هەڵۆی هارپی

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-07-22-14:18:00 - کۆدی بابەت: 9486
هەڵۆی هارپی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هەڵۆی هارپی یاخود هەڵۆی هارپی ئەمریکی (بە ئینگلیزی: Harpy eagle)، جۆرێکی هەڵۆیە و لە کۆمەڵەی باڵندەکاندا پۆلێنکراوە، بە گەورەترین جۆری هەڵۆ ناسراوە و تاکە جۆری کۆمەڵەکەیەتی کە لە خێزانی هەڵۆ تاجدارەکاندا دانراوە، نشینگەکەی دەکەوێتە ئەمریکای باشوور و ناوەڕاستەوە، جێگەی ژیانکردنیشی لە دارستانی ناوچە نزمەکاندایە، شێوازی ژیانکردنی تاکەکان بەتەنهایە بەڵام دەکرێت پێکەوە خێزانی بچووک دروستبکەن، ئەم هەڵۆیە جۆرێک باڵندەی خێرایە و لە کاتژمێرێکدا دەتوانێت زیاتر لە ٨٠ کیلۆمەتر ببڕێت، لەڕووی کولتوورییەوە بە هێما و نیشانەی هەندێک لە وڵاتەکانی ئەمریکا دادەنرێت و بە باڵندەی نەتەوەیی پاناما دانراوە، ناوی ئەم هەڵۆیە لە ناوێکی یۆنانییەوە هاتووە کە بۆ یەکێک لە خواوەندەکانیان بەکاریانهێناوە، واتای وشەکەش مانای بوونەوەرێک بووە کە نیوەی مرۆڤە و نیوەی ئاژەڵە.

شێوەی دەرەوەی

دیارترین تایبەتمەندی جیاکەرەوەی هەڵۆی هارپی هەبوونی تاجێکی لە پەڕ دروستبووە لەسەر سەری، ئەم هەڵۆیە قەبارەیەکی گەورەی هەیە کە مەودای نێوان باڵەکانی دەگاتە دوو مەتر، جەستەی بە پەڕ داپۆشراوە و ڕەنگەکەی دەکرێت ڕەش یاخود سپی بێت، کێشی لە نێوان ٥-٩ کیلۆگرام دەبێت و درێژییەکەشی لە نێوان ٨٩-١٠٢ سانتیمەتر دەبێت، هەندێک جیاوازی بچووک هەیە لە نێوان دوو ڕەگەزەکەیدا، بۆ نموونە مێینەکان بە بەراورد بە نێرینەکان گەورەتر و قورسترن، ئەم باڵندەیە کلکێکی درێژی هەیە و بەهۆیەوە جووڵەکردنی لەسەر درەخت و دەوەکان ئاسانکردووە، هەستی بینینی زۆر پەرەسەندووە کە لە مەودایەکی دوورەوە دەتوانێت نێچیرەکانی ببینێت، هەروەها هەندێک لە زاناکان باوەڕیان وایە کە تاجەکەی سەری هاوکاری دەکات لە گواستنەوەی دەنگ بۆ نزیک گوێچکەکانی، بەڵام هەستی بۆنکردنی لاوازە و زۆر پەرەسەندوو نییە.  

خۆراک

هەڵۆی هارپی باڵندەیەکی دڕندە و گۆشتخۆرە و ژەمە سەرەکییەکانی بریتین لە قرتێنەر، مارمێلکە، مەیموون، تەمەڵ، ئاسک و باڵندەکان، بەهۆی هەستی بینینییەوە دەتوانێت نێچیرێک لە دووری نزیکەی ٢٠٠ مەتر ببینێت، لە کاتێکدا کە بوونەوەرەکە لە دوو سانتیمەتریش بچووکتر بێت، لەکاتی ڕاوکردندا هەڵۆ هارپییەکان ئارەزوو دەکەن بەتەنها بن و بەخێرایی نێچیرەکانیان بگرن پێش ئەوەی هەستیان پێبکرێت، ئەمەش بەسوود وەرگرتن لە تیژی چنگەکانی و بە بەکارهێنانی پەستانێکی زۆر، کە هەڵۆی هارپی زۆر بەخێرایی گیانەوەران دەگرێت، هەروەها دەتوانێت بوونەوەرەکانی سەر زەوی بەیەکجار هەڵبگرێت و بەرزیان بکاتەوە بۆ ئاسمان، پاشان بۆ مەودایەکی نزیک بیانگوازێتەوە، بەڵام ئەگەر نێچیرەکەی قورس بێت ئەوا بەشێکی دەخوات پێش ئەوەی بچێتەوە هێلانەکەی.

هەڵۆی هارپی بوونەوەرێکی ئارامگرە و دەتوانێت بەدرێژایی ڕۆژ لەهەمان جێگەدا بمێنێتەوە لە چاوەڕوانکردنی نێچیرێکدا، هەروەها کاتێک گیانەوەرێکی قەبارە گەورە ڕاودەکات دەتوانێت بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ بیکات بە ژەمی خۆراکی، جگە لە ئەمانەش ئەم هەڵۆیە دەتوانێت بۆ ماوەی هەفتەیەک بەبێ خۆراک بمێنێتەوە و بەرگەبگرێت.

هەڵۆی هارپی خۆشی دەبێت بە نێچیری گیانەوەری تر، تاکە پێگەیشتووەکان قەبارەیان گەورەیە و ژمارەیەکی کەمی گیانەوەران دەتوانن ڕاویان بکەن، بەڵام بێچووەکانی بێهێز و بێتوانان و لەلایەن زۆرینەی باڵندە ڕاوکەرەکانی ترەوە ڕاودەکرێن، بەهۆیەوە دایک و باوکی بێچووەکان بەبەردەوامی هەوڵ دەدەن یەکێکیان لە هێلانەکەدا بمێننەوە، بەرزی هێلانەکەی ڕێگری دەکات لەوەی پشیلە کێوییە بەهێزەکان ڕاویان بکەن بەڵام ڕێگری لە باڵندەکان ناکات.

گەورەترین مەترسی لەسەر ئەم باڵندەیە لەدەستدانی نشینگە و دارستانەکانیەتی بەهۆی پێشکەوتنی شارستانییەوە، هەروەها هەندێکجاریش خاوەن کێڵگە و جووتیارەکان ڕاویان دەکەن بەبیانووی ئەوەی کە ئەم هەڵۆیە زیانیان پێدەگەیەنێت، هەرچەندە لەڕاستیدا زۆر بە دەگمەن گیانەوەری ماڵی ڕاودەکات.

یەکگرتن و زۆربوون

لەماوەی نێوان تەمەنی ٤-٥ ساڵیدا تاکەکانی ئەم جۆرە هەڵۆیە دەگەنە قۆناغی پێگەیشتنی تەواو و توانای زۆربوونیان دەبێت، بۆ پەیوەندیکردن بە یەکترییەوە کۆمەڵێک دەنگی جیاوازی وەک فیکە و کرتەکردن بەکاردەهێنێت، لە نزیک هێلانەکانیاندا زۆرتر دەنگ دەردەکەن و ژاوەژاویان هەیە بەڵام لەکاتی ڕاوکردندا بێدەنگن، هەڵبژاردنی هاوبەشێک بۆ درێژایی تەمەنە واتە لە کۆمەڵگەی هەڵۆ هارپییەکاندا فرەژنی نییە.

هاوبەشەکان بەوەفان بۆ یەکتری و هەردووکیان پێکەوە بەشدارن لە گەورەکردنی بێچووەکان، هەروەها لە دروستکردنی هێلانە و هێنانی خۆراکیش هاوبەشی دەکەن، جووتەکان لەگەڵ یەکتریدا بەسۆزن و پێکەوە دەنووک پاک دەکەنەوە، ئەمانەش دەبنە هۆی بەهێزکردنی پەیوەندییەکەیان، هەندێک لە هاوبەشەکان بە درێژایی ساڵەکان هێلانەکەیان دەگۆڕن، بەڵام هەندێکی تریان هەموو ساڵێک هەمان هێلانە بەکاردەهێننەوە، ئەگەر تێکچووبێت نۆژەنی دەکەنەوە یاخود دووبارە دروستی دەکەنەوە.

وەرزی یەکگرتن لەگەڵ وەرزی بارانباریندایە و لەماوەی چەند ڕۆژێکدا جووتەکان چەندین جار یەکگرتن ئەنجام دەدەن، پاشان بەشێوەیەکی گشتی مێینەکە لەیەک کاتدا دوو هێلکە دەکات، ماوەی نیشتن لەسەر هێلکەکان دوو مانگ دەخایەنێت، زۆرینەی کاتەکانیش مێینەکە لەسەر هێلکەکان دەنیشێت و نێرینەکە بەشوێن خۆراکدا دەگەڕێت، تەنها یەک بێچوو ڕزگاری دەبێت و هەڵدێت، ئەگەر هەردوو بێچووەکە هەڵهاتن ئەوا دایک و باوکەکە یەکێکیان بەبرسێتی دەهێڵێتەوە هەتاکوو دەمرێت.

بێچووەکە لە سەرەتادا بەتەواوەتی سپییە و پاش تێپەڕاندنی ٦-٧ مانگ ڕەنگ و پەڕەکانی دەردەکەون، هەروەها گەورەبوون و گەشەسەندنی بێچووی هەڵۆی هارپی زۆر دەخایەنێت، تەنانەت کاتێک توانای بەدەستهێنانی خۆراکیشیان هەیە لە نزیک دایک و باوکیاندا دەمێننەوە، پێگەیشتنی تەواویشیان دەکرێت بگاتە دوای پێنج ساڵ، کە هەندێکیان هەر لە ناوچەی دایک و باوکیاندا دەمێننەوە، لەبەر ئەوەی گەورەکردنی بێچووی ئەم جۆرە هەڵۆیە کاتی زۆر دەخایەنێت، بۆیە مێینەکان ٢-٣ ساڵ جارێك هێلکە دەکەن، هەروەها سوڕی ژیانی هەڵۆی هارپی لە سروشتدا لە نێوان ٢٥-٣٥ ساڵ دەبێت.


سەرچاوەکان



397 بینین