سانتۆرینی

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-08-20-20:43:00 - کۆدی بابەت: 9921
سانتۆرینی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سانتۆرینی (بە ئینگلیزی: Santorini، بە عەرەبی: سانتوريني، بە یۆنانی: Σαντορίνη) ناوی فەرمی تیرایە (Thira)، بە یۆنانی کلاسیکی تێرایە (Thera)، یەکێکە لە دوورگەکانی سیکلادیز لە باشووری دەریای ئیجەی سەر بە یۆنان، هەروەها بە یەکێک لە جوانترین دوورگەکانی جیهان دادەنرێت. زمانی فەرمی یۆنانییە.

لە سەدەی ١٦ـی پێش زایینی بەهۆی گڕکانێکەوە وێرانبوو بۆ هەمیشە دیمەنێکی ناڕێکی وەرگرت، بە خانووە سپیکراو و لەسەر یەکەکانی ناسراوە، کە لە دوو شارۆچکە سەرەکیەکەدا فیرا و ئۆیا لە لێژاییەکاندا دروستکراون، کە دەڕواننە دەریا و دوورگە بچووکەکانی ڕۆژاوا و کەناراوەکان کە لە تەپوتۆزی گڕکانی سوور و سپی و ڕەش پێکهاتوون.

جوگرافیای سانتۆرینی

سانتۆرینی لە چەند دوورگەیەکی نیمچە بازنەیی و لە دوورگەی گڕکان پێکهاتوون، کە دەکەونە باشووری دەریای ئیجە، لە نزیک دوورگەکانی ئیۆس و ئەنەفین. لە یۆنانیدا سانتۆرینی بە ناوەکانی تێرا و تیراش ناسراوە. دوورگەکە بەشێکە لە دوورگەکانی سیکلادیز.

ڕووبەری دوورگەکە ٧٦ کیلۆمەتری دووجایە، کەنارەکانی دوورگەکە ٦٩ کیلۆمەتر درێژ دەبنەوە بە دەوری دوورگەکەدا، پایتەختی دوورگەکە فیرایە، تەواوی دانیشتووانەکەی ١٣.٥٠٠ کەسە. بەندەری سەرەکی سانتۆرینی ئەتینیۆسە، لە هاویندا لە ڕادەبەدەر جەنجاڵە.

ئەم دوورگەیە هەمیشە لە دێرزەمانەوە توشی تەقینەوەی گڕکان بووەتەوە، دیمەنی شوێنەواری گەورەی دەمی گڕکان و زەوی سەرنجڕاکێشی دوورگەی سانتۆرینی دەرخەری ئەو چالاکییە ترسناکەی گڕکانن کە لە ڕابردوودا ڕوویداوە.

باشترین نموونەی جوگرافی سانتۆرینی دەمی گڕکان (کاڵدێرا)ـیەکی بەناوبانگە کە بە تەواوی پەیوەندی بە مێژووی دوورگەکەوە هەیە، شێوەیەکی بازنەییە و بە تەواوی پڕە لە ئاو، لێواری ئەم کاڵدێرایە دوورگەکەی پێکهێناوە، لە ڕاستیدا تاکە کاڵدێرای نقومبووە لە جیهاندا.

بەپێی وتەی زانایانی زەویناس یەکەم تەقینەوەی گڕکان لە ساڵی ١٦٤٥ـی پێش زایینی ڕوویداوە، ئەم تەقینەوەیە هۆکاری دروستبوونی شەپۆلەکانی تسونامی بوو لە کەناراوەکانی کریت و بووە هۆی لەناوبردنی شارستانیەتی مینۆون کە ئەو کاتە گەشەیان دەکرد.

ئەم چالاکییەی گڕکانەکان کولتوور و تەلارسازی دوورگەکەی پێکهێناوە، گووندەکانی سانتۆرینی لە لێوارەکان و خانووە سپیکراو و لەسەر یەکەکانی دیمەنێکی سەرنجڕاکێش دەبەخشن.

کەشوهەوا

کەشوهەوای سانتۆرینی هاوشێوەی دوورگەکانی تری سیکلادیزە، هاوینانی گەرم و خۆرەتاوە، زستانانی وشک و کەم بارانە. مانگی نیسان تا مانگی تشرینی یەکەم وەرزی گەشتکردنە، کەشوهەوا خۆرەتاوە. تەنها چەند ڕۆژێکی کەم پێش مانگی ئەیلوول هەوری هەیە. لە هەندێک ڕۆژدا کەشوهەوا ئەوەندە ڕوون و ساماڵە تەنانەت شاخەکانی دوورگەی کریت کە ١٢٩.٦٤ کیلۆمەتر لە سانتۆرینییەوە دوورە دەبینرێت. لە مانگەکانی حوزەیران و ئەیلوولدا سەردانکەران کەمترە بۆیە کاتێکی باشترە بۆ سەردانکردن.

پوختەی مێژووی سانتۆرینی

ملیۆنان ساڵ لەمەوبەر زەوییەک هەبوو کە ئێستا دەریای ئیجەی لێیە، نزیکەی ٢.٥ بۆ ٤.٥ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر ئاوی دەریا چووەتە ناو ئەم ناوچەیە، تەنها لوتکەکان بەدەرەوە ماون کە ئێستا دوورگەکانی دەریای ئیجەی پێکهێناوە.

لەو شوێنەی ئەمڕۆ سانتۆرینی لێیە، تەنها چەند دوورگەیەکی بەردینی هەبوو تا کاتی بەئاگا هاتنەوەی گڕکانەکان نزیکەی ١.٥ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر. ئەو ماددەیەی کە بەهۆی تەقینەوەی گڕکانەکانەوە بەرهەمهاتبوو دوورگەکانی یەکخست و دوورگەیەکی شێوە بازنەیی پێکهێنا.

دوورگەکە بە لایەنی کەمەوە لە ناوەڕاستی سەدەی پێنجەمەوە دانیشتووی هەبووە، چەندین شوێنی نیشتەجێبوون هەبوون، بەڵام گرنگترینیان ئاکرۆتیری بوو کە بوو بە ناوەندێکی گەورەی شارستانی، لە ناکاو بەهۆی تەقینەوەی گڕکانێکی گەورەوە لەناوچوو، کە بە یەکێک لە بەهێزترین گڕکانەکانی مێژووی جیهان دادەنرێت.

ئەم کارەساتە ترسناکە لە سەدەی ١٧ـی پێش زایینیدا ڕوویدا. نزیکەی نیوەی دوورگەکە نقومبوو، ئەمەش دیاردەیەکی دەگمەنی دروستکرد، بە ناوی دەمی گڕکان (کاڵدێرا) و شەپۆلە زەبەلاحەکانی کاریگەری لەسەر چەند بەشێکی یۆنان هەبوو.

نزیکەی دوو بۆ سێ سەدەی خایاند تا دووبارە دانیشتووان تێیدا نیشتەجێ بوون، ئەوانیش فینیقییەکان بوون، ناوی دوورگەکەیان ناوە "کالیست" کە بە واتای "جوانترین" دێت.

هەروەها ناوی تێرا لەلایەن سپارتنەکانەوە نراوە، کە لە سەدەی ١٢ـی پێش زایینی گەیشتوونەتە دوورگەکە. ناوی سانتۆرینی لە سەدەی ١٣ـدا نراوە و ئاماژەیە بۆ "سانت ئیرینی". لێوارەکانی کاڵدێرا دەوڵەمەندن بە بەڵگە بۆ دووبارە بونیادنانەوەی مێژووی جیۆلۆجی سانتۆرینی.

ئابووری و ژێرخانی ئابووری سانتۆرینی

بەشێکی بەرچاوی ئابووری سانتۆرینی لەسەر بنەمای گەشتیارییە، بەتایبەتی لە مانگەکانی هاویندا. هەروەها کشتوکاڵ و پیشەسازی خواردنەوە کحولییەکان بەشێک لە ئابوورییەکەی پێکدەهێنێت.

وێستگەی وزەی کارەبای تیرا کارەبای سانتۆرینی و تێراسیا دابین دەکات، کە دەکەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی سانتۆرینی. هەروەها خاوەندارێتی کۆمپانیای کارەبای گشتی دەکات.

لە ڕووی گواستنەوەوە ناوەندی پاس لە شاری فیرایە کە زوو زوو پاسەکان دەردەچن، بە نزیکەی زۆربەی شوێنە گەشتیارییەکان بەسەردەکەنەوە. هەروەها خزمەتگوزاری پاس زۆربەی ناوچەکانی دوورگەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

سانتۆرینی یەکێکە لەو چەند دوورگەیەی کە فڕۆکەخانەیەکی گەورەی هەیە، کە نزیکەی شەش کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تێرا دوورە.

سانتۆرینی دوو بەندەری هەیە، ئاتینیۆس و سکالا، کەشتییە گەشتیارییەکان لە کەناری سکالا لەنگەر دەگرن، سەرنشینەکان لەلایەن بەلەمەوانە ناوخۆییەکانەوە دەگوازرێنەوە بۆ کەناری سکالا. بەلەمی گەشتیاری لە سکالاوە بەرەو نیا کامێنی و شوێنەکانی تری سانتۆرینی دەڕۆن.

گەشتیاری

سانتۆرینی یەکێکە لە بەناوبانگترین و جوانترین دوورگە و شوێنە گەشتیارییەکانی جیهان، شوێنێکی سەرنجڕاکێش و ناوازەیە بەهۆی پێکهاتەی بەردی و خانووە سپیکراوەکانی کە لە لێواری کاڵدێرا دروستکراون، لە هاویندا هەزار گەشتیاری جیهانی و یۆنانی سەردانی دەکەن، هەروەها ساڵانە هەزاران سەردانکەر وەردەگرێت.

بەهۆی گەشەسەندنی گەشتیاری لە سانتۆرینی، سەردانکەران هەموو زانیارییە پێویستەکان سەبارەت بە گەشتەکەیان لە نووسینگە گەشتیارییەکان دەدۆزنەوە. هەروەها پۆلیسی گەشتیاری هەیە بۆ هەر کێشەیەک کە لەوانەیە لە کاتی گەشتەکەتدا ڕووبدات. شوێنەواری گڕکان و کاڵدێرا و خۆرئاوابوونە جوانەکەی هاوینان هەزاران گەشتیار ڕادەکێشن.

فیرای پایتەختی سانتۆرینی شوێنێکە گەشتیار زۆر ڕووی تێدەکەن، بەهۆی خانووە سپییەکان و کڵێسا قوبە شینەکانی دیمەنێکی جوانی بە دوورگەکە بەخشیوە، جێی سەرنجی سەردانکەرانە.

ئۆیا بە یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین شوێنی دوورگەکە دادەنرێت بەهۆی دیمەنە جوانەکەی خۆرئاوابوونی، ئەم گوندە ژینگەیەکی ئارامی هەیە و گەشەی کردووە و بووەتە ناوەندێکی ڕۆشنبیری.


سەرچاوەکان



596 بینین