چۆن مامەڵە لەگەڵ پێستی چەور دەکەیت؟

له‌لایه‌ن: - سازان عەدنان سازان عەدنان - به‌روار: 2022-07-25-14:00:00 - کۆدی بابەت: 9537
چۆن مامەڵە لەگەڵ پێستی چەور دەکەیت؟

ناوه‌ڕۆك

مامەڵەکردن لەگەڵ پێستی چەور

ھەموو جۆرە پێستێک پێویستی بە چەوریەکی سروشتی ھەیە بۆ پاراستن و مانەوەی پێست بە شێداری ھەروەھا بە پێی بڕی ئەو چەورییەی کە پێست دەریدەدات دەتوانرێت جۆرەکانی پێست پۆلێنبکرێت بۆ چەند جۆرێک ئەوانیش پێستی ئاسایی، پێستی وشک، پێستی تێکەڵ ھەروەھا پێستی چەور. ھۆکاری چەوری پێست دەردانی بڕێکی زۆری چەورییە لەلایەن چەورییە ڕژێنەکانی ژێرپێستەوە کە پێست زیاتر ڕەونەقدار و چەور دەردەخات و کونیلەکانی پێست گەورەدەبن و وادەکات پێستەکە زیاتر ھەستیارببێت و دەبێتە ھۆی دروستبوونی زیپکە لەسەر ڕووخسار.

ھۆکارەکانی چەوربوونی پێست چین؟

چەند ھۆکارێک ھەیە بۆئەوەی پێست چەور دەربکەوێت و بڕێکی زۆر چەوری دەربدات لەوانەش:

  1. بۆماوەیی: یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکان بۆ بوونی پێستێکی چەور ھۆکاری بۆماوەییە کە ئەگەر یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەت خاوەن پێستێکی چەور بن ئەوا بەشێوەیەکی بۆماوەیی دەکرێت تۆش ببیتە خاوەن پێستێکی چەور.
  2. تەمەن: لەگەڵ ھەڵکشانی تەمەن پێست ڕەونەق و شێدارییەکەی زیاتر لەدەستدەدات چونکە ئەو بڕە چەوری و کۆلاجینە سروشتییەی پێست بەرھەمیدەھێنێت کەمدەبێتەوە ئەمەش دەریدەخات لە تەمەنی گەنجی و ھەرزەکارییدا چەوری پێست زیاترە بەبەراورد بە تەمەنی پیری، ھەروەھا یەکێک لە لایەنە باشەکانی بوونی پێستێکی چەور ئەوەیە بۆ ماوەیەکی زیاتر پێست بە گەنجی دەھێڵێتەوە بەھۆی ئەو بڕە چەورییە زۆرەی کە دەریدەدات.
  3. ھۆکاری ژینگەیی: ئەو کەسانەی لە شوێنە گەرم و شێدارەکاندا دەژین پێستیان چەورترە بە بەراورد بەو کەسانەی کە لە شوێنە ساردەکان دەژین، ھەروەھا بەشێوەیەکی گشتی لە وەرزی ھاوین پێست چەورتر دەبێت بە بەراورد بە وەرزی زستان.
  4. گەورەبوونی کونیلەی پێست: لەژێر ھەر کونیلەیەکی پێست چەورییە ڕژێن بوونی ھەیە کە بەرپرسن لە دەردانی چەوری، ھەتا کونیلەکان گەورەتربن بڕی دەردانی چەوری زیاتردەبێت و دەبێتە ھۆی چەوربوونی پێست.
  5. بەکارھێنانی بەرھەمی ھەڵە بۆ گرنگیدان بە پێست: ھۆکاری سەرەکی بەکارھێنانی بەرھەمی نادروست نەبوونی زانیارییە سەبارەت بە جۆرەکانی پێست، ھەندێک کەس جیاوازی ناکەن لەنێوان پێستی تێکەڵ و چەور بۆیە لەوانەیە بەرھەمی تایبەت بە پێستی تێکەڵ بۆ پێستی چەور بەکاربھێنن، بۆ نموونە کرێمە خەست و چەورەکان تایبەتن بە پێستی ئاسایی و پێستە وشکەکان ئەگەر بۆ پێستی چەور بەکاربھێنرێن بێگومان پێستەکە زیاتر چەوردەبێت، ھەروەھا باشترە بەرھەمەکانی تایبەت بە گرنگیدان بە پێست لە وەرزی ھاوین و زستاندا گۆڕانکاری بەسەردابھێنرێت چونکە پێست لەگەڵ گۆڕانی ئاووھەوا و وەرزەکاندا گۆڕانکاری بەسەردادێت.
  6. دوورکەوتنەوە لە بەکارھێنانی شێدارکەرەوە: ھەندێک بیروڕای ھەڵە ھەیە سەبارەت بە بەکارھێنانی شێدارکەرەوە بۆ پێستی چەور، بۆ نموونە دەوترێت ئەگەر شێدارکەرەوە بۆ پێستی چەور بەکاربھێنرێت ئەوا پێستەکە زیاتر چەور دەبێت، بێگومان ئەم بیرکردنەوەیە ھەڵەیە و بەھەمان شێوەی پێستی وشک پێستی چەوریش پێویستی بە شێدارکەرەوە ھەیە بەتایبەت لەکاتی بەکارھێنانی ھەندێک بەرھەمی وەکوو  سالیسیلیک ئەسید و بێنزۆیل پێرۆکساید کە بۆ کەمکردنەوەی زیپکە بەکاردەھێنرێن و دەبنە ھۆی وشکبوونەوەی پێستەکە، بەڵام گرنگە کە شێدارکەرەوەیەک بەکاربھێنرێت کە تایبەتبێت بە پێستی چەور.

چۆن دەزانیت پێستت چەورە؟

ھەندێک نیشانەی پێست دەریدەخەن کە پێستت چەورە وەکوو:

  1. پێست زیاتر ڕەونەقدار و چەور دەبێت
  2. بوونی کونیلەی زۆر گەورە لەسەر پێست
  3. بوونی زیپکە و چاڵ لەسەر پێست
  4. گیرانی کونیلە و پەڵەی ڕەشی پێست
  5. ھەستیاربوونی پێست

چۆن پێستت لە چەوربوون دەپارێزیت؟

دەکرێت سوود لە چەند ڕێگایەک وەربگیرێت بۆ ھاوسەنگ ڕاگرتنی  چەوری پێست و ڕێگە لە دەردانی چەوری زیادە بگیرێت وەکوو:

  1. شۆردنی ڕووخسار بەشێوەیەکی ڕێکخراو: پێویستە ڕۆژانە پێستت بە ئاو و پاککەرەوەی تایبەت بە کەمکردنەوەی چەوری پێست بشۆیت بۆئەوەی بڕی دەردانی چەوری کەمترببێتەوە. پێویستە لەکاتی شۆردنی ڕووخسار بەھێواشی ماددەی پاککەرەوەکە لەسەر ڕووخسارت بڵاوبکەیتەوە و دووربکەوەرەوە لە زەبرخستنەسەر پێستی ڕووخسارت لەکاتی شۆردن و بەھیچ شێوەیەک بە شتی زبر و ئەستوور ڕووخسارت وشک مەکەرەوە. 
  2. دووربکەوەرەوە لەو بەرھەمانەی پێست کە ڕێژەی کحولی بەرزە: ئەو بەرھەمانەی کە ڕێژەیەکی زۆر لە کحولیان تێدایە دەبنەھۆی گەورەبوونی چەورییە ڕژێنەکان و بەمەش پێست چەورییەکی زیاتر دەردەدات بۆیە لەکاتی بەکارھێنانی ھەر بەرھەمێکی تایبەت بە گرنگیدان بە پێست ھەوڵبدە ئەو بەرھەمانە بەکاربھێنیت کە ڕێژەی کحولی کەمە.
  3. تەقشیرکردن بۆ پێست (لابردنی پێستی مردوو): ھەفتانە دەتوانیت تەقشیر بۆ پێستت ئەنجامبدەیت بە بەکارھێنانی ئەو بەرھەمانەی کە سالیسیلیک ئەسیدیان تێدایە بۆ لابردنی پێستی مردوو و چەوری زیادەی پێست بەمەش لە چەوربوونی پێست بەدووردەبیت.
  4. بەکارھێنانی ئەو بەرھەمانەی کە چەوری پێست ھەڵدەمژن: لە ئێستادا ھەندێک بەرھەم لەشێوەی کاغەز بەردەستن بۆ بەکارھێنان کە دەخرێنە سەر ڕووخسار و چەوری سەر پێست ھەڵدەمژن ئەمەش یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی چەوری ڕووخسار.
  5. بەکارھێنانی شێدارکەرەوەی تایبەت بە پێستی چەور: پێویستە شێدارکەرەوەکەت تایبەت بێت بە پێستی چەور و بەبەردەوامی لە بەیانیان و شەواندا بەکاریبھێنیت.
  6. بەکارھێنانی ماسک بۆ ڕووخسار: ھەندێک جۆری ماسک یارمەتیدەرن لە پاککردنەوە و کەمکردنەوەی چەوری ڕووخسار لەوانەش ماسکی قوڕ و ماسکی کەرەوز. ماسکی قوڕ لەئێستادا یەکێکە لە باوترین ئەو بەرھەمانەی لە بواری جوانکاری و گرنگیدان بە پێستدا بەکاردەھێنرێت، ھەروەھا ماسکی کەرەوز دەوڵەمەندە بە چەند جۆرێکی جیاوازی ڤیتامین و کانزاکان کە یارمەتیدەرە لە ڕێکخستنی بەرھەمھێنان و ھەڵمژینی چەوری پێست.
  7. بەکارھێنانی ئەو بەرھەمانەی پێست کە چای سەوز لە پێکھاتەیاندا ھەیە: لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە لە پێکھاتەی چای سەوزدا ماددەیەک ھەیە پێی دەوترێت پۆلیفینۆڵ کە دەبێتەھۆی کەمکردنەوەی دەردانی چەوری پێست، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە چای سەوز یەکێکە لەو بەرھەمانەی دەکرێت بۆ کەمکردنەوەی چەوری پێست سوودی لێ وەربگیرێت.
  8. خۆراکت ڕێکبخە: ھەوڵبدە دووربکەویتەوە لەو خۆراکانەی کە چەوری پێست زیاددەکەن و گرنگی بدە بە ھەندێک خواردن کە ڕێژەی چەورییان کەمە وەکوو: سەوزە و میوەی تازە، دانەوێڵە و شۆفان, ھەروەھا خواردنی نیسک و پاقلەی سەوز.
  9. پێش خەوتن ئارایشتەکەت لێبکەرەوە: مانەوەی ئارایشت بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر ڕووخسار دەبێتەھۆی دەردانی چەوری و دروستبوونی زیپکە لەسەر ڕووخسارت بۆیە گرنگە پێش خەوتن بەھیچ شێوەیەک ئارایشت بە ڕووخسارتەوە نەمێنێتەوە و بەتەواوی پاکبکرێتەوە.
  10. ئەو بەرھەمانە بۆ ڕووخسارت بەکاربھێنە کە نیاسینەمایدی تێدایە: نیاسینەماید ماددەیەکە لە زۆربەی بەرھەمەکانی تایبەت بە گرنگیدان بە پێست بوونی ھەیە و یارمەتیدەرە لە ڕێکخستنی دەردانی چەوری پێست، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە بەکارھێنانی ئەو بەرھەمانەی نیاسینەمایدیان تێدایە لەماوەی دوو بۆ چوار ھەفتەدا دەبنە ھۆی کەمکردنەوەی دەردانی چەوری ڕووخسار. 
  11. فشاری دەروونیت کەمبکەرەوە: بوونی فشار وادەکات ھەندێک ھۆڕمۆن زیاتر دەربدرێت وەکوو ھۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ کە دەبێتەھۆی دەردانی چەوری، بۆیە کەمکردنەوەی فشاری دەروونی وادەکات کەمتر چەوری دەربدرێت. بەم ڕێگایانە دەتوانیت فشار کەمبکەیتەوە:
  • ئەنجامدانی یۆگا و ھەندێک ڕاھێنانی تایبەت بە کەمکردنەوەی فشاری دەروونی 
  • دووربکەوەرەوە لە بەکارھێنانی نیکۆتین و کحول
  • بەباشی بخەوە
  • وەرزش بکە

•ئاو زۆر بخۆرەوە


سەرچاوەکان



3422 بینین