بۆچی مۆمی گوێ تاڵە؟

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-08-11-22:21:00 - کۆدی بابەت: 9802
بۆچی مۆمی گوێ تاڵە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

بۆچی مۆمی گوێ تاڵە (بە ئینگلیزی: Why is earwax bitter، بە عەرەبی: لماذا شمع الأذن مر)، لەوانەیە ڕۆژێک بەڕێکەوت تامی مۆمی گوێی خۆت کردبێت، لەوانەشە بەڕێکەوت نەبووبێت و ویستبێتت بزانیت تامی چۆنە. بەدڵنیاییەوە هەستت بەو تاڵییەی کردووە و ئەگەری هەیە پرسیارت لە خۆت کردبێت کە بۆچی تامێکی تاڵی هەیە، لەوانەیە تاکوو ئێستا وەڵامەکەیت دەست نەکەوتبێت. گوێیەکان دوو ئەندامی هەستیارن لە جەستەدا، ئەگەری هەیە تەنۆلکەی دەرەکی بچێتە ناویانەوە و ببێتە هۆی هەوکردن، لەبەرئەوە ماددەیەکی بۆ دابینکراوە بە مۆمی گوێ ناودەبرێت، لەلایەن ڕژێنی تایبەتی گوێوە کۆدەکرێنەوە. ئەم ماددەیە گوێ لە مێرووەکان و تەنۆلکەی زیانبەخش دەپارێزێت. هەروەها پێکهاتەی دژەبەکتریای تێدایە، کە گوێیەکان بە تەندروستی دەهێڵێتەوە و لە تووشبوون بە بەکتریا دەیپارێزێت.

بۆچی مۆمی گوێ تاڵە؟

بۆ نموونە گەدەی مرۆڤ ترشی گەدەی تێدایە بۆ ئەوەی جەستە بپارێزێت و ئەو میکرۆبانەی لەڕێگەی خۆراکەوە دەچنە ناو لەش لەناوبەرێت. بە هەمان شێوە، ئەو تاڵییەی مۆمی گوێ دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی پێکهاتەیەکی ترش تێیدا، هەبوونی ئەم ترشێتییە تامێکی تاڵی پێ بەخشیووە، کە گوێیەکان لە تەنۆلکەی دەرەکی دەپارێزت. ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی مێرووەکان دەکات، هەبوونی ئەم تایبەتمەندییە وای کردووە نەک تەنها مێرووەکان بەڵکوو وردەزیندەوەرەکانیش نەتوانن لە ناو گوێدا بمێننەوە.

سێ هۆکار بۆ ئەوەی مۆمی گوێ لانەبەیت

پێویست ناکات

گوێ سیستمی پاککردنەوەی تێدایە، واتە خۆی پاک دەکاتەوە. ئەگەر یەکێکیت لەو کەسانەی ڕێگری لە بوونی مۆمی گوێ دەکەن و ڕۆژانە گوێیەکانیان لەم مۆمە پاک دەکەنەوە، ئەوا جارێکی تر بیربکەرەوە. مۆمی گوێ لە جۆگەی گوێدا بەرهەم دەهێنرێت و دواتر بە شێوەیەکی سروشتی بەرە بەرە لە ناوەوەی گوێ بۆ بەشی دەرەوە دەگوازرێتەوە. ڕێژەی ئەم ماددەیە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە، بۆ نموونە ڕێژەکەی لە کەسانی بەتەمەندا کەمترە و هەروەها وشکترە.

دەکرێت زیانت پێ بگەیەنێت

بەکارهێنان و تێکردنی گوێ پاککەرەوە یان هەر شتێکی تر بۆ ناو گوێ، زیان بە جۆگەی گوێ یان پەردەی گوێ دەگەیەنێت، یان دەبێتە هۆی زیاتر پاڵنانی مۆمی گوێ بۆ ناو جۆگەی گوێ ئەمەش وا دەکات بە ئاسانی نەجووڵێت. دەکرێت ئەمە ببێتە هۆی هەستکردن بە پەستان لە گوێدا و هەروەها کەمبوونەوەی ئاستی بیستن. لە هەمان کاتدا پاڵنان و زیاد بردنە ناوەوەی مۆمی گوێ کەسەکە دووچاری تووشبوونە میکرۆبییەکانی گوێ دەکات.

مۆمی گوێ نیشانەی نەبوونی پاکوخاوێنی نییە

لەوانەیە وا بیرت کردبێتەوە کە مۆمی گوێ شتێکی خاوێن نییە و لەبەر ئەم هۆکارە هەوڵی لابردنیت دابێت. بەپێجەوانەوە ئەم ماددەیە چەندین سوودی هەیە، بۆ نموونە:

  • شێدارکەرەوەیەکی سروشتییە، ڕێگری لە وشکبوونەوەی پێستی ناو گوێ دەکات.
  • ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی پیسی و تەپوتۆز دەگرێت و ناهێڵێت بە جۆگەی گوێ بگەن.
  • پاشماوە و خانەکانی پێستە مردووەکان هەڵدەمژێت.
  • ڕێگری لە گەیشتی بەکتریاکان بە گوێی ناوەوە دەکات.


سەرچاوەکان



656 بینین