باڵندەی بەهەشت

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-08-06-18:42:00 - کۆدی بابەت: 9721
باڵندەی بەهەشت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

باڵندەی بەهەشت (بە ئینگلیزی: Bird of paradise، بە عەرەبی: طائر الجنة، طائر الفردوس)، جۆرێکی باڵندەکانە کە نشینگەی بنەڕەتییان لە ناوچەکانی ئوستوڕالیا و دوورگەکانی دەوروبەرییەتی، جێگەی ژیانکردنیشیان دەکەوێتە دارستان و سەر درەختەکانەوە، شێوازی ژیانکردنی تاکەکانی بەتەنهایە واتە پێکەوە کۆمەڵەی تایبەت دروستناکەن، تەنها لە وەرزی زۆربووندا نەبێت کە پێکەوە دەبینرێن، هەروەها ئەم باڵندەیە لە ئەو ناوچانەی کە تێیدا دەژی بە بڵاوکەرەوەیەکی باشی تۆوەکان دادەنرێت، چونکە ئەو میوانەی کە دەیخوات تۆوەکانی هەرس ناکات و لە ئەنجامدا دەچێتەوە خاک.  

یەکەمجار کە ئەم باڵندەیە برا بۆ وڵاتەکانی ئەورووپا خەڵکی وایاندەزانی کە باڵندەی سیمرخە، کە سیمرخ ئەفسانەیەک بووە و پێی وتراوە باڵندەی خودا، لە ئەنجامدا ئەم باڵندەیان کرد بە باڵندەی بەهەشت، هەروەها ئەم جۆرە باڵندەیەکی کۆچەری نییە، چونکە لە ناوچەکانی ئاووهەوای خولگەیدا دەژی، ئەم ناوچانەش پلەیەکی گەرمی مامناوەندی هەیە و بە درێژایی ساڵەکە خۆراکی تێدایە.

شێوەی دەرەوەی

یەکێک لە دیارترین جیاکەرەوەکانی ئەم باڵندەیە ئەوەیە کە پەڕەکانی ڕەنگدار و سەرنجڕاکێشن، دەکرێت ڕەنگەکەی زەرد، سوور، قاوەیی، ڕەساسی، شین، سەوز، ڕەش یاخود سپی بێت، کە تەنها چەند ژمارەیەکی کەمی تری باڵندەکان پەڕەکانیان بەو شێوەیە جیاواز و ڕەنگدارە، ڕەنگی مێینەکانی باڵندەی بەهەشت تۆخ و داخراوە، هەروەها پەڕەکانیشی کورتترن بە بەراورد بە نێرینەکان، کە نێرینەکان پەڕەکانیان درێژترە و ڕەنگەکانیشیان کراوەتر و کاڵترە.

قەبارەکەی بە گوێرەی جۆرەکانی دەگۆڕێت و لە نێوان بچووک بۆ مامناوەنددایە، کێشی کەمە کە قورساییەکەی لە نێوان ٥٠-٤٣٠ گرام دەبێت، درێژییەکەی دەگاتە ١٥-١١٠ سانتیمەتر و مەودای نێوان باڵەکانیشی دەگاتە ٢٠-١٢٠ سانتیمەتر، هەروەها بەگشتی قەبارەی دەنووکی مێینەکان گەورەترە لە نێرینەکان.

خۆراک

ئەم باڵندەیە هەموو شتخۆرە واتە لەهەمان کاتدا دەتوانێت گۆشت و ڕووەکیش بخوات، ژەمە خۆراکی سەرەکی بریتییە لە مێروو و میوە لەگەڵ دانەوێڵە، لەناویشیاندا مێرووەکان خۆراکی پەسەند و دڵخوازییەتی، بەڵام لەهەمان کاتدا باڵندەی بەهەشت خۆشی دەبێت بە خۆراکی گیانەوەری تری وەک مار و کوندە پەپووەکان، یاخود لەلایەن مرۆڤەکانەوە ڕاودەکرێن لەبەر جوانییەکەیان، یان بۆ جلوبەرگی بۆنە و ئاهەنگەکان پەڕەکانیان بەکاردەهێنن.

یەکگرتن و زۆربوون

هاوبەشیبوونی نێرینە و مێینەکانی ئەم جۆرە باڵندەیە بە گوێرەی جۆرەکانی جیاوازە، هەندێکیان دەکرێت بەدرێژایی تەمەنیان پێکەوەبن، بەڵام هەندێکیشیان جیاوازن و هەر وەرزێک هاوبەشێکی نوێیان دەبێت، نێرینەکان بۆ ڕاکێشانی سەرنجی مێینەکان سەمای دڵداری درێژخایەن ئەنجام دەدەن، شێوازی ئەنجامدانی سەماکردنەکە زۆر جیاواز و بەناوبانگە کە تایبەتە بە باڵندەکە خۆی، بەجۆرێکە کە سەرەتا جێگەکە خاوێن دەکەنەوە لە گەڵا و چڵی درەخت یان هەر شتێک کە تێیدا بێت، پاشان کلک و باڵەکانی بەگۆشەی جیاواز بەرزە دەکاتەوە، دواتر سنگی پڕ لە هەوا دەکات و بەشێوەی ڕیتمێکی ڕێک سەما دەکات.

دوای ئەوەی مێینەیەک هاوبەشێک هەڵدەبژێرێت دەستدەکات بە دروستکردنی هێلانە، پاش یەکگرتنیشیان بە یەکجار ١-٢ هێلکە دەکات، ماوەی نیشتن لەسەر هێلکەکانی ١٦-٢٢ ڕۆژ دەخایەنێت، پاشان مێینەکە بەبێ هاوکاری هاوبەشەکەی گرنگی بە بێچووەکان دەدات، لە دوای تێپەڕبوونی ١٠-٣٠ ڕۆژ بێچووەکان هێلانەکانیان جێدەهێڵن هەرچەندە گەشەکردنیشیان تەواو نەبووە، نێرینەکان بۆ گەشەسەندن کاتێکی زۆریان پێویستە، کە دەگاتە زیاتر لە حەوت ساڵ هەتاکوو بەتەواوەتی پەڕەکانیان دروستدەکەن، جگە لە ئەمانەش سوڕی ژیانی باڵندەی بەهەشت لە نێوان ٥-٨ ساڵ دەبێت.  

جۆرە سەرەکییەکان

نزیکەی ٥٠ جۆری جیاواز لە ئەم باڵندەیە هەیە کە لە ١٥ توخمی سەرەکییەوە هاتوون، نموونەی هەندێک لە جۆرەکانیشی ئەمانەن:

  • باڵندەی بەهەشتی دەنووک ڕەشی چەماوە
  • باڵندەی بەهەشتی دەنووک قاوەیی چەماوە
  • باڵندەی بەهەشتی دەنووک بێجی چەماوە
  • باڵندەی بەهەشتی دەنووک چەماوە
  • باڵندەی بەهەشتی شین
  • باڵندەی بەهەشتی سوور
  • باڵندەی بەهەشتی بڕۆنزی پارۆتیا
  • باڵندەی بەهەشتی ڕۆژهەڵاتی پارۆتیا
  • باڵندەی بەهەشتی ڕۆژئاوایی پارۆتیا
  • باڵندەی بەهەشتی کارۆلا پارۆتیا
  • باڵندەی بەهەشتی ئیمپراتۆر


سەرچاوەکان



472 بینین