چاکراکان

له‌لایه‌ن: - سۆز عەتا سۆز عەتا - به‌روار: 2022-07-21-15:23:00 - کۆدی بابەت: 9473
چاکراکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چاکراکان (بە ئینگلیزی: Chakras، بە عەرەبی: شاکرات)، لە بنەڕەتدا وشەیەکی سانسکریتییە و بەواتای “چەرخ یان بازنە دێت، یان شتێک کە دەخولێتەوە بەدەوری خۆیدا و خول دەخوات”. هەر یەکێک لە چاکراکان لە تەمەنێکی دیاریکراودا دروست دەبن و لە لەشی مرۆڤدا بە دەیان و سەدان چاکرا هەن بەڵام گرنگترین و سەرەکیترینیان حەوت چاکران کە کار لەسەر ڕێکخستنی ژیانی مرۆڤ دەکەن. 

چاکراکان لەڕووی زانستییەوە

هیچ بەڵگەیەکی زانستی نییە بۆ پشتڕاستکردنەوەی هەبوونی چاکراکان, لە هەستی ڕۆحیدا بۆ چەسپاندنی یان سەلماندنی هەر شتێک پێویستی بە ئەنجامدانی توێژینەوە هەیە لەسەر ژمارەیەکی دیاریکراو لە چەند چین و توێژێکی جیاواز و دواتر قبووڵکردن و دانپێدانانی لەلایەن شارەزایانی ئەو بوارەوە، کە شتێکی لەم جۆرەش بوونی نییە بۆ سەلماندنی هەبوونی چاکراکان، چونکە هەبوونی بابەتە نەبینراوەکان و شاراوەکان زیاتر ئەدرێنە پاڵ زانستی فیزیا و توێژەران و زانایانی ئەم زانستەش تا ئێستە هەبوونی ئەمەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.

چاکراکان لەڕووی ئایینیەوە

باوەڕبوون بە چاکراکان لەڕووی ئایینی ئیسلامەوە و کردنەوەی چاکراکان دەچێتە بابی تاوانی هاوەڵ پەیداکردن بۆ خوای گەورە و کە ئەمەش گەورەترین تاوانە لە ئیسلامدا.

چاکراکان

  • چاکرای ڕەگ (بە ئینگلیزی: Root Chakra)و (بە سانسکریتی: مولادهارا Muladhara).
  • چاکرای سێکس یان چاکرای کۆئەندامی زاوزێ (بە ئینگلیزی: Sacral Chakra) و (بە سانسکریتی: سڤادهیستانا Svadhishthana).
  • چاکرای ئەگریجەی خۆر یان ئاگرین یان پەیوەندی خۆر (بە ئینگلیزی: Solar Plexus Chakra) و (بە سانسکریتی: مانیپورا Manipure).
  • چاکرای دڵ (بە ئینگلیزی: Heart Chakra) و (بە سانسکریتی: ئاناهاتا Anahata).
  • چاکرای قوڕگ (بە ئینگلیزی: Throat Chakra) و (بە سانسکریتی: ڤیشودها Vishuddha).
  • چاکرای چاوی سێیەم (بە ئینگلیزی: Third Eye Chakra) و (بە سانسکریتی: ئاجنا Ajna).
  • چاکرای تەپڵی سەر یان تاج (بە ئینگلیزی: Crown Chakra) و (بە سانسکریتی: ساهاستارا Sahastrara).
    دەبێت چاکراکانی لەشی مرۆڤ بە کراوەیی یان بە هاوسەنگی بمێننەوە واتا نە زۆر چالاک بن نە داخراو، چونکە ئەگەر تێکچوون یان داخران لە چاکراکاندا ڕووبدات، چەندین نیشانەی جەستەیی و سۆزداریی و دەروونی لە مرۆڤەکەدا ڕوودەدات.

مێژووی چاکراکان

چاکراکان بەم دواییانە لەگەڵ تەکنیکی یۆگادا زیاتر بەرەوپێشچوون و گەشەسەندنیان بەخۆیانەوە بینی و لەناو خەڵکیدا بڵاوبوونەوە، هاوکات چاکراکان سیستمێکی وزەییی ئاڵۆزن و لە هیندستاندا دۆزراونەتەوە و بۆ یەکەم جار لە (ڤێداسـدا بە ئینگلیزی: Vedas) ئاماژەی پێکراوە، کە بەشی سەرەکی نووسراوە ئاینییەکانە و لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ هیندستانی کۆن.

حەوت جۆرە سەرەکییەکەی چاکراکان

سیستمی چاکراکان واتە سیستمی ناوەندی وزە یان ڕێڕەوی وزە لە لەشی مرۆڤدا و کار لەسەر دەرکردنی وزەی نەرێنی و وەرگرتنی وزەی ئەرێنی دەکات. چاکراکان لە تەپڵی سەرەوە تاوەکوو خوار بڕبڕەی پشت دەستپێدەکەن و هەر یەکەیان بەشێکی جەستە دەگرنەوە. حەوت جۆرە سەرەکییەکەی چاکراکان بریتین لە:

چاکرای ڕەگ یان (مولادهارا Muladhara)

بە نزیکەیی چوار پەنجە دەکەوێتە خوار بڕبڕەی پشت، یەکەم و سەرەکییترین چاکرای لەشی مرۆڤە، ڕەنگی سوورە. کاریگەری هەیە لەسەر پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ زەوی و هەروەها گاریگەری هەیە لەسەر توانای ئاڕاستەکردنی هەستەکانی ڕزگاربوون و بەرزخوازی و سەربەخۆیی و جێگیریی. وەک یەکێک لە سەرەکیترینی ناوەندی وزە، بە تێکچوون و ناهاوسەنگی تیایدا، هەستی ترسێکی قووڵی بەردەوام و نادڵنیایی بە مرۆڤ دەبەخشێت کە ڕێگرە لە سەرکەوتن و ئەمەش دەبێتە هۆی هەستکردن بە بێ ورەیی و نەبوونی ئامانج. هاوکات ئازاری بەردەوام و بێ هۆکار لە ئێسکەکاندا دروست دەبێت بەتایبەت ئێسکی قاچەکان و پشت.
کاتێک چاکرای ڕەگ هاوسەنگ دەبێت هەستی دڵنیایی و بەهێزبوون و سەربەخۆیی و ئەرێنیبوون دروست دەبێت.

چاکرای سێکس یان چاکرای ئەندامی زاوزێ (بە سانسکریتی: سڤادهیستانا Svadhisthana)

بە چوار پەنجە دەکەوێتە خوار ناوکەوە و ڕەنگی پڕتەقاڵییە و توخمەکەی ئاوە. ئەم چاکرایە بەرپرسە لە هەستەکانی ئارەزووی سێکسی و داهێنان، ژیریی، خودبەهایی، میهرەبانی و هەستی گونجاندن. بە ناجێگیربوون و ناهاوسەنگی لەم چاکرایەدا، دەبێتە هۆی ئاڵۆزی لە هەستەکان و کەمی داهێنان.

چاکرای ئەگریجەی خۆر یان ئاگرین یان پەیوەندی خۆر (بە سانسکریتی: مانیپورا Manipura)

مانیپورا واتە شاری خشڵ و گەوهەر، دەکەوێتە نێوان قەفەزەی سنگ و ناوکەوە، ڕەنگی زەردە و توخمەکەی ئاگرە. ئەم چاکرایە ناوەندی ڕێزگرتن لە خود و هەستەکانی خۆپەسەندبوون و توڕەیی و شەڕانگێزییە و هاوکات یارمەتیدەرە لە دروستکردنی هەستی ئاڕاستەکردنی ژیان. ناڕێکی و ناهاوسەنگبوون لەم چاکرایەدا دەبێتە هۆی هەستکردن بە خەمۆکی هەستکردن بە کەمبوون. هاوسەنگبوونی ئەم چاکرایە سەرچاوەی وزە و بەرهەمداربوون و بڕوابەخۆبوونە.

چاکرای دڵ یان (ئاناهاتا Anahata)

ئەم چاکرایە پەیوەندیدارە بە ئەندامەکانی وەک دڵ و سییەکان و دڵەلوولە کۆئەندامەوە. چاکرای دڵ، بەرزترین و نزمترین چاکرا پێکەوە دەبەستێتەوە و ڕەنگی سەوزە و توخمەکەی هەوایە و بە ناوەندی هەستەکانە. ئەم چاکرایە پەیوەندی بە هەستەکانی میهرەبانی و متمانە و سۆز و خۆشەویستیی بۆ خود و دەورووبەرەوە هەیە. کاتێک چاکرای دڵ ناهاوسەنگ و ناڕێک دەبێت، هەستی تووڕەیی، متمانە نەکردن، دڵەڕاوکێ، ئیرەیی، ترس و زوو گۆڕانی هەستەکان (میزاجیبوون) دەبەخشێت. 

چاکرای قوڕگ یان گەروو (بە سانسکریتی: ڤیشودها Vishuddha)

چاکرای قوڕگ کە بە چاکرای دەربڕینیش ناودەبرێت سەرپەرشتی مل و دەم و زمان و شەویلگە و بەشەکانی تری قوڕگ دەکات، ڕەنگی شینی ئاسمانییە و توخمەکەی ئیسەرە (کە لە جێگیریی زەوی بەناو ڕێڕەوی ئاو و تینی ئاگر و کەمکێشی هەوادا تێپەڕ دەبیت، دەگەیتە توخمێک کە هەموو شتێکی تر ڕێتێچوو و گونجاو دەکات ئەویش توخمی ئیسەر یان بۆشاییە).
ئەم چاکرایە بەستراوەتەوە بە توانای خۆدەربڕین و ڕاستگۆیی، هەبوونی توانای پەیوەندی بەستن و باوەڕ بەخۆبوون. هاوسەنگکردنی چاکرای قوڕگ یارمەتیدەرە لە دەردانی هۆڕمۆنەکان و دەربڕینی بیرکردنەوەکان بە شێوەیەکی ئەرێنیانە.

چاکرای چاوی سێیەم یان (ئاجنا Ajna)

ئاجنا دەکەوێتە نێوان هەردوو برۆکانەوە و هیچ توخمێکی نییە و ڕەنگەکەی نیلییە. زۆرجار لە (ڕاهێنانی ئاسانە)ـدا وەک خاڵێکی سەرەکی بەکاردێت کە دۆخێکی دانیشتنە و لە تەکنیکی تێڕامانی قووڵـدا بەکاردێت. ئەم چاکرایە سەرپەرشتی توانای بیر و هۆش و هەبوونی هەستێکی بەهێز و ژیریی و توانای ڕۆحیی دەکات. ئەو کەسانەی چاکرای ئاجنایان هاوسەنگە توانای داهێنان و نەخشەدانانیان دەبێت و پێشبینیکردنیان بۆ ڕووداو و مەترسییەکان بەهێزە و دێژاڤووی زۆریان بەسەردادێت. بەگوێرەی ئەم سیستمە، کرانەوە و هاوسەنگبوونی چاکرای چاوی سێیەم ڕێگە بە سەرنجدانی پەیوەندییەکانی جیهان دەدات و پەیوەنی هەیە بە توانای خەیاڵکردنەوە.

چاکرای تەپڵی سەر یان تاج (بە سانسکریتی: ساهاستارا Sahastrara)

ئەم چاکرایە دەکەوێتە تەپڵی سەر و بەرزترین چاکرایە، ڕەنگەکەی وەنەوشەیی یان مۆر یان سپییە، هەروەها بە چاکرای “هەزار پەڕە گوڵی شلێریی ئاویی”ـش ناسراوە و بە ڕۆحییترین چاکرا دادەنرێت. هاوسەنگبوون و کرانەوەی ئەم چاکرایە مرۆڤ بە خودی باڵایەوە دەبەستێتەوە بەو پێیەی شوێنی ڕۆحیانەت و ڕووناککردنەوە و بیرکردنەوە وزە بەخشەکانە، هاوکات بەستراوەتەوە بە ژیریی ناوەکیی و گەردوونەوە. لە کاتی ناهاوسەنگ بوونیدا کاریگەری دەبێت لەسەر خەمۆکی و پچڕانی پەیوەندییەکانی مرۆڤ بە جیهانی دەرەوە و تێکدانی هەستەکانییەوە دەبێت.

ناهاوسەنگبوونی چاکراکان و لێکەوتە دەروونی و جەستەییەکانی

تێکچوونی چاکرای ڕەگ

بە دروستبوونی ناهاوسەنگی لەچاکرای ڕەگدا، لێکەوتی دەروونی و جەستەیی دروست دەبێت. لێکەوتە دەروونییەکانی بریتین لە دڵەڕاوکێ، ترسێکی زۆر، بینینی خەوی ناخۆش، ڕاڕایی سەبارەت بە دارایی یان پێداویستییە سەرەتاییەکان و خۆشگوزەرانی، لەگەڵ زوو هەڵچوون. لێکەوتە جەستەییەکانیشی بریتین لە کێشەکانی کۆڵۆن و میزڵدان و قەبزی و کەمخوێنی. بەڵام لەکاتی هاوسەنگبوونی چاکرای ڕەگ، هەستی زەمینەسازی و ئاساییش لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە دروست دەبێت.

ناهاوسەنگبوونی چاکرای سێکس

لێکەوتە دەروونییەکانی تێکچوونی چاکرای سێکس بریتین لە کێشە لە هەستکردن بە بەهای خود، بە تایبەتتر لە دەوری بابەتە چێژبەخشەکانی وەک لایەنی سێکسی و توانای داهێنان. لێکەوتە جەستەییەکانی تێکچوونی ئەم چاکرایە بریتین لە تووشبوونی میکڕۆبی کۆئەندامی میز، ئازاری بەشی خوارەوەی پشت و لاوازیی سێکسی.

تێکچوونی چاکرای ئەگریجەی خۆر یان ئاگرین یان پەیوەندی خۆر

زۆرجار تێکچوونی ئەم چاکرایە دەبێتە هۆی کێشە لە هەستکردن بە توانای خودیی، وەک هەستکردن بە خۆ بەگەورەزانین و هەستکردن بەوەی لە هەموو کەس گرنگتربیت یان نەتوانیت دان بەوەدا بنێی کە دەربارەی هەندێک شت ڕەنگە هەڵە بیت، هەروەها سووربوون لەسەر ئەوەی هەمیشە ڕاستیت. لێکەوتە جەستەییەکانی تێکچوون لە چاکرای ئەگریجەی خۆر بریتین لە کێشە لە کۆئەندامی هەرس وەک برینی گەدە، دڵەکزێ هەروەها تێکچوونی خواردن و هەرس نەکردنی خواردن.

ناهاوسەنگبوون یان تێکچوونی چاکرای دڵ

ئەم چاکرایە ناوەندی چاکراکانە و لەهەموویان گرنگترە، چونکە پەیوەندی چاکراکانی زەوی (چاکرای ڕەگ، ئەگریجەی خۆر و سێکس) دەبەستێتەوە بە چاکراکانی ڕۆحەوە (چاکرای چاوی سێیەم، قوڕگ، تەپڵی سەر) و وەک پردێک لە نێوانیاندا کاردەکات، بەوهۆیەشەوە هەر تێکچوونێک لەم چاکرایەدا ئەگەری هەیە هەموو سیستمی وزەی لەشی مرۆڤ تێکبدات.
ئەو کەسانەی کێشە لە چاکرای دڵیان هەیە، زۆرجار کەسانی تر لە پێش خۆیانەوە دادەنێن و کەسانی تریان لەخۆیان بەلاوە گرنگترە، هاوکات سەرپەرشتی ئاڕاستەکردنی توانای خۆشویستن و پەیوەندیی بەستن لەگەڵ کەسانی دەورووبەردا دەکات، کاتێک ئەم چاکرایە تێکدەچێت هەستکردن بە تەنیایی و گۆشەگیریی و نادڵنیایی دروست دەبێت.
داخران یان تێکچوونی ئەم چاکرایە دەبێتە هۆی کێشەی جەستەیی وەک کێشەی دڵ و تەنگەنەفەسی و تێکچوونی کێشی لەش.

ناهاوسەنگبوونی چاکرای قوڕگ (گەروو) 

لێکەوتە جەستەییەکانی چاکرای قوڕگ وەک زوو تووشبوون بە هەڵامەت، کێشەکانی غودە و هەر کێشەیەکی تری پەیوەندیدار بە قوڕگ و گەرووەوە دەچێتە بازنەی لێکەوتە جەستەییەکانی تێکچوونی ئەم چاکرایەوە. لێکەوتە دەروونییەکانی ئەم چاکرایە وەک قسەکردن بەبێ بیرکردنەوە و لەدەستدانی توانای دەربڕینی بیرکردنەوەکان، درۆکردن، زۆر قسەکردن یان بێدەنگبوونی درێژخایەن و نەبوونی توانای گریان.

تێکچوونی چاکرای چاوی سێیەم

ئەوکەسانەی چاکرای چاوی سێیەمیان لاواز دەبێت، خەوی خراپییان زۆر دەبێت و ئاسوودەیی و چێژ لە خەوەکانیان نابینن.
هاوکات ناتوانن حەقیقەت قبووڵ بکەن و پێیان وایە ئەوان هەموو شتێک دەزانن.

تێکچوونی چاکرای تەپڵی سەر یان تاج

ئەم چاکرا بەستراوەتەوە بە هەموو چاکراکانی ترەوە و تەنانەت کاریگەرییش لەسەر مێشک و سیستمی دەمارەکانیش دروست دەکات. بە چاکرای ڕۆشنگەریش دادەنرێت و نوێنەرایەتی پەیوەندی مرۆڤ بە ئامانجەکانی و لایەنی ڕۆحییەوە دەکات. داخرانی ئەم چاکرایە دەبێتە هۆی بیر تەسکی، گومانکردن، بێ بڕوایی و کەللەڕەقی. پێشکەوتن و گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونی مرۆڤ لە لایەنی دەروونی و جەستەیی و سۆزداری و هەبوونی ڕووداوی نوێ و ئەرێنی لە ژیاندا واتا ئەم چاکرایە هاوسەنگە.

چاکرای تاج ناوەندی پەیوەندی ڕۆحی مرۆڤە بە خواوە بەبێ بوونی هیچ بەرژەوەندییەک، هەبوونی بڕوایەکی تەواو بەوەی ژیان لەوپەڕی خراپییەوە هەر بەرەو باشی دەچێت، نیشانەی هاوسەنگیی چاکرای تاجە. هەبوونی گلەیی بەردەوام و ناڕازیبوون لە واقیع، دژایەتی کردن بەرانبەر دروستکەر بە شێوەیەکی نائاگا و بەهۆی ڕازی نەبوون لە ژیان، نوێژکردن بە شێوەیەکی بچڕ بچڕ، وازهێنان لە خویەکی باش، واتە کێشە لەم چاکرایەدا هەیە و دەبێتە هۆی ئالوودەبوون هاوکات گفتوگۆکردن زۆر قورس دەبێت لەگەڵ ئەو کەسانەی تێکچوون لە چاکرای تاجیان هەیە چونکە هەمیشە هێرش دەبەن. هەروەها هەبوونی سەرئێشە و شەقیقە بە واتای تێکچوونی چاکرای تاج و چاوی سێیەمە پێکەوە.


سەرچاوەکان



1254 بینین