چۆنیەتی دڵدانەوەی کەسە نزیکەکانت

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-07-22-21:30:00 - کۆدی بابەت: 9492
چۆنیەتی دڵدانەوەی کەسە نزیکەکانت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

خۆشحاڵی و دڵخۆشبوون هەستێکە هەموو مرۆڤێک ئارەزوو دەکات هەیبێت، زۆرجار ئەم هەستە مرۆڤ خۆی بەدەستی دەهێنێت. یاخود خۆی هۆکارێکە تاکوو لەدەستی بدات. کەسانی دڵخۆش هەمیشە حەزدەکەن خەڵکی تریش وەک خۆیان دڵخۆشبن و بۆ ئەم مەبەستەش هەموو کارێک دەکەن. بێگومان هەموو کەسێک حەز بە هاوڕێیەتی کەسێک دەکات کە دڵخۆشی بکات و ئاگای لێی بێت. چەند ڕێگایەک هەیە بۆ ئەوەی بتوانیت کەسانی تر دڵخۆش بکەیت و لەگەڵ دڵخۆشکردنی ئەوانیشدا ڕاستەوخۆ خۆشت دڵخۆش دەبیت.

چەند ڕێگایەک بۆ دڵدانەوەی کەسە نزیکەکانت

بەشی یەکەم: گفتوگۆ بکەن

ڕووبەڕوو قسە بکەن

کاتێک کەسێک کێشەیەکی هەیە و باسی دەکات و دەتەوێت یارمەتی بدەیت تاکوو دڵخۆش ببێت، پێویستە باشترین ڕێگاچارە بگریتەبەر، لەوانەیە ئەو کەسە نامەت بۆ بنێرێت یاخود تەلەفۆنت بۆ بکات، بەڵام هیچ شتێک وەک قسەکردنی ڕوبەڕوو کاریگەری باشی نابێت، بۆیە پێش هەموو شتێک هەوڵبدەن چاوپێکەوتنێک ڕێکبخەن.

گوێگرتن

زۆرجار کەسانی بێتاقەت و خەمبار چاوەڕێی دڵنەوایی نین، تەنها دەیانەوێت کەسێک هەبێت کە گوێیان بۆ بگرێت و لێیان تێ بگات. بارودۆخێک دروست بکە بۆ هەموو کەسێک کە بتوانێت قسەی دڵی خۆی بکات و خۆی خاڵی بکاتەوە. لە کاتی قسەکردنیدا هەرگیز قسەی پێ مەبڕە، تەنانەت ئەگەریش کەمێک وەستا لە قسەکردن، تەنها بە چەند دەستەواژەیەک هاوخەمی بۆ دەرببڕە و درێژەی پێ مەدە تاکوو هەموو قسەکانی تەواو دەکات. 
ئەگەر هاتوو ئەو حاڵەتەی کە کەسی بەرانبەر باس دەکات بە ڕای تۆ ئاسایی بوو و گرنگییەکی ئەوتۆی نەبوو، هەر خۆت دڵگران نیشان بدە و ڕێز لە ڕای ئەو بگرە و گاڵتەی پێ مەکە. مەهێڵە وابزانێت وەک بارێکە بەسەر شانتەوە، زۆرجار ئەو کەسانەی کێشەیان هەیە تەنها لە دڵی خۆیان دەیهێڵنەوە و نایانەوێت خەڵکی تر دڵگران بکەن و ببنە بارێک بۆیان. بەڵام کاتێک بە دڵێکی فراوانەوە گوێ بگریت بۆ کەسی بەرانبەر و کێشەی ئەو بە کێشەی خۆت بزانیت بێگومان ئەو هەستەی لا دروست نابێت کە بار بێت. ئەمەش ڕێگایەکە تاکوو کەسی بەرانبەر دڵخۆش بکەیت.

پرسیار بکە

بۆ ئەوەی بتەوێت کەسێک بهێنیتە قسە هیچ ڕێگایەک لەوە باشتر نییە کە پرسیاری لێ بکەیت. بەتایبەت پرسیارێک کە کار لە لایەنی هەستی کەسی بەرانبەر بکات. بۆ نموونە کاتێک کەسێک بێتاقەتە و کێشەی هەیە بپرسە:

  • چی هەستێکت هەیە دەربارەی ئەم کێشەیە؟
  • پێشتر کێشەی لەم جۆرەت هەبووە؟
  • کەسێک هەیە بتوانێت یارمەتیت بدات، یاخود پێشنیارت بۆ بکات؟
  • وەڵامدانەوەت چی دەبێت لە حاڵەتی خراپتردا؟
  • من دەتوانم چی کارێکت بۆ ئەنجام بدەم؟

وەڵامدانەوە لە کاتی خۆیدا 

کاتێک هیچ قسەیەکت بۆ وتن نییە، هەلی قسەکردنیش لە کەسی بەرانبەر مەستێنە و بهێڵە قسەی خۆی بکات. لە کاتێکدا کەسێک کێشەیەکی خۆیت بۆ باس دەکات پێویستە وەڵامدانەوەیەکی گونجاوت بۆی هەبێت، بۆ نموونە ئەگەر هاوڕێکەت نیگەرانە لەوەی کەسێکی نزیکی تووشی شێرپەنجە بووە مەڵێ (باپیری منیش شێرپەنجەی هەیه) لە جێی ئەمە دەتوانیت بڵێیت (باپیری منیش پار تووشی شێرپەنجە بوو، بەڕاستی لێت تێ دەگەم ئێستا چ هەستێکت هەیە زۆر قوورسە، منیش پار بە قوورسی توانیم لەگەڵی ڕابێم، بەڵام ئەوەم تێپەڕاند و تۆش بەهەمان شێوە دەتوانیت)

ڕێنوێنی و ڕێگاچارە

کاتێک کەسی بەرانبەر کێشەکەی باس دەکات و بەباشی گوێت بۆ گرت، دەبێت بە جوانی بیربکەیتەوە بۆ ئەوەی بتوانیت ڕێنوێنی بکەیت و ڕێگاچارەیەکی بۆ بدۆزیتەوە. تەواوی هەوڵی خۆت بدە ئەگەر ڕێگا چارەیەکت لایە پێشنیاری بکە و یارمەتی بدە. ئەگەریش هیچ ڕێگاچارەیەکت لانییە ڕاستگۆبه و درۆ مەکە، و دەتوانیت هاوڕێکەت بۆ لای کەسێک ببەیت کە ڕێگاچارەیەکی لابێت.
کاتێک ڕێگاچارەیەک دێتە مێشکت سەرەتا به کەسی بەرانبەر بڵێ، پێی بڵێ کە لەوانەیە، یان ئەگەری هەیە کە ئەمە باش بێت با باسی بکەین و بڕیار بدەین. لەم کاتەدا ئەگەر ئەو کەسە ڕێگاچارەکەی پێ باش نەبێت هەست بە تاوان ناکات کە ڕێگاچارەکەی تۆی وەرنەگرتووە، چونکە تۆ وەک نموونەیەک باست کردووە و وتووتە ڕەنگە چارەسەر بێت.

بەشی دووەم: خۆشەویستی خۆتی بۆ دەرببڕە

پێدانی دیاری

بیری خۆت بهێنەرەوە کۆتا جار کەی بوو کەسێک بەبێ هیچ بۆنەیەک دیاری بۆ هێنایت و چەند دڵت پێی خۆشبوو، بۆیە تۆش بۆ دڵخۆشکردنی کەسانی تر دیارییان پێشکەش بکە، پێدانی دیاری بە کەسانی تر دەتوانێت باری دەروونییان بگۆڕێت و دڵخۆشیان بکات.
گرنگ پێدانی دیارییە نەک خودی دیارییەکە دیاری هەرچەندەش بچووک و کەم بێت چێژی تایبەتی هەیە و دەتوانێت بەباشی کەسی بەرانبەر دڵخۆش بکات.

زەردەخەنە

بەو کەسە بڵێ کە گرنگە بۆ تۆ و ڕێزی تایبەتی هەیە، پاشان زەردەخەنە بە ڕوویدا بکە، بەم کارە سادە دەتوانیت دڵخۆشییەکی زۆری پێ ببەخشیت و حاڵی خۆت و ئەویش باشتر بکەیت. کاتێک کەسێک باسی کێشەی خۆی دەکات لە کاتی گوێگرتندا دەستی بگرە و زەردەخەنەی بۆ بکە ئەمە زیاتر ئارامی دەکاتە و وادەکات متمانەی زیاتری پێت هەبێت.

سەرسامکردن

سەرسامکردنی کەسی بەرانبەر زۆر گرنگە و دەتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر خۆشحاڵی بکات. بزانە کەسی بەرانبەر زیاتر لە هەر شتێک حەزی بە چییە و ئاواتی چییە، ئەوەی بۆ بکە بەمە دەتوانیت بە ڕادەیەک سەرسام و دڵخۆشی بکەیت.

بارودۆخی گفتوگۆکە بگۆڕە

کاتێک کەسی بەرانبەرت کێشەکەی باس دەکات و دڵگرانە بە پیشاندانی هەستەکانت وەڵامدانەوەیەکی جوانت بۆی هەبێت. دەستی بگرە و لەگەڵ هەستەکانیدا تۆش هەستەکانی خۆت دەربخە تاکوو بزانێت هاوخەمی دەکەیت. کاتێک هەست دەکەیت ئارام بووەتەوە بە بەسەرهاتێکی خۆش یان نوکتەیەک باسەکە بگۆڕە و دڵخۆشی بکە. بەڵام وریابە ئەگەر هێشتا ئەو زۆر نیگەران بوو ناتوانیت ئەمە بکەیت چونکە کاتی نییە و دڵگران دەبێت.

حاڵی باشتر بکە

دوای تەواوبوونی گفتوگۆکان کارێک بکە کە حاڵی باشتر ببێت، وەک بردنی بۆ پارکێک یاخود پیاسەکردن و سەیرکردنی فیلمێکی کۆمیدی. بەردەوام هەوڵ بدە سەرقاڵی بکەیت تاکوو کەمترین کات مێشکی بەرەو کێشەکانی بچێت.


سەرچاوەکان



586 بینین