باخی گشتیی سلێمانی

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-07-12-23:33:00 - کۆدی بابەت: 9376
باخی گشتیی سلێمانی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

باخی گشتیی سلێمانی (بە ئینگلیزی: public park in sulaymaniyah، بە عەرەبی: حديقة العامة في السليمانية) باخێکی شاری سلێمانییە لە ساڵی ١٩٣٧ دروستکراوە، لە پانتایی ١٢ دۆنم زەوی کە دەکاتە ٣٠ مەتر دووجا، موتەسەڕیفی ئەو کاتە مەجید یاقووبی بووە کە خەڵکی کەرکووک بوو. مەحموود ئەفەندیش کە هەر خەڵکی سلێمانی بووە ئەندازیار و سەرۆکی شارەوانی ئەو کاتە بووە، سەبارەت بە شێوازی دروستکردنی ئەم باخە و کارکردن تێیدا، ئەو کاتەی کە ئەم باخە دروستکراوە ئەم ناوچەیە شوێنێکی چۆڵەوانی و قەراخ شار بووە تەنیا گەڕەکەکانی ئابڵاخ و کانی ئاسکان هەبوون، هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم ناوچەیەش بۆ باخێکی لەم شیوەیە دەگەڕێتەوە بۆ تێپەڕینی سەرچاوەی ئاوی کارێزی کان ئاسکان بەم ناوچەیەدا و توانراوە بۆ باخداری سوودی لێ وەربگیرێت، لە ئێستادا و دوای دروستکردنی پارکی ئازادی ئەم سەرچاوەی ئاوە نەماوە.

دەربارەی باخەکە

ئەم باخە لە کۆندا شێوازەکەی هەمان پانتایی ئێستا بووە، پەرژینەکەی تەختە بووە دواتر کراوە  بە ئاسن کە تائیستاش بەشێکی ئەو پەرژینە بە تۆکمەیی و باشییەوە ماوە، جۆری دار و درەختەکانی ئەم باخە بریتی بوون لە، توو، سورەچنار، سنەوبەر، قەزوان کە تا ئیستا هەندێک لەو درەختانە بوونیان هەیە کە تەمەنیان ٤٥ بۆ ٦٥ ساڵانە.

جگە لە باخی گشتیی لەم شارەدا دوو باخی تر بوونیان هەبووە ئەوانیش باخی شێخ لەتیف دانساز، ئەم باخە تاکەکەسی بووە نەک گشتیی بەڵام بەناوبانگ بووە کەوتووەتە دەستاڕەکە و لە ئیستادا بووەتە ناوچەیەکی پیشەسازی، ئەوی تریان باخی چوارباخ بووە کە تا ئیستاش بوونی هەیە.

سەبارەت بە گرنگی ئەم باخە لە مێژووی شاری سلێمانیدا و جاران پێیان دەوت باخی میللی، ڕۆژانی شەممە خەڵک زیاتر سەردانی ئەم باخەی دەکرد و زیاتریش خەڵکی شارەکە خۆی بوو کە بەعەرەبانە دەهاتن، لەناوەڕاستی ئەم باخەدا حەوز و فواریەکی هەبوو کە تا ئێستاش شوێنەوارەکەی ماوە، چوارشەممان کرابوو بە خێزانی پێشانگای جۆراو جۆری تێدا دەکرا.

پەیکەرەکانی باخی گشتیی

هەروەها باخەکە پەیکەری چەندین کەسایەتی و شاعیر و ڕۆشنبیری تێدا دروستکراوە وەکوو یەکەم باخەوان بە ناوی مامە ڕەحمان، حاجی قادری کۆیی، وەلی دێوانە، یەڵماز گونەی، شێخ ڕەزای تاڵەبانی، مەحوی، ئەحمەدی خانی، مەولەوی، نەجمەدین مەلا، شەرەفخانی بەدلیسی و چوار ئەفسەرەکەی کۆماری مەهاباد.

یەکەم باخەوان 

یەکەم باخەوان لەم باخەدا کاری کردبێت بە ناوی (مامە ڕەحمان) کە لەشاری مووسڵەوە هاتووەتە سلێمانی و لە بنەچەدا ئیرانی بووە، تا ساڵی حەفتاکان لێپرسراوی ئەم باخە بووە، پاش کۆچی دوایی لەمەراسیمێکی تایبەتدا لە ساڵی ٢٠١٠ پەردە لەسەر پەیکەری ئەم باخەوانە لادراوە و خەڵاتی ڕێز و ماندووبوون بە خانەوادەکەی بەخشراوە.


سەرچاوەکان



515 بینین