سزادانی جەستەیی منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-07-17-18:51:00 - کۆدی بابەت: 9437
سزادانی جەستەیی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سزای جەستەیی منداڵ (بە ئینگلیزی: Physical punishment of a child، بە عەرەبی: العقاب البدني للطفل) یەکێکە لە شێوازەکانی پەروەردەکردن، کە زۆرێک لە دایکان و باوکان بەپێچەوانەی ویستی خۆیان بەکاریدەهێنن، سەرەڕای قەدەغەکردن و دەستنیشانکردنی کاریگەرییە نەرێنییەکانی سزای جەستەیی، بەڵام هەر بەردەوامە، پێویستە دایکان و باوکان بزانن بەکارهێنانی توندوتیژی کۆتا ستراتیژی نییە بۆ سزادان، هەمیشە شێوازی جێگرەوە و باشتر هەیە، لەوانەیە ناچاربووبن سزای جەستەیی بەکاربهێنن، ئەو ناڕەحەتییەی دوای سزادانی جەستەیی بۆ ئێوە و منداڵەکەتان دروست دەبێت، کاریگەری لەسەر تەندروستی هەردوولاتان دەبێت.

مەبەست لە سزادانی جەستەیی منداڵ چییە؟

هەر جۆرە زیانگەیاندنێک بە جەستەی منداڵ، لەڕێگای دەست، پێ یان ئامێری تری وەکوو دار و کێبڵ، سزای جەستەیی منداڵن، بەگشتی دایک و باوک و مامۆستا ئەو  کەسانەن کە سزای جەستەیی بەسەر منداڵدا دەسەپێنن.
لەڕابردوودا بەکارهێنانی سزای جەستەیی لە قوتابخانە و خێزانەکاندا بە ئاسایی دادەنرا، بەڵام ئەمڕۆ سزای جەستەیی قەدەغەیە و ڕێکخراوەکانی پاراستنی مافی منداڵان بەرەنگاریی دەبنەوە، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاو بگرن کە‌ سزادانی منداڵ پێویسته‌ ‌چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كی تێدا بێت بۆئەوەی کاریگەری هەبێت، ئه‌گه‌ر شێوازی دروستی سزادانی منداڵ به‌كاربهێنن، نه‌ك هه‌ر زیان بە منداڵ ناگات، به‌ڵكوو به‌شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ی ده‌كەن بۆ گه‌وره‌بوون. 

کاریگەری سزای جەستەیی لەسەر منداڵ و داهاتوویان

پێویستە دایکان و باوکان ئەوە بزانن کە سزای جەستەیی هیچ کاریگەریەکی درێژخایەنی نییە، دوای ماوەیەک منداڵەکە جارێکی تر ڕەفتارەکانی دووبارە دەکاتەوە، لێرەدا باسی کاریگەرییەکانی سزادانی جەستەیی دەکەین:

  1. کەمبوونەوەی متمانە بەخۆبوون لە ئەنجامی سزای جەستەییەوە: کاتێک سزای جەستەیی منداڵێک دەدەن، هەست دەکات جیهان کۆتایی هاتووە، بەجۆرێک هیچ کەس لە جیهاندا، بەتایبەت کەسە گرنگەکانی ژیانی (دایک و باوک)، ئەویان قبووڵ نییە، بەجۆرێک تەنانەت لە بچووکترین پرسەکانی ژیانیشیدا خۆی قبوڵ نییە، هەست بەتاوان دەکات و بۆ ڕووداوەکانی ژیانی خۆی بەتاوانبار دەزانێت، ئەم کێشەیە متمانە بەخۆبوونی منداڵەکە کەمدەکاتەوە و لە تەمەنی گەورەییدا کاریگەری خراپ بەجێدەهێڵێت.
  2. فێربوونی ڕەفتاری توندوتیژی لە ئەنجامی سزای جەستەییەوە: کاتێک منداڵێک تووشی سزای جەستەیی دەبێت و هیچ بەرگرییەکی لە خۆی نییە، فێری بەکارهێنانی توندوتیژی و لێدانی کەسانی تر دەبێت، زۆرجار ئەم منداڵانە لە داهاتوودا دەبنە پێگەیشتوویەک کە بەردەوام لە شەقامدا شەڕ دەکەن و ناتوانن تواناکانی پەیوەندی زارەکی وەکوو پێویست بەکاربهێنن، تەنیا لەبەرئەوەی فێرنەبوون چۆن بەزمانی قسەکردن وەڵامی کەسانی دیکە بدەنەوە، هەروەها هەڵسوکەوتی ناڕەزایی لە منداڵدا دروست دەبێت و وا لە منداڵ دەکات بیر لە تۆڵەکردنەوە بکاتەوە.
  3. بە سزادانی جەستەیی، منداڵەکەت فێر دەکەیت کە متمانە بەجیهانی دەوروبەری نەکات: منداڵ لە تەمەنێکی بچووکدا دایک و باوکی و بەتایبەتی دایکی بە پاڵپشتێکی سەلامەت دادەنێت، ئەگەر لەلایەن ئێوەوە سزای جەستەیی بدرێت، بە ئەگەری زۆر بە هەمان لۆجیکی سنوورداری خۆی، جیهان بەشوێنێکی ناسەلامەت دەزانێت، دواتر ترس و دڵەڕاوکێی توند دەست پێدەکات.
  4. کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی بەهۆی سزای جەستەییەوە: کاریگەرییەکانی سزای جەستەیی دەتوانێت گەورەبوونی منداڵەکەش بگرێتەوە، خەمۆکی لە منداڵاندا، دڵەڕاوکێ، ئالوودەبوون، خیانەت و ڕاکردن لە قوتابخانە و ماڵەوە. تەنیا بەشێکن لە کاریگەرییەکانی سزادانی جەستەیی منداڵ لە تەمەنی گەورەییدا، توێژەران ڕایانگەیاندووە سزای جەستەیی کاریگەری خراپی لەسەر ئاستی زیرەکی منداڵیش هەیە.
  5. گۆشەگیری و دابڕان: زۆربەی ئەو منداڵانەی کە تووشی سزای جەستەیی دەبن، مەیلیان بۆ دوورکەوتنەوە و گۆشەگیری هەیە، بەهۆی هەستکردن بە کەموکوڕی خۆیان لە قەرەباڵغی دووردەخەنەوە، یاری تاکەکەسییان پێ باشترە لە یارییە بەکۆمەڵەکان.
  6. بێتوانایی لە دەربڕینی سۆز و خۆشەویستی: زۆربەی ئەو منداڵانەی کە سزای جەستەیی دراون، لە پەیوەندییەکانیاندا کێشەیان هەیە، ئەم منداڵانە لە گەورەییدا ناتوانن پەیوەندییەکی تەندروستیان هەبێت، جگە لەوەش زۆرجار کێشەیان هەیە لە دەربڕینی هەستەکانیان.
  7. سزای جەستەیی و سەرهەڵدانی کێشە لە خەودا: ئەو منداڵانەی کە تووشی سزای جەستەیی بوون، زیاتر تووشی کابووسی منداڵی دەبن، ئەم منداڵانە زۆرجار کێشەی خەوتنیان هەیە، درەنگ دەخەون یان درەنگ لە خەو هەڵدەستن، لە نیشانەکانی تری کێشەی خەو بریتین لە پچڕانی هەناسەدان، ددانە جیڕە و قسەکردن لە کاتی خەودا.
  8. دروستبوونی ترس: سزای جەستەیی ترسی جۆراوجۆر لە منداڵاندا دروست دەکات، ترسی ده‌ستپێكردنی چالاكییه‌كی نوێ، چوونه‌ ناو كۆمه‌ڵێك كه‌سانی نامۆ، سه‌رهه‌ڵدانی جۆرێك له‌ دڵه‌ڕاوکێی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ منداڵدا، ترس له‌ نمره‌ی خراپ و سزای مامۆستا، ته‌نانه‌ت ترس له‌ داهاتوو.
  9. ڕەفتاری جێگرەوە بۆ سزای جەستەیی منداڵ: لەبری بەکارهێنانی سزای جەستەیی، پێشنیار دەکرێت هەندێک ڕەفتار لە خۆتاندا بچێنن، بۆئەوەی بتوانن دواتر ڕەفتاری باشتر لە منداڵەکەتاندا ببینن، هەروەها سوود لە شێوازی دروستی پەروەردەکردنی منداڵ وەربگرن بەبێ ئەوەی سزایان بدەن.
  10. لەبری سزادانی جەستەیی، توانای گفتوگۆ بەهێز بکەن: پێویستە بزانن هەرچەند ڕەفتاری منداڵەکە خراپ بێت، بە قسەکردن لەگەڵ منداڵەکە دەتوانن فێری بکەن کە ڕەفتارەکەی هەڵەیە و پێویستە ڕاست بکرێتەوە، بەڵام ئەگەر هەر لەسەرەتاوە پەنا بۆ هێز و لێدان ببەن، نەک هەر کاریگەرییەکی باشی نابێت، بەڵکوو لە داهاتوودا کاریگەری زۆر خراپی لەسەر ڕەفتارەکانی دەبێت.
  11. بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی کارێک بدە بە منداڵەکە: لەبری ئەوەی منداڵەکە سەرزەنشت بکەن و ئاگاداری بکەنەوە، بەرپرسیارێتییەکی پێبدەن کە لە توانایدا بێت، با بەهێواشی فێری ئەوە بێت کە لەسەر پێی خۆی بوەستێت. ئەگەر کارێکی هەڵەی کرد هەوڵبدەن لە ئامادەبوونی ئەودا ڕاستی بکەنەوە، بۆئەوەی فێری جیاکردنەوەی ڕاست و هەڵە ببێت.
  12. لەبری سزای جەستەیی لەگەڵ منداڵەکە دۆست بن: هه‌وڵبده‌ن هه‌موو كاتێك دۆستایەتی له‌گه‌ڵ منداڵ بپارێزن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتی خراپی كرد، ساردی ڕه‌فتاره‌كانتان به‌هۆی هه‌ڵه‌كانییەوە ده‌ربکه‌وێت، بتوانن ساردییه‌كه‌ جیابكه‌نه‌وه‌ و جیاوازیه‌كه‌ی بزانن، ئەوکاتە خۆی دەتوانێت ڕاست و هەڵە بناسێتەوە.
  13. شوێنی کراوە هەڵبژێرن بۆ یاریکردنی منداڵ: بەگشتی ئەو منداڵانەی کە چالاکن ڕووبەڕووی سزای جەستەیی دەبنەوە، زۆر جار دایکان و باوکیان دەڵێن کۆنترۆڵ ناکرێن، لەئەنجامدا ئەم دایک و باوکانە لەناکاو توڕە دەبن و لە منداڵ دەدەن، لەکاتێکدا ئەگەر ژینگەی یاریکردنی منداڵەکە بگۆڕدرێت بۆ ژینگەیەکی کراوەتر وەکوو پارک، ژووری یاری منداڵ و شاری یاری، نەک هەر وزەی منداڵ بەباشی بەتاڵ دەبێتەوە، بەڵکوو وا دەکات دایک و باوک هەست بە ئاسوودەیی زیاتر بکەن کە ڕێگە بە منداڵەکە بدەن بەئازادی یاری بکات.
  14. لەبری سزای جەستەیی فێری بکەن: لەبری بۆڵەبۆڵکردن یان سزادانی جەستەیی فێری بکەن کە ئەو ڕەفتارە بێزارکەرە، پاشان دەبینیت کە زۆر ئاسان دەبێت بۆ کۆنتڕۆڵکردن و ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی، لەهەمان کاتدا یارمەتی گۆڕینی ڕەفتارەکانی دەدات.
  15. لەبری سزای جەستەیی، بێبەشکردن بەکاربهێنن: ئەگەر هەڵسوکەوتێکی خراپتان لە منداڵدا بینی، داوای لێبکەن بۆ ماوەیەک لە گۆشەی دیوارەکە بوەستێت و بیر لە ڕەفتارەکانی بکاتەوە، لەم ماوەیەدا لە هەر شتێکی چێژبەخش بێبەش دەبێت، وەکوو یاری و خواردنە دڵخوازەکانی.
  16. سزای جەستەیی منداڵ لە هەندێک حاڵەتدا کاریگەرە: ڕەنگە سزا وا لە منداڵ بکات باشتر مامەڵە بکات و لەناو هاوتەمەنەکانیدا ڕەفتارێکی باشی هەبێت، بەڵام ئەم ڕەفتارانەی منداڵەکە تەنها بەهۆی زۆرکردن و فشاری ئێوەیە. لەڕاستیدا ڕەفتارەکانی بۆ ترس دەگەڕێتەوە، پێویستە هەوڵبدەن منداڵەکە ڕابهێنن بۆ ئەوەی لەبەر ترس هیچ کارێک نەکات، بەڵکوو پێویستە دەرئەنجامەکانی کارەکەی بزانێت و  تەواو دوور بکەوێتەوە لە ڕەفتاری خراپ.


سەرچاوەکان



1267 بینین