دە شوێنی گەشتیاریی کە زۆرترین سەردانیکەریان هەیە لە جیهاندا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-08-20-22:34:00 - کۆدی بابەت: 9925
دە شوێنی گەشتیاریی کە زۆرترین سەردانیکەریان هەیە لە جیهاندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دە شوێنی گەشتیاریی کە زۆرترین سەردانیکەریان هەیە لە جیهاندا (بە ئینگلیزی: 10 Most Visited Tourist Attractions in the World، بە عەرەبی: عشر مناطق سياحية اكثر زيارة في العالم)، لە کاتی پلاندانان بۆ گەشتێک بۆ شوێنێکی نوێ، ڕەنگە زانینی ئەو شوێنانەی کە زۆرترین سەردانیکەریان هەیە لە جیهاندا یارمەتیدەر بێت. ئەمانە ئەو شوێنانەن کە دەبێت لە لیستی ئاواتەکانی هەموواندا بن.

بەپێی زانیارییەکانی تریپ ئەدڤایزەر (Trip Advisorئیتاڵیا وەک یەکێک لە شوێنە گەشتیارییە زۆر سەردانکراوەکانی جیهان بە سێ شوێنی گەشتیارییەوە لە پلەی یەکەمدایە، هۆکارەکەشی ڕوونە، بەهۆی مێژووە دەوڵەمەندەکەی، تەلارسازی، مۆزەخانە و بێگومان خواردنەکەییەوەیە. هەروەها فەڕەنسا به شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگەکانییەوە لە پلەی دووەمدایە. ئەوەی لەم لیستەدا زۆر سەرسامکەرە ئەوەیە کە بە هیچ شێوەیەک لە هیچ شوێنێکی لیستەکەدا هیچ شوێنێکی ئاسیایی تێدا نییە! هەروەها ئایسلەندیش لە ڕیزبەندەی دە شوێنە گەشتیارییە زۆر سەردانکراوەکاندا نابینیت، کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بووەتە شوێنێکی گەشتیاری و ژمارەیەکی زۆر گەشتیار ڕووی تێدەکات.

دە شوێنە گەشتیارییە زۆر سەردانکراوەکانی جیهان ئەمانەن

١. یاریگای کۆلۆسیۆم لە ڕۆما، ئیتاڵیا

بوونی ئەم یاریگا کۆنەی ئیتاڵیا لە سەرووی لیستی شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگەکانەوە شتێکی زۆر سەرسوڕهێنەر نییە بۆ ئەوانەی کە کۆلۆسیۆمیان لە لیستی ئاواتەکانیاندا داناوە. سەرەڕای بوونی وەکوو یەکێک لە شوێنە گرنگەکانی ڕۆما، سەبارەت بە ئەوانەی کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەوێ بوون و بینیوویانە، سەرەڕای سەرنجڕاکێشییەکەی، بەڵام لە نزیکەوە هێندەی مەیدانی ڕۆمانی سەرسوڕهێنەر نییە، کە تەنانەت لە لیستی دە شوێنەکەشدا نییە.

۲. مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا

سەرەڕای ئەوەی ئەم مۆزەخانە بە یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین مۆزەخانەکانی جیهان ناسراوە، بەڵام لە سەرەتادا مۆزەخانەی لۆڤەر وەک قەڵایەک دروستکرابوو و دواتر وەک کۆشکێکی شاهانە دروست کرایەوە و خزمەتر کرد. هیچ گەشتێک بۆ پاریس بێ کەموکورتی نییە هەتا سەردانی مۆزەخانەی لۆڤەر نەکرێت بۆ بینینی کارە هونەرییە بەناوبانگەکانی وەک وێنەی مۆنالیزا، ڤینۆس دی میلۆ، و یاسای حامورابی.

۳. مۆزەخانەکانی ڤاتیکان لە ڕۆما، ئیتاڵیا

هۆکاری بوونی مۆزەخانەکانی ڤاتیکان لەم لیستەدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەم مۆزەخانانە هەندێک لە سەرسوڕهێنەرترین هونەرەکانی جیهانیان تێدایە، ئەم مۆزەخانانە شوێنێکن کە بەدڵنیاییەوە پێویستە هەموو کەسێک یادگاریان تێدا تۆمار بکات‌، بەتایبەتی ئەگەر پلانی گەشتێکیان بۆ ڕۆما هەبێت.

٤. پەیکەری ئازادی لە شاری نیویۆرک

ئەوانەی سەردانی شاری نیویۆرک دەکەن بەدڵناییەوە دەیانەوێت کاتێک بۆ بینینی پەیکەری ئازادی تەرخان بکەن. ئەم شوێنە بەناوبانگە لەلایەن پەیکەرسازێکی فەڕەنسییەوە بە ناوی فرێدریک بارتۆلدی (Frédéric Bartholdi) دروست کراوە و دیارییەکی وڵاتی فەڕەنسایە بۆ وڵاتی ئەمریکا.

٥. بورجی ئیڤڵ، لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا

بورجی ئیڤڵ یەکێکە لە شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگەکانی جیهان، لە زۆر شوێنی پاریسەوە دیارە، دەتوانیت لە پارکەکەیدا دابنیشیت و لە خوارەوە سەیری پێکهاتەکەی بکەیت یان لە یەکێک لە سێ نهۆمەکەیەوە چێژ لە دیمەنەکانی دەرەوە وەربگریت.

٦. ساگرادا فامیلیا لە شاری بارشەلۆنەی ئیسپانیا

ئەگەر یەک كاتێدراڵ لە جیهاندا هەبێت کە پێویست بکات بیبینیت، ئەوا ساگرادا فامیلیای بارشەلۆنەیە. ئەم كاتێدراڵە لەلایەن تەلارسازێکی بەناوبانگ بە ناوی ئەنتۆنی گۆدی (Antoni Gaudí) دروستکراوە و یەکێکە لە بەرزترین بینا ئاینییەکانی جیهان. سەرەڕای ئەوەی کە هێشتا لە قۆناغی دروستکردندایە (بڕیارە لە ساڵی ٢٠٢٦ تەواو بێت)، زیاتر لە ١٣٠ ساڵە کاری لەسەر دەکرێت و شوێنێکە کە پێویستە لە تەمەنتدا ئەزموونی بینینی بکەیت گرنگ نییە تەواو کرابێت یان تەواو نەکرابێت.

۷. گەڕەکی فەڕەنسی، لە شاری نیو ئۆرلینز، لویزیانا

گەڕەکی فەڕەنسی دەکەوێتە ناوەندی نیو ئۆرلینز و هۆکاری بوونی وەکوو یەکێک لە ١٠ شوێنی سەرەکی جیهان ڕوونە، چونکە هیچ شوێنێکی تر لە ئەمریکادا نییە کە بەتەواوی لەم شەقامە بچێت. نیشتیمانی مۆسیقای جاز، چێشتخانەی کویۆل و ماردی گراس (سێشەممەسووران)ـە. سەرەڕای ئەوەش تەنها شوێنی ئاهەنگەکان، مەی و مۆسیقا نییە، بەڵکوو خاوەنی مێژوو، هونەر و تەلارسازیشە. سەرکەشی بکە و بچۆ بۆ شەقامی بۆربۆن، لەوێ هونەرمەندان دەبینیت کە لە گۆڕەپانی جاکسۆن وێنەی مرۆڤ و دیمەنەکان دەکێشن. پاشان بۆ بینینی نموونەی بەر لە جەنگی نیو ئۆرلینز سەردانی باخچەکە بکە.

٨. خانووی ئانە فرانک، ئەمستردام، هۆڵەندا

تەنانەت ئەگەر هەرگیز یاداشتنامەی ئانە فرانکت نەخوێندبێتەوە، ڕەنگە وا بزانیت کە ئەو و خێزانەکەی لە هەورەبانی ماڵێکدا لە ئەمستردامدا ژیان. دەتوانن سەردانی خانووی ئان فرانک بکەن و ئەو هەورەبانە ببینن کە ئانی تێدا ژیاوە لەگەڵ ڕەفەی پەرتووک و وێنەی خێزان و دەفتەری بیرەوەری ڕەسەنی ئانە.

٩. سکایدێک، تاوەری ویڵیس، شیکاگۆ، ئیلینۆی

سکایدەک لە نهۆمی ١٠٣ـی تاوەری ویڵیس لە شیکاگۆیە. هەرچەندە لەوانەیە بە بەرزکەرەوە چوونە سەرەوە و سەیرکردنی دیمەنی دەرەوە ئاسایی دەربکەوێت، بەڵام ئەوەی کە ئەم شوێنە بەناوبانگە دەکاتە بە جێگەیەک کە سەرنجی گەشتیاران ڕابکێشێت، باڵکۆنێکی شووشەییە کە لە بیناکەوە بۆ دەرەوە درێژ دەبێتەوە. سەرەڕای ئەوەی ڕەنگە تا ڕادەی پێویست بێ زیان دەربکەوێت، بەڵام ئەم ڕووتەختە پێشتر بەهۆی قورسایی زۆر کەسەوە درزی تێکەوتووە و پاشان چاککراوەتەوە، بەڵام ڕەنگە دووبارە درزی تێ بکەوێتەوە!

۱۰. کەناڵی گەورە لە ڤێنیز، ئیتاڵیا

سێیەم شوێنی ئیتاڵی لە لیستی شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگەکانی جیهان کەناڵی گەورەیە، هەروەها یەکێکە لە شوێنە دڵخوازەکانی هەوسەران و کەپڵەکان کە بۆ مانگی هەنگوینی بەدوای گەشتێکی ڕۆمانسیدا دەگەڕێن. کەناڵی گەورە وەک شەقامی (ئاوی) سەرەکی لە ڤێنیز خزمەت دەکات و زۆربەی شوێنە گەشتیارییە سەرەکییەکانی ڤێنیز بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ئاسانترین ڕێگا بۆ ڕۆشتن لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بەلەمی ماتۆڕدارن، کە سیستمی گواستنەوەی گشتی ڤێنیزە. بەدرێژایی کەناڵی گەورە دەتوانیت دیمەنێکی نایابی هەموو شوێنە‌ بەناوبانگەکان ببینیت


سەرچاوەکان



711 بینین