هۆڕمۆنی ئۆکسیتۆسین

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-08-15-22:33:00 - کۆدی بابەت: 9854
هۆڕمۆنی ئۆکسیتۆسین

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئۆکسیتۆسین (بە ئینگلیزی: Oxytocin، بە عەرەبی: أوکسایتوسین) دەمارەپێپتید و هۆڕمۆنێکی پڕۆتینییە لەلایەن خانەکانی ژێر لانکەوە دروست دەکرێت و لە پلی پشتەوەی ژێر مێشکە ڕژێن دەردەدرێت، ئۆکسیتۆسین ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە چالاکییەکانی جەستەی مرۆڤ و گیانەوەراندا بەتایبەت لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی و زۆربوون و لە کاتی لەدایکبوون و پاش لەدایکبوونی کۆرپەلە هەروەها وەکوو وەڵامدانەوەیەک بۆ چالاکی سێکسی و ژانی منداڵبوون دەردەدرێت.

ناوی ئۆکسیتۆسین لە چییەوە هاتووە؟

ئۆکسیتۆسین لە دوو وشەی یۆنانییەوە وەرگیراوە ئۆکسی بە واتای تیژ یان خێرا دێت و تۆسینیش بە واتای منداڵبوون دێت، هەر دوو وشەکەش پێکەوە بە واتای هاندەری خێرای گرژبوونی منداڵدان دێت لە کاتی پرۆسەی منداڵبوون.

مێژووی ئۆکسیتۆسین

بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٠٦ دەرمانسازی بەریتانی (هێنری هاڵێت دەیڵ) هۆڕمۆنی گرژکردنی منداڵدانی (ئۆکسیتۆسین) دۆزییەوە، لە ساڵی ١٩١٠ فرمانی ئۆکسیتۆسین وەک هاندەرێکی دەرهاویشتنی شیر لەلایەن دوو زانای فیسیۆلۆژی (ئیساک ئۆت) و (جۆن سکۆت) دۆزرایەوە، لە بیستەکانی سەدەی بیستەم هۆڕمۆنی ئۆکسیتۆسین و دژە میزتن و لە شانەی ژێر مێشکە ڕژێن دەرهێنراون و ناو نراون، لە پەنجاکانی سەدەی بیستەمیشدا زیندەکیمیاگەری ئەمریکی (ڤنسنت دو ڤیگنۆد) پێکهاتەی کیمیایی ئۆکسیتۆسینی دۆزییەوە کە لە ٩ ترشی ئەمینی پێکدێت کە بە یەکەم هۆڕمۆنی پڕۆتینی دانرا کە ڕیزبەندی ترشە ئەمینییەکانی دیاری بکرێت، دواتر هەمان زانا لە ساڵی ١٩٥٣ ئۆکسیتۆسین دروست دەکات و لە ساڵی ١٩٥٥ خەڵاتی نۆبڵی بۆ دۆزینەوەکەی پێدەدرێت.

گرنگی و ڕۆڵی ئۆکسیتۆسین

دەردانی ئەم هۆڕمۆنە لەلایەن وەڵامدانەوەی ئەرێنییەوە بەڕێوەدەبرێت بۆ نموونە لە کاتی گرژبوونی منداڵداندا ئەمەش دەردانی ئۆکسیتۆسین چالاک دەکات و دەبێتە هۆی زیاتر گرژبوونی منداڵدان و یارمەتی جووڵەی کۆرپەلە دەدات، کاتێک سەری کۆرپەلە بە ئاڕاستەی ملی منداڵدان بەرەو دەرەوە دەڕوات و دەبێتە هۆی دەردانی ئۆکسیتۆسین ئەمەش هانی دەردانی پرۆستاگلاندینەکان دەدات و دەبێتە هۆی زیاتر گرژبوونی منداڵدان و دروستکردنی ژانی منداڵبوون، هەروەها لەدوای لەدایکبوونی کۆرپەلەش دەبێتە هۆی گرژکردنی شانەکانی مەمک کە یارمەتی شیرپێدانی کۆرپەلە دەدات، هەروەها وەک ماددەیەکی کیمیایی لە مێشکدا کار دەکات و دەبێتە هۆی وروژاندنی سێکسی و لە ناسینەوە و متمانەکردن و خۆشەویستی و لەسەرخۆیی و بەستنەوەی پەیوەندی دایک و باوک بە کۆرپەلەوە ڕۆڵ دەبینێت، زاناکان لە ئێستادا توێژینەوەی زیاتر دەکەن لەسەر گرنگی ڕۆڵی ئۆکسیتۆسین لە ئالوودەبوون و ئارەزووی خواردن و دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و نەخۆشی ئۆتیزم هەروەها گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی دوو هاوسەر لە یەکتر، لە پیاوانیشدا یارمەتی گرژکردنی ئەندامی زاوزێ و دەردانی تۆواو و دروستکردنی تێستێسترۆن گرنگی هەیە، لە کۆرپەشدا یارمەتی گەشەکردن و پێگەیشتنی خانەکانی دڵ دەدات، بە هەمان شێوە لە زۆر گرنگە لە ناسینەوە و بەبیرهاتنەوەی هاوبەشی ئاژەڵەکاندا کە یارمەتییان دەدات بەهۆی بۆنکردنەوە یەکتر بدۆزنەوە، ئۆکسیتۆسین لە دروستکردنی دەرماندا ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە لە دەرمانەکانی گرژکەری منداڵدان و دەرمانی کۆتاییهێنان بە ماوەی سکپڕی و نەهێشتنی خوێنبەربوون لە کاتی لەدایکبوون یان لەبارچوونی کۆرپەلە لە شێوەی دەرزی وەردەگیرێت.

زۆربوونی هۆڕمۆنی ئۆکسیتۆسین

ئۆکسیتۆسین بە دەرمانی خۆشەویستی ناسراوە لەبەر ئەوەی لە کاتی باوەشکردن و وروژاندنی هەستەکان ڕێژەی هۆڕمۆنەکە بەرز دەبێتەوە، زۆر بەرزبوونەوەی ئۆکسیتۆسین لە خانماندا کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر منداڵدانی ئافرەت چونکە دەبێتە هۆی ئەستووربوون و تەسکبوونەوەی ناوپۆشی منداڵدان و ڕێگریکردن لە چەقینی هێلکەی پیتراو بەهۆی نەبوونی بۆشایی پێویست بۆ گەشەکردن کۆرپەلەکە، لە پیاوانیشدا دەبێتە هۆی ئەستووربوون و گەورەبوونی ڕژێنی پرۆستات ئەمەش دەبێتە هۆی گیرانی میز و ئەم حاڵەتە لەدوای تەمەنی ٦٠ ساڵییەوە لە پیاوە بەساڵاچووەکاندا زیاتر باوە.

کەمی هۆڕمۆنی ئۆکسیتۆسین

لە ئافرەتاندا کەمبوونەوەی ئەم هۆڕمۆنە ڕێگری دەکات لە گرژبوونی منداڵدان و هاتنە دەرەوەی کۆرپەلە هەروەها دەبێتە هۆی کەمی شیر لە دایکەکەدا، زاناکان کەمی ئۆکسیتۆسین بە نەخۆشی ئۆتیزم و حاڵەتی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ دەبەستنەوە و هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی پێدانی ئۆکسیتۆسین بە شێوەی دەرمان ئەم حاڵەتانە چارەسەر بکەن.


سەرچاوەکان



677 بینین