سێ بە چوار (٢٠٠٩)

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-07-14-15:27:00 - کۆدی بابەت: 9393
سێ بە چوار (٢٠٠٩)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سێ بە چوار (بە فارسی: سە در چهار) زنجیرەیەکی کۆمیدی ئێرانییە، لە ساڵی ٢٠٠٩ لە کەناڵ یەکی ئێراندا پەخشکرا. یەکەمین کاری (مەجید ساڵحی)ـیە وەک دەرهێنەر کە خۆشی بەشداربووی دراماکەیە، زنجیرەکە بە دەنگی خەڵک نمرەی ٨٫١/١٠ وەرگرتووە. 
سیناریۆی زنجیرەکە لەلایەن (عەلیڕەزا مەسعوودی)ـیەوە نوسراوە و لەلایەن (حسێن ڕووستای)ـیەوە بەرهەمهێنراوە. لە ٢٧ ئەڵقە پێکهاتووە.

نواندنکارەکان

  • محەمەد کاسبی لە ڕۆڵی ڕەحمانی موزی، هاوسەری تەڵا، باوکی بیژەن، مەریەم، لەیلا.
  • نادیا دڵدارگوڵچین لە ڕۆڵی تەڵا، هاوسەری ڕەحمانی موزی، خوشکی حەنا، دایکی بیژەن، مەریەم، لەیلا.
  • عەلی سادقی لە ڕۆڵی بیژەنی موزی، کوڕی ڕەحمان و تەڵا، برای مەریەم و لەیلا.
  • مەریەم سوڵتانی لە ڕۆڵی مەریەم موزی، کچی تەڵا و ڕەحمان، خوشکی بیژەن و لەیلا.
  • سولماز ئاقەمقانی لە ڕۆڵی لەیلا موزی، کچی ڕەحمان و تەڵا، خوشکی بیژەن و مەریەم.
  • مەجید ساڵحی لە ڕۆڵی ئەمیری مزقونچی، هاوسەری مەریەم و زاوای ڕەحمان و تەڵا.
  • میهران ڕەجەبی لە ڕۆڵی سیروسی ئەملەشی، هاوسەری حەنا، باوکی ئەمیر، کەیوان، ئیحسان،  و خەزووری مەرزییە.
  • شوهرە لوڕستانی لە ڕۆڵی حەنا، هاوسەری سیروس، خوشکی تەڵا، دایکی ئەمیر و کەیوان و ئیحسان.
  • ئەشکان ئیشتیاق لە ڕۆڵی کەیوانی ئەملەشی، کوڕی سیروس و حەنا، و برای ئەمیر و ئیحسان.
  • ئاناهیتا ئەفشار لە ڕۆڵی مەرزییە، هاوسەری ئەمیر، بوکی سیروس و تەڵا.
  • سەید حسام ساڵحی لە ڕۆڵی ئیحسان ئەملەشی، کوڕی سیروس و حەنا، برای ئەمیر و کەیوان.
  • محمد ئەمین سەلیمی راد لە ڕۆڵی ئەمین مزقونچی، کوڕی ئەمیر و مەریەم، نەوەی تەڵا و ڕەحمان.
  • مەجید یاسر لە ڕۆڵی سەمیر، هاوسەری لەیلا، یاریدەدەری جاسم لە چێشتخانەدا.
  • شەهرام قائیدی لە ڕۆڵی ئەندازیار مەنوچەهری عەزیمی، فرۆشیاری ماددەی هۆشبەر.
  • حەمید شیرکوڤەند لە ڕۆڵی ئەکبەر بێ کار، دراوسێی ماڵی ڕەحمان.

چیرۆک

چیرۆکی دوو خێزانی هەژار و کەمدەرامەت دەگێڕێتەوە کە خزمن و ژنەکانیان خوشکی یەکن، هەردوو ئاوڵزاوا بەناوی سیروس و ڕەحمان بڕیاردەدەن پێکەوە کارێکی هاوبەش بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش ماڵی سیروس خانوەکەیان دەفرۆشن و هەموویان دێنە ماڵی ڕەحمان دەژین تاکوو بتوانن بە پارەی ئەو خانووە پڕۆژەکەیان جێبەجێ بکەن، دوای ئەمە دەست بەکاردەبن و هەموو شتێک بەباشی دەڕوات تا ئەوەی کە کەسێک دەناسن بەناوی ئەندازیار مەنوچەهری عەزیمی.

چەند ڕاستییەک 

  • لە زنجیرەکەدا ٨٤ کەس نواندیان تێدا کردووە و چوونەتە بەردەم کامێرا.
  • مەجید ساڵحی جیا لە نواندنی لە زنجیرەکەدا، هەر خۆی دەرهێنەری زنجیرەکەشە.
  • لەناو ١٠٠ باشترین زنجیرەکانی ئێراندا سێ بە چوار پلەی حەوتەمینی گرتووە.
  • بەڕای خەڵک ئەم زنجیرەیە باشترین کاری عەلیڕەزا مەسعوودییە لە بواری نووسینی سیناریۆدا.
  • خانمە نواندنکار نادیا دڵدار گوڵیچن لە ساڵی ٢٠١٢ بەهۆی نەخۆشی گورچیلەوە گیانی لەدەستدا.

زنجیرەکە بە دۆبلاژی کوردی

دوای پەشخکردنی لە ئێران، کەناڵی ئاسمانی سپێدە زنجیرەی سێ بە چواریان بە دۆبلاژی کوردی دانا و پەخشیان کرد، دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو و توانی بینەرێکی زۆر لە خۆی کۆبکاتەوە. لەدوای ئەوەی کە زیاتر لە چەند جارێک زنجیرەکە بە دۆبلاژی کوردی پەخشکرا، بەڵام لەناو خەڵکیدا هەمیشە باس دەکرێتەوە.


سەرچاوەکان



2117 بینین