کلۆز ئەپ (١٩٩٠)

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-07-08-01:20:00 - کۆدی بابەت: 9324
کلۆز ئەپ (١٩٩٠)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کلۆز ئەپ یان گرتەی نزیک (بە فارسی: کلوزآپ یا نمای نزدیک، بە ئینگلیزی: Close Up) فیلمێکی درامی و نیمچەڕاستی ئێرانییە کە لەلایەن عەباس کیاڕۆستەمییەوە لە ساڵی ١٩٩٠ بەرهەم هێنراوە. ئەم فیلمە نموونەیەکی سەرکەوتووی سینەمای دیکۆمێنتاری و ڕیالیزمە، کە پەیڕەوی لە هێڵێکی چیرۆکی دیاریکراو دەکات لەسەر بنەمای واقیع. ئەم فیلمە وایکرد کۆمەڵگای ڕۆژاوایی زیاتر لە ستایلی عەباس کیارۆستەمی ئاگادار بکاتەوە و لەلایەن ڕەخنەگرانەوە سەرنجێکی زۆری کەوتە سەر.

چیرۆک

حسێن سەبزیان بەهۆی لێکچوونی لە موحسین مەخماڵباف خۆی وەک موحسینی مەخمەڵباف بە بنەماڵەی ئەهانخا دەناسێنێت و بە بیانووی دروستکردنی فیلم دەچێتە ماڵەکەیانەوە. لە یەکەم ڕۆژی چاوپێکەوتنیان، مەخماڵبافی ساختە بە کوڕی ماڵەکە بەناوی مێهرداد دەڵێت کە دەبێت بەشداری لە فیلمە نوێیەکەیدا بکات و شوێنی وێنەگرتنەکەش ماڵی بەڕێز ئاهەنخایە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی مێهرداد خۆی حەزێکی زۆری بۆ سینەما هەبووە. لە ڕۆژی دووەمدا لەسەر داوای مەخماڵبافی ساختە پرۆڤەی دیمەنە سینەماییەکان دەکەن.

باوکی ئەو بنەماڵەیە کە هەر لەسەرەتاوە گومانی لە سەبزیان هەبووە، بە هاوکاری یەکێک لە هاوڕێکانی بەناوی ئەحمەد ڕەزا مووەید موحسینی کە ئاوازدانەرێکی تەلەفزیۆنییە، لە ڕێگەی حەسەن فەرازمەندی پەیامنێری گۆڤاری سروشەوە ناسنامەی سەبزیانی ئاشکرا کرد و لە سێیەم ڕۆژدا مەخماڵبافی ساختەی دەستگیرکرد و ڕادەستی دادگای کرد.

دوای بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە و وەرگرتنی بەڵێننامە لە سەبزیان و ڕەزامەندی بنەماڵەی ئەهانخا، دۆسیەکە داخرا.

دوای ئەوەی لەلایەن عەباس کیاڕۆستەمییەوە ئاگادار دەکرێتەوە، موحسین مەخمەڵبافی ڕاستەقینە، لە ڕۆژی ڕزگاربوونی سەبزیان سەردانی دەکات و پێکەوە دەڕۆنە ماڵی ئاهەنخا بۆ داوای لێبووردن. 

بەرهەمهێنان و کارەکتەرەکان

فیلمەکە لەسەر بنەمای ڕووداوێکی ڕاستەقینە دروستکراوە کە لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە باکووری تاران ڕوویدا. كیارۆستەمی بۆ یەكەمجار لە ساڵی ١٩٨٩ ئاگاداری چیرۆكەكەی حسێن سەبزیان بوو، ئەمەش دوای خوێندنەوەی چیرۆکەکەی لە وتارێكدا لە گۆڤاری سروش كە لەلایەن ڕۆژنامەنووس حەسەن فەرازمەندەوە نووسرابوو. شتێکی سەرنجڕاکێشی ئەم فیلمە ئەوەیە کە هەموو ئەکتەرەکان ڕۆڵی سەرەکی خۆیان دەگێڕن. بۆ نموونە ئەو سەربازەی لە فیلمەکەدا سەبزیان دەگرێت، هەمان ئەو سەربازەیە کە لە ڕاستیدا سەبزیانی گرتووە.

نمایش

کلۆز ئەپ لە ئێران لە ساڵی ١٩٩٠ و لە فەڕەنسا و کەنەدا لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٩١ بڵاوکرایەوە. ئەم فیلمە لە ساڵی ١٩٩٩ لە ئەمریکا نمایشکرا و لە ساڵی ٢٠١٠ لە ئەمریکا بە شێوەی دیڤیدی دابەشکرا. کلۆز ئەپ لە ساڵانی ٢٠١١ تا ٢٠١٧ لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ڕۆتەردام، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سالۆنیکی، فێستیڤاڵی فیلمی بووسان، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ڕیکیاڤیک، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کارلۆڤی ڤاری، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی قەیسی زێڕینی یەریڤان، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دیدار، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی شەنگەهای، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی گیخۆن، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرلین و فێستیڤاڵی لۆکارنۆ نمایشکرا.

لە شاری ڕۆتەردام پێشوازی لە فیلمەکە ئەوەندە گەورە بوو کە لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بلیتەکانی فرۆشران. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٧دا فیلمی کلۆز ئەپ لە بەشی نمایشە تایبەتەکانی ٦٧ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرلین نمایشکرا.

لەنێو ٥٠ باشترین فیلمی مێژووی سینەمادا

بە پێی ڕیزبەندی گۆڤاری سایتی ئێند ساوند، کلۆز ئەپ لە نێوان ٥٠ باشترین فیلمی مێژووی سینەمادا پلەی ٤٧ی بەدەستهێناوە. ئەم گۆڤارە بانگهێشتی ٨٤٦ ڕەخنەگری سینەمایی و پرۆگرامەر و دابەشکەری فیلمی کرد لە ڕاپرسییەکدا و ٥٠ باشترین فیلمی مێژووی سینەمای هەڵبژارد، هەروەها لەلایەن دامەزراوەی فیلمی بەریتانی وەک ٤٢هەمین باشترین فیلم لە مێژووی سینەمادا هەڵبژێردرا.

خەڵاتەکان

  • براوەی خەڵاتی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕەخنەگرانی فیلم لە فێستیڤاڵی فیلمی تۆرینۆ لە ساڵی ١٩٩٦
  • براوەی دیپلۆمی فەخری و خەڵاتی فیپەرشی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئیستەنبووڵ ١٩٩٢
  • براوەی خەڵاتی تایبەتی باشترین فیلم و دەرهێنەری فێستیڤاڵی فیلمی دۆن کراکیۆر لە ساڵی ١٩٩١
  • براوەی خەڵاتی باشترین دەرهێنەر لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دەنکیرک لە ساڵی ١٩٩١
  • براوەی خەڵاتی شەهری و خەڵاتی ڕۆژنامەوانی و خەڵاتی خوێندکاری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دەنکیرک ١٩٩١
  • براوەی خەڵاتی تایبەتی لیژنەی دادوەری و خەڵاتی سیلڤەر لە فێستیڤاڵی فیلمی ریمینی ساڵی ١٩٩١
  • براوەی خەڵاتی تایبەتی ڕەخنەگران لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی مۆنتریال لە ساڵی ١٩٩٠
  • کاندید بۆ خەڵاتی باشترین سیناریۆ و باشترین دەرهێنەر لە فێستیڤاڵی فیلمی فەجر ١٩٩٠
  • براوەی خەڵاتی تایبەتی لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵی فیلمی فەجر ١٩٩٠

تێڕوانینەکان

  • ستیڤن هۆڵدن، شاعیر و پەیامنێری دیاری ئەمریکی لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئەم فیلمەی بە درەوشاوە ناوبردووە و بە شاکارێکی لە شێوازی سینەما ڤێریتی زانیوە.
  • لە ساڵی ١٩٩٦ دەرهێنەری ئیتاڵی نانی مۆرێتی کورتە فیلمێکی بەناوی Close-up opening day دەربارەی نمایشی کلۆز ئەپ لە ڕۆما دروستکرد.
  • له‌و لیسته‌ی فێستیڤاڵی فیلمی بووسان بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، فیلمی کلۆز ئەپ له‌ لیستی ده‌ باشترین فیلمه‌كانی مێژووی ئاسیادا هاتووه‌.
  • لە ساڵی ١٩٩١، کای دی سینەما ئەم فیلمەی وەک پێنجەمین باشترین فیلمی ساڵ ڕاگەیاند.
  • ڕەخنەگرانی لۆس ئەنجلۆس تایمز، دێنیس لیم و ستیڤن هۆڵدن لەبارەی فیلمەکە نووسیویانە: ئەم فیلمە گێڕانەوەیەکی قسەخۆش و ڕاستەوخۆیە لەگەڵ سەیرکردنی ڕۆح و دەروونی مرۆڤێکی ئاڵۆز لە واقیعی کۆمەڵایەتی و کولتووری کۆمەڵگادا.


سەرچاوەکان



419 بینین