مەهەستی

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-07-27-16:19:00 - کۆدی بابەت: 9569
مەهەستی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئیفتیخار دەدەبالا (بە ئینگلیزی: Eftekhar Dadehbala، بە فارسی: افتخار ددەبالا، بە عەرەبی: مهستي) ناسراو بە مەهەستی هونەرمەندێکی فارسی بووە، بە گۆرانی کلاسیک و فۆلکلۆری میللی و پۆپ ناوبانگی دەرکردووە، بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ گۆرانیبێژێکی چالاک بووە.

ژیاننامە

مەهەستی لە ١٦ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٤٦ لە تارانی پایتەختی ئێران هاتووەتە دونیاوە، ناوی مەهەستی لە شاعیری ناسراوی فارس (مەهەستی گەنجەوی) وەرگرتووە، خوشکی بچووکی هونەرمەندی بەناوبانگ هایدە بووە، دایک و باوکیان لە یەکتر جیابوونەتەوە و بۆ جاری دووەم ژیانی هاوسەرگیریان لەگەڵ کەسانی تر پێکهێناوە، پەرویز یاحەقی بەهرەی دەنگخۆشی لە کاتی تازەپێگەیشتنی مەهەستیدا دۆزیوەتەوە. پەرویز یاحەقی لە یەکێک لە دانیشتنەکاندا بەڕێکەوت گوێبیستی دەنگی مەهەستی دەبێت و زۆر هۆگری دەنگی دەبێت و هانی دەدات تا گۆرانی بڵێت، هەروەها سەرەتای دەستپێکی ژیانی هونەری مەهەستی لە ساڵی ١٩٦٣ لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا بە بەرنامەیەکی میوزیکی کولتووری دەست پێدەکات بەناوی (گلهای رنگارنگ)، یەکەم گۆرانیش کە دەیڵێت بە ناوی (آنکە دلم را بردە خدایا)، لە سەرەتادا چوونە ناو هونەرەوە کارێکی قورس بوو بۆ مەهەستی خێزانەکەی ناڕازی بوون چونکە لەو کاتەدا کاری هونەری بۆ ئافرەت لە وڵاتی ئێران گونجاو نەبوو، هەر بۆیە مەهەستی بڕیاریدا بەسەر هەموو ئەمانەدا زاڵ ببێت و ببێتە گۆرانیبێژ ئەمەش ڕێگا خۆشکەر بوو بۆ چەندین ئافرەتی تر بەتایبەتی هایدەی خوشکی بۆ ئەوەی بێنە ناو دونیای هونەرەوە، مەهەستی لە ساڵی ١٩٧٨ پێش ڕوودانی شۆڕشی ئیسلامی کۆچ دەکات بۆ بەریتانیای گەورە و پاشانیش بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لەوێ نیشتەجێ دەبێت، هەروەها لەگەڵ کچەکەی و زاواکەی و نەوەکانی لە کالیفۆڕنیا بەردەوامی بە ژیانیان دەدەن.

ماڵئاوایی مەهەستی

لە ساڵی ٢٠٠٧ مەهەستی ئاشکرای کرد کە بۆ ماوەی چوار ساڵە لە دژی شێرپەنجەی کۆڵۆن دەجەنگێت، مەهەستی ئامانجی ئەوە بوو لە ڕێگەی ئەو ئەزموونەی کە خۆی کردوویەتی هۆشیاری دەربارەی نەخۆشی شێرپەنجە بڵاوبکاتەوە و داوای لە خەڵکی ئێران دەکرد بەردەوام پشکنین ئەنجامبدەن بۆ پاراستن و ئاگاداربوون لە تەندروستییان، مەهەستی دوای سێ مانگ لە ئاشکراکردنی نەخۆشییەکەی لە ساڵی ٢٠٠٧ لە کالیفۆڕنیا لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات و لە گۆڕستانی وێستوود لە نزیک هایدەی خوشکی دەنێژرێت.

ئەلبوومەکانی

• پرندە مهاجر ١٩٨١
• عیدی شما مبارک ١٩٨٢
• موج ١٩٨٣
• یکی ڕادوست میدارم ١٩٨٣ لەگەڵ هایدە و هۆشمەند عقیلی
• زندگی ١٩٨٥ لەگەڵ هایدە
• تو بزن تا من برقصم ١٩٨٥
• گلهای ڕنگارنگ ١٩٨٨
• سپیدە دم ١٩٩٠
• مستی ١٩٩٠
• اسیر ١٩٩٠
• ضیافت ١٩٩١
• مسافر ١٩٩٢
• قسم ١٩٩٣
• گل امیدم بذار ١٩٩٣
• نامە ١٩٩٤
• آشفتە ١٩٩٤
• بیگانە ١٩٩٤
• هڤای یار ١٩٩٤
• حقیقت ١٩٩٤
• سراب عشق ١٩٩٦
• همیشە عاشق ١٩٩٩
• دلدادە ٢٠٠١
• همیشە سبز ٢٠٠٣
• از خدا خواستە ٢٠٠٤


سەرچاوەکان



1012 بینین