پیتەربۆرۆ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-08-04-17:50:00 - کۆدی بابەت: 9690
پیتەربۆرۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پیتەربۆرۆ (بە ئینگلیزی: Peterborough، بە عەرەبی: بيتربورو) شارێکە لە کامبریجشایر لە ئینگلتەرا، ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە لە ساڵی 2021ـدا 215,700 کەس بوو. شارەکە 122 کیلۆمەتر لە باکووری لەندەنەوە دوورە، لەسەر ڕووباری نین (nene) کە دەڕژێتە دەریای باکوورەوە.

دانیشتووان

بەپێی سەرژمێری ساڵی 2011 ژمارەی دانیشتووانی شارەکە 78,777 کەسە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرژمێری ساڵی 2016 ئەوە پیشان دەدات کە دانیشتووانی شارەکە بە ڕێژەی 2.9% زیادی کردووە. ژمارەی نێرەکانی پیتەربۆرۆ 38,170 کەسە لە کاتێکدا ژمارەی مێینەکان 42,865 کەسە.هەروەها چڕی دانیشتووانی شارەکە 1,262 کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا و ڕووبەری ڕووی شارەکە 343.38 کیلۆمەتر دووجایە.

تەمەنی دانیشتووان

تێکڕای تەمەنی هاوڵاتییەکی شاری پیتەربۆرۆ 43.5 ساڵە، پیاوان بە تێکڕایی نزیکەی 41.8 ساڵ، لە کاتێکدا ژنان بە تێکڕایی تەمەنیان 45 ساڵە. تەنها 14.6%ـی دانیشتووان تەمەنیان لە خوار 15 ساڵییەوەیە، تەمەنی زۆربەی زۆری دانیشتوانی پیتەربۆرۆ لە نێوان 15 بۆ 64 ساڵیدایە، هەروەها

22.3%ـی دانیشتووان تەمەنیان لە نێوان 65 بۆ 84 ساڵییە و

4.1%ـی دانیشتووان تەمەنیان لەسەرووی 85 ساڵییەوەیە. لە سەرژمێری ساڵی 2016ـدا، 30 کەس (25 ژن و 5 پیاو) تەمەنیان 100 ساڵ یان زیاتر بوو.

نەژاد

بەپێی سەرژمێری ساڵی 2011، پێکهاتە نەتەوەییەکانی شارەکە بریتین لە:

سپی پێست: 82.5%

ڕەگەزی تێکەڵ: 2.8%

ئاسیایی: 11.7%

ڕەش پێست: 2.3%

نەتەوەکانی تر: 0.8%

ئایین

ئایینی مەسیحی زۆرترین پەیڕەوکەرانی لە پیتەربۆرۆ هەیە، لە سەرژمێری ساڵی 2011دا 56.7%ـی دانیشتو‌وانی پیتەربۆرۆ خۆیان بە مەسیحی دا لە قەڵەم. هەروەها بەهۆی کۆچی کۆچبەرانی ئەم دواییەوە بۆ ناو شارەکە ژمارەی پەیڕەوکەرانی‌ کاسۆلیکی ڕۆمانی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. بە بەراورد لەگەڵ تەواوی ئینگلتەرا، پیتەربۆرۆ ڕێژەیەکی کەمتری پەیڕەوکەرانی ئایینی مەسیحی، بودیزم، هیندۆس، جوولەکە و سیخەکانی تێدایە. شارەکە رێژەیەکی زیاتری موسڵمانی تێدایە لەچاو ئینگلتەرا، 9.4%ـی دانیشتووانن پەیڕەوکەرانی ئایینی ئیسلامن، هەروەها دوو مزگەوتی گەورە لە شارەکەدا دروست کراوە.

مێژووی شارەکە

مێژووی پیتەربۆرۆ بە نشینگەیەکی سەكسۆنی دەستی پێ کردووە. سەکسۆنییەکان لە ناوچەی پیتەربۆرۆ گوندێکیان دروستکرد، لە ساڵی 655ـدا بە تەنیشتی گوندەکەوە جۆرە کڵێسایەکیان دروست کرد. لە دەوروبەری 1000 ساڵ پێش زایین و بە مەبەستی پاراستنی ناوچەکە لە هێرشی دانیمارکییەکان دیوار بەدەوری نشینگەکەدا دروستکرا. لە ساڵی 972ـدا کڵێسایەکی نوێ دروست کرا و خەڵکی گوندەکە بازاڕیان دروست کرد، لەژێر سێبەری کڵێساکەدا شارەکە گەشەی کرد و بوو بە شارۆچکە.

سەدەکانی ناوەڕاست

لە سەدەکانی ناوەڕاستدا پیتەربۆرۆ شارۆچکەیەکی بچووک و ناگرنگ بوو کە لەژێر کۆنتڕۆڵی کڵێساکەدا بوو، وردوردە شەقام بەدەوری کڵێساکەدا دروست کرا. لەم سەدەیەدا، پیشەسازی سەرەکی شارۆچکەکە خوری بوو، لە سەرەتای سەدەی 12ـدا نەخۆشخانەیەک لە دەرەوەی پیتەربۆرۆ کرایەوە. جگە لە بازاڕەکانی لە کۆتایی سەدەی 12ـدا ساڵانە پێشەنگایەک دەکرایەوە و سەرنجی کڕیار و فرۆشیارەکانی چەندین وڵاتی بۆ خۆی ڕادەکێشا. لە ناوەڕاستی سەدەی 15ـدا پیتەربۆرۆ خاوەنی دوو پێشەنگا بوو.

سەدەکانی 16 و 17

لە سەدەکانی 16ـدا و قوتابخانەیەک دروست کرا و بەفەرمی وەکوو شارێک ناسێنرا، بەڵام بەپێی پێوەرەکانی ئەو سەردەمە شارێکی بچووک بوو و پێدەچێت ژمارەی دانیشتووانەکەی 1,500 کەس بووبێت، لە کۆتایی سەدەی 17ـدا ژمارەی دانیشتووانەکەی گەشتە نزیکەی 2,000 کەس. پیتەربۆرۆیش وەکوو هەموو شارەکانی ئەو ڕۆژانە نەخۆشی تاعوونی تێدا بڵاوبوویەوە. لە ساڵانی 1574، 1607، 1625، 1665 و 1667، هەر جارێک بەشێکی بەرچاو لە دانیشتووان دەمردن.

پیتەربۆرۆ لە سەدەی 18 و 19ـدا

هەتا سەدەی 18ـدا پیتەربۆرۆ وەکوو شارۆچکەیەکی زۆر بچووک مایەوە و بچووکترین شاری ئینگلتەرا بوو. تا ساڵی 1801 ژمارەی دانیشتووانی شاری پیتەربۆرۆ گەیشتە نزیکەی 3,500 کەس. لە کۆتایی سەدەی 18ـدا پیتەربۆرۆ دەستی کرد بە گەشەکردنی زۆر خێرا، لە سەدەی 19 و لە ساڵی 1871ـدا ژمارەی دانیشتووانەکەی گەشتبووە 17,000 کەس و پیشەسازی نوێ لە شارەکەدا گەشەی سەند.

پیتەربۆرۆ لە سەدەی 20ـدا

تا ساڵی 1901 ژمارەی دانیشتووانی شاری پیتەربۆرۆ نزیکەی 30 هەزار کەس بوو. لە ماوەی سەدەی بیستەمدا بارودۆخی شاری پیتەربۆرۆ باشتر بوو. لە ئێستادا یەکێکە لە شارە گەشەسەندووەکانی وڵاتەکەی.

کەشوهەوا

کەشی شارەکە لە مانگەکانی وەرزی هاویندا خۆشە و مانگەکانی وەرزی زستانیش زۆر سارد، بەفراوی و فرەبایە، لەگەڵ ئەوەشدا بەدرێژایی ساڵ ئاسمانی شار تاڕادەیەک هەوراوییە و پلەکانی گەرما لە نێوان 12.8- بۆ 25.5 پلەی سەدیدا دەگۆڕێن. هەروەها بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە شارەکەدا 36.7 پلەی سەدی بوو کە لە 25ـی تەممووزی ساڵی 2019ـدا تۆمارکرا. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو 13.4- پلەی سەدی بوو کە لە شوباتی 2012ـدا تۆمارکرا.

تێکڕای پلەی گەرمی لە پیتەربۆرۆ

وەرزی گەرما 3.7 مانگ دەخایەنێت، لە 27ـی ئایار تا 17ـی ئەیلوول، تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە لە سەرووی 20 پلەی سەدییەوەیە. گەرمترین مانگی ساڵ لە پیتەربۆرۆ مانگی تەممووزە و تێکڕای بەرزترین پلەی گەرمی 25.5 پلەی سەدی و نزمترین پلەش 14.4 پلەی سەدییە.

وەرزی سارد 3.4 مانگ دەخایەنێت، لە 2ـی کانوونی یەکەم تا 14ـی ئازار، تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە لەخوار 2.2 پلەی سەدییەوەیە. ساردترین مانگی ساڵ مانگی کانوونی دووەمە و تێکڕای نزمترین پلەی گەرما 11.6- پلەی سەدییە و بەرزترین پلەی گەرما 3.3- پلەی سەدییە

باشترین کات بۆ سەردانکردنی شارەکە کۆتایی مانگی حوزەیران تا سەرەتای مانگی ئەیلوولە.


سەرچاوەکان



178 بینین