سەیدسادق

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2022-08-01-14:59:00 - کۆدی بابەت: 9645
سەیدسادق

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سەید سادق (بە عەرەبی: سيد صادق، بە ئینگلیزی: Said Sadiq)، یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای سلێمانی لە باشووری کوردستان. ساڵی ١٩٥٦ بڕیاری بە ناحیەبوونی دراوە، ساڵانە دانیشتووانەکەی بە ڕێژەی ٪١٧  ڕوو لە زیادبوون دەکات، لە ساڵی ٢٠١٠ـدا، ژمارەی دانیشتووانی ئەم قەزایە ١٠٧٠٠٠ کەس بووە. بەھۆی زۆری ڕێژەی دانیشتووانەکەیەوە، سەید سادق لە ٢٠١٢-٢٠٠٧ بەبڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران کرایە قەزا.

ناوی سەید سادق

سەید سادق بەناوی پیاو چاکێک بەناوی (سەید محەممەد سادق کوڕی شێخ عیسای بەرزنجە کوڕی بابا عەلی ھەمەدانی) ناو نراوە کە گۆڕەکەی بەسەر شاخی سەید سادقەوەیە. سەید سادق برای شێخ عەباس بووە کە گەڕەکی شێخ عەباسی شاری سلێمانی بەناوی شێخ عەباسەوە ناو نراوە، ھەروەھا برای سوڵتان ئیسحاقە کە کاکەییەکانیش بە ڕێبەرێکی گەورەی خۆیانی دەزانن.

مێژوو

سەرەتا سەید سادق وەک گوندێکی بچووک لە ساڵی ١٩٤٦ـدا دروست کراوە و سەر بە ناحیەی خورماڵ بووە. لە ٢٢ـی تشرینی یەکەمی ١٩٥٥ کراوە بە ناوەندی ناحیەی شارەزوور کە (سەڵاحەدین ساڵح زەکی) یەکەم بەڕێوەبەری ئەو ناحیەیە بووە. لە ٢٩ـی کانوونی یەکەمی ١٩٥٥، شارەوانی سەید سادق کراوەتەوە و یەکەم ژمێریاری شارەوانی ناوی (فەرەج دەروێش) بووە. تاکوو ساڵانی حەفتاکان شارەوانی سەرۆکی نەبووە و بەڕێوەبەری ناحیە سەرۆکایەتی شارەوانی کردووە بەڵام زۆرترین کارەکانی ژمێریار ڕایپەڕاندووە. یەکەم سەرۆکی شارەوانی ناوی (سەرتیپ محەمەد ئەمین جاف) بووە لە ساڵی١٩٧٧. ھەروەھا ساڵی ١٩٥٥-١٩٥٦ یەکەم قوتابخانەی تێدا کراوەتەوە.

سەید سادق لە ساڵی ١٩٧٤

سەید سادق جێگەیەکی گرنگ بووە بۆ خەباتگێڕانی کورد ھەر لە بزووتنەوەکەی شێخ مەحموودی حەفیدەوە تا شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشەکانی نوێ و گوڵان ئەم شارە لە ھەموو سەردەمەکاندا قوربانی داوە. لە ڕۆژی ٩ـی حوزەیرانی ١٩٦٣ ڕژێم ڕەشەکوژییەکی لە ناو شارەکەدا ئەنجامدا و چەند کەسێکی شەھید کرد و ھەندێکیش برینداربوون. بریندارەکان و نزیکەی ٧٥ پیاوی شارەکەیان دەستگیر کرد و بردنیان بۆ حامیەی سلێمانی و ماوەیەکی زۆر زیندانی کران. لە سەردەمی حیزبی بەعسدا خەڵکی سەید سادق دووجار ڕاپەڕینی جەماوەرییان بەرپا کردووە یەکەمیان لە ٣/٥/١٩٨٢ دووەمیش لە ١٣/٥/١٩٨٧ کە لە ھەردووکیاندا شەھید و بریندار ھەبووە، ھەروەھا لە کۆتایی مانگی ئازاری ١٩٨٨ـدا ڕژێمی بەعس ئەم شارەی خاپوور کرد و تەواوی خانووەکانی ڕووخاند و خۆڵ و دارو پاشماوەی بەشێک لە شارەکەشی گواستەوە بۆ بەرامبەر گوندی کانی سپییکەی پەرخ کە تا ئێستاش شوێنەوارەکەی ماوە.

سەید سادق دوای وێرانکردنی لە ١٩٨٨

دوای ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١ سەید سادق ئاوەدانکرایەوە و خەڵکی شار لەسەر ئەرکی خۆیان دووبارە خانووەکانیان دروستکردەوە و شارەکەیان سەر لە نوێ بوونیادنرایەوە، بەھۆی خێرایی لە فراوان بوونی شارەکە، حکوومەت پاش ٩ ساڵ کردی بە ناوەندی ناحیە و لە پاش ٦١ ساڵ لە ٢١ـی شوباتی ٢٠٠٧ لە کۆبونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا کرا بە ناوەندی قەزا. سەید سادق خاوەنی یەک ناحیەیە بەناوی ناحیەی سرۆچک کە ناوەندەکەی شارۆچکەی بەرزنجەیە ھەروەھا نزیکەی ٩٠ گوندی ھەیە و لەو ڕێژەیە ٦٢ گوندیان ئاوەدانن، ڕووبەری گشتی سەیدسادق ٩٢٧ کیلۆمەتری دووجایە ژمارەی ماڵەکانیشی ١٥٠٠٠ زیاترە و ژمارەی دانیشتووانی ١٠٠٠٠٠ ھەزار کەس دەبێت.

گەڕەکەکانی سەید سادق

  • سەیدسادق (ناوەند)
  • ئوچ قوبە
  • ئوچتەپان
  • باوەکوژراو
  • بنگردی موان
  • بنەجووت
  • بەرکەورگان
  • بێڕەشکە
  • پەلی یەرۆ
  • تاسڵوجە 
  • تەپەڕەش
  • تەپی کەرەم
  • توتەقاج
  • چوالەی ڕەسوڵ
  • چوالەی مارف
  • حاجی نامیق
  • خانەقەویلە
  • دۆڵاش
  • سەراوی خواروو
  • سەراوی سەروو
  • سواری
  • سۆیلەمیش
  • شاتوان
  • شاملو
  • شانەدەری تازە
  • شانەدەری خواروو
  • شانەدەری سەروو
  • شانەدەری کۆن
  • شێرەبەرە
  • عەلیاوا
  • قالیجۆی خواروو
  • قالیجۆی سەروو
  • قاینەجە
  • قلرخی خواروو
  • قلرخی سەروو
  • قەدەفەری
  • قوماشی حەمەڕەشیدبەگ
  • کانی پانکەی خواروو
  • کانی پانکەی سەروو
  • کانی سپیکەی پەرخ
  • کەچەڵی 
  • کەڵتەکەی خواروو
  • کەڵتەکەی سەروو
  • کەڵوڕان
  • کەوچکتاش
  • کەوڵۆس
  • کێلەکەوە
  • گامێش تەپە
  • گردەنازێ
  • گردی شەریف
  • گرێزە
  • گڵەزەردە 
  • ماو
  • مزگەوتە
  • مەستەکانی خواروو
  • مەستەکانی سەروو
  • موانەکۆن
  • موانی حەمەحەسەن
  • موانی ڕۆستەم
  • موانی محەممەد عەبدوڵڵا
  • موانی مەلا تاھیر
  • موانی میرزا
  • ناوگردان 
  • ھەیاس
  • وەڵەسمت


سەرچاوەکان



724 بینین