ئەکرۆفۆبیا (ترس لە بەرزایی)

له‌لایه‌ن: - سازان عەدنان سازان عەدنان - به‌روار: 2022-07-13-15:12:00 - کۆدی بابەت: 9383
ئەکرۆفۆبیا (ترس لە بەرزایی)

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەکرۆفۆبیا (بە ئینگلیزی: Acrophobia) ترسێکی نائاساییە لە بەرزایی، ئەو کەسانەی فۆبیایان بە بەرزایی ھەیە ترسێکی زۆریان بۆ دروست دەبێت کاتێک دەچنە شوێنێکی بەرز بەشێوەیەک کە تووشی سەرگێژخواردن و ترسێکی زۆر دەبن و وابیردەکەنەوە کە ناتوانن ھاوسەنگی خۆیان ڕابگرن و ڕاستەوخۆ دەکەونە خوارەوە.
بۆ ھەموو کەسێک شوێنە بەرزەکان بەشێوەیەکی گشتی جێی مەترسین و خەڵکی زیاتر تێیدا بە ئاگاییەوە مامەڵە دەکەن. زۆربەمان لەوانەیە ھەست بە ترس و لەرزین بکەین کاتێک لە شوێنێکی بەرزەوە سەیری خوارەوە دەکەین، بەڵام لەو کەسانەی فۆبیایان بە بەرزایی ھەیە ترسێکی لەڕادەبەدەر و نائاساییان ھەیە تەنانەت لەو شوێنانەی کە بەلای ھەمووانەوە ئاسایین و ھێندە بەرز نین کە ئەو ترسە زۆرەیان بۆ دروست بکات، بۆ نموونە سەرکەوتن بەسەر پلیکانەیەکدا، وەستان لەسەر باڵەکۆن یاخود لەکاتی چوونە ناو بەرزکەرەوەیەکدا کە ھەموویان بەرزاییەکی ئاساییان ھەیە و سەلامەتن و جێی مەترسی نین، بەڵام لە دۆخی ئەکرۆفۆبیادا کەسەکە ترسی کەوتنەخورارەوە لە مێشکی خۆیدا دروست دەکات و  دەست بە ترس و لەرزین دەکات و تووشی سەرگێژخواردن دەبێت.

نیشانەکانی ئەکرۆفۆبیا

ئەو کەسانەی تووشی ئەکرۆفۆبیا دەبن کاتێک دەچنە شوێنێکی بەرز کۆمەڵێک نیشانەی دەروونی و جەستەیی تێیاندا بەدیدەکرێت:

نیشانە دەروونییەکان

کەسەکە لە شوێنە بەرزەکاندا ھەست بە ترس و شڵەژانێکی زۆر دەکات و ڕاستەوخۆ بۆ شتێک دەگەڕێت خۆی پێوە ببەستێتەوە یاخود دەکەوێتە سەرئەژنۆ و خۆی بچووک دەکاتەوە، چونکە پێی وایە ناتوانێت ھاوسەنگی خۆی ڕابگرێت و خێرا دەکەوێتە خوارەوە ئەگەر شوێنەکە زۆر بەرزیش نەبێت.

نیشانە جەستەییەکان

لەرزین و ئارەقکردنەوەیەکی زۆر، سەرگێژخواردن، دڵ تێکھەڵاتن، ھەناسەتەنگی، دڵەکوتێ بەجۆرێک کەسەکە زۆر بەپەلە دڵی لێدەدات ھەروەھا زۆربەی کات کەسەکە دەست بە ھاوارکردن و گریان دەکات.

مەترسییەکانی ئەکرۆفۆبیا

گەورەترین مەترسی لە ئەکرۆفۆبیا و ھەموو جۆرەکانی تری فۆبیاش ئەوەیە کە دەبێتە ھۆی سنووردارکردن و وەستاندنی چالاکییەکانی ژیانی کەسی تووشبوو بەم جۆرە فۆبیایە بەجۆرێک کەسەکە ناتوانێت کارەکانی خۆی بەباشی ئەنجام بدات بەتایبەت لەو شوێنانەی کە بەرزکەرەوە یاخود پلیکانەی تێدایە.

ھۆکاری تووشبوون بە ئەکرۆفۆبیا

زۆربەی کات ھۆکاری تووشبوون بە ئەکرۆفۆبیا لە ئەنجامی زەبرێکی دەروونی ڕوودەدات کە تێیدا کەسەکە خۆی لە شوێنێکی بەرز کەوتۆتە خوارەوە یاخود ڕووداوێکی بەچاوی خۆی بینیوە کە کەسێک لە شوێنێکی بەرز کەوتۆتە خوارەوە و لە ئەنجامدا ئەم جۆرە فۆبیایەی بۆ دروست دەبێت، ھەندێکجار لەوانەیە ھیچ یەکێک لەم ڕووداوانەش ھۆکار نەبێت و کەسەکە ھەر لە منداڵییەوە ئەم جۆرە فۆبیایەی ھەبێت واتا دەکرێت ئەکرۆفۆبیا نەخۆشییەکی بۆماوەیی بێت و کەسەکە لە خێزانەکەیەوە وەریگرتبێت.

چارەسەرکردنی ئەکرۆفۆبیا

ئەو کەسانەی تووشی ئەکرۆفۆبیا دەبن پێویستە چارەسەری دەروونی و ھەروەھا دەرمان بەکاربھێنن بۆ کەمکردنەوەی ترس و شڵەژانی دەروونی.

چارەسەرە دەروونییەکان

یەکێک لە باوترین چارەسەرە دەروونییەکان کە پزیشکان بۆ چارەسەرکردنی ئەکرۆفۆبیا پێشنیاری دەکەن بریتیە لە (Exposure Therapy) واتا ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو شتەی کە بووەتە ھۆی دروستبوونی فۆبیا، ئەو کەسانەی فۆبیایان بە بەرزایی ھەیە ھەرگیز ھەوڵ نادەن بچنە شوێنە بەرزەکان و لێی دوور دەکەونەوە، بەڵام پزیشکان پێیان وایە بۆ کەمکردنەوەی ئەم جۆرە ترسە پێویستە کەسی تووشبوو بەسەر ترسەکەیدا زاڵببێت ئەویش بەوەی ھەوڵبدات بچێتە شوێنی بەرز و ئەو باوەڕە بۆ خۆی دروست بکات کە ناکەوێتە خوارەوە و دووچاری ڕووداوی نەخوازراو نابێت، ئەم جۆرە چارەسەرە بۆ زۆربەی جۆرەکانی فۆبیا دروستە و دەکرێت بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو شتەی لێی دەترسن ھێواش ھێواش ترسەکەیان کەمببێتەوە و چالاکییەکانی ژیانی ڕۆژانەیان وەکوو کەسانی ئاسایی ئەنجام بدەن.

چارەسەر بە وەرگرتنی دەرمان

بەشێوەیەکی گشتی دەرمان بۆ چارەسەرکردنی ئەکرۆفۆبیا بەکارناھێنرێت، بەڵام دەکرێت بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی وەکوو ترس و شڵەژان، دڵە کوتێ یاخود لەگەڵ وەرگرتنی چارەسەرە دەروونییەکاندا سوود لە بەکارھێنانی دەرمان وەربگیرێت. ھەندێک جۆری دەرمان وەکوو (Beta blokers, Relaxants) بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی ئەکرۆفۆبیا وەکوو ترس و شڵەژان بەکاردەھێنرێن.
ھەروەھا لەپاڵ ئەم چارەسەرانەدا دەکرێت چارەخواز سوود لە کۆمەڵێک ڕاھێنانی سوودبەخش وەربگرێت بۆ کەمکردنەوەی ترس و شڵەژانی دەروونی یاخود بۆ چارەسەرکردنی ئەو بیرکردنەوانەی کە لە مێشکیدا بۆی دروست دەبێت کاتێک دەچێتە شوێنێکی بەرز وەکوو ئەنجامدانی یۆگا، خەوی قووڵ، وەرزش ھەروەھا ئەنجامدانی ئەو ڕاھێنانانەی کە تایبەتن بە تێڕامانی قووڵ و کەمکردنەوەی بیرکردنەوە نەرێنییەکان.

ئەو جۆرە فۆبیایانەی کە پەیوەندیان بە ئەکرۆفۆبیاوە ھەیە

  1. ئەیرۆفۆبیا: (بە ئینگلیزی: Aerophobia) ترس لە فڕین و چوونە ناو فڕۆکە.
  2. کلایماکۆفۆبیا: (بە ئینگلیزی: Climacophobia) ترس لە سەرکەوتن بەسەر شوێنی بەرز. 
  3. باثمۆفۆبیا: (بە ئینگلیزی: Bathmophobia) ترس لە لێژایی و پەیژە.


سەرچاوەکان



555 بینین