ماسیی مارلین

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-08-09-21:17:00 - کۆدی بابەت: 9769
ماسیی مارلین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ماسی مارلین (بە ئینگلیزی: Marlin fish، بە عەرەبی: سمك المارلين)، یەکێکە لە ماسییە خێراکان و چەندین جۆری جیاوازی هەیە، نشینگەکەی دەکەوێتە زەریا و دەریاکان و لە نزیک ڕووی ئاو دەمێنێتەوە، زۆرینەی جارەکانیش جێگەی ژیانکردنی لە ناوچە ئاوییەکانی هێڵی کەمەرەییدایە، باوه‌ڕ وایه‌ كه‌ ناوی ما‌رلین له‌ هه‌مان وشه‌ی ئامێری بڕینی ده‌ریاوانه‌كانه‌وه‌ هاتووه‌، کە ئامێرێکی درێژی تیژ بووە و نزیکە لە لمزۆی مارلینەکانەوە.

هەروەها له‌ نووسراوه‌كاندا به به‌رده‌وامی باسی خێرایی زۆری ئه‌م ماسییه‌ كراوه‌، کە لەڕاستیدا یه‌كێكه‌ له‌ خێراترین بوونه‌وه‌ره‌ ئاوییه‌كان و‌ له‌ كاتژمێرێكدا ده‌توانێت نزیكه‌ی ١١٠ كیلۆمه‌تر ببڕێت، هەروەها بوونەوەرێکی کۆچەرییە کە بە گوێرەی گۆڕانی کەشوهەوا و بڕی خۆراک جێگەکەی دەگۆڕێت، هەرچەندە ژمارەی تاکەکانی بەتەواوەتی زانراو نییە، بەڵام هه‌ندێك له‌ جۆره‌كانی به‌هۆی زۆر ڕاوكردنه‌وه‌ مه‌ترسی له‌ناوچوونیان له‌سه‌ره.  ‌

شێوه‌ی ده‌ره‌وه‌ی

ڕەنگی جەستەی لەسەر پشتی و سکیدا دوو ڕەنگی جیاوازە کە دەکرێت پشتی شین یان شینی تۆخ و شینی کاڵ بێت، ڕەنگی سکیشی دەکرێت سپی و زیوی و ڕەنگی کاڵ بێت، ئەم ماسییە جه‌سته‌یه‌كی درێژكۆله‌ی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ لمۆزێكی وه‌ك تیر، په‌ڕه‌كه‌یه‌كی ڕه‌ق و تیژ له‌ سه‌ر پشتی هەیە، كه‌ بۆ نزیک سه‌ری درێژ بووه‌ته‌وه‌ و وه‌ك پۆپنه‌ یاخود تاجێك ده‌رده‌كه‌وێت، قەبارەیەکی گەورەی هەیە بەڵام بەگوێرەی جۆرەکانی جیاوازە، بۆ نموونه‌ درێژی گه‌وره‌ترین جۆری ده‌گاته‌ پێنج مه‌تر و كێشیشی ده‌گاته‌ ٦٧٠ كیلۆگرام، جۆرەکانی تریش کەمێك بچووکترن.

خۆراک

ئەم ماسییە گۆشتخۆرە و ژەمە خۆراکی سەرەکیشی بریتییە لە ماسییەکانی تری ناوچەکەی، بە سوود وەرگرتن لە لمۆزە درێژەکەی کە وەک تیرێکە ئەوا مارلین نێچیرەکانی دەگرێت و برینداریان دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا خۆشی دەبێت بە نێچیر و خۆراکی بوونەوەری تر، چونکە قەبارەی گەورەیە زۆرینەی بوونەوەرە ئاوییەکانی تر بەئاسانی ناتوانن ڕاوی بکەن، بەڵام مرۆڤەکان هەوڵی ڕاوکردنی دەدەن و بۆ خواردنی گۆشتەکەی بەکاریدەهێنن.

بەتایبەتی ڕاوچییە وەرزشوانەکان گرنییەکی زۆر بە مارلین دەدەن و هەوڵی ڕاوکردنی دەدەن، بەڵام ڕاوکردنی هیچ ئاسان نییە چونکە ئەم ماسییە زۆر خێرایە، بۆ نموونە ماسی مارلینی هێڵدار دووەم خێراترین ماسی جیهانە، جۆرەکانی تریشی بەهەمان شێوە زۆر خێران، جگە لە ئەمانەش تەنانەت ئەگەر نزیکبیتەوە لە گرتنی ئەوا ئەم ماسییە زۆر بەهێزە و دەوترێت هێزی گایەکی گەورەی هەیە، کە جووڵەی زۆر خێرا  دەکات و هەوڵی ڕزگارکردنی خۆی دەدات.  

یەکگرتن و زۆربوون

وەک زۆرینەی ماسییەکانی زەریاکان مارلینی مێینە هێلکە دەردەدات و نێرینەش تۆوەکەی دەردەدات، پاشان لە ئاوەکەدا هێلکەکان دەپیتێنرێن و لەسەر ڕووی ئاو بە هەڵواسراوی دەمێننەوە، ژمارەی هێلکەکانی مێینەکە بەگوێرەی تەمەن و قەبارەی دەگۆڕێت، هەتاکوو مێینەیەک تەمەنی گەورەتر بێت توانای بەرهەمهێنانی هێلکەی زیاتری دەبێت، ژمارەی هێلکەکانیشی لە نێوان ٣٠-١٠٠ ملیۆن هێلکە دەبن، بۆ پیتاندنی ئەو هێلکە زۆرانە نێرینەکانیش بلیۆنان تۆو دەهاوێژن.

لەدوای دوو ڕۆژ هێلکە پیتێنراوەکان هەڵدێن و بێچووەکە دەچێتە قۆناغی کرۆمەکەیی، دایک و باوکەکە گرنگی بە بێچووەکانیان نادەن، بەڵکو کرمۆکەکان خۆیان خۆراک پەیدادەکەن و گەشە دەکەن، بەڵام پێش ئەوەی ببنە تاکێکی پێگەیشتوو زۆرینەیان لە قۆناغی هێلکەیی و کرمۆکەیدا دەخورێن، بۆیە نێرینە و مێینەکان بەدرێژایی وەرزی زۆربوون چەندین جار یەکگرتن ئەنجام دەدەن، پاشان هێلکەکانیشیان لەسەر ڕووی چەندین ناوچەی جیاواز دەبێت، سوڕی ژیانی ئەم جۆرە ماسییە بە گوێرەی ڕەگەزی دەگۆڕێت، بۆ نموونە مێینەی مارلینی شین نزیکەی ٢٠ ساڵ دەژی، بەڵام نێرینەکەی تەنها ١٠ ساڵ دەژی.

جۆره‌ سه‌ره‌كییه‌كان

چوار جۆری سەرەکی لە ماسی مارلین هەیە، کە هەموویان لە شێوەی دەرەوەیاندا هاوشێوەن تەنها گۆڕانکارییەکی کەم لە ڕەنگی جەستەیاندا هەیە، بەهۆیەوە خەڵکی بەئاسانی دەکەونە هەڵەوە لە ناسینەوەی جۆرەکاندا، ئەمانەش جۆرە سەرەکییەکانن:

  • ماسی ما‌رلینی شین: یەکێکە لە جۆرە شەڕانگێزەکان و لە ئەوانیتر زیاتر دەچێتە قووڵایی ئاوەوە، هەروەها هەندێک لە شارەزاکان باوەڕیان وایە کە ماسی مارلینی شینی زەریای هێمن جۆرێکی جیاوازە لە ماسی مارلینی شینی زەریای ئەتڵەسی، دیارترین جیاوازیشیان ئەوەیە کە قەبارەی جۆرە ئەتڵەسییەکە بچووکترە لە ئەوەی زەریای هێمن.
  • ماسی ما‌رلینی ڕه‌ش: ئەم جۆرەیان زیاتر لە ناوچەی نزیک کەنارەکاندا دەژی، قەبارەی لە جۆرە شینەکە گەورەترە، هەروەها بەجۆرێک گەورەیە کە خەڵکی ناوچەکانی نزیکی بە گامێشی دەریا ناویدەبەن، دەکرێت هەندێکجار ڕەنگێکی تەڵخی زیوی جەستەی دابپۆشێت، بەهۆیەوە بە ماسی مارلینی زیویش ناودەبرێت.
  • ماسی مارلینی سپی: بچووکترین جۆری مارلینە و لە لیتاوی نزیک کەنارەکانی هێڵی کەمەرەییدا دەژی، جیاواز لە جۆرەکانی تری لە بری بریندارکردن و پاشان گرتنی نێچیرەکەی، ئەم جۆرەیان ڕاستەوخۆ نێچیرەکەی دەخوات.
  • ماسی مارلینی هێڵدار: بەپێچەوانەی جۆرەکانی ترەوە مارلینی هێڵدار لە ئاوە ساردەکاندا دەژی، کە دواتر لە زستاندا کۆچ دەکات بۆ نزیک هێڵی یەکسان، ئەم جۆرەیان بەناوبانگە بە توانای بۆ شەڕکردن، لەگەڵ توانای بۆ مانەوە بۆ کاتێکی زۆر لەسەر وشکانی کاتێک دەگیرێت یاخود ڕاودەکرێت.


سەرچاوەکان



368 بینین