زیانەکانی خواردنی خۆراکی زۆر گەرم

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-07-26-18:03:00 - کۆدی بابەت: 9555
زیانەکانی خواردنی خۆراکی زۆر گەرم

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

خواردنی گەرم (بە عەرەبی: طعام ساخن، بە ئینگلیزی: hot food). هاوسەنگی لە هەموو بەشێکی ژیاندا شتێکی باشە، دەبێت ئەم هاوسەنگییە لە خواردنیشدا ڕەچاو بکرێت، واتا ئەو خۆراکانەی دەیخۆیت دەبێت نە زۆر گەرم بن نە زۆر سارد، نە بە بڕێکی زۆر بێت نە کەم، چونکە خواردنی زۆر گەرم یان زۆر سارد کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی دەبێت.

دوورکەوتنەوە لە خواردنی خۆراکی زۆر گەرم

کاتێک خۆراکێکی گەرم دەخۆیت لەوکاتەوەی دەچێتە ناو دەمەوە. بەرکەوتەی لەگەڵ ماددەکانی ناو دەم و زمان دەبێت، تا دەگات بە قوڕگ و سورێنچک، کاریگەری لەسەر هەموویان دەبێت، واتا دەبێتە هۆی ئازار و خورانی هەوکردنی ئەم ناوچانە.

کاریگەرییەکانی خواردنی خۆراکی زۆر گەرم

  1. یەکێک لە کێشەکان کە دروست دەبێت ئەوەیە کە ئامانجی یەکەم لە خواردنی خۆراک بەدی نایەت، ئەوەش چێژوەرگرتن و تامکردنی خۆراکە کە بەهۆی گەرمی خۆراکەکەوە لەدەستی دەدەن.
  2. دەرفەتی جوینی خۆراک لەدەست دەچێت، ئەگەر خۆراکەکە لەناو دەمدا بەباشی نەجویرێت لەکاتی هەرسدا ناتوانرێت قەرەبوو بکرێتەوە.
  3. بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی گەدە و کێشەی هەرسکردن بۆ ئەوەی گەدە بتوانێت بەشێوەیەکی باش و دروست خۆراک هەرس بکات، دەبێت پلەی گەرمی گونجاوبێت، واتا ئەگەر گەدە سارد یان وشک ببێتەوە پڕۆسەی هەرسکردن کێشەی دەبێت، بەهەمان شێوە ئەگەر پلەی گەرمی گەدە زیاد لەپێویست بەرز بێت کێشە بۆ هەرسکردنی خۆراک دروست دەبێت، کاتێک خۆراکی زۆر گەرم دەخۆیت پلەی گەرمی گەدە ئاستی سروشتی خۆی تێدەپەڕێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئاڵۆزبوونی قۆناغەکانی هەرسکردن و هەڵمژینی خۆراک.
  4. ئەو کەسانەی بۆ ماوەیەکی زۆر خۆراکی زۆر گەرم دەخۆن دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە قوڕگ، سورێنچک و برینی گەدە، لەکۆتاییدا شێرپەنجە.
  5. بەکارهێنانی خۆراکی زۆر گەرم دەبێتە هۆی سووتانەوەی کۆئەندامی هەرس، بەجۆرێک خواردنەوە زۆر گەرمەکان لەگەڵ چوونە ناو دەم، هەتاکوو دەگات بە گەدە کاریگەری جێدەهێڵێت، بەشێک لە ماددە خۆراکییەکان کە لە دۆخی ڕەقیدان، زیانی کەمتر بە کۆئەندامی هەرس دەگەیەنن. چونکە پێش چوونە خوارەوەیان گەرمییەکە لەناو دەمدا جێدەهێڵن و زیانی زۆر بە سورێنچک و گەدە ناگەیەنن.
  6. خۆراکی زۆر گەرم دەتوانێت زیان بە چەژەگۆپکەکان بگەیەنێت، ئەگەر چەژەگۆپکەکان بسووتێن، کەسەکە توانای تامکردن و جیاکردنەوەی تامەکان لەدەست دەدات.


سەرچاوەکان



621 بینین