ماسیی پەپوولە

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-08-06-20:58:00 - کۆدی بابەت: 9723
ماسیی پەپوولە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ماسی پەپوولە (بە ئینگلیزی: Butterfly fish، بە عەرەبی: سمکة الفراشة)، جۆرێکی ماسییەکانە و نشینگەکەی دەکەوێتە زەریاکانەوە، شێوازی ژیانکردنی تاکەکانی دەکرێت بەتەنها بێت یاخود پێکەوە پۆلی تایبەت بەخۆیان دروستبکەن، ژمارەکەی بەتەواوەتی زانراو نییە بەڵام لە لیستی ئەو گیانەوەرانەدا پۆلێننەکراوە کە هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە، ئەمەش واتای ئەوەیە کە ئەم ماسییە تەندروستییەکی باشی هەیە، بەڵام مردن و لەناوچوونی ڕووەکە ئاوییەکانی کەنارەکان، لە ئەنجامی گۆڕانی ئاووهەوا گەورەترین مەترسین بۆ لەناوچوون و کەمبوونەوەیان.

ماسی پەپوولە بەهۆی ڕەنگ و شێوەی سەرنجڕاکێشییەوە، بووە بە یەکێک لە ئەو ماسییە بەناوبانگانەی کە بۆ نمایشکردن لە مەلەوانگە دەستکردەکاندا بەکاردێت، گرنگیپێدانیشیان پلەی گەرمی و بڕی ئاوی تایبەتی دەوێت، لەگەڵ خۆراکی دیاریکراو کە تێکەڵەیەک بێت لە ڕووەک و گۆشت، هەروەها دەکرێت هاوڕێیەتی چەند ماسیەکی تر بکات وەک ماسی گاڵتەجاڕ و ماسی تووتی.

شێوەی دەرەوەی

بەگشتی شێوەی ئەم ماسییە وەک باڵی پەپوولە دەردەکەوێت، دیارترین جیاکەرەوەشی ئەوەیە کە ڕەنگی کاڵ و کراوەی هەیە لەگەڵ لوتێکی درێژەوەبوو، جەستەی بە پوولەکە داپۆشراوە و چەندین ڕەنگی جیاوازی هەیە وەک زەرد، سوور، پرتەقاڵی، شین، زیوی، ڕەش یاخود سپی، ڕەنگی جەستەی بە گوێرەی دۆخەکانی دەگۆڕێت بۆ نموونە لە شەودا و کاتێک دەخەوێت، ئەوا ڕەنگی تاریک دەبێت هەتاکوو لەگەڵ گژوگیای ناوچەکەیدا نزیکببێتەوە، بەڵام بە ڕۆژدا ڕەنگی کاڵ دەبێت و کاتێکیش هەست بە مەترسی دەکات کاڵتر دەبێتەوە.

لەبەشی دواوەی ئەم ماسییەدا خاڵێکی ڕەشی وەک چاو هەیە کە دەبێتە هۆی بەهەڵەدابردنی ڕاوچییەکانی، قەبارەیەکی بچووکی هەیە کە کێشی لە نێوان ٢٠-٨٠ گرام دەبێت و درێژییەکەشی دەگاتە زیاتر لە ٣٠ سانتیمەتر، شێوەی ئەم ماسییە تەختە و لە سەر پشتیدا چەند پەڕەکەیەکی هەیە، لە کۆتایی جەستەشیدا پەڕەکەی تری هەیە، کە هەندێکجار وەک درێژبووەوەیەکی تیژە و بۆ پارێزگاری لە خۆی بەکاریدەهێنێت، لەناو دەمیشیدا چەند ڕیزێک ددانی هەیە کە وەک مووی زبر دەردەکەون.  

خۆراک

ماسی پەپوولە بوونەوەرێکی ئاوی هەموو شتخۆرە، زیاتر ڕووەکی هەڵواسراو و بێ بڕبڕە بچووکەکانی وەک توێکڵدارەکان دەخوات، لەناویشیاندا هەڵواسراوەکان خۆراکی پەسەند و دڵخوازییەتی، چالاکییەکانی بە ڕۆژدا ئەنجام دەدات پاشان بە شەودا دەخەوێت و پشوو دەدات، بۆ دۆزینەوەی خۆراکیش پشت بە هەستی بینینی دەبەستێت، یاخود ئەگەر پێکەوە و بە جووت هەوڵی ڕاوکردن بدەن ئەوا یەکێکیان بەرزتر دەبێتەوە هەتاکوو لە هەبوونی خۆراک دووەمیان ئاگاداربکاتەوە، بەڵام خۆشی دەبێت بە خۆراکی گیانەوەری ئاوی تری وەک ماسی و قرشەکان، هەندێکیشیان بۆ پارێزگاری لە خۆیان دڕک و بەرگ و ژەهریان پەرەپێداوە.

یەکگرتن و زۆربوون

وەرزی یەکگرتن لە ناوچە خولگەییەکاندا لە زستانەوە هەتاکوو سەرەتای بەهار دەخایەنێت، بەڵام لە ناوچەی ئاووهەوا مامناوەندەکاندا وەرزی یەکگرتن دەکەوێتە هاوینەوە، هاوبەشەکان دەکرێت بۆ ماوەی سێ ساڵ پێکەوە ببن، یاخود هەندێکیشیان بەدرێژایی تەمەنیان هەمان هاوبەشیان دەبێت، کاتێک مێینەیەک ئامادە دەبێت بۆ یەکگرتن ئەوا سکی هەڵدەئاوسێت و هێلکەی تێدا دەبێت، پاشان نێرینەیەکە بەشێوەیەکی هێواش لمۆزی دەدات لە سکی، دواتر هێلکە و تۆوەکانیان پێکەوە دەردەن و لە ئاوەکەدا بە شێوەی هەورێکی سپی دەردەکەوێت، ئەو نێرینانەی کە هاوبەشیان نییە دەکرێت زۆر بە خێرایی بچنە جێگەکە و تۆوەکانی خۆیان دەربدەن.

دوای پیتاندنی هێلکەکان ماوەی هەڵهاتنی بێچووەکان تەنها ٣٠ کاتژمێر دەخایەنێت، دواتر کرمۆکەیەک دێتە دەرەوە کە بەرگێکی پارێزەر لەسەر سەرییەوە هەتاکوو کۆتایی پشتی درێژ دەبێتەوە و دەیپارێزێت، پاشان بێچووەکە دەبێت بە هەرزەکار و بەخێرایی دەگاتە قۆناغی پێگەیشتن، کاتێک تەمەنیشی دەگاتە یەک ساڵ دەگاتە قۆناغی پێگەیشتنی تەواو و توانای زۆربوونی دەبێت، لە هەرجارێکی زۆربووندا نزیکەی ٢٠٠ بێچوو لەدایک دەبێت، جگە لە ئەمانەش سوڕی ژیانی ئەم جۆرە ماسییە لە نێوان ٥-١٠ ساڵ دەبێت.

جۆرە سەرەکییەکان

نزیکەی ١١٥ جۆری جیاواز لە ماسی پەپوولە هەیە، کە لە ١٢ کۆمەڵەی جیاوازەوە دروستبوون، نموونەی هەندێک لە کۆمەڵەکانیش ئەمانەن:

  • ماسی پەپوولەی چوار چاو: نشینگەی بنەڕەتی ئەم کۆمەڵەیە لە زەریای ئەتڵەسیدایە، جەستەیان سپی یاخود شینە کە لە ناوەڕاستەوە هێڵی تێدایە، ناوەکەشی دەکرێت بەهۆی ئەو خاڵە ڕەشە گەورەوە بێت کە لە نزیک کلکیدایە و بە بازنەیەکی سپی دەورەدراوە.
  • ماسی پەپوولەی پشت مس: نشینگەی بنەڕەتی ئەم جۆرەیان لە زەریاکانی هێمن و هیندیدایە، کە هێڵەکانیان سپی و پرتەقاڵییە و لمۆزێکی درێژیان هەیە.
  • ماسی پەپوولەی لوت ڕەش: یاخود پێشی دەوترێت ماسی سەرتاش، ئەم جۆرانە لە ڕۆژهەڵاتی زەریای هێمندا دەژین کە جەستەیان زەردە و ڕووخساریشیان سپییە، هەروەها بە دەوروبەری پەڕەکەکانی سەرەوەیان و هەندێک لە دەموچاویاندا هێڵی ڕەشیان هەیە.


سەرچاوەکان

84 بینین