سمکۆی شکاک

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-08-14-18:54:00 - کۆدی بابەت: 9834
سمکۆی شکاک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئیسماعیل ئاغای شکاک یان سمکۆ، ناسراوە بە سمکۆی شکاک (بە ئینگلیزی: Simko Shikak، بە عەرەبی: سمكو شكاك، بە کورمانجی: Simkoyê Şikak) سیاسەتوان و شۆڕشگێڕێکی کوردی ڕێبەری ھۆزی شکاک بوو کە بۆ ماوەیەک دەسەڵاتی ناوچەی ڕۆژاوای گۆلی ورمێی لە حکوومەتی ناوەندیی ئێران سەندەوە. لە ١ـی کانوونی دووەمی ساڵی ١٨٨٧ لە ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، لە ٣٠ـی حوزەیرانی ساڵی ١٩٣٠ لە شنۆ لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان تێرۆرکرا.

ژیانی

سمکۆ ناوی ئیسماعیلە و کوڕی محەمەد پاشای کوڕی عەلی خانی کوڕی ئیسماعیل ئاغای شکاکە و بنەماڵەکەیان لە دێر زەمانەوە گەورە و دەسەڵاتداری خێڵی شکاک بوون.

سمکۆ ساڵی ١٨٨٧ لەدایکبووە و پاش مردنی باوکی و جەعفەر ئاغای برای، سەرکردایەتی شکاکی گرتووەتە دەست و لە پێش جەنگی جیھانیی یەکەمەوە دژی دەسەڵاتی قاجاری لە ئێران جەنگاوە، لە پاش جەنگیش لە خەباتێکی بێوچاندا بوو و دەستی بە گرتنی ناوچەکانی قەراغی گۆلی ورمێ کردووە.

وەک سه‌رکرده‌یه‌کی‌ سیاسی ناوی‌ ده‌رکرد و له‌پێناو دامه‌زراندنی‌ دەوڵەتێکی‌ کوردیدا ساڵی ١٩١٩ شۆڕشی‌ به‌رپاکرد و گه‌لێ‌ ناوچه‌ی‌ گرنگی‌ خسته‌ ژێر کۆنتڕۆڵی‌ خۆیه‌وه‌.

سمکۆ کچێکی شێخ محەمەدی سدیقی هێنابوو، شێخ محەمەد سدیق کوڕی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری و باوکی سەید تەها بوو، کە یەکێک بوو لە سیاسەتوان و شۆڕشگێڕەکانی ئەو سەردەمە، ئەو خزمایەتییە نێوان سەید تەها و سمکۆی شکاکی پتەوکرد.

 له‌ ڕۆژی ٣٠ـی حوزەیرانی ساڵی‌ ١٩٣٠ به‌پیلانێکی‌ کاربه‌ده‌ستانی‌ ئه‌وسای‌ ئێران له‌ شاریشنۆ تێرۆرکرا.

چالاکییەکانی

لە ساڵانی جەنگی جیھانیی یەکەمدا ھێزەکانی ڕووسیا گرتیان و دووریان خستەوە بۆ شاری تەبلیس، دواتر ئازادیان کرد بەو مەرجەی لە شاری خۆی دابنیشێت و ھیچ ھەڵوێستێک دژی ڕووسەکان نەنوێنێت.

پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ هێزەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستان دروستكرد، لەگەڵ شێخ مەحموودی نەمر كە ئەویش لە باشووری كوردستان خەریكی شۆڕش بوو و دەیویست ئەو پارچەیەی كوردستان ڕزگار بكات، پەیوەندییەکی توندوتۆڵی بەست. لەگەڵ شۆڕشگێڕ و سەركردەكانی باكووریش پەیوەندی گرت.

سمکۆ بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندەواری و ڕۆشنبیریی کۆمەڵگای کوردستان، دەستی یارمەتی بۆ وڵاتانی دەرەوە و بە تایبەتی فەڕەنسییەکان درێژ کرد، چەندین مامۆستای بیانی هێنایە کوردستان، بۆ زیاترکردنی چالاکییە کوولتوری و نەتەوەییەکانی دەستی بەسەر ورمێدا گرت و چاپخانەی ورمێی بۆ چاپی ڕۆژنامەی ڕۆژی کورد و شەوی عەجەم بە هاوکاریی مامۆستای کورد تورجانیزادە خستە خزمەتی نووسەران و ڕۆشنبیرانی کورد.

ساڵی ١٩٢١ له‌ئه‌نجامی‌ له‌شکرکێشییه‌کی‌ گه‌وره‌ی‌ هێزه‌کانی‌ حکوومه‌تی‌ ئێران، سمکۆ ناچار بوو پاشه‌کشە بکات، لە هاوینی ساڵی ١٩٢٢ شەڕی گەورەی شەرکەیازی لە نێوان هێزەکانی سمکۆی شکاک و سوپای ئێراندا هەڵگیرسا، هەرچەندە کوردەکان بۆ ماوەیەک خۆیان ڕاگرت بەڵام لە کۆتاییدا هێزەکانی سمکۆی شکاک شکستیان خوارد و ناوچەکەیان دەستی بەسەردا گیرا.

سمکۆ پەنای بردە بەر تورکیا و لە ئەنجامی پەلاماری تورکەکانیش هاوسەرەکەی کوژرا و کوڕێکی بە دیل گیرا، بۆیە ئەمجارە سمکۆ لە ساڵی ١٩٢٣ ڕووی کردە باشووری کوردستان و لە لایەن شێخ مەحموودەوە پێشوازی لێکرا.

لە ساڵی ١٩٢٤ به‌بڕیارێکی‌ لێبوردن و لەسەر داوای ئینگلیزەکان گه‌ڕایه‌وه‌ ئێران و ساڵی ١٩٢٦ جارێکیتر شۆڕشی‌ به‌رپاکرده‌وه‌، کە بە شۆڕشی سمکۆی شکاک ناسراوە.

به‌ڵام ئه‌مجاره‌ سەرکەوتوو نەبوو و ماوه‌یه‌ک له‌ تورکیادا به‌ده‌ست به‌سه‌ری‌ مایه‌وه‌. پاش ئازادکردنی‌ گه‌ڕایه‌وه ‌ئێران و له‌ ڕۆژی ٣٠ـی حوزەیرانی ساڵی‌ ١٩٣٠ به‌پیلانێکی‌ کاربه‌ده‌ستانی‌ ئه‌وسای‌ ئێران له‌شاری‌ شنۆ تێرۆرکرا و به‌مه‌ش شۆڕشه‌که‌ی‌ سمکۆ کۆتایی‌ هات که‌ یانزه ‌ساڵ درێژه‌ی‌ کێشا.


سەرچاوەکان

65 بینین