لێزەری کاربۆنی

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-08-13-23:55:00 - کۆدی بابەت: 9825
لێزەری کاربۆنی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

لەیزەری کاربۆنی (بە ئینگلیزی: Carbon Laser Peeling، بە عەرەبی: اللیزر الکربونی یان تقشیر الکربونی)، جۆرێکی لەیزەرە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سەر ڕووی پێست بەکاردەهێنرێت، لەیزەری کاربۆنی یەکێکە لە ڕێگا نوێیەکانی جوانکاری پێست بە مەبەستی لابردنی زیپکە و لەکە و یەکڕەنگکردن و سپیکردنەوەی پێست بەکاردێت.

جۆرەکانی لەیزەری کاربۆنی

لەیزەری کاربۆنی توند

ئەم جۆرە بەکاردەهێنرێت بۆ لابردنی چینێکی تەواوی سەر پێست و دروستبوونەوەی چینێکی نوێ کە هیچ کێشەیەکی پێستی تێدا نییە و دەدرەوشێتەوە، ئەم ڕێگەیە پێویستی بە ١٠-١٤ ڕۆژ هەیە بۆ ئەوەی پێستەکە بە تەواوی چاک ببێتەوە.

لەیزەری کاربۆنی ئاسایی

لەم جۆرەیان کرێمێکی کاربۆنی بەکاردەهێنرێت و لەیزەر بۆ پێستەکە ئەنجام دەدرێت، ئەم ڕێگەیە تەنیا بۆ پاککردنەوەی پێستەکە بەکاردەهێنرێت.

شێوازی کارکردنی لەیزەری کاربۆنی

لەیزەری کاربۆنی لە ئێستادا ڕێگایەکی باوە و لە زۆربەی ناوەندەکانی جوانکاری ئەنجام دەدرێت، پێویستە کەسی شارەزا ئەم تەکنیکە ئەنجام بدات بۆ ڕێگریکردن لە برینداربوون و هەوکردنی پێستەکە، سەرەتا پزیشک بۆ ماوەی چەند خولەکێک کرێمێکی ڕەش دەدات لە پێستی دەموچاو کە لە پێکهاتەکەدا دەوڵەمەندە بە کاربۆن جێدەهێڵرێت تا وشکدەبێتەوە، کرێمەکە لەگەڵ هەموو ئەو چەوری و پیسییانەی کە لەسەر پێستەکەن کارلێک دەکات، دواتر بەپێی جۆری پێستەکە پزیشک لەیزەرێکی گونجاو بەکاردەهێنێت بۆ گەرمکردنی پێستەکە، گەرمبوونی کرێمە کاربۆنییەکە یارمەتیدەرە لە هەڵمژینی ئەو پیسییانەی لەناو کونیلەکانی پێستدا هەن، لە کۆتا هەنگاودا پزیشک لەیزەری ترپەکەر بەکاردەهێنێت بۆ تێکشکاندنی کاربۆن و پیسی و چەوری و بەکتریا لەسەر پێست، گەرمبوونی پێستەکە دەمارە هەستەوەرەکانی پێست ئاگادار دەکاتەوە و پڕۆسەی چاکبوونەوەی پێست چالاک دەبێت، پێستەکەش پڕۆتینەکانی کۆلاجین و ئیلاستین بەرهەم دەهێنێت کە دەبنە هۆی نوێبوونەوەی پێستەکە، دوای تەواوبوونی پرۆسەکەش پێویست بە بەکارهێنانی هیچ ماددەیەکی سڕکەر ناکات.

سوودەکانی لەیزەری کاربۆنی

لەیزەری کاربۆنی بە چارەسەرێکی باش دادەنرێت بۆ لابردنی زیپکە و لەکە و چەوری و بەکتریا و پێستی مردوو و پاککردنەوەی کونیلەکانی پێست، هەروەها چارەسەرکردن و لابردنی شوێنەواری زیپکە کۆنەکان و ڕێگریکردن لە دروستبوونی زیپکەی نوێ، لەیزەری کاربۆنی بەڕێگایەکی بەسوود و یارمەتیدەر دادەنرێت لە چارەسەرکردنی بەساڵاچوونی پێشوەختە و تاریکی و دووڕەنگی و برین و پەڵەی پێست هەروەها پەڵەی هەوکردنە ڤایرۆسییەکانی دەموچاو و بچووککردنەوەی کونیلەکانی پێست.

ئامادەکاری پێشوەختە

لەیزەری کاربۆنی پێویستی بە هیچ ئامادەکارییەک نییە و پزیشک بەپێی پێویستی پێستەکە ژمارەی چارەسەرییەکان بە لەیزەری کاربۆنی دیاری دەکات، بەڵام هەندێک جار پزیشک پێشنیار دەکات دەرمان و چارەسەرەکانی تری پێست بووەستێنرێت کە پێستەکە هەستیار دەکەن و بۆ ئەوەی ڕێگری لە برینداربوونی پێستەکە بکات.

ماوەی چاکبوونەوەی پێست و کاریگەرییەکان

پرۆسەکە بەبێ ئازارە و تەنیا پێستەکە دوای لەیزەرکردن سووردەبێتەوە ماوەی یەک ڕۆژ دەخایەنێت بۆ چاکبوونەوە و نەمانی سووربوونەوەکە، بەڵام هەندێک جار لە لەیزەری کاربۆنی تونددا هەڵئاوسان و هەوکردن و سووتانەوەی پێست هەستی پێدەکرێت بەهۆی نەمانی تەواوی چینی سەرەوەی پێست و کاتێکی زیاتر دەخایەنێت بۆ چاکبوونەوە، زۆر گرنگە لە دوای تەواوبوونی پرۆسەکە دژەخۆر بەکاربهێنرێت بۆ پاراستنی پێستەکە لە تیشکە زیانبەخشەکان و ڕێگریکردن لە سووتان بەهۆی خۆرەوە.

کاریگەرییەکانی لەیزەری کاربۆنی لەدوای یەکەم چارەسەری هەستی پێدەکرێت، پێستەکە نوێبوونەوەی پێوە دیارە و بریقەدار دەبێت بەهۆی پاکبوونەوەی کونیلەکانی پێست، لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا زیاتر کۆلاجین و ئیلاستین بەرهەمدەهێنرێت لە پێستەکەدا و کاریگەری و سوودەکانی لەیزەرەکە زیاتر دەردەکەوێت.


سەرچاوەکان



1348 بینین