قفڵ و کلیلی کەعبەی پیرۆز

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-07-21-18:15:00 - کۆدی بابەت: 9476
قفڵ و کلیلی کەعبەی پیرۆز

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

قفڵ و کلیلی کەعبەی پیرۆز (بە عەرەبی: قفل و مفتاح الكعبة المشرفة)، قفڵێکی تایبەتە بە دەرگای کەعبەی پیرۆز و لە زێڕ دروستکراوە. شێوازی ئەم قفڵەی ئێستای کەعبە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی "سوڵتان عەبدولحەمید"ـی دەسەڵاتداری عوسمانییەکان، ئەو یەکەم کەس بوو کە شێوازی قفڵە کۆنەکەی کەعبەی گۆڕی و نوێی کردەوە.

مێژووی قفڵی کەعبە

لە هەموو سەردەمێکدا پاشایان و فەرمانڕەوا ئیسلامییەکان گرنگی تایبەتییان بە قفڵ و کلیلی کەعبە داوە، لە هەر سەردەمێکی ئیسلامی گۆڕانکاری بەسەردا کراوە و بە چەند قۆناغێک تێپەڕیوە و نوێکراوەتەوە کە گرنگترینیان:

قفڵ و کلیلی سەردەمی عەباسییەکان

لە ئاسن دروستکراوە و نووسینەکانی سەر قفڵەکە بە زێڕ و زیو نووسراوەتەوە.

قفڵ و کلیلی سەردەمی مەمالیکەکان

لە سەردەمی مەمالیکەکان گرنگییەکی زیاتر بە دروستکردنی قفڵ و کلیلەکەی کەعبە دراوە، نووسینی سەر قفڵەکان ڕێکتر و ڕوونتر کرانەوە و بە شێوازی نەخشی ئیسلامی بە وردی بە زیو نووسرانەوە. 

قفڵ و کلیلی سەردەمی عوسمانییەکان

بەهۆی ئەوەی عوسمانییەکان ماوەی دەسەڵاتیان درێژ بووە، چەندان جار نوێکارییان لە قفڵ و کلیلی کەعبە کردووە. ئەوان نووسراوەکان و شێوازی نووسینەکانی سەر قفڵەکەیان ڕێکخراوتر کرد، نووسینەکەی سەر قفڵەکە لە چەند ئایەتێکی قورئانی پیرۆز و ناوی ئەو سوڵتانەی کە نۆژەنی کردووەتەوە لەگەڵ ناوی دروستکەرەکەی پێکهاتبوو. کۆتا گۆڕانکاری لە قفڵی دەرگای کەعبە لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمید کرا، لە ساڵی 1891 سوڵتان فرمانی بە دروستکردنی قفڵ و کلیلی نوێ کرد. ئەو قفڵ و کلیلە هەتاکوو سەردەمی ئال سعوودەکان مایەوە و هیچ گۆڕانکاری تێدا نەکرا.

قفڵ و کلیلی سەردەمی هاوچەرخ

لە نێوان ساڵانی 1977 بۆ 1978 لەسەر هەمان کۆتا وەشانی سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمید کلیل و قفڵی کەعبە لەلایەن ئال سعوودەکانەوە نوێ کرایەوە.

قفڵ وکلیلە کۆنەکانی کەعبە لە کوێ هەڵگیراوە؟

قفڵ و کلیلە کۆنەکان لە چەند مۆزەخانەیەک هەڵگیراوان، نموونەی مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس و مۆزەخانەی "تۆپ قاپی" لە ئیستەنبووڵی تورکیا گەشتیاران دەتوانن سەردانی بکەن و لە شوێنی تایبەت پارێزگارییان لێدەکرێت.
لە وڵاتی تورکیا مۆزەخانەیەکی تر هەیە نزیکەی 48 کلیلی کەعبەی پیرۆزی تێدایە و مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکان.
لە ڕیازی پایتەختی سعوودییە دوو وەشانی کلیلەکە بوونی هەیە و درێژییان 35 سانتیمەترە و لە ئاڵتوون دروستکراون.

شێوە و تایبەتمەندی قفڵ و کلیلەکە

قفڵی کەعبە قفڵێکی درێژە و لە شەش لا پێکهاتووە، لە ئاسنی پتەو و زێڕ دروستکراوە و درێژییەکەی 38 سانتیمەترە و پانی هەر شەش لاکەی سێ سانتیمەترە، هەر لایەک لە لاکانی تەنکە و بە مسی زەرد دەور دراون.
لەسەر بەشی یەکەمی بە مسی زەرد نووسراوە: "لا إله إلا الله محمد رسول الله".
لەسەر بەشی دووەم نووسراوە: "نصر من الله وفتح قريب، إنا فتحنا لك فتحًا مبينًا".
لەسەر بەشی سێیەم نووسراوە: "أمر بهذا القفل الشريف مولانا السلطان المعظم".
لەسەر بەشی چوارەم نووسراوە: "والخاقان الأفخم السلطان الغازي عبد الحميد خان".
لەسەر بەشی پێنجەم نووسراوە: "خلد الله ملكه إلى منتهى الدوران".
کلیلی ئەم قفڵە شێوەیەکی درێژی هەیە و درێژییەکەی 40 سانتیمەترە، سەرەکەی بازنەییە کە تیرەکەی 3.5 سانتیمەترە و ئەستوورییەکەی سانتیمەترێکە. 
کلیلەکە بەرگێکی سەوزی هەیە کە لەسەری ئەم ئایەتە نەخشێنراوە (إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُكُمْ أَنْ تُؤَدُّوا الْأَمَانَاتِ إِلَىٰ أَهْلِهَا) سوورەتی "النساء" ئایەتی 58.
واتا: بێگومان خوا فەرمانتان پێدەدات کە هەموو سپاردەکان بگەڕێننەوه‌ دەست خاوەنەکانیان.

ئەو کەسانە کێن کە کلیلی قفڵی کەعبەی پیرۆزیان لەلایە؟

ئەو هۆزەی کە کلیلی قفڵی کەعبەیان لایە هۆزی "بەنوو شەیبە"ـن پێیان دەوترێت "سەدەنەکانی کەعبە"، ئەو هۆزە بۆ ماوەی 16 سەدەیە کلیلی کەعبەیان لەلایە و پارێزگاری لێدەکەن.
پێش ئیسلام نەوەکانی چوارەم باپیرە گەورەی پێغەمبەر ﷺ "ئال شەیبییەکان" کلیلی کەعبەیان پاراستبوو، لە دوای فەتحی مەککە و پاککردنەوەی کەعبە لە بت و پەیکەرەکان پێغەمبەر ﷺ کلیلەکەی داوەەتەوە بەو هۆزە و تا ئێستاش هەر لەلای ئەوانە. سەدەنەکانی کەعبەی پیرۆز پیشەکەیان کۆنە و بەرپرسن لە پاککردنەوە و شۆردنی کەعبەی پیرۆز، هەروەها بەرپرسن لە گۆڕینی بەرگی کەعبە و چاککردنەوەی بەرگەکە.


سەرچاوەکان



871 بینین