چۆن وا لە پیاوەکەت دەکەیت عاشقت بێت؟

له‌لایه‌ن: - سۆز عەتا سۆز عەتا - به‌روار: 2022-07-10-16:42:00 - کۆدی بابەت: 9349
چۆن وا لە پیاوەکەت دەکەیت عاشقت بێت؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ژیانی هاوژینی بەسەر چەندین باروودۆخی خۆش و ناخۆشدا تێپەڕدەبێت و تا دێت بەرپرسیارییەتی زیاتر لەسەر ژن و پیاو دروست دەبێت، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی ئافرەت هەست بە کەمبوونەوەی گرنگی پێدان و کورتهێنانی هەمان تامەزرۆیی سەرەتای پەیوەندییەکەیان بکات.
بۆ دروستکردنەوە و زیندووکردنەوەی خۆشەویستی پیاوەکەت و بۆ زیاتر عاشقکردن و تامەزرۆکردنی بە خۆت، چەندین ڕێگە هەن.

چۆن وا لە پیاوەکەت دەکەیت عاشقت بێت؟

خۆشەویستی خۆت نیشانی هاوسەرەکەت بدە

پیاوان مێشک ناخوێننەوە، کاتێک ئافرەتان خۆشەویستی خۆیانیان بۆ دەرنابڕن ڕەنگە هەست بە نادڵنیایی یانیش هەست بەوە بکەن مایەی دڵخۆشی هاوژینەکانیان نین.
بەوهۆیەوە گرنگە ئافرەتان دەربڕین و نیشاندانی خۆشەویستییان بۆ پیاوەکانیان بکەنە خوو و هەردەم پێیان بڵێن کە چەندە بەنرخن و گرنگن بۆیان. ئەگەر بە وشەش نەتوانن بیڵێن ئەوا دەکرێت بە نووسینی نامەیەکی دەستنووس بۆیان یان نووسینی “خۆشمدەوێیت” لەسەر ئاوێنەی دەستشۆرەکە و وتنی خۆشمدەوێیت ڕووبەڕوو یانیش بەکردنی ئەو کارانەی کە مێردەکەیان پێیان خۆشە و ئارەزوویان لێیەتی. 
ئەم کردارە بچووکانە وادەکەن پیاوان شاد بن و بیر بکەنەوە لەوەی هەمیشە لە خەیاڵی ژنەکانیاندان و گرنگن لایان.

خواردنی بەچێژ و خۆشی بۆ ئامادە بکە

دەڵێن: “ڕێگەی چوونە ناو دڵی پیاوان گەدەیانە” بۆ ئەوەی وا لە پیاوەکەت بکەیت زیاتر هۆگرت بێت و زۆرتر خۆشی بوێیت ئەوا چێشت و خواردنی خۆش و تایبەتی بۆ دروست بکە، بە تایبەت ئەو خواردنانەی کە ئەو ئارەزووی لێیەتی، ئەمەش وا دەکات هەست بکات کە دڵخۆشی و ئارەزووەکانی ئەوت چەند لا گرنگە و هەمیشە لە بیرتدایە.
گرنگتر لە ئامادەکردنی خواردنەکە، دروستکردن و پێشکەشکردنییەتی بە خۆشەویستییەوە بە شێوەیەک کە تام و بۆنی خواردنەکە عیشق و خۆشەویستی تێدا هەبێت و پیاوەکەت بۆلای خۆی ڕابکێشێت.

دەربارەی حەز و ئارەزووەکانی بزانە

گرنگە ئافرەتان دەربارەی حەزەکانی هاوژینەکەیان بزانن و هەوڵبدەن پیاوەکانیان دەربارەی خواستەکانیان بۆیان بدوێن.
ڕەنگە پیاوەکەت حەزی بە یارییە وەرزشییەکان بێت بەڵام لەگەڵ حەزەکانی تۆ یەکنەگرنەوە، لەجێی دژایەتی کردن و شەڕکردن دەکرێت لەگەڵ ئەودا و لە کەشێکی ڕۆمانسیانەی پڕ خۆشەویستی پێکەوە بینەری یارییەکان بن و کاتێکی بەچێژ بۆ خۆتان ساز بکەن.
یان لەوانەیە چێژ لە گەشتکردن بە پێ و پیاسەی شەوانە و سەیرکردنی فیلم وەربگرێت ئەوکات دەتوانین تۆش لە ئارەزووەکانیدا بەشداربیت تاوەکوو پەیوەندییەکی پتەوتان هەبێت و وای لێبکەیت هەست بکات گرنگی بەو شتانە دەدەیت کە بۆ ئەو مانایەکی زۆریان هەیە.

بەرنامەی چوونە دەرەوەیەکی تایبەتی بۆ ڕێکبخە

لە کۆتایی هەفتەکاندا یانیش چەند هەفتە جارێک هەوڵبدە دەرچوونێکی تایبەتی خۆتان ڕێکبخە، بۆ نموونە بچن بۆ ڕێستۆرانتێک، میوانخانەیەک یان پێکەوە بچن بۆ سینەما تاوەکوو پیاوەکەت هەست بە گۆڕانکاری دیمەنەکان بکات و ساتێکی خۆش و کاتێکی بەچێژ و پڕ کەشێکی ڕۆمانسی و عاشقانە پێکەوە بەسەر ببەن.

وشەی کەیفساز و چێژبەخش بەکاربهێنە

بەکارهێنانی وشەی کەیفساز یارمەتیدەرە لە دروستکردنی کرداری کەیفساز و چێژبەخشدا، هەربۆیە هەمیشە هەوڵبدە خۆشترین وشەکان و بەچێژترینیان لەگەڵ هاوژینەکەتدا بڵێ و نازناوی تایبەت بە خۆیی بۆ هەڵبژێرە و کرداری ڕۆمانسیانە و عاشقانەی بۆ بکە، هاوشێوەی سەرەتای پەیوەندییەکەتان ماچ و باوەشی پێشکەش بکە.

ماندوێتی و شەکەتی بەو شتانەی حەزی لێیەتی لەماڵەوە بڕەوێنەوە

بیرۆکەیەکی زۆرباش دەبێت ئەگەر بەیەکەوە سەیری فیلمی دڵخوازتان بکەن بەتایبەت کاتێک هاوژینەکەت ڕۆژێکی درێژی پڕ شەکەتی و کاری هەبوو ئەوکات بەدوای ڕێگەیەکدا دەگەڕێت بۆ ئارامگرتن و پشوودان.
ژەمێکی ئێوارەی بەچێژ و فیلمێکی دڵخواز و هاوبەشی کردنی سۆز و خۆشەویستی نێوانتان دەکرێت هاوشێوەی چوونە دەرەوەیەک بەڵکوو لە ڕاستیدا دەکرێت زیاتر بەچێژتر و ڕۆمانسیتر بێت.

بەرنامە بۆ شەوێکی تایبەت بە خۆتان دابنێ

هیچ شتێک نییە کە ژن و مێردێک زیاتر لە ماوەیەک بۆ خۆیان ئارەزووی بکەن، بە تایبەت کاتێک خاوەنی منداڵن. هەربۆیە گرنگە هاوژینەکان هەوڵبدەن شەوێک بێ منداڵەکانیان کاتیان بۆ یەکتر هەبێت بۆ ئەوەی زیاتر یەکتر بناسن و لە کەلێنەکانیان و هەستەکانیان و کێشەکانی یەکتری زیاتر تێبگەن تاوەکوو پەیوەندییەکەیان بە پتەوی بمینێتەوە.
دەکرێت پێکەوە چەند ڕۆژێک گەشت بکەن و هەمان تامەزرۆیی سەرەتای پەیوەندییەکەتان بگەڕێننەوە. 

گفتوگۆی لەگەڵ بکە و پارێزگاری لە پەیوەندییەکەتان بکە 

گفتوگۆکردن باشترین ڕێگەیە بۆ ئەوەی هەر پەیوەندییەک درێژخایەن و پتەو بمێنێتەوە. لەگەڵ هاوژینەکەت قسە بکە و گفتوگۆیەکی ڕاستگۆیانە بکە، بە ئاشکرا باسی هەستەکانتی لەگەڵ بکە. ئەگەر هەردووکتان نەتوانن کات بە یەکتر بدەن بەهۆی سەرقاڵییەوە ئەوا باسی بکەن تاوەکوو تێبگەن چۆن کاتەکانتان بەیەکتر ببەخشن. هەمیشە شتانی دەرەکی بوونیان هەیە کە بێنە نێو پەیوەندییەکەتانەوە، بەڵام وەک دوو کەسی هاوژین ئەرکە لەسەرتان ڕێگە نەدەن ئەو شتانە کاریگەریی لەسەرتان هەبێت. کات بەیەکتر ببەخشن و گفتوگۆیەکی کراوە بکەن ئەمەش خەمخۆری و خۆشەویستیتان بۆ یەکتری دەردەخات.

دیاریی بۆ بکڕە

تەنیا ئافرەتان نین کە بە کڕینی دیاری چ لەناکاو بێت یانیش پێشبینی کراو دڵخۆش دەبن، بەڵکوو پیاوانیش هەست بە تایبەتی و گرنگی دەکەن کاتێک دیارییان پێشکەشدەکرێت، تەنانەت ئەگەر دیارییەکە بچووکیش بێت، گرنگ ئەوەیە هەستی ئاگاداربوون و خۆشەویستیی پێدەبەخشیت.

ئەوکارانەی بۆت دەکات بەرز بیاننرخێنە

لەوانەیە خوو بەو شتە بەنرخانە بگریت کە مێردەکەت دەیکات بۆت و بە شتێکی ئاسایی وەریبگریت، بەڵام هەوڵبدە بە کردارێک ئاگاداری بکەیتەوە کە تۆ سەرنجی ئەم شتانە دەدەیت. بە یاداشتێکی جوانی دەستنووس یان بە دروستکردنی ژەمە دڵخوازەکەی سوپاسی بکە یانیش کارتێکی "سوپاس" لە جانتاکەیدا بەجێبهێڵە دەشتوانیت گوڵ بنێریت بۆ ئۆفیسەکەی لەگەڵ یاداشتێکی سوپاسگوزاری.
ئەو کردارە بچووکانەی سوپاسگوزاری پەیوەندیت لەگەڵ هاوسەرەکەت باشتر دەکات، ئەمە ڕێگەیەکی زۆر باشە بۆ ئەوەی هاوبەشەکەت زیاتر خۆشی بوێیت. تەنانەت بۆ شتە بچووکەکانی وەک هێنانی پەرداخێک ئاویش پێزانینت دەرببڕە.
ڕەنگە نیشاندانی پێزانین وەک ئاماژەیەکی بچووک دەربکەوێت بەڵام ڕێگەیەکی گەورەیە بۆ ئەوەی نیشانی هاوسەرەکەت بدەیت کە تۆ نرخی هەموو ئەو کارانە دەزانیت کە بۆت دەکات.

مەبە بە ژنێکی خۆسەپێن و کۆنتڕۆڵکەر

(ڕێز لە تایبەتمەندی و پانتایی کەسیی مێردەکەت بگرە)، هەر مرۆڤێک پانتایی کەسیی و تایبەتمەندی خۆی هەیە، ڕێزگرتن لەو پانتاییە وادەکات هەموو جۆرە پەیوەندییەکان باش و پتەو و چەسپاو بن.
ڕێگری نەکردن لە چوونە دەرەوەی هاوژینەکەت لەگەڵ هاوڕێکانیدا بە واتای ڕێزگرتن لە هەست و بیروبۆچوونەکانی دێت.
ژنێک کە توانای تێگەیشتنی لە جیاوازییەکان و تایبەتمەندییەکانی مێردەکەی هەبێت، خۆشەویستتر دەبێت. بینینی ئەوەی کە چەندە بەها بەو شتانە دەدەیت کە بۆی گرنگن، دڵی پڕ سۆز و خۆشەویستیی دەکات. نەبوون بە ژنێکی کۆنترۆڵکەر و خۆسەپێن ئاستی تێگەیشتن و ڕێزگرتن لە نێوانتاندا زیاد دەکات و ژیانێکی خۆشتان بۆ فەراهەم دەکات.

دووربکەوە لە گلەیی کردن و ڕەخنەگرتن

گلەیی کردنی زۆر و ڕەخنەگرتن لە هەر کردارێکی مێردەکەت وادەکات پەیوەندییەکەتان بێزارکەر بێت، بەدوای سەرچاوە و هۆکاری ئەو ڕەفتارانە بگەڕێ لە هاوژینەکەتدا کە تۆ ڕەخنەیان لێدەگریت و هەوڵبدە چارەسەریان بکەیت نەک گلەیی بەردەوام بکەیت، چونکە وا دەکەیت پیاوەکەت بێزار ببێت و خواستی دوورکەوتنەوەی هەبێت.

ماڵەکەت بکە بە لانەیەکی ئارام بۆ هاوژینەکەت

ئاستی هۆگربوون و چێژ و خۆشەویستی پیاوەکەت زۆرتر بکە بەدروستکردنی کەشێکی ڕۆمانسی لە ژووری نووستنەکەتاندا، بۆ نموونە مۆم و گوڵ و بۆنی خۆش و سەرچەفی پاک و خاوێن بەکاربهێنە، دەتوانیت میوە و نەستەلە و چوکلاتەی بەتام ئامادەبکەیت بۆ ئەوەی میزاجتان جێگیر و باش بێت.
خۆت بۆنخۆش و بکە و شەرم لە پێدانی خۆشەویستیت مەکە، هاوژینەکەت پڕ خۆشەویستی بکە و شەوێکی ئارام پێکەوە بەسەرببەن.

هەمیشە بە ڕووخسار و جل و بەرگێکی سەرنجڕاکێشەوە دەربکەوە

دەتوانین کار لە پیاوەکەت بکەیت بە بەکارهێنانی جل و بەرگی تایبەت و خشڵ و ئارایشت لەگەڵ بەکارهێنانی بۆنی تایبەت و وروژێنەر. ڕووخسارت و جوانی ناوەوەت پشتگوێ مەخە و هەردەم لە خزمەتی خۆتدابە چونکە بە گرنگیدان بە خۆت وادەکەیت پیاوەکەت زیاتر هۆگرت بێت و خۆشی بوێیت، ئەگەر تەنانەت پێی وتی کە بەبێ ئارایشتیش هەر جوانیت بۆ ئەوەیە تاوەکوو خۆت قبووڵ بکەیت و دەری بخات کە ئەویش تۆی قبووڵە، بەڵام پێویستە گۆڕانکاریی بکەیت و جوانی خۆت لەبەر ئەو قسەیە بەلاوە نەنێیت بۆ نموونە گۆڕانکاری لە قژتدا بکەیت و جلی نووستنی تایبەت بکڕیت تاوەکوو سەرنجڕاکێش دەربکەویت.

لەسەر هەر هەڵەیەک کە دەیکەیت داوای لێبووردن بکە

ئەگەر هاوسەرەکەت بە شێوەیەکی ڕۆمانسی گرنگیدانی بە تۆ لەدەستداوە، واتا کاتی ئەوە هاتووە خۆت بپشکنیت و بزانیت هیچ هەڵەیەکت کردووە یان نا. قبووڵکردنی ئەو هەڵانەی کە لە ڕابردوودا کردووتە و داوای لێبوردن کردن لە بەرانبەریان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت تاوەکوو متمانە و خۆشەویستی هاوژینەکەت بەدەستبهێنیتەوە.
کردنی هەڵە لە پەیوەندییەکاندا شتێکی نەبڕاوەیە بەڵام نابێت ڕێگە بدەیت ئەم هەڵانە پەیوەندییەکەتان تێکبدەن، بەڵکوو بزانە لە کوێدا هەڵە دەکەیت و هەوڵبدە چارەسەریان بکەیت.

کاتێک پیاوەکەت دەبینێت کە تۆ بەڕاستی هەوڵ دەدەیت بۆ ئەوەی ببیتە کەسێکی باشتر، خۆشەویستیی دەگەڕێتەوە بۆ ژیانی هاوسەرگیرییەکەتان. داوای لێبووردن کردنێکی دڵسۆزانە لەکاتی شەڕدا دەتوانێت کەشێکی ئارام بگەڕێنێتەوە، خاوەندارێتی کردنی هەڵەکانت و قەرەبووکردنەوەیان بە دابینکردنی ڕۆژێکی ئارام و ڕۆمانسی و دروستکردنی خوانێکی خۆش و بەتام ڕەنگە هەموو تووڕەییەکەی ئارام بکاتەوە و ئاسایی ببێتەوە.
پێشنیارکردن بۆ قسەکردن و گفتوگۆکردن لەسەر کێشەکان دەتوانێت یارمەتیدەربێت لە کەمکردنەوەی ئەو کێشە و گرژییەی لە نێوانتاندا ڕوویداوە، ئەمانە هەندێک لە ڕێگە سادەکانن کە دەتوانن پەیوەندییەکەتان باشتر بکات.

کار لەسەر لایەنی سێکسیتان بکەن

ژیانی هاوسەرگیریی جگە لە پەیوەندییەکی هاوڕێیانە هاوکات گرێدراوە بە پەیوەندییەکی سێکسی سەرکەوتووانە و لێزانانەی نێوان هاوژینەکان، چونکە زۆرینەی کێشە گەورەکانی نێوان هاوژینەکان بەهۆی نەزانی و گرنگینەدانیان بە لایەنی سێکسی و سەرجێیکردنیانەوە دروست دەبێت.
دەتوانیت تۆی ئافرەت دەستپێشخەر بیت بە یاریی و دەستبازیکردن بۆ سەرجێیکردن تاوەکوو وا لە پیاوەکەت بکەیت بورووژێت و حەزی بۆ سەرجێیکردن لەگەڵتدا دروست بێت، هەرکات پیاوەکەت ورووژا و حەزی بۆ دروست بوو ئەوکات پێشەنگی و سەرجێیکردنەکە بدە دەست ئەو.
ژیانی سێکسیتان بەهێزتر و بەچێژتر بکەن بە نیشاندانی هەبوونی ئارەزوویەکی بەتین بۆ یەکتری و تاقیکردنەوەی یاریی و دەستبازی و وشەی کەیفساز و بەچێژ و جێگەی نوێ و بەکارهێنانی چەورکەر.


سەرچاوەکان



1649 بینین