سووتانی زمان

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد زیلان ئازاد - به‌روار: 2022-07-08-01:11:00 - کۆدی بابەت: 9325
سووتانی زمان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سووتانی زمان یان سووتانی دەم (بە ئینگلیزی: A burning tangue)، بریتییە لەو بارودۆخەی کە تێیدا هەست بە سووتانی ناو دەم دەکەیت، ئەو کەسانەی کە ئەم بارودۆخەیان هەیە زۆرجار بە شێوەیەک باس لە سووتانەکە دەکەن وەک هەستێک کە هاوشێوەی خواردنەوەیەکی گەرمە، چەندەها هۆکاری زانراو هەیە کە دەبنە هۆی سووتانی زمان، بەڵام هۆکارە بنچینەییەکەی تا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە، ئەمە لە کاتێکدا کە چارەسەرەکانی سووتانی زمان پشت دەبەستێت بە دیاریکردنی هۆکارەکەیەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ پزیشکی زار، بە نزیکەیی لە %2 ــی خەڵکی کێشەی سووتانی زمانیان هەیە کە کاریگەری دەکاتە سەر چەند بەشێکی دەم وەک:

  • زمان
  • مەڵاشوو
  • بەشی ناوەوەی گوپ
  • پووک
  • لێو

هۆکارەکانی سووتانی زمان

بەشێوەیەکی گشتی سووتانی دەم یان زمان دەکرێت بەهۆی هۆکارە سەرەکییەکانەوە بێت یان بەهۆی هۆکارە لاوەکییەکانەوە بێت.

هۆکارە سەرەکییەکان

بریتین لەو هۆکارانەی کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری دەخەنە سەر بەشەکانی ناو دەم، بەگوێرەی ناوەندی زانیاری نەخۆشییە بۆماوەیی و دەگمەنەکان هۆکاری سەرەکی سووتانی دەم و زمان بریتییە لە زیان گەیاندن بەو دەمارانەی کە کۆنتڕۆڵی هەستی ئازار و تامکردن دەکەن لە ناو دەمدا.

هۆکارە لاوەکییەکان

بریتین لەو هۆکارانەی کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەری دەخەنە سەر بەشەکانی ناوەوەی دەم، وەک بارودۆخە پزیشکی و چارەسەرەکانی تر وەک:

هۆکارە لاوەکییەکانی تر

  • گازگرتن لە نوکی زمان
  • بەکارهێنانی خواردن و خواردنەوە زۆر ترشەکان
  • هەڵکێشانی ددان بە شێوەیەکی نائاسایی
  • لە ڕادەبەدەر بەکارهێنانی فڵچەی ددان
  • لە ڕادەبەدەر بەکارهێنانی بەرهەمەکانی ددان و هەبوونی هەستیاری بۆیان

هەروەها زۆرینەی خەڵک تووشی سووتانی دەم و زمان دەبن کاتێک بەپەلە خواردن یان خواردنەوەیەکی گەرم دەخۆن، هەروەها ئازار یان ناڕەحەتی سووتانی جەستەیی بچووک یان بەشێکی بچووکی زمان لەوانەیە بۆ چەند کاتژمێرێک یان زیاتر بمێنێتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی ئاسایی بەبێ وەرگرتنی هیچ چارەسەرێک خۆی چارەسەر دەبێت.

نیشانەکانی سووتانی زمان

نیشانەکانی سووتانی زمان بریتین لە:

  1. ئازارەکە لە ناکاو دەردەکەوێت و پەرەدەسێنێت، هەروەها ئازارەکە بۆ ماوەیەکی درێژ دێت و پاشان نامێنێت، یان ئازارەکە بەردەوام دەبێت لەسەر شێوەی ئازارێکی کەم، مامناوەند، توند.
  2. ئازارەکە لە کاتی خواردن و خواردنەوەدا کەمێک زیاد دەکات بەتایبەت کاتێک خۆراکە بەر (مەڵاشوو، نوکی زمان، بەشی ناوەوەی گوپەکان و پوک) دەکەوێت.

هەروەها هەندێک لە خەڵکی هەست بە هەندێ نیشانەی تر دەکەن لەوانەش وەک:

  • تاڵبوونی ناو دەم
  • بە ئەستەم قوتدانی خواردن
  • لەدەستدانی هەستی تامکردن
  • وشکبوونەوەی ناو دەم
  • هەستکردن بە تینوێتی

سەردانیکردنی پزیشک

لە بارودۆخێکدا ئەگەر هەستت بە ئازار و نائاسوودەیی و سووربوونەوە و سووتانەوەیەکی زۆر کرد لە (ناو دەم، لەسەر زمانت، لێوەکان، پووک) و بەشەکانی دیکەی ناو دەم، ئەوا پێویستە سەردانی پزیشکی ددان بکەیت تاکوو هۆکارەکەی دەستنیشان بکات و پاشان چارەسەرێکی گونجاو و کاریگەرت بۆ پێشنیار بکات.

خۆپارێزی

لەڕاستیدا هیچ ڕێگایەکی زانراو و دڵنیاکەرەوە نییە بۆ خۆپارێزی لە سووتانی دەم و زمان، بەڵام دەکرێت لە ڕێی دوورکەوتنەوە لە هەندێک خواردن و خواردنەوەوە بتواندرێت سووتانی دەم و زمان کەمبکرێتەوە، ئەوانیش وەک جگەرە، خواردنە زۆر ترشەکان، خواردنە تیژەکان، کۆنتڕۆڵکردنی فشار و لایەنی دەروونی هەموو ئەمانە یارمەتیدەرن لە کەمکردنەوە و نەهێشتنی سووتانی دەم و زمان.


سەرچاوەکان



402 بینین