دراوپادی مورمو

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-08-10-21:34:00 - کۆدی بابەت: 9779
دراوپادی مورمو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دراوپادی مورمو (بە ئینگلیزی: Droupadi Murmu، بە عەرەبی: دروبادي مورمو) سیاسەتمەدارێکی هیندییە کە لە ٢٥ی تەممووزی ٢٠٢٢ وەک ١٥هەمین سەرۆکی هیندستان دەستبەکاربوو. مورمو ئەندامی پارتی بەهاراتیا جاناتایە. ئەو یەکەم کەسە سەر بە کۆمەڵگەی خێڵەکییە و دووەم ژنە دوای پراتیبا پاتیل کە ئەو پۆستەی بەدەستەوەیە. پێش سەرۆکایەتییەکەی وەک نۆیەمین پارێزگاری جارخاند لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠٢١ کاری کردووە، و لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠٤ پۆرتفۆلیۆی جۆراوجۆری لە کابینەی حکوومەتی ئۆدیشادا ئەندام بووە.

پێش ئەوەی بچێتە ناو سیاسەتەوە، لە ساڵی ١٩٧٩ تا ١٩٨٣ وەک کارمەند لە بەشی ئاودێری و کارەبای ویلایەت کاری کردووە، دواتر تا ساڵی ١٩٩٧ وەک مامۆستا لە شاری رایرانگپور کاری کردووە.

ژیانی تایبەت

دروپادی مورمو لە بنەماڵەیەکی سانتالی لە ٢٠ی حوزەیرانی ١٩٥٨ لە گوندی ئوپاربێدا لە ناوچەی بایداپۆسی لە شاری رایرانگپور لە ویلایەتی ئۆدیشا لەدایکبووە. باوکی بیرانچی نارایان تودو جووتیار بوو. مورمو لە قوتابخانەی سەرەتایی ناوخۆیی لە ئوپاربێدا خوێندنی سەرەتایی خوێندووە. دواتر بۆ خوێندنی باڵا ڕووی لە بوبانێسوار کردووە. 

لە ساڵی ١٩٨٠ لەگەڵ شیام چاران مورمو کە کەسێکی بانکدار بووە هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی دوو کوڕ و کچێکە. لە ماوەی حەوت ساڵ و نێوان ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٥دا هاوسەرەکەی و دوو کوڕەکەی و دایکی و برایەکی گیانیان لەدەستدا.

ژیانی سیاسی

لە ساڵی ١٩٩٧، دراوپادی مورمو وەک ئەندامی ئەنجوومەنی رایرانگپور ناگار پانچایات وەک کاندیدێکی سەربەخۆ لە کورسییەکی تایبەت بە ژنان هەڵبژێردرا. پاشان پەیوەندی بە پارتی بەهاراتیا جاناتا (BJP) کرد. لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی یاسادانانی ئۆدیشا لە ساڵی ٢٠٠٠ لە بازنەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی رایرانگپورەوە سەرکەوت و دوو خول لە ئەنجوومەنی یاسادانانی ئۆدیشا لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠٩ کاری کردووە.

لە سەردەمی حکوومەتی هاوپەیمانی بەهاراتیا جاناتا و بی جەی دی لە ئۆدیشا، وەزیری دەرەوە بووە و بەرپرسیارێتی سەربەخۆی بازرگانی و گواستنەوە لە ٦ی ئازاری ٢٠٠٠ تا ٦ی ئابی ٢٠٠٢ پێ سپێردراوە، دواتریش بەشی پەرەپێدانی ماسی و سەرچاوەی ئاژەڵان لە ٦ی ئابی ٢٠٠٢ تا ١٦ی ئایاری ٢٠٠٤ پێ بەخشراوە.

لە ساڵی ٢٠٠٧ خەڵاتی نیلکانتی وەرگرت بۆ باشترین پەرلەمانتاری ئەنجوومەنی یاسادانانی ئۆدیشا. لە ساڵی ٢٠٠٩دا، لە هەڵبژاردنی لۆک سەبا لە بازنەی هەڵبژاردنی لۆک سەبا مایوربهانج دۆڕا، چونکە هاوپەیمانیی دوو پارتەکە کۆتایی هاتبوو. لە ساڵی ٢٠١٣ بۆ پارتی جێبەجێکاری نیشتمانی بی جێ پی (ST Morcha) هەڵبژێردرا و تا ساڵی ٢٠١٥ بەڕێوەبەری قەزاکە بوو.

هەڵمەتی سەرۆکایەتی

لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٢ پارتی بەهاراتیا جاناتا مورموی وەک کاندیدی هاوپەیمانی نیشتمانی دیموکرات بۆ سەرۆکایەتی هیندستان بۆ هەڵبژاردنی ٢٠٢٢ی مانگی دواتر کاندید کرد. یاشوانت سینها، لەلایەن لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە وەک کاندیدی سەرۆک کۆمار کاندیدکرا. لە میانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا، مورمو سەردانی ویلایەتە جیاوازەکانی کرد و داوای پشتیوانی بۆ کاندیدبوونی کرد. چەندین لایەنی ئۆپۆزسیۆنی وەک BJD، YSRCP، JMM، BSP، SS، JD(S) پێش دەنگدان پشتگیریان بۆ کاندیدبوونی ئەو ڕاگەیاندبوو.

لە ٢١ی تەممووزی ٢٠٢٢دا، مورمو زۆرینەیەکی ڕوونی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢٢دا بەدەستهێنا و شکستی بە کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن یاشوانت سینهای هێنا بە ٦٧٦ هەزار و ٨٠٣ دەنگی هەڵبژاردن (٦٤.٠٣%ی کۆی گشتی) لە ٢١ لە ٢٨ ویلایەتەکە و بوو بە ١٥هەمین سەرۆکی هیندستان.


سەرچاوەکان



238 بینین