنترۆڵکردنی توڕەییان فێر بکەن، فێریان بکەن هەرکاتێک توڕەبوون و ویستیان شەڕ بکەن، هەناسەیەکی قووڵ هەڵبمژن و مەشقی هەناسەدان بکەن بۆ ئەوەی ئارام ببنەوە.

3- فێرکاری هونەری بۆ دەربڕینی هەست و سۆز
هەندێک جار منداڵەکان نازانن چۆن لە فشاری دەروونی خۆیان ڕزگار بکەن، دەتوانن لەم بوارەدا ڕێنماییان بکەن, تا بزانن کە دەتوانن لە ڕێگای هونەرەوە هەستەکانیان و خەمەکانیان دەرببڕن، بۆ نموونە وێنەکێشان، کاتێک منداڵەکان ناتەبا دەبن، دەرفەتێکیان بۆ دروست بکەن. تاکوو هەریەکەیان بەتەنیا بیر لە هۆکاری کردارەکەی بکاتەوە و درک بە هەڵەکانی بکات، ئەمەش شێوازێکی کاریگەرە، کە ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی هەڵەکان دەکات.

4- بەڕێوەبردنی یاری
لە کاتە جیاوازەکانی ڕۆژدا، گرنگی بە ڕەفتارەکانی منداڵەکان بدەن، لە هەندێک کاتدا بەهۆی کەمی وزە یان باری دەروونییەوە، ڕەنگە یاریکردنیان ببێتە هۆی شەڕ و ناکۆکی.
بۆیە کاتیان بۆ دابنێن، بۆئه‌وه‌ی بتوانن له‌گه‌ڵ یه‌كتردا یاری بكه‌ن، لەوکاتانەی بارودۆخیان باشه‌ و ماندوو نین، لەو كاتانەی بێزارن بتوانن به‌ ته‌نها یاری بكه‌ن، هه‌ریه‌كه‌یان پلانێكی جیاوازی بۆ خۆی هه‌بێت.

5- یاسادانان
 بۆ پەیوەندی نێوان منداڵەکان، یاسا و سنووری وا دابنێن کە هەر لەسەرەتاوە ڕێگری لە شەڕ بکات، دەتوانن هەر لەسەرەتاوە فێری بکەن، زۆرکردن لە یارییەکەدا قەدەغەیە، گازگرتن، و لێدان و ڕەفتاری نەشیاوی هاوشێوە قەدەغەیە.

6- کۆنتڕۆڵکردنی هەست
هەندێک منداڵ خێرا توڕە دەبن، بە واتایەکی تر کاردانەوەیان بەرانبەر هەموو شتێک دەبێت لە یارییەکەدا، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لەلایەن کەسانی ترەوە گاڵتەیان پێ بکرێ.
یارمەتی بدەن هەستیارییەکەی کەم بکاتەوە و بۆ هیچ شتێک دڵتەنگ نەبێت، بۆ ئەوەی ڕێگری لە ئەگەری ناکۆکی و ناتەبایی بکەن، بەهیچ شێوەیەک سزای جەستەیی و دەروونی بەکارمەهێنن، ئەمە یارمەتیتان نادات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، لە هەمان کاتدا بناغەکانی کێشەی ڕەوشتی، دەروونی، ئیرەیی و هەستکردن بە کەمی پەرە پێدەدات.

7- گرنگیدان بە پێداویستییە سەرەتاییەکانی منداڵ
منداڵەکانتان پێداویستی جیاوازیان هەیە، کە ڕەنگە پشتگوێخستنیان ببێتە هۆی ئەوەی لە ژینگەی ماڵەوەدا نائارام و ناتەبا بن، ئەگەر داواکارییەکیان هەبوو و گونجاو بوو، لە دەسەڵاتتاندا بوو ئەنجامی بدەن، دوودڵ مەبن و کەمتەرخەمی مەکەن، منداڵان هیچ پەناگەیەکیان نییە جگە لە خێزان بۆ ئەوەی پەنای بۆ ببەن و ئارەزووەکانیان دەرببڕن.


سەرچاوەکان



312 بینین