بەکارھێنانی بۆتۆکس بۆ کەمکردنەوەی ئارەقکردنەوە

له‌لایه‌ن: - سازان عەدنان سازان عەدنان - به‌روار: 2022-07-06-23:31:00 - کۆدی بابەت: 9307
بەکارھێنانی بۆتۆکس بۆ کەمکردنەوەی ئارەقکردنەوە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بەکارھێنانی بۆتۆکس بۆ کەمکردنەوەی ئارەقکردنەوە (بە ئینگلیزی: Botox injections for sweating) یەکێکە لە نوێترین و کاریگەرترین چارەسەرەکان کە بۆ بنبڕکردنی ئارەقکردنەوەی زۆر و بێزارکەر لەلایەن پزیشکانەوە پێشنیار دەکرێت. 
بۆتۆکس (بە ئینگلیزی: Botox or botulinum toxin) بریتییە لە ماددەیەکی ژەھرین کە بەھۆی جۆرێکی تایبەتی بەکتریا کە بە (Bacterium Clostridium botulinum) ناسراوە دروست دەکرێت، لە بواری جوانکاری و ھەروەھا وەکوو چارەسەریش بەکاردەھێنرێت.
بۆتۆکس لە بواری جوانکاریدا بۆ کەمکردنەوەی چرچی و ھێڵی ڕووخسار بەکاردەھێنرێت، ھەروەھا وەکوو چارەسەریش بۆ کەمکردنەوەی ئازاری لاسەرئێشە، گرژبوونی ماسولکەکان و ھەروەھا بۆ کەمکردنەوەی ئارەقکردنەوە بەکاردەھێنرێت.

ئارەقکردنەوە

وەڵامدانەوەیەکی پێویست و گرنگی لەشە کە لەکاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەشدا ئارەقەڕژێنەکان بۆ ڕێکخستنی پلەی گەرمی لەش بە دەردانی ئارەقە ھەڵدەستن، بەڵام لە ھەندێک کەسدا ئارەقە بە ڕێژەیەکی نائاسایی و زیاد لە پێویست لەلایەن ئارەقەڕژێنەکانەوە دەردەدرێت، ھۆکارەکەشی بۆ زیاد چالاکبوون و تێکچوونی فرمانی ئارەقەڕژێنەکان کە دەبێتە ھۆی دروستبوونی بۆنی ناخۆش و بێزارکردنی کەسەکە.

پزیشکان بۆ ئەم مەبەستە ئەنجامدانی بۆتۆکس وەکوو یەکێک لە نوێترین و کاریگەرترین چارەسەر بۆ بنبڕکردنی ئارەقە لەو کەسانەی بە تەواوی ھەست بە بێزاری و بۆنی ناخۆش دەکەن دادەنێن.

چۆن بۆتۆکس دەبێتە ھۆی کەمکردنەوەی ئارەقکردنەوە؟

بۆتۆکس ماددەیەکی ژەھراوییە و ئەم تایبەتمەندییەش وایکردووە کە ببێتە ھۆی وەستاندنی ئەو دەمارەگوێزەرەوانەی کە بەرپرسن لە ئارەقکردنەوە و ھەروەھا وەستاندنی ئارەقەڕژێنەکان بۆ دەردانی ئارەقە، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ دەبێتە ھۆی کەمبوونەوەی ئارەقکردنەوە بە ڕێژەیەکی بەرچاو. بە شێوەیەکی ئاسایی، لەکاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەشدا دەمارەگوێزەرەوەکان ھەڵدەستن بە چالاککردنی ئارەقەڕژێنەکان بۆ دەردانی ئارەقە و فێنککردنەوەی لەش بە شێوەیەکی خۆکاری، بەڵام کاتێک ئارەقەڕژێنەکان زیاتر چالاک دەبن لە ئاستی ئاسایی خۆیان بڕێکی زۆر ئارەقە دەردەدرێت، دەرزی بۆتۆکس لەسەر چالاکی ئەم ئارەقەڕژێنانە کاردەکات و دەبێتە ھۆی سستبوونی چالاکیەکانیان.

ئەو بەشانەی لەش کە دەکرێت دەرزی بۆتۆکسیان بۆ ئەنجام بدرێت بریتین لە: لەپی دەستەکان، بنی پێیەکان، بن باڵ ھەروەھا سەر.

سوودەکانی ئەنجامدانی بۆتۆکس چین؟

سوودەکانی ئەم چارەسەرە کەمکردنەوە و وەستاندنی ئارەقکردنەوەیە بۆ ماوەی زیاتر لە شەش مانگ، کە ئەمەش ئارەقکردنەوەی زۆر و بێزاربوون و بۆنی ناخۆش لە کەسی چارەخوازدا بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە، ھەروەھا چیتر پێویست ناکات ھیچ بەرھەمێک بۆ لابردنی بۆنی ناخۆش بۆ ئەو بەشەی لەش کە بۆتۆکسی بۆ ئەنجامدراوە بەکاربھێنن.

چۆن بۆتۆکس ئەنجام دەدرێت؟

سەرەتا ئەو بەشەی لەش کە بۆتۆکسی بۆ ئەنجام دەدرێت بە تەواوی خاوێندەکرێتەوە و پاشان بە بەکارھێنانی دەرزی زۆر ورد ماددەکە دەخرێتە ژێر پێستەوە، بە نزیکەیی ٢٥ دەرزی بۆ بن باڵ بەکاردەھێنرێت و بە پێی ئەو بەشەی لەش کە بۆتۆکسی بۆ ئەنجام دەدرێت ژمارەی دەرزییەکان دەگۆڕێت.

پاش ئەنجامدانی بۆتۆکس

پاش ئەنجامدانی بۆتۆکس پزیشکان ڕێنمایی پێویست بە چارەخواز دەدەن، بە شێوەیەکی گشتی پێویستە بۆ ماوەی ١٢ تا ٢٤ کاتژمێر ھیچ جۆرە بۆنێک بەکارنەھێنرێت، ھەروەھا دووربکەونەوە لە وەرزشی قورس و گەرماو بۆ ماوەی یەک بۆ دوو ڕۆژ پاش ئەنجامدانی چارەسەر.

پێویستە چەندجار بۆتۆکس ئەنجام بدرێت؟

کاریگەری بۆتۆکس بۆ کەمکردنەوەی ئارەقکردنەوە کاتییە و تەنھا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو کاردەکات، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە چارەخواز شەش مانگ جارێک ئەم چارەسەرە ئەنجام بدا بۆ ئەوەی بە تەواوی ئارەقکردنەوە بنبڕبکرێت.

کاریگەرییە لاوەکییەکانی بۆتۆکس چین؟ 

بە شێوەیەکی گشتی بۆتۆکس زیانی نییە و چارەسەرێکی سەلامەتە، بەڵام دەکرێت ھەندێک کاریگەری لاوەکی دروست بکات وەکوو: 

ھەموو ئەم کاریگەرییە لاوەکیانە کاتیین و بە ماوەیەکی کەم پاش ئەنجامدانی بۆتۆکس چاک دەبنەوە و نامێنن.


سەرچاوەکان



410 بینین