کڕەش

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-07-10-12:58:00 - کۆدی بابەت: 9341
کڕەش

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کڕەش (بە ئینگلیزی: crush، بە عەرەبی: معجب يان الاعجاب)، حاڵەتێکە تێیدا کەسێک بەقووڵی کەسێکی تری خۆشدەوێت، بەڵام ئەم خۆشەویستییە دەرنابڕێت و لە ناخی خۆیدا دەیهێڵێتەوە، کاتێک دڵنیادەبێتەوە کە ئەو کەسە بەتەواوی ئەو کەسەیە کە ئەو دەیەوێت، هەستەکانی بەهێزتر دەبن.
بەگشتی کەسەکە ڕۆژەکانی بەو هیوایە بەسەر دەبات کە بتوانێت بە هەر نرخێک بێت بگاتە پەیوەندییە باوەکە، بەڵام لە ڕاستیدا زۆربەی ئەو هیوایانە هەرگیز نابنە ڕاستی، لە ئەنجامدا ئەم کەسە هەست بە شکست دەکات.

هەبوونی کڕەش واتای چییە؟

زاراوەی هەبوونی کڕەش کاتێک بەکاردێت کە مرۆڤ هەستی بۆ کەسێک هەبێت کە بەلایەوە سەرنجڕاکێش بێت، بەڵام توانا، بارودۆخ و مەرجی دەربڕینی خۆشەویستییەکەی نییە یان ئامادەنییە دەریببڕێت، هەندێک کەس کڕەش بە خۆشەویستییەکی بەهێز دەزانن، بەڵام لە هەمان کاتدا کاتیی و زوو تێپەڕە بەرانبەر کەسێکی دوورە دەست.
هەبوونی کڕەش دەبێتە هۆی گۆڕانی ڕەفتاری مرۆڤ کاتێک ڕووبەڕووی کڕەشەکەی دەبێتەوە، بەڵام هەوڵدەدات لە کەسەکەی بشارێتەوە. دروستبوونی کڕەش لەسەر کەسێک هۆکاری جیاوازی هەیە، ئەگەر کەسەکە کەسایەتییەکی بەناوبانگ و جیهانی بێت دووری لێی ڕێگرە لەبەردەم دەربڕینی هەستەکە، ئەگەر کڕەش لەنزیکەوە بێت ڕەنگە ئەو کەسەی کڕەشی هەیە لە ترسی ڕەتکردنەوەی لەلایەن کڕەشەکەیەوە، هەستەکانی دەرنەبڕێت.

کڕەشم لەسەرت هەیە واتا چی؟

کڕەشم لەسەرت هەیە (I have a crush on you)، بە دەربڕینی هەست و سۆز دادەنرێت، واتا تۆم بەدڵە، بەکارهێنانی ئەم ڕستەیە، کۆتایی بە هەبوونی کڕەش دەهێنێت، چونکە کڕەش شاراوەیە، هەندێک جار کەسەکە کڕەشەکەی لە کەسانی تریش دەشارێتەوە، هەندێک جاریش باسی کڕەشەکەی دەکات، ڕەنگە وەکوو دەردەدڵ بۆ هاوڕێکانی باس بکات، یان وەکوو ئاگادارکردنەوەیەک بۆئەوەی ئەوانی تر لێی نزیک نەبنەوە، هەندێک کەسیش لە خەیاڵی ئەوەدان کە کڕەشی کێن، بەپێی ڕەفتاری کەسەکان پێشبینی دەکەن کڕەشن یان نا.

جۆرەکانی کڕەش

هەموو کڕەشێک خۆشەویستی و سۆزداری نییە، هەبوونی کڕەش دەکرێت دۆستانە، سەرسامی، جۆشوخرۆش و بێگومان لە هەندێک حاڵەتدا خۆشەویستی بێت.

کڕەشی هاوڕێیانە

لەم کڕەشەدا، تەنیا تا ڕادەی کارلێکەکانی ڕۆژانە، وەکوو هاوڕێیەکی نزیک کەسەکە دەویسترێت، بەڵام بەهۆی لەخۆبایی بوون یان پێگەی جیاوازەوە، بەپێویست نازانرێت ئەم ئارەزووە دەرببڕێت. زۆر کەس لەسەر هاوکار، هاوپۆل یان مامۆستاکەیان کڕەشی هاوڕێیانەیان هەیە.

کڕەشی سەرسامی

زۆرێک لە گەنجان و هەرزەکاران کاتێک فیلمێکی سەرکەوتووی نواندنکارێک دەبینن، وەرزشکارێک لە کێبەرکێیەکی نیشتمانیدا مەدالیایەک بەدەست دەهێنێت یان گوێ لە گۆرانییەکی خۆشی گۆرانیبێژێک دەگرن، هەستێکی سەرسامییان تێدا دەورووژێت و کڕەش لەسەر کەسەکە پەیدادەکەن، ئەم کڕەشە تێکەڵە لە ڕێز، سۆز و ترس، کاتێکیش ئەو کەسەی کە کڕەشیان لەسەری هەیە لە سەرکەوتن دوور دەکەوێتەوە، کڕەشەکە نامێنێت.

کڕەشی سۆزداری یان کاتی

ئەم کڕەشە پێی دەوترێت کڕەشی کاتی، خۆشەویستی لە یەکەم بینینەوە، ڕواڵەت و جوانی دەرەکی کەسێک کە هیچ زانیارییەکی لەسەری نییە، سەرنجی ڕادەکێشێت. ماوەی ئەم جۆرە کڕەشە بەندە بە کەسایەتی مرۆڤەکانەوە، کڕەشی کەسێک زۆر بەخێرایی سارد دەبێتەوە کاتێک کەسە سەرنجڕاکێشەکە دوور دەکەوێتەوەو نامێنێت، ڕەنگە کەسێکی تر بۆ چەند مانگێک کڕەشی هەبێت.

کڕەشی عاشقانە

کڕەشی عاشقانە ئەو شتەیە کە هەموو دڵ و دەروونی مرۆڤ داگیر دەکات، ئەو کڕەشەکەی وەکوو هاوڕێیەک ناوێت، تەنیا لەبەر سەرکەوتنەکانی سەرسامی نییە، هەروەها ورووژێنەر و زوو تێپەڕ نییە، هەمیشە بەبینینی کڕەشەکەی نیشانەکانی کەسێکی عاشقی تێدا دەردەکەوێت، دڵی خێراتر لێدەدات، تامەزرۆی قسەکردن و پەیوەندییە. ئەگەری ئاشکرابوونی کڕەشی عاشقانە زیاترە لە کڕەشەکانی تر.

ئەو نیشانانەی کە دەریدەخەن کڕەشت هەیە

  1. کاتێک بیری لێدەکەیتەوە بەپەرۆش دەبیت: کاتێک کڕەشت لەسەر کەسێک هەیە، جەستەت ماددە کیمیاییەکانی وەکوو دۆپامین، نۆرئیپینفرین و ئەدریناڵین دەردەدات، کە لە ئەنجامدا ئارەقکردنەوە و وشکبوونەوەی دەم دروست دەبێت، کەواتە ئەگەر هەستت بە دڵەڕاوکێ و ورووژان کرد کاتێک نامەیەکت لە کەسی دڵخوازەوە بۆ هات، ئەوە واتای وایە کە تۆ کڕەشت لەسەری هەیە.
  2. چاودێری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دەکەیت: ئەگەر بە سادەیی وەکوو کەسانی تر سەیری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بکەیت، ئەوە کێشە نییە، بەڵام ئەگەر بۆت دەرکەوت کە چەند خولەکێک یان تەنانەت چەند کاتژمێرێک لە پەڕەی کۆمەڵایەتییەکەیدا دەگەڕێیت، ئەوا ڕەنگە کڕەشت لەسەری هەبێت، ئەم نیشانانە بەهێزتر دەبن کاتێک هەستیاری و ئیرەیی نیشان دەدەیت، تەنانەت لەسەر وێنەکانی و ئەو کەسانەی کە ڕەنگە لێی نزیک بن.
  3. دەشڵەژێیت: ئەو کەسەی کە تۆ کڕەشت لەسەری هەیە دەتوانێت دڵەڕاوکێت بۆ دروست بکات، بەگشتی کاتێک ڕووبەڕووی ئەم کەسە دەبیتەوە، پێویستە هەست بەخۆشی بکەیت بەڵام دەشڵەژێیت، لەوانەیە ئەم شڵەژانە لە ڕۆژانی سەرەتادا هەبێت، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات باشتر دەبێت.
  4. خەیاڵ دەکەیت: خەیاڵکردن لە بارودۆخێکی ئاوادا سەیر نییە، ڕەنگە وێنای ئەوە بکەیت کە گفتوگۆی لەگەڵ دەکەیت، یان کاتێک قسەیەکی پێکەنیناوی دەکەیت، بیر لەوە دەکەیتەوە ئەگەر ئەو لەوێ بووایە پێدەکەنی یان نا، بیر لەوە دەکەیتەوە ئایا حەزی لە شێوازی جل و قژت هەیە یان نا.
  5. بۆئەوەی سەرنجی ڕابکێشیت هەموو کارێک دەکەیت.
  6. ئەگەر لەکاتی گوێگرتن لە گۆرانییەک، سەیرکردنی فیلمێک، کەسێکی تایبەت بە خەیاڵتدا دێت، ڕەنگە کڕەشت لەسەری هەبێت.

چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە کڕەش

  • سەیری کێشەکانی کڕەشەکەت بکە
    کاتێک بەدڵ بڕیار دەدەیت، ئەگەری زۆرە شتە باشەکان لە کەسەکەدا ببینیت، بۆیە کاتێک کڕەشت لەسەر کەسێک هەیە، بزانە کە ئەویش مرۆڤێکە و کەموکوڕی و کێشەی هەیە، تەنانەت ئەگەر تۆ نەیانبینیت، لەبری ئەوەی سەرنج بخەیتە سەر سیما جوانەکەی، هەوڵبدە وەک مرۆڤێکی تەواو بە هەموو سیمایەکی باش و خراپەوە بیبینیت.
  • خۆت سەرقاڵ بکە
    بۆ ڕێگریکردن لە بیرکردنەوە لە کڕەشەکەت خۆت بەشتێکی ترەوە سەرقاڵ بکە، بۆ نموونە دەست بکە بە خوێندنەوەی کتێبێک، کارێکی پڕ جۆشوخرۆش بکە بۆئەوەی مێشکت سەرقاڵ بێت.
  • دەست بە خولیایەکی نوێ بکە
    کاتێک هەبوونی کڕەش بەردەوام وات لێ دەکات بیر لە کەسە دڵخوازەکەت بکەیتەوە، دەستپێکردنی خولیایەکی نوێ دەتوانێت زۆر گرنگ بێت، بەم شێوەیە کاتێکی زیاتر بەسەر دەبەیت بۆ بیرکردنەوە لە چالاکییەکانت، ئەگەر لە ئێستادا خولیایەکی تایبەتت نەبێت باشترە زوو بیری لێبکەیتەوە، بۆنموونە دەست بکە بەسەیرکردنی زنجیرەیەکی نوێ، بچۆ بۆ هۆڵی وەرزش، دەست بکە بە لێنانی خواردنی بیانی، هەر شتێک بتوانیت چێژی لێ وەربگریت، گونجاو دەبێت.
  • ڕەفتارەکانی کڕەشەکەت لە کەسانی تردا ببینە:
    کاتێک بیر لە قسە و ڕەفتارەکانی کڕەشەکەت دەکەیتەوە پێت وایە باشترین کەسی سەر زەوییە، بیر لەوە بکەرەوە، کێی تر بەتەواوی هەمان وشە و ڕەفتاری هەبووە، بەم کارە دەزانیت، کڕەشەکەت ئەوەندەش کەسێکی تایبەت نییە ئەمەش یارمەتی هاوسەنگکردنی هەستەکانت دەدات.
  • لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانت کات بەسەر ببە، پەیوەندی بە هاوڕێکانتەوە بکە.


سەرچاوەکان

1119 بینین