پۆیزن ئایڤی

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-08-13-11:41:00 - کۆدی بابەت: 9812
پۆیزن ئایڤی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پۆیزن ئایڤی (بە عەرەبی: آيفي السامة، بە ئینگلیزی: Poison Ivy) کەسایەتییەکی خەیاڵی و خراپەکار/دژەخراپەکارە لەلایەن کۆمیکی دیسییەوە بڵاودەکرێتەوە و زۆرجار لە چیرۆکەکانی باتماندا دەردەکەوێت. کەسایەتی پۆیزن ئایڤی لەلایەن ڕۆبەرت کەناهێر و کارمن ئینفانتینۆ دروستکراوە و یەکەمین دەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٦ لە کۆمیکی Batman #181. پۆیزن ئایڤی ناوی ڕاستەقینەی دکتۆر پامێڵا ئایزڵییە و تیرۆرستێکی ژینگەییە، ئەو هێزەی هەیە کە دەتوانێت جڵەوی ژیانی هەموو ڕووەکەکان بکات. بەهۆی تاقیکردنەوەیەکەوە کە بە هەڵە بەڕێوەچوو بوو بە دوو ڕەگێکی مرۆڤ/ڕووەک.

لەدایکبوون و ژیانی منداڵی

پامێڵا ئایزڵی بە نەخۆشییەکی پێستەوە لەدایکبوو و هەستیاری بە تیشکی خۆر هەبوو. هەرچەندە پزیشکەکەی پێشنیاری کرێمێکی بۆ کردبوو وەکوو دەرمان، بەڵام باوکە توندوتیژەکەی ڕێگەی نەدەدا بە هیچ شێوەیەک لە ماڵ بچێتە دەرەوە. جارێکیان دایکی ڕێگەی پێدا بچێتە دەرەوە و یاری بکات، باوکی لە دایکی تووڕە بوو و مستێکی کێشا بە چاویدا و شوێنەکەی شین بووەوە. دایکی پامێڵا وەکوو ئەوەی هیچ نەبووبێت چووە دەرەوە و دەستی کردەوە بە کاری باخەوانی. کچەکەی لە باخچەکەدا بینی و ئەوەی بۆ ڕوونکردەوە لەبەرئەوەی گوڵەکان گوێی بۆ دەگرن بۆیە حەزی لە باخەوانییە، هەروەها هەندێکجار ئەگەر بۆ ماوەیەک بێدەنگ بێت، گوڵەکان قسەی لەگەڵ دەکەن. کاتێک پامێڵا پرسیاری دەربارەی چاوە شین بووەوەکەی کرد، دایکی دڵنیای کردەوە کە شتێک نییە شایەنی نیگەرانی بێت. سووکایەتی و لێدانەکان بەردەوام بوون. هەر کاتێک باوکی لە دایکی دەدا، گوڵێکی بۆ دەکڕی بۆ ئەوەی لێی خۆش ببێت، بەم شێوەیەش باخچەکەی دەگەشایەوە. لەوێوە پامێڵا بۆی دەرکەوت گوڵەکان دەتوانن فێڵ لە خەڵکی بکەن و بەکاریانبهێنن. لەپاڵ ئەوەشدا، کاتێک باوکی زۆر بە خوێن ساردانە دایکی کوشت لەبەرئەوەی بە قسەی نەدەکرد، ئەوەی بۆ دەرکەوت کە مرۆڤ دەتوانێت چەند دڕندەبێت. باوکی پێش ئەوەی دەستگیر بکرێت لەلایەن پۆلیسەوە ژنەکەی لەو باخچەیەدا ناشت کە خۆی زۆر پێیەوە ماندوو بووبوو، لاشەکەی شی دەبووەوە و دەبووە سەرچاوەی خۆراک بۆ ئەو ڕووەکانەی خۆی ناشتبوونی. لە دادگادا بە تاوانی توندوتیژی و کوشتن تاوانبار کرا و سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا. دواتر پامێڵا نێردرا بۆ ئەوەی لەگەڵ خزمێکیاندا بژی. 

لە کۆلێج پامێڵا کەسێکی تری ناسی بە ناوی بێلا گارتن کە ئەویش هاوشێوەی خۆی تیرۆرستێکی ژینگەیی بوو. دەرمانی دیزاینکراوی دروستکرد و حەپی فێرەمۆنی دەدا بە خەڵک بۆ ئەوەی لە کاریگەرییەکانیان بکۆڵێتەوە. زانکۆکەی بە چالاکییەکانی زانی، بۆیە لە زانکۆ دەرکرا و خرایە زیندانەوە تا سەلماندنی تاوانەکانی. پامێڵا پێشتر دەرمانی بەکارهێنابوو تا ڕاگری کۆلێجەکە جڵەو بکات. تاوانەکانی لەسەر لابرا و لە زانکۆی سەما کەم ڵاودێ خوێندنی تەواو کرد. لە دوای دەرچوون و تەواوکردنی زانکۆ بۆ یەکەمجار لە دوای کوشتنی دایکییەوە، چوو سەردانی باوکی بکات. باوکی بە چەقبەستوویی لە شوێنی خۆی بە بێدەنگی دانیشتبوو و چاوەڕوانی دەکرد ئەو دەستپێشخەری بکات. دوای ماوەیەک پامێڵا لەسەر کورسییەکەی خۆی هەڵدا و ماچێکی لێوەکانی کرد. بۆ بەیانی ڕۆژی دواتر، باوکی مرد و ئەو ژەهرەی بەکارهێنرابوو بۆ کوشتنی نەدەتوانرا بەدوایدا بچن و بدۆزرێتەوە.

ڕاگری کۆلێجەکە لە وەین ئینتەرپرایز خستییە پرۆگرامێکی ڕاهێنانەوە ڕێک دوای ئەوەی کۆمپانیاکە لەگەڵ کۆمپانیای کیمیایی کەین یەکیگرتبوو. پامێڵا یارمەتیدەر بوو لە گەشەپێدانی کەرەستەی دەرمان و جوانکاری، بەڵام ویستی گەورەتریشی هەبوو.

پامێڵا بوو بە یاریدەدەری توێژینەوە لە وەین ئینتەرپرایز، یارمەتی پیاوێکی دەدا بە ناوی دکتۆر پاجی، خەریکی پڕۆژەیەک بوون کە وای لە ڕووەکەکان دەکرد بە ڕێژەیەکی زۆر گەشە بکەن. لە ماوەی ئەو ڕووداوەی کە بروس وەین بە "ساڵی سفر" ناوی دەبرد، تیرۆرستێک بە ناوی ڕیدڵەر لەگەڵ زانایەکدا بە ناوی کارڵ هێڵفێرن یەکیان گرت بۆ دزینی تاقیکردنەوەکەی پامێڵا. ڕیدڵەر کارەبای شاری گاسەمی کوژاندەوە و شارەکە بوو بە کانگای خراپەکاری. دواتر ڕیدڵەری خراپەکار پڕۆژەکەی پامێڵای بە شارەکەدا بڵاوکردەوە. شاری گاسەم کە وەختێک شارێکی پێشکەوتوو و پڕ شانازی بوو، بەهۆی گەشە باوەڕپێنەکراوەکەی ڕووەکەکان بووە جەنگەڵێکی شارستانی. سەرەڕای ئەوەش هەردوو ڕیدڵەر و هێڵفێرن لەلایەن پاڵەوانە نوێیەکەی کە بە باتمان ناسراوە بەزێندران و شاری گاسەم دەستی کردەوە بە پڕۆسەی بنیادنانەوە و هەموو ئەو ڕووەکەکانەش لابران کە بەهۆی پڕۆژە دزراوەکەی پامێڵاوە دروست بوون.

لە کاتێکدا بارودۆخی شارەکە خەریکبوو ئاسایی دەبووەوە، بروس وەین چوو بۆ سەردانی بەشە کارەکەی پامێڵا، لەو کاتەدا پامێڵا هەلەکەی قۆستەوە و پڕۆژەیەکی بازرگانی پێشکەش کرد. لە ڕاستیدا خۆی فێرەمۆنی بەکارهێنابوو بۆ ئەوەی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵدا ڕێکبخات و ئەمەش سەلمێنەری ئەوەبوو کە وەین ئینتەرپرایز دەیتوانی فێرەمۆن بەکاربهێنێت بۆ بە ئامانجکردنی بریکارەکانی و ڕەفتارەکانتان بە قازانجی کۆمپانیاکە بشکێنێتەوە. وەین قسەکانی ڕەتکردەوە بە بیانووی ئەوەی ئەو کارە وەکوو مێشک شۆردنەوە وایە و ویستی ئازاد لە هاوکێشەکەدا بوونی نامێنێت. لە ڕووی ڕەوشتی پیشەیییەوە دژی بیرۆکەکەی بوو و هەر لەوێدا لە کار دەری کرد. ئاگاداریشی کردەوە کە کۆمپانیاکە خاوەنی هەموو ئەو توێژینانەوەیە کە ئەنجامی داوە بۆیە ناتوانێت بیرۆکەکانی لە شوێنێکی تر بەکاربهێنێت.

بەهۆی ئەمەوە زۆر تووڕە بوو و بە خێرایی ئاسایشی شوێنەکەی تێپەڕاند بۆ ئەوەی تا فریا دەکەوت کارەکانی ببات لەگەڵ خۆیدا، بە تایبەتیش سیڕەمی ڕووەکێک کە خۆی بە هەموو ئەو زانیاریانەی هەیبوو سەبارەت بە ڕووەک دروستی کردبوو. بە داخەوە لە میانەی ئەو کارەیدا، ماددە کیمیاییەکانی خۆی ڕژان بەسەر خۆیدا. پێکهاتە کیمیاییەکان ئەویان گۆڕی، هیچ ژەهر و ڤایرۆسێک کاری تێنەدەکرد و ئەو توانایەی پێ بەخشی کە بتوانێت فرمان بەسەر هەموو جۆرە ڕووەکەکاندا بکات، هەروەها جڵەوی سەرەتایییشی بەدەستهێنا بەسەر فێرەمۆندا و بە تەواوی پەیوەست بوو بە هێزی گەردوونیی زە گرینەوە. بوو بە تیرۆرستێکی ژینگەیی، تواناکانی بەکاردەهێنا بۆ هێرشکردنە سەر هەر کەسێک کە هێرشی دەکردە سەر هێزی زە گرین و بەم شێوەیە بوو بە پۆیزن ئایڤی.

کەسایەتی

پۆیزن ئایڤی ژنێکی فریودەرە، کە بە تەواوی بە جوانییەکەی خۆی دەزانێت و بۆ بەدەستهێنانی ئەوەی دەیەوێت بەکاریدەهێنێت، بە بەکارهێنانی ئەو فێرەمۆنانەی کە بەشێوەیەکی بێ هاوتایانە جەستەی بۆی دابین دەکات. ئایڤی وا هەست دەکات کە ئەرکی خۆیەتی زە گرین بپارێزێت سەرەڕای ئەوەی ئەو ڕێگایانەی دەیان گرێتە بەر دەبنە هۆی لەناوبردن و ئازار و مردن بۆ کەسانی دەوروبەری. ئایڤی خاوەن کەسایەتی سۆشیۆپاسە، هیچ گرنگی بە کوشتنی ئەو کەسانە نادات کە دێنە سەر ڕێگەی و بە دەگمەن هاوسۆزی بۆ کەسەکانی چواردەوری پیشان دەدات جگە لە ڕووەکە خۆشەویستەکانی نەبێت کە وەکوو منداڵی خۆی سەیریان دەکات. بە دیاریکراوی و تایبەتیش ڕقی لە پیاوانە بەهۆی ڕابردووە ئازاراوییەکەی.

تاکە کەسێک کە ئایڤی هاوسۆزی بەرامبەر نیشان دەدات، هارڵی کوینە. هەرچەندە سروشتی پەیوەندییەکەیان بەپێی گەردوونەکان (لە فرەگەردووندا) دەگۆڕێت. لە هەندێکیاندا هاوڕێی نزیکن، لە هەندێکیاندا وەکوو خێزان وان بۆ یەکتری و لە هەندێک گەردوونی تردا وەکوو خۆشەویست باسکراون. هەرچەندە پەیوەندییەکەیان بەشی خۆی کێشە و ناکۆکی تێدایە بە تایبەتی بەهۆی ئەوەی هارڵی زۆر وابەستەی جۆکەرە. ئایڤی تاکە کەسە وەکوو مرۆڤێکی ڕاستەقینە مامەڵە لەگەڵ هارڵی کویندا دەکات نەک وەکوو ئامرازێک و نازناوی (هارڵ)ـی لێ ناوە. بەهۆی ئەوەی ئایڤی پێگەیشتووترە و زیاتر ئەزمووندارە، بە ئارامی مامەڵە لەگەڵ ئەو کێشانەدا دەکات کە هارڵی دەینێتەوە و هەندێکجار وەک چۆن مامەڵە لەگەڵ ڕووەکە خۆشەویستەکانی دەکات ئاواش مامەڵە لەگەڵ هارڵی دەکات.

هاوڕێ و دوژمنەکانی پۆیزن ئایڤی

دۆست و هاوڕێکانی

دوژمنەکانی

ئابرا کەدابرا ئاڵفرێد پێنیوۆرس
بەین و بزارۆ باربرا گۆردن
بڵاک کەناری باتگێڵ
هارڵی کوین باتمان
کیڵەر فرۆست کاتومەن
لێکس لوسەر دیک گرەیسن
مستەر فریز جەیمس گۆردن
ڕیڤێرس فلاش سوپەربۆی
پێنگوین سوپەرگێڵ
ڕیدڵەر توو فەیس

تواناکانی پۆیزن ئایڤی

  1. بەهۆی پەیوەستبوونی بە جیهانی ڕووەکەوە لە ڕێگەی هێزێکەوە بە ناوی زە گرین، ئایڤی دەتوانێت فرمان بەسەر ڕووەکدا بکات گەشە بکەن بەو خێرایی و بڕەی خۆی دەیەوێت.
  2. جەستەی ئایڤی لە توانایدایە فێرەمۆن لە پێستییەوە دەربدات و ژن و پیاو جڵەو دەکات و وایان لێ دەکات ملکەچی هەموو ویست و داواکارییەکانی ئەو بن.
  3. هەر وەک چۆن ڕووەک لە توانایدایە لقەکانی دروستبکاتەوە، ئایڤیش دەتوانێت پەلەکانی دروستبکاتەوە.
  4. بڕێکی زۆر تۆکسینی ئاژەڵ و ڕووەک لە خوێنیدایە و وای لێدەکات بەرکەوتنەکانی بکوژ بێت. ئایڤی دەتوانێت بەهێزترین و کاریگەرترین ژەهری گوڵ دروستبکات لە شاری گاسەمدا. زۆرجار لە لێوەکانییەوە دەردەدرێت و لە ڕێگەی ماچەوە دەیگوێزێتەوە. پێستیشی ژەهراوییە بەڵام زۆرجار بەرکەوتن لەگەڵیدا کوژەر نییە.
  5. بەرگری بەرامبەر هەموو جۆرە تۆکسین، بەکتریا و ڤایرۆسێک هەیە.
  6. (DNA)ـەکەی بازدانی بەسەردا هاتووە و وەکوو هی ڕووەکی لێ هاتووە، توانای هەیە وزەی خۆر هەڵبمژێت. بۆیە هەتا وزەی خۆر هەبێت دەتوانێت ژیانێکی درێژتر بژی و لە چاو مرۆڤێکی ئاسایی درەنگتر بە تەمەندا دەچێت.
  7. شارەزایی لە بواری ڕووەکزانیدا هەیە.
  8. شارەزایی لە بواری ژەهرزانیدا هەیە.
  9. شارەزایی لە بواری بۆماوەزانیدا هەیە.
  10. دەتوانێت بە جوانییەکەی کەسانی چواردەوری فریو بدات.
  11. شارەزایی لە شەڕی دەست بۆ دەست هەیە.

خاڵی لاواز

  1. لەبەرئەوەی فیزیۆلۆجی جەستەی ئایڤی وەکوو هی ڕووەک وایە، کاتێک ڕووبەڕووی کەش و دۆخێکی زۆر سارد دەبێتەوە، دەچێتە حاڵەتی متبوونەوە.
  2. لاوازە بەرامبەر تاریکی و بە بەردەوامی پێویستی بە ڕووناکی خۆرە.

فیلم و زنجیرە سینەماییەکان

کەسایەتی پۆیزن ئایڤی تەنها لە بواری کۆمیکدا نەماوەتەوە، بەڵکوو کراوە بە فیلم و زنجیرەی سینەمایی و چەند ئەکتەرێکی جیاواز ڕۆڵەکەیان وەرگرتووە، کە بریتین لە:

  • پەیتن ڵیست
  • ماگی گێیا
  • ئوما ثرمن
  • کڵێر فۆڵی

بەناوبانگترین فیلم و زنجیرەکان

  1. فیلمی Robin & batman 1997
  2. زنجیرەی Gotham 2014-2019
  3. زنجیرەی ئەنیمەیشنی The Batman 2005-2007
  4. زنجیرەی ئەنیمەیشنی Harley Quinn Show 2019
  5. زنجیرەی ئەنیمەیشنی Batman: The Brave and the Bold 2008-2011
  6. فیلمی ئەنیمەیشنی Batman: Hush 2019
  7. فیلمی ئەنیمەیشنی Batman and harley quinn 2017
  8. فیلمی ئەنیمەیشنی Batman: the long halloween part 2 2021


سەرچاوەکان



198 بینین