پەتی سێدارە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-08-11-13:04:00 - کۆدی بابەت: 9793
پەتی سێدارە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پەتی سێدارە (بە عەرەبی: حبل المشنقة، بە ئینگلیزی: hanging rope)، پەتێکی دیاریکراو و تایبەتە بەسزای لەسێدارەدانی جۆری هەڵواسین و خنکاندن و کۆنترین جۆری سزای کوشتنە.
سزای لەسێدارەدان بریتییە لە سزای کوشتن و کۆتایی هێنان بە ژیانی کەسێک کە بەهۆی ئەنجامدانی تاوانێکی گەورەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتەوە لەسەر کەسەکە جێبەجێ دەکرێت. پەتی سێدارە دەکرێتە ملی کەسی تاوانبار، پەتێکی تایبەت و دیاریکراو و لە ملی کەسی تاوانبار دەکرێت و دەست و چاوی دەبەسترێتەوە، یان لەلایەن بەرزکەرەوەیەک بەرزدەکرێتەوە و ڕادەکێشرێت تا دەخنکێت یاخود لەسەر تەختەیەک دادەنرێت و پەتەکە لە ملی دەکرێت، تەختەکە دەکرێتەوە و لەشی کەسەکە بەرەو خوارەوە دەکەوێت و دەخنکێت.
لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات ئەم ڕێگەیە زۆر باوە، لە هەریەک لە سووریا، عێراق، ئێران، سوودان، میسر و سعوودیە جێبەجێدەکرێت.

پڕۆسەی لەسێدارەدان

پەتی سێدارە قەبارەکەی گەورەیە و پەتێکی پتەوە، بەشێوەیەکی تایبەتی چەن پێچێکی لێدەدرێت و پاشان گرێ دەدرێت و دەکرێتە بازنەیەکی گەورە، لەکاتی بەجێگەیاندنی سزاکە پەتەکە دەخرێتە ملی کەسی تاوانبار، لە کاتی بەرزکردنەوەی کەسەکە یان ڕاکێشانی، پەتەکە دەبێتە هۆی شکانی بڕبڕەکانی مل و لەکارکەوتنی دڕکەپەتک و ئەمەش دەبێتە هۆی خێراکردنی مردنی کەسەکە، ڕێگری دەکات لە دواکەوتنی مردن و ڕۆح دەرچوونی کەسی تاوانبار، دەستی تاوانبار دەبەسترێتەوە و دەموچاوی دادەپۆشرێت، دوای دوازدە خولەک کەسەکە ڕۆحی دەردەچێت و کۆتا هەنگاویش بریتییە لەوەی کە لەلایەن پزیشکەوە پشکنینی لێدانی دڵی بۆ دەکرێت تا دڵنیاببنەوە لە مردنی کەسەکە.

مێژووەکەی

مێژووی لەسێدارەدان و هەڵواسین ڕوون نییە، لە کۆندا هەڵواسینی کەسی تاوانبار لە نێو چەند نەتەوەیەکی هیندۆئەورووپی نموونەی "کەڵتییەکان" بڵاوبووە، ئەوان تەنانەت هەڵواسینی کەسەکانیان بە درەختەوە وەکوو قوربانی بۆ خواوەندەکانیان بەکاردەهێنا.

٢٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا لە وڵاتی فارسەکان سزای لەسێدارەدان و هەڵواسین تەنها بۆ پیاوان بەکارهاتووە. لە ڕۆمای کۆنیش لەسێدارەدان و خنکاندن و هەڵواسین وەکوو سزای ئایینی بەکارهاتووە. لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە هەڵواسین بووە سزایەکی فەرمی لە چەندان وڵات جێبەجێ دەکرا، سەرەتا تەنها لەسەر خانەدانەکان جێبەجێ کرا بەڵام دواتر لەسەر خەڵکی ئاساییش جێبەجێ کراوە.

لە ئێستادا چەندان ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بوونیان هەیە کە کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و هەڵواسین دەکەن، زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپا سزاکەیان هەڵوەشاندووەتەوە و کاری پێناکەن.


سەرچاوەکان



627 بینین