شینزۆ ئابێ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-07-09-01:24:00 - کۆدی بابەت: 9336
شینزۆ ئابێ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شینزۆ ئابێ (بە ئینگلیزی: Shinzo Abe، بە عەرەبی: شينزو آبي) سیاسەتمەدارێکی ژاپۆنییە و لە ساڵی ٢٠٠٦ تا ٢٠٠٧ و لە ٢٠١٢ تاوەکوو ٢٠٢٠ سەروەزیرانی ژاپۆن و سەرۆکی پارتی لیبراڵ دیموکرات بووە، خاوەن درێژترین حوکمی سەروەزیرانی ژاپۆن بووە لە مێژووی ژاپۆندا. ئابێ لە ساڵی ٢٠٠٥ تا ٢٠٠٦ لە سەردەمی جونیچیرۆ کۆیزومی وەک سکرتێری سەرەکی کابینەی حکوومەت کاری کردووە و لە ساڵی ٢٠١٢دا بۆ ماوەیەکی کورت سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن بووە. لە ڕۆژی ٢٠٢٢/٧/٨ تیرۆر کرا.

ژیان

ئابێ لە ١٩٥٤/٩/٢١ لە خێزانێکی سیاسیی دیار لەدایکبووە، لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٣دا بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵبژێردرا. لە ئەیلوولی ٢٠٠٥ لەلایەن سەروەزیران جونیچیرۆ کۆیزومی، وەک سکرتێری سەرەکی کابینەی حکوومەت دەستنیشانکرا، لە ئەیلوولی ٢٠٠٦دا جێگەی گرتەوە و بووە سەروەزیران و سەرۆکی پارتی لیبراڵ دیموکرات. بەوەش بووە بچووکترین سەروەزیرانی ژاپۆن و یەکەمین سەروەزیران بوو لەدوای جەنگی جیهانیی دووەم لەدایکبووبێت، ئابێ تەنها دوای ساڵێک لە پۆستەکەی بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە دەستی لە پۆستی سەروەزیرانی کێشایەوە.

دوای چاکبوونەوەی لە نەخۆشییەکەی، ئابێ گەڕانەوەیەکی سیاسی چاوەڕواننەکراوی ئەنجامدا و لە دەنگدانێکدا بۆ دووەم جار لە مانگی ئەیلوولی ٢٠١٢دا شکستی بە شیگێرو ئیشیبا، وەزیری پێشووی بەرگری هێنا بۆ ئەوەی جارێکی تر ببێتە سەرۆکی پارتی لیبراڵ دیموکرات. ئەو لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٤ و ٢٠١٧دا سەرکردایەتی پارتی لیبراڵ دیموکراتی کرد بۆ دوو جاری تر و بەوەش بووە درێژترین ماوەی سەروەزیرانی لە ژاپۆن. لە مانگی ئابی ٢٠٢٠دا، ئابێ دووەم دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەروەزیرانی ڕاگەیاند، بە هۆکاری دووبارە سەرهەڵدانەوەی بەرچاوی هەوکردنی برینی قۆڵۆنەکەی. لە ١٦ی ئەیلوولدا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش کرد، دوای ئەوەی دیت یۆشیهید سوگا، سکرتێری سەرەکی کابینەکەی وەک جێنشینی هەڵبژارد.

ئابێ کەسێکی کۆنەپەرست بوو کە شرۆڤەکارانی سیاسی بە شێوەیەکی بەرفراوان بە ناسیۆنالیستێکی ڕاستڕەوی ژاپۆنی وەسفیان دەکرد. ئەندامی نیپۆن کایگی بوو، ئەو بۆچوونی نکۆڵیگەرانەی لەسەر مێژووی ژاپۆن هەبوو، لەنێویاندا ڕەتکردنەوەی ڕۆڵی زۆرەملێی حکوومەت لە دامەزراندنی ژنانی ئاسوودە لە جەنگی جیهانیی دووەمدا، هەڵوێستێک کە گرژی دروستکرد بە تایبەتی لەگەڵ کۆریای باشووری دراوسێ. ئەو بە کەسێکی توندڕەو لە ڕێزگرتن لە سیاسەتە سەربازییەکانی ژاپۆن دادەنرا. لە ساڵی ٢٠٠٧دا لە یەکەم ماوەی سەروەزیرانیدا دەستپێشخەری دیالۆگی ئاسایشی چوارقۆڵی (QUAD) بوو، کە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی سەرهەڵدانی چین بوو وەک زلهێزێکی ئابووری و سەربازی.

بانگەشەى بۆ چاکسازی لە هێزەکانى خۆپاراستنى ژاپۆن کرد بە پێداچوونەوە بە ماددەى ٩ى دەستوورى هێمنخوازى ژاپۆن، کە ئەو وڵاتەى لە ڕاگەیاندنى جەنگ یان دەستکەوتى مووشەکى بالیستیک و چەکى ئەتۆمى قەدەغە کردبوو. ئەو لە ساڵی ٢٠١٥دا چاکسازی سەربازی دەرکرد کە ڕێگەی بە ژاپۆن دا ئاسایشی بەکۆمەڵ و جێگیرکردنی سوپای ژاپۆن لە دەرەوەی وڵات ئەنجام بدات، تێپەڕاندنی ئەو چاکسازییە مشتومڕی لەسەر بوو و تووشی ناڕەزایەتییەکی گەورە بوویەوە. هەروەها ماوەی سەروەزیرانیی ئابێ بە هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەقبەستووییی ئابووریی ژاپۆن ناسرابوو کە نازناوی "ئەبێنۆمیکس"ی لێنرا. لە ساڵی ٢٠١٩ حکوومەتی ئابێ دەستی بە شەڕی بازرگانی لەگەڵ کۆریای باشوور کرد.

ژیانی تایبەتی

ئابێ لە ساڵی ١٩٨٧ لەگەڵ ئاکی ماتسوزاکی هاوسەرگیری کردووە، کچی سەرۆکی کۆمپانیای مۆریناگایە کە کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی شوکولاتە. ئەو بەهۆی بۆچوونە ڕاشکاوەکانییەوە، کە زۆرجار دژایەتی بۆچوونەکانی هاوسەرەکەی دەکرد، لەلایەن خەڵکەوە بە "پارتی ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆیی" ناسراوە. ئەو دوو هاوسەرە هیچ منداڵێکیان نەبووە، لە سەرەتای ژیانی هاوسەرگیریشیاندا چارەسەری منداڵبوونیان ئەنجامداوە بەڵام سەرکەوتوو نەبووە.

برا گەورەی ئابێ، هیرۆنۆبو ئابێ، بووە سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای پاکەتکردنی میتسوبیشی شۆجی، لە کاتێکدا برا بچووکەکەی، نۆبوۆ کیشی، بووەتە جێگری وەزیری باڵا بۆ کاروباری دەرەوە.

ئابێ جگە لە زمانی ژاپۆنی، بە زمانی ئینگلیزیش قسەی دەکرد.

تیرۆرکردن

لە ٨ی تەمموزی ٢٠٢٢ کاتژمێر ١١:٣٠ بە کاتی ستانداردی ژاپۆن، شینزۆ ئابێ لەکاتی پێشکەشکردنی وتارێکی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە شاری نارا دوو جار تەقەی لێکرا. بکوژەکە چەکێکی ئاگرینی دروستکراوی ماڵەوەی بەکارهێنا کە لە شێوەی مووشەک دروستکرابوو، بەهۆیەوە دوو فیشەکی بە ئابێیەوە نا، یەکەمیان لە ملی و دووەمیان بە کوشندەیی لە دڵی درا.

دوای تەقەکردنەکە پیاوێکی تەمەن ٤١ ساڵ بەناوی تێتسۆیا یاماگامی (ئەفسەری پێشووی هێزی بەرگریی دەریایی ژاپۆن) دەستگیرکرا و دواتر دانی بە تاوانەکەیدا نا. یاماگامی ڕایگەیاند کە ئەو تەنیا کێشەی کەسی و کینەیەکی لە ڕێکخراوێکی دیاریکراو هەیە کە پێی وایە ئابێ پەیوەندییەکی لەگەڵیاندا هەیە.

ئابێ بەپەلە ڕەوانەی نەخۆشخانەی زانکۆی پزیشکی نارا لە شاری کاشیهارا کرا، دواتر کاتژمێر ٥:٠٣ خولەکی ئێوارە بە کاتی ناوچەکە، ڕاگەیەندرا کە گیانی لەدەستداوە. پێش گەیشتن بە نەخۆشخانە ئابێ پێشتر هیچ نیشانەیەکی ژیانی نیشان نەدابوو. سەرەڕای گواستنەوەی ١٠٠ یەکە خوێن، بەڵام خوێنێکی زۆری لەدەستدابوو و هەوڵەکانی زیندووکردنەوەی شکستی هێنا. بەمشێوەیەش لە تەمەنی ٦٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

لە وەڵامی تەقەکردنەکە و دواتر کۆچی دواییدا، ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی هاوچەرخ و پێشووی جیهان هاوسۆزی و پشتگیری خۆیان بۆ ئابێ دەربڕی.


سەرچاوەکان



510 بینین