خۆپێشاندانەکانی سریلانکا (٢٠٢٢)

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-07-10-22:49:00 - کۆدی بابەت: 9352
خۆپێشاندانەکانی سریلانکا (٢٠٢٢)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠٢٢ی سریلانکا (بە ئینگلیزی: 2022 Sri Lankan protests، بە عەرەبی: احتجاجات ٢٠٢٢ في سريلانكا) زنجیرەیەک ناڕەزایی لایەنە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکان و زۆرێک لە خۆپیشاندەرانی ناحیزبییە دژی حکوومەتی سەرۆک گۆتابایا ڕاجاپاکسا، کە تۆمەتبارن بە خراپ بەڕێوەبردنی ئابووری و دروستبوونی قەیرانی ئابووری کە بووەتە هۆی هەڵاوسانی توند و پچڕانی کارەبای ڕۆژانە و کەمی سووتەمەنی و شتومەکی سەرەکی. خۆپێشاندان لە ٢٠٢٢/٣/١٦ـەوە دەستی پێکرد. خۆپیشاندەران داوای دەستلەکارکێشانەوەی دەستبەجێی حکوومەتی بنەماڵەی ڕاجاپاکسایان کرد. زۆربەی خۆپیشاندەران هاوپەیمانی هیچ لایەنێکی سیاسی نەبوون، تەنانەت هەندێکیشیان ناڕەزایی خۆیان لە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی دەربڕی.

خۆپیشاندەران ئەندامانی بنەماڵەی ڕاجاپاکسا و سیاسەتمەدارانی حکوومەتیان کردە ئامانج. حکوومەت لە بەرانبەردا کۆمەڵێک تاکتیکی پاوانخوازانەی بەکارهێنا وەک سەپاندنی باری نائاسایی کە ڕێگە بە سوپا دەدات خەڵکی دەستگیر بکەن، لەگەڵ سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆ، سنووردارکردنی سۆشیال میدیای وەک فەیسبووک، تویتەر، واتسئەپ، ئینستاگرام، ڤایبەر، و یوتیوب، هەروەها هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنووسان و دەستگیرکردنی چالاکوانانی ئینتەرنێت. ئەو ڕێوشوێنانەی کە لەلایەن حکوومەتەوە گیرانە بەر وایکرد کە حکوومەتی سریلانکا ناجەماوەر بێت و ڕەوەندی سریلانکا دەستیان کرد بە خۆپیشاندان دژی سەرکوتکردنی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ.

هەروەها قەدەغەکردنی سۆشیال میدیا پاشەکشەی کرد، چونکە بەکارهێنانی زۆری VPN لەلایەن خەڵکی سریلانکا بووە هۆی دەرکەوتنی هاشتاگی وەک #GoHomeRajapaksas و #GoHomeGota لە وڵاتانی وەک ئەمریکا و سەنگاپوورە و ئەڵمانیا و لە هەمان ڕۆژدا قەدەغەکردنەکە هەڵگیرا. جگە لەوەش کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی سریلانکا ئیدانەی ئەو ڕێوشوێنانەی کرد کە لەلایەن حکوومەتەوە گیراوەتەبەر. لە ٣ی نیسانی ٢٠٢٢، هەر ٢٦ ئەندامی حکوومەتی دووەمی گۆتابایا ڕاجاپاکسا، جگە لە سەروەزیران ماهیندا ڕاجاپاکسا، بە کۆمەڵ دەستیان لەکار کێشایەوە.

پاشخان

لە ساڵی ٢٠١٠ـەوە سریلانکا قەرزی دەرەکی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و لە ساڵی ٢٠١٩دا گەیشتە ٨٨%ی بەرهەمی ناوخۆیی، لەگەڵ هاتنی پەتای کۆرۆنا کە بووە هۆی پاشەکشەی ئابووریی جیهان، ئەمەش قەیرانەکەی خێراتر کرد و تا ساڵی ٢٠٢١ قەرزی دەرەکی بۆ ١٠١% لە بەرهەمی ناوخۆیی وڵات بەرز بوویەوە و بووە هۆی قەیرانی ئابووری. حکوومەتی سریلانکا لە سەردەمی سەرۆک گۆتابایا ڕاجاپاکسا هەڵەی سیاسی یەک لە دوای یەک ئەنجامدا کە بووە هۆی قەیرانێکی ئابووری گەورە و توند بۆ سریلانکا. لەوانە کەمکردنەوەی بەرچاوی باج، کە کاریگەری لەسەر داهاتی حکوومەت و سیاسەتە داراییەکان هەبوو و بووە هۆی بەرزبوونەوەی کورتهێنانی بودجە لە ٥% لە ساڵی ٢٠٢٠ بۆ ١٥% لە ساڵی ٢٠٢٢. 

بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی حکوومەت، بانکی ناوەندی دەستیکرد بە چاپکردنی پارە بە بڕێکی پێوانەیی، بە پشتگوێخستنی ئامۆژگارییەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بۆ وەستاندنی چاپکردنی پارە و لەبری ئەوە ڕێژەی سوود و باج بەرزبکاتەوە و خەرجییەکان کەمبکاتەوە، ئەمە جگە لە هۆشدارییەکی تری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی کە بەردەوامبوونی چاپی پارە دەبێتە هۆی داڕمانی ئابووری. 

لە نیسانی ٢٠٢١ سەرۆک گۆتابایا ڕاجاپاکسا ڕایگەیاند کە سریلانکا تەنها ڕێگە بە کشتوکاڵی ئۆرگانی دەدات کە بە تەواوی پێوەکان لەسەر بنەمای ماددە کیمیاییە کشتوکاڵییەکان قەدەغە دەکات. کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی چا لە ئەنجامی قەدەغەکردنی پێو بووە هۆی زیانێکی ئابووری بە بڕی نزیکەی ٤٢٥ ملیۆن دۆلار، دواتریش کەمبوونەوەی ٢٠%ی بەرهەمهێنانی برنجی دروستکرد و تەنیا لە ماوەی شەش مانگی یەکەمدا ئەو خۆبژێوییەی پێشتر بەدەست هاتبوو لە بەرهەمهێنانی برنجدا پێچەوانەی کردەوە و وایکرد بە ناچاری برنجی وڵاتی تر هاوردە بکات بە تێچووی ٤٥٠ ملیۆن دۆلار. 

بە بوونی برایان باسیل ڕاجاپاکسا وەک وەزیری دارایی و ماهیندا ڕاجاپاکسا وەک سەروەزیران، هەستی بوونی خزمایەتی و خراپ بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەلایەن بنەماڵەوە لەلایەن ڕەخنەگرانەوە قووڵتر بوویەوە. لە کاتێکدا ئەندامانی بنەماڵەی ڕاجاپاکسا بە گەندەڵی لە ناوخۆدا تۆمەتبار کرابوون، دەسەڵاتدارانی ناوچەکە نەیانتوانی تۆمەتەکان پشتڕاست بکەنەوە. لە ساڵی ٢٠٢١دا، کۆمەڵەی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسانی لێکۆڵینەوە (ICIJ) کاغەزی پاندۆرای بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە کە نیروپاما ڕاجاپاکسا کۆمەڵێک کۆمپانیای خەیاڵی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی بە نهێنی سامانەکەی لە دەرەوەی وڵات بشارێتەوە.

لە ساڵی ٢٠٢٢دا، لەگەڵ دەستپێکردنی پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکان لە سریلانکا، گالیا چیتران ویکراماسوریا (ئامۆزای برایانی ڕاجاپاکسا) لە دادگای ناوچەی ئەمریکا دانی بە تاوانەکەیدا نا کە بە بڕی ٣٣ هەزار و ٢٧ دۆلار فێڵی لە حکوومەتی سریلانکا کردووە لەکاتی کڕینی بینایەکی نوێی باڵیۆزخانە لە ساڵی ٢٠١٣دا. هەروەها لایەنگرانی حکوومەت و هاوپەیمانان دەستیان کرد بە تاوانبارکردنی باسیل ڕاجاپاکسا بۆ قەیرانی ئابووری.

خۆپێشاندانەکان

رۆژی ١٦ی ئازاری ٢٠٢٢، دەیان هەزار لایەنگری پارتی ئۆپۆزسیۆن، (Samagi Jana Balawegaya) بە سەرۆکایەتی ساجیت پرێماداسا، لە بەردەم نووسینگەی سەرکۆمار خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکیان لە پۆستەکەی کرد. لە ٣٠ی ئازاردا کاتێک نامال ڕاجاپاکسا گەیشتە شوێنی خۆی بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی کردنەوەی یاریگایەکی وەرزشی لە باندارەوێلا، خەڵکی ناوچەکەی بە تووڕەییەوە ڕێگاکەیان داخست و ڕاجاپاکسایان ناچار کرد بگەڕێتەوە دواوە و بەهۆی ئەوەوە سەرۆکی شارەوانی یاریگاکەی کردەوە.

رۆژی پێنجشەممە ٣١ی ئازاری ٢٠٢٢، سەدان خۆپیشاندەر لە ڕێگای پەنجیریوات لە شاری مێریهانا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا کە شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆک گۆتابایا راجاپاکسای لێیە. سەدان سەرکردەی سۆشیال میدیا، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، هەڵیانکوتایە سەر ماڵی سەرکۆمار و داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرکۆماریان کرد. خۆپێشاندانەکە سەرەتا لەسەرخۆ و ئاشتیانە بوو تا پۆلیس بە گازی فرمێسک ڕژ و تۆپی ئاو هێرشی کردە سەر خۆپیشاندەران، خۆپیشاندەرانیش دوو پاسی سەربازی و جیپێکی پۆلیسیان ئاگر تێبەردا. 

نزیکەی ٥٠ کەس برینداربوون و ٤٥ کەسیش دەستگیرکران. دوای ڕۆژێک زیاتر لە ٣٠٠ پارێزەر بەناوی خۆپیشاندەرانی دەستگیرکراوەوە داوای ئازادانەیان لە پۆلیسی مێریهانە کرد بۆ ڕزگارکردنیان. سه‌رچاوه‌ فه‌رمییه‌کان ڕایانگه‌یاند که‌ سه‌رۆک ڕاجاپاکسا له‌ کاتی خۆپیشاندانه‌کاندا له‌ ماڵه‌وه‌ نه‌بووه‌. لە بەیاننامەیەکدا لە نووسینگەی سەرکۆمارەوە هاتووە "خۆپیشاندانەکانی شەوی پێنجشەممە لەلایەن کۆمەڵێک هێزی توندڕەوەوە وەک بەهاری عەرەبی سەرپەرشتی دەکرێن بۆ ناسەقامگیرکردنی وڵات".

لە ٢ی نیسانی ٢٠٢٢ سەرۆک گۆتابایا ڕاجاپاکسا باری نائاسایی گشتی سەرتاسەری ڕاگەیاند. کاتژمێر ٦:٠٠ی ئێوارەی هەمان ڕۆژ، قەدەغەی هاتووچۆ بۆ ماوەی ٣٦ کاتژمێر تا کاتژمێر ٦:٠٠ی بەیانی ٤ی نیسان ڕاگیرا. ئامانجی ئەم هەنگاوە بۆ دوورکەوتنەوە بوو لە ئەگەری ناڕەزایەتی نوێ. ڕاگەیاندنی لەناکاوی قەدەغەی هاتووچۆ وایکرد هاوڵاتیان پەلە بکەن بۆ کڕینی پێداویستییەکانیان، ئەمەش نۆرەی درێژی لە دەرەوەی دوکان و دەرمانخانەکان دروستکرد و دەستیانکرد بە وتنەوەی دروشمی دژە حکوومەت. هەندێك كە لە ناوچە دوورەدەستەكان كار دەكەن، نەیانتوانی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەمەش وایكرد هەندێكیان لەسەر شەقامەكان بخەون.

لە ٣ی نیسانی ٢٠٢٢ دەستەی ڕێکخستنی پەیوەندییەکان ڕایگەیاند کە پێشکەشکارانی خزمەتگوزاری لەسەر داوای وەزارەتی بەرگری پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای وەک فەیسبووک، واتسئەپ، ئینستاگرام، تویتەر و یوتیوبیان بلۆک کردووە.

تەممووز

لە ٦ی تەممووزدا هیرونیکا پرێماچاندرا پەرلەمانتاری پێشووی ئەمریکا بەهۆی خۆپیشاندانەوە لە نزیک ماڵی سەرۆک دەستگیرکرا. دەستگیرکردنەکە ناڕەزایەتییەکی تری لێکەوتەوە کە لەلایەن پۆلیسەوە کەوتە بەر هێرشی گازی فرمێسک ڕژ. لە ٨ی تەممووزدا چاندانا ویکرێمسینگ "قەدەغەی هاتووچۆی پۆلیس"ی ڕاگەیاند، بەڵام تووشی ئیدانە و ڕەتکردنەوەیەکی گەورە بوویەوە، بۆیە ڕۆژی داهاتوو قەدەغەکە هەڵگیرا. 

لە ٩ی تەممووزدا سەرکۆمار لە شوێنی نیشتەجێبوونی فەرمی خۆی لە کۆڵۆمبۆ هەڵات، ئەمەش دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران لە شەقامی چاتام لە کۆڵۆمبۆ لە نزیک ماڵی سەرۆک کۆبوونەوە و داوای دەستلەکارکێشانەوەی دەستبەجێیان دەکرد. سەرەڕای بەربەستەکانی پۆلیس و هێرشی گازی فرمێسک ڕژ، توانیان بچنە ناو نشینگەی سەرۆکایەتییەوە. خۆپیشاندەران هەڵیانکوتایە سەر سکرتاریەتی سەرۆکایەتی و دارستانەکانی پەرستگە کە شوێنی نیشتەجێبوونی فەرمی سەروەزیرانە و لە دەوری شوێنی نیشتەجێبوونی تایبەتی رانیل ویکرێمسینگی سەرۆکوەزیران گردبوونەوە. دواتر ویکرمیسینگ ڕایگەیاند کە ئامادەیە دەست لە پۆستەکەی بکێشێتەوە. هەرچەندە خۆپیشاندانەکان زۆربەیان ئاشتیانە بوون، بەڵام ٥٥ کەس برینداربوون. 

پۆلیسی سریلانکا لەگەڵ هێزی ئەرکی تایبەتی پۆلیس هێرشێکی توندوتیژیان لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوونی سەروەزیرانی سریلانکا دەست پێکرد و دەستیان کرد بە لێدانی خۆپیشاندەران، لەنێویاندا ڕۆژنامەنووسان. 

سەرۆکی پەرلەمان ئەو شەوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە سەرۆک ڕاجاپاکسا لە ١٣ی تەممووزی ٢٠٢٢ دەست لەکار دەکێشێتەوە، هەروەها ویکرێمسینگی سەروەزیرانی سریلانکا ڕایگەیاند کە ئامادەیە دەست لەکار بکێشێتەوە و وتی کە کاتێک حکوومەتێکی نوێ پێکدەهێنرێت ئەو کارە دەکات. دواتر لەو ئێوارەیەدا خۆپیشاندەران هەڵیانکوتایە سەر ماڵی تایبەتی سەروەزیران لە شاری کۆڵۆمبۆ و ئاگریان تێبەردا. بەشێک لە خۆپیشاندەران کە پێشێلی ماڵی سەرۆک و دارەکانی پەرستگا و سکرتاریەتی سەرۆکایەتییان کردبوو، شەویان لەوێ بەسەر برد. تاوەكو سەرۆكی حكومەت و سەركۆمار دەست لەكاردەكێشنەوە، و ڕەتیان کردەوە شوێنەکە بەجێبهێڵن. لە ١٠ی تەممووزدا سێ کەس بە تۆمەتی سووتاندنی شوێنی نیشتەجێبوونی سەروەزیران دەستگیرکران.

١٣ی تەممووز: دەستنیشانکردنی سەرۆکی بە وەکالەت

بەرەبەیانی ١٣ی تەممووز، سەرۆک گۆتابایا ڕاجاپاکسا لەگەڵ هاوسەرەکەی و دوو پاسەوانەکەیدا بەرەو ماڵدیڤ ڕایان کرد و هێزی ئاسمانی سریلانکا پشتڕاستی کردەوە کە فڕۆکەیەکی SLAF دراوە بە سەرۆک بۆ ئەوەی بەرەو ماڵدیڤ بڕوات. پاشان بە فڕۆکەی هێڵی ئاسمانی سعوودیە، بۆینگ ٧٨٧ دریملاینر بەرەو سەنگاپوورە بەرێکەوت. 

پاشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژ سەرۆكی پەرلەمان ڕایگەیاند، سەرۆك ڕاجاپاكسا سەروەزیرانی رانیل ویكرمیسینگی لە شوێن خۆی داناوە بە وەکالەت. دواتریش خۆپیشاندەران هەڵیانکوتایە سەر نووسینگەی سەروەزیران و داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەروەزیرانیان کرد.

خۆپیشاندەران هێرشیان کردە سەر شوێنی ئۆفیسی کەناڵی تەلەفزیۆنی سریلانکا کە لەلایەن دەوڵەتەوە بەڕێوەدەبرێت و داوایان کرد کە هەواڵەکان لەسەر خۆپیشاندانەکانی دژە حکوومەت پەخش بکرێت. بەپێی زانیارییەکان، ئێوارەی ڕۆژەکە خۆپیشاندەران هەوڵی شکاندنی ئەو بەربەستانەی پۆلیسیان دا کە بەدرێژایی ڕێگەی پەرلەمان دەڕوات. دواتر لەو شەودا سەرۆکی بە وەکالەت ویکرمیسینگ قەدەغەی هاتووچۆی لە سەرانسەری وڵات تا کاتژمێر ٥:٠٠ی بەیانی ڕۆژی دواتر ڕاگەیاند.


سەرچاوەکان



324 بینین