پشکنینی نموونەی شانەی جەستە

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-07-12-20:30:00 - کۆدی بابەت: 9371
پشکنینی نموونەی شانەی جەستە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پشکنینی نموونەی شانەی جەستە (بە ئینگلیزی: biopsy)، بریتییە لە پشکنینی شانەی لابراو لە جەستەیەکی زیندوو بۆ دۆزینەوەی نەخۆشی یان هۆکار و ڕادەی نەخۆشییەکە. کاتێک پزیشک بەشێکی نائاسایی وەک برین یان لوو (گۆشتی زیادە) لە جەستەی نەخۆش دەبینێت پێشنیازی وەرگرتنی نموونەیەک لە برین یان گۆشتە زیادەکە دەکات، تاوەکوو پشکنینی بۆ ئەنجام بدرێت و دەستنیشانی نەخۆشییەکەی بکات. بە زۆری وەرگرتنی نموونەی شانەی جەستە بۆ دیاریکردنی شێرپەنجە و قۆناغەکانی شێرپەنجە بەکاردێت، بەڵام جگە لە شێرپەنجە دەتوانێت دەستنیشانی چەندین حاڵەتی تری گرنگیش بکات. ئەم پشکنینە لە هەڵبژاردنی چارەسەری گونجاو و هەڵسەنگاندنی کاردانەوەی جەستەی نەخۆش بۆ چارەسەرەکان زۆر یارمەتیدەر دەبێت.

جۆرەکانی

  • نموونەی شانە وەرگرتن بە بڕین: تەواوی برینەکە یان لووەکە لادەبرێت لەگەڵ بەشێک لە خانە ئاسایییەکانی دەوری برینەکە یان لووەکە.
  • نموونەی شانە وەرگرتن بە بەکارهێنانی ناوبین: بەشێک لە شانە نائاسایییەکە بە بەکارهێنانی ناوبین وەردەگیرێت، بەزۆری بۆ پشکنینی کۆئەندامی هەرس و هەناسە بەکاردێت.
  • نموونەی شانە وەرگرتن بە هەڵکۆڵین: بە بەکارهێنانی ئامێرێکی تیژی بازنەیی بەشێکی بچووک لە پێست وەردەگیرێت، زیاتر بۆ دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی پێست بەکاردێت، دەکرێت نموونەکە لە چینی توێژ یان بن توێژی پێست وەربگیرێت.
  • نموونەی شانە وەرگرتن بە دەرزی ئەستوور: دەرزییەکی ئەستوور بەکاردێت بۆ وەرگرتنی ئەو بەشەی جەستە کە گومان دەکرێت تووشی نەخۆشی بووبێت، بە زۆری بۆ دیاریکردنی شێرپەنجەی مەمک بەکاردێت.
  • نموونەی شانە وەرگرتن بە کڕاندن: بەهۆی کڕاندنی سەر ڕووی ئەو ئەندامەی گومان دەکرێت تووشی نەخۆشی بووبێت نموونەیەک بۆ پشکنین وەردەگیرێت، وەک وەرگرتنی نموونە لە ناوپۆشی منداڵدان.

لە چی بارودۆخێکدا ئەم پشکنینە پێویستە؟

ئایا کەسەکە پێویستی بە مانەوە هەیە لە نەخۆشخانە؟

  • نەخۆشەکە پێویست ناکات لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە کاتێک بە سڕکردنی خۆجێی نموونەکەی لێ وەربگیرێت، بەڵام کاتێک سڕکردنی گشتی بەکاربێت بۆ وەرگرتنی نموونەکە پێویستە شەوێک پێش وەرگرتنی نموونەکە نەخۆش لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە.
  • بەهۆی  بەکارهێنانی سڕکردن وەرگرتنی نموونە لە بەشەکانی جەستە بێ ئازارن، بەڵام بوون و نەبوونی ئازار زیاتر پشت دەبەستێت بەو شوێنەی نموونەکەی لێ وەردەگیرێت، هەندێک کەس دووچاری ئازاری سەرئێشە دەبنەوە و پێویستیان بە ئازارشکێن دەبێت دوای ئەوەی نموونەکەیان لێ وەردەگیرێت، هەندێک جاریش پێویستە نەخۆشەکان بۆ چەند کاتژمێرێک لە نەخۆشخانە بمێننەوە.

وەرگرتنەوەی ئەنجامی پشکنین

وەرگرتنەوەی ئەنجامی پشکنین پشت دەبەستێت بە نەخۆشخانە و بارودۆخی نەخۆشەکە. زۆرجار لەماوەی چەند ڕۆژێکدا ئەنجامی پشکنینەکان دەردەچن، هەندێک کاتیش ئەنجامەکان ڕوون نین، لەم کاتەشدا وەرگرتنەوەی نموونەی شانەی جەستە دووبارە دەکرێتەوە تاوەکوو دووبارە پشکنین بۆ نەخۆشەکە ئەنجام بدرێتەوە، بەڵام وەرگرتنی دووەم نموونە پێویستە دوای سێ بۆ شەش مانگ پاش وەرگرتنی یەکەم نموونە بێت.

ئایا ئەم پشکنینە دەبێتە هۆی زیاتر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە؟

لێکۆڵینەوەیەک لەلایەن توێژەرەکان لەسەر ٢٠٠٠ نەخۆش لە فلۆریدا ئەنجامدرا، ئەو بۆچوونەی ڕەتکردەوە کە وەرگرتنی نموونەی شانەی جەستە ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بۆ بەشەکانی تری جەستە، بە پێچەوانەوە لە توێژینەوەکەدا باس لەوە کراوە ئەو نەخۆشانەی ئەم پشکنینەیان بۆ ئەنجام دەدرێت هەلی زیاتریان بۆ مانەوە لە ژیان هەیە.

ڕێنمایییەکانی دوای وەرگرتنی نموونەی شانەی جەستە

  • پێویستە ڕۆژانە یان بە دوو ڕۆژ جارێک برینپێچەکان بگۆڕێن تاوەکوو برینەکە چاک دەبێتەوە.
  • خۆشۆردن دوای ڕۆژێک لە وەرگرتنی نموونەکە گونجاوە، بەڵام گرنگە لە کاتی خۆشۆردندا برینپێچەکە لە شوێنی خۆی بهێڵرێتەوە، تاوەکوو برینەکە لە کاتی خۆشۆردندا تەڕ نەبێت و تووشی هەوکردن نەبێت، پاش خۆشۆردن برینپێچەکان دەگۆڕێن و برینەکە خاوێن دەکرێتەوە.
  • دوور بکەوەرەوە لە ئەنجامدانی چالاکی زۆر و ڕاهێنانی قورسی وەک ڕاکردن یان بەرزکردنەوەی قورسایی.
  • ڕەنگە شوێنی وەرگرتنی نموونەکە سوور یان تاریکتر لە ڕەنگی ئاسایی پێست دەربکەوێت، بەڵام دواتر بەپێی کات ئەم حاڵەتە کاڵ دەبێتەوە ڕەنگە ئەم کاڵبوونەوەیە مانگێک تا ساڵێک بخایەنێت.
  • بە دەگمەن خەڵکی دووچاری کێشە دەبنەوە لەگەڵ چاکبوونەوەی برینەکەیاندا، کەمێک بوونی خوێن لەدوای یەک یان دوو ڕۆژ پاش وەرگرتنی نموونەکە ئاساییە، بەڵام لە کاتی هەوکردن و خوێنبەربوون پێویستە پزیشک ئاگادار بکرێتەوە
  • دوای وەرگرتنی نموونەی شانەی جەستە پێویستە نەخۆش زیاتر خواردنی شلەمەنی و ئەو خواردنانە بخوات کە بۆ هەرسکردن ئاسانن.


سەرچاوەکان



737 بینین