ئەنهیدۆنیا

له‌لایه‌ن: - گلێنە ئازاد گلێنە ئازاد - به‌روار: 2022-07-23-14:33:00 - کۆدی بابەت: 9504
ئەنهیدۆنیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەنهیدۆنیا (بە ئینگلیزی: anhedonia, بە عەرەبی: انعدام التلذذ). زاراوەیەکە لە زانستی دەروونزانیدا بەکاردێت بۆ حاڵەتی کەمی یاخود نەمانی هەست کردن بە دڵخۆشی لەکاتی ڕووداوە دڵخۆشکەرەکان، وەک: وەرزشکردن، ئارەزووە سێکسییەکان، خولیا و ئارەزووەکان، کۆبوونەوە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. یەکێکە لە نیشانە باوەکانی خەمۆکی لە نەخۆشییە دەروونییەکاندا. بەڵام هەرکەسێک تووشی حاڵەتی ئەنهیدۆنیا بوو واتای ئەوە نییە دووچاری خەمۆکی یاخود یەکێک لە حاڵەتە دەروونییەکان بووە.

نیشانەکانی ئەنهیدۆنیا

بەپێی تازەترین توێژینەوەکان ئەم حاڵەتە دەکرێت بە دوو جۆری سەرەکی، ئەنهیدۆنیای کۆمەڵایەتی و ئەنهیدۆنیای کەسی. جۆری یەکەمیان گرنگی پێنەدانە بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و حەزنەکردن بە تێکەڵبوون و چوونە نێو خەڵکی و چێژ نەبینین لە کۆبوونەوە گشتییەکان. جۆری دووەم حەزنەکردن و چێژ نەبینینە لە ئەرکە کەسییەکان یاخود تایبەتییەکان، وەک خواردن و دەستبازی یان ئارەزووە سێکسییەکان. نیشانە سەرەکییەکان دەکرێت لەم خاڵانە بن:

  •  کشانەوە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان
  •  نەمانی دڵخۆشی بۆ ئەرکەکانی ڕۆژانە
  • دروستنەکردنی پەیوەندی نوێ و وازهێنان لە پەیوەندییە کۆنەکان 
  •  چێژ نەبینین لە خولیا و ئارەزووەکان
  •  کەمبوونەوە یان نەمانی ئارەزووی سێکسی 

کۆمەڵێک نموونەی ئەنهیدۆنیا:

  • خولیای ڕۆژانەی کەسێک یاری تۆپی پێ بووە بەڵام لە تووشبوون بەم حاڵەتە چێژی لێ نابینێت و بە هیچ جۆرێک ئەو یارییە ئەنجام نادات.
  • ئارەزووی ئافرەتێک لە ئامادەکردنی خواردندایە بەڵام دوای تووشبوون بەم حاڵەتە ئەم ئارەزووەی نامێنێت.
  • کەسی تووشبوو ئارەزووی چوونە دەرەوە و گەشتی نامێنێت لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لە پێشتردا هەمیشە لەگەڵیاندا بووە.

دەکرێت ئەنهیدۆنیا نیشانە بێت بۆ یەکێک لە حاڵەتە مەترسیدارەکانی کێشە دەروونییەکان، بۆیە دەبێت هەرکات خودی کەسی تووشبوو یاخود کەسانی دەوروبەر هەستیان بەم حاڵەتە کرد ڕاستەوخۆ پسپۆڕی لایەنە دەروونییەکان ئاگادار بکەنەوە.

هۆکارەکانی ئەنهیدۆنیا چین؟

ئەنهیدۆنیا یەکێکە لە نیشانە سەرەکییەکانی خەمۆکی یان شیزۆفرینیا، هەروەها نیشانەیەکی بڕوا پێکراوە لەو کەسانەی نەخۆشییە درێژخایەنەکانیان هەیە یاخود تووشبووی نەخۆشی پارکینسۆنن. لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت هۆکاری تووشبوون بەم حاڵەتە بگەڕێتەوە بۆ خراپ بەکارهێنانی دەرمانە نا یاساییەکان.

 خاڵێکی گرنگ لە جیاکردنەوەی ئەنهیدۆنیا لە بێتاقەتی کۆمەڵایەتی کە بەوە ناسراوە کەسی تووشبوو لە تەواوی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان دوور دەکەوێتەوە بە هۆکاری ترس بەڵام ئەنهیدۆنیا نەمانی چێژ و دڵخۆشییە لە ناو کۆمەڵگە.

هۆکارە مەترسیدارەکان چین؟

ئەو کەسانەی کەوا تووشبووی خەمۆکی یاخود شیزۆفرینیا ئەگەری تووشبوونیان بە ئەنهیدۆنیا زیاترە. هۆکارەکانی تر بریتین لە:

  •  ژیانکردن لەگەڵ کەسی تووشبوو بە ڕووداو
  •  نەخۆشییەکی درێژخایەن کە کار بکاتە سەر شێوازی ژیانی کەسەکە
  •  تێکچوونی خۆراکی

ئەم حاڵەتە چۆن دیاری دەکرێت؟

سەرەتا پزیشک کۆمەڵێک پرسیار لە کەسەکە دەکات سەبارەت بە نیشانەکان و باری دەروونی بە شێوەیەکی گشتی، هەروەها سەبارەت بە بەکارهێنانی دەرمانە قەدەغە کراوەکان. سەرەتا کۆمەڵێک تاقیکردنەوە و چالاکی دادەنرێت. پاشان پشکنینی کەمی ڤیتامینەکان وەک ڤیتامین دی و سایرۆیدەکان ئەنجامدەدرێت کە ئەمانە نیشانەیەکن بۆ بوونی خەمۆکی.

چارەسەر

چارەسەری ئەنهیدۆنیا دەکرێت لە زۆربەی حاڵەتەکان سەخت بێت، هەندێک کات سەرەتا چارەسەر بە چەند ڕێگەیەک دەکرێت چوونە لای ڕاوێژکاری دەروونی و قسەکردن لەگەڵ کەسەکە بە بەردەوامی بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو حاڵەتەدا و ڕێگری کردن لە بەرەوپێشچوونی بۆ کێشەی دەروونی سەختتر. ئەگەر کەسی تووشبوو توانای زاڵبوون و کۆنترۆڵکردنی حاڵەتەکەی نەبوو ڕێگەی دووەم چوونە لای پزیشکی دەروونییە بۆ گرتنەبەری ڕێگەی پێویست بە حاڵەتەکە.

جۆرەکانی چارەسەر

  • چارەسەرکردنی دەرمانی: بەکارهێنانی دەرمانەکانی دژەخەمۆکی، پزیشک بەپێی حاڵەتی کەسەکان پلانی چارەسەرەکە دەگۆڕێت، و کەسی تووشبوو دەبێت بەپێی ڕێنمایی و پلانی پزیشک دەرمانەکان بەکار بهێنێت. چونکە ئەم دەرمانانە بە شێوەی جیاواز لەسەر کەسی جیاواز کار دەکەن.
  • چارەسەر بە کارەبا: جۆرێکی تر لە چارەسەرەکان کە دەکرێت بەکار بهێنرێت لێدانی تەزووی کارەبایە، بەکارهێنانی تەزووی کارەبا کاریگەرییەکی باشی هەیە لەسەر ئەو کەسانەی تووشبووی خەمۆکییەکی توندن، تەنانەت بە قسەکردن لەگەڵ ڕاوێژکاری دەروونی یاخود بە بەکار هێنانی دەرمان توانای زاڵبوونیان بەسەر حاڵەتەکدا نییە. لە هەندێک کاتدا دەبێت ڕاستەوخۆ بەکار بهێنرێت نەک دوا بخرێت، بە تایبەت لەو کەسانەی تووشبووی خەمۆکی بەردەوام و ئاڵۆزن. لەکاتی ئەم چارەسەرە پزیشک جەمسەرە کارەباییەکان دەخاتە سەر هەردوو لاتەنیشتی سەری کەسەکە و هەر لەگەڵ لێدانی کارەباکە گەشکەیەکی بچووک لە مێشك دەدات.
  • (TMS) وریاکردنەوەی کاسەی سەر بە ڕێگەی موگناتیسی: جۆرێکی چارەسەرە بۆ بوژاندنەوە و وریاکردنەوەی دەمارەکانی مێشک. کە تیایدا جەمسەرێکی بچووکتر لە جەمسەرەکانی چارەسەری کارەبا بەکار دەهێنرێت، هەروەها پێویست بە بەنج کردنی تەواو ناکات لەم چارەسەرە. بەکاردێت بۆ چارەسەرکردنی خەمۆکی لەو کەسانەی کەوا لەشیان هیچ وەڵامدانەوەی بۆ دەرمانەکان نییە.
  • وریاکردنەوەی وێڵە دەمار(VNS): لەم جۆرە چارەسەرەدا پزیشک هەڵدەستێت بە چاندنی ئامێرێک لە سنگدا وەک ئامێری ڕێکخستنی لێدانەکانی دڵ، کاری ئەم ئامێرە بریتییە لە دروستکردنی تەزووی کارەبایی بۆ ڕێکخستنەوەی هێزی کارەبایی مێشک. کاتێک بەکاردێت کەوا کەسی تووشبوو هیچ وەڵامدانەوەیەکی نەبێت بۆ چارەسەرەکانی تر.


سەرچاوەکان



784 بینین